12:37 - 30/03/2022
ئەوەی لەم هەفتەیە و بە تایبەت ئەمڕۆ ڕوویدا لە پرسی جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا
شیکاری: رەنج نەوزاد
١- دوای
تێپەڕبوونی زیاد لە مانگێک لە جەنگەکە، ڕووسیا بۆی دەرکەوت چوونە ژوورەوە بۆ ناو کێیەڤ
و داگیرکردنی... بەم قەبارەیە لە سوپا، بەم شێوە تەکتیکە، هاوکات بەو بەرگری کردنەی
ئۆکڕانیەکان و هاوکارییەکانی ناتۆ، کارێکی واقیعی نییە و ناکرێت. هەر دوێنێ ئۆکڕانیەکان
لە هێرشێکی پێچەوانە توانیان سووپای ڕووسیا دەربکەن لە شاروچکەی ئێرپینی نزیک کێیەڤ
و چەن ناوچەیەکی تر. زیاد لە هەفتەیەکە، ڕووسیا چەندین جار هەوڵی داوە نزیکتر بێتەوە
لە کێیەڤ نەیتوانی، تەکتیکی گۆڕی بۆ مووشەکباران کردنی شارەکە. هەر ئەمرۆش ڕووسیا
بە فەرمی ڕای گەیاند کە چالاکییە سەربازییەکانیان لە دەوروبەری کێیەڤ و شاری چێرنیەڤ
لە باکووری ئۆکڕانیا کەم کردووە. ئەمەش جگە لە بێ هیوایی و باوەڕ بوون بە نا واقیعی
پلانەکەی پوتین لە سەرەتای جەنگەکە، وەک پەیامێکیشە بۆ پرۆسەی دانوستانەکان، کە ڕووسیا
دەبێت هەندێک سازش بکات و نیەت پاکی پیشان بدات، بۆ ئەوەی ئۆکڕانیەکانیش سازش بکەن.
٢- ئەوەی
لە واقیعدا دەبینرێت، ڕووسیا تەنیا چالاگیەکانی هێزی وشکانی و پێشڕەوی سوپاکەی کەم
کردوەتەوە، ئەگەر نا هێرشی ئاسمانی و مووشەکەکانی بەردەوامە وەک ڕۆژانی پێشوو. مەبەست
لەم هەنگاوە لەوانەیە ئەوە بێت کە پوتین بیەوێت زیاتر بیر بکاتەوە لەم هاوکێشە ئاڵۆزە
و بڕیارێکی تر بدات. ئەوەش بە ناردنی هێزی زیاتر بەرەو ئۆکڕانیا و کێیەڤ و هەوڵدان
بۆ چوونە ناو کییەڤ، ئەمەش جەنگەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی توندتر و ئاڵۆزتر، یاخود سەرەتایەک
بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە و بە دەست هێنانی هەندێک دەستکەوت و دەستبەردار بوون لە
هەندێک دەستکەوت و مەرجی تر.
٣- ئەوەی
لە سەرەتاوە بۆ ڕووسیا واقیعی بوو، کاتێک جەنگی ڕاگەیاند، ئەوە بوو تەنیا هەندێک
ناوچەی تری ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا لە ناوچەی دۆنباس داگیر بکات و بیخاتە سەر ئەو دوو
کۆمارە سەربەخۆیە. ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە لە توانای ڕووسیایە و لەگەڵ واقیعی ڕۆژهەڵاتی
ئۆکڕانیا دەگونجێت. چونکە لە ٢٠١٤ەوە ئەو دوو کۆمارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئۆکڕانیان،
دەکرێت ئەو ئۆپەراسیۆنە تەنیا ڕووبەری ئەو دوو کۆمارەی گەورەتر بکردایە و کۆتایی پێبهاتایە.
بە تایبەت کە ناوچەکانی تری دۆنباس، کە جارێ بەشێک نین لەو دوو کۆمارە، ئەوا لە ڕووی
ئیدارییەوە هەر سەر بەو دوو پارێزگایەن کە ئێستا بوونە بە دوو کۆمار، واتە ڕووسیا
دەیتوانی بە پاساوی بەدەستهێنانەوەی خاکی ئەو دوو کۆمارە لە ناوچەی دۆنباس، ئۆپەراسیۆنەکە
ئەنجام بدات. بەڵام پەلاماردانی شارەکانی وەک خارکێڤ و کێیەڤ و میکۆلایڤ و ئۆدێسا
کارێکی نا واقیعی بوو، بە تایبەت بەو قەبارەیە لە سوپا. ئەو پەلاماردانەی ڕووسیا بۆ
ئەو شارانە، جگە لەوەی زیانی گەورەی لە سووپاکەی خۆی دا، شکستیشی هێنا لەوەی دوای
زیاتر لە مانگێک تەنانەت بچێتە ناو هەندێک گەرەکی ئەو شارانەوە. هاوکات ئەو هێرشە
بۆ ئەو شارانە زیاتر ئەمریکا و ناتۆی هاندا کاردانەوەی بەهێزیان هەبێت و سزای گەورە
بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ڕووسیا بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو
شارانەی ئاوارە کرد و کوشت و شارەکانیشی وێران کرد، لە کاتێکدا ئەو شارانە بە گشتی
کەمینەی ڕووسی و کولتوور و زمانی ڕووسی تێدا زاڵە، وای کرد تەنانەت ڕووسەکانی ئۆکڕانیاش
دژ بە ڕووسیا بجەنگن.
ئەگەر پوتین سازش لە کەلە ڕەقی خۆی بکات و گەیشت
بێت بەو باوەڕی کە داگیرکردنی کێیەڤ و شارە گەورەکان، لە توانی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە
نییە و تەنانەت ئەگەر بچێتە ناو هەموو شارەکانیش ئەوا کۆنترۆڵ کردنی ئەو شارانە بەم
سوپا ماندوو و پڕ کێشەیە نایەتە دی، ئەوا دەکرێت بڕیار بدات کە تەنیا هەندێک ناوچەی
نوێی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا داگیر بکرێت و کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە بهێنیت. هەر چەند
ئەمەش لەگەڵ کەلە ڕەقی و غروری پوتین ناگونجێت، بەڵام هەنگاوێکی واقیعی و ئاسانترە.
٤- لە
سەرەتای جەنگەکەوە ڕووسیا چوار مەرجی سەرەکی هەیە، بێ لایەنی ئۆکڕانیا، ئەندامێتی
لە ناتۆ، چەک داماڵینی ئۆکڕانیا، دانانی ئۆکڕانیا بەوەی ئەو دوو کۆمارە سەربەخۆن و
کرێمیا بەشێکە لە ڕووسیا. ئەوەی تا ئێستا تا ڕادەیەک ڕوونە، تەنیا ئەوەیە ئۆکڕانیا
بە یەک مەرج ڕازی بێت ئەویش هەڵوەشاندنەوەی داوای ئەندامبوونە لە ناتۆ. لە کاتێکدا
ئۆکڕانیا پێش جەنگە و ئێستاش، دەزانێت مەرجەکانی ئەندامێتی تێدا نییە لە ناتۆ و دەزانێت
ناتۆ قبووڵی نییە ئۆکڕانیا لە ئێستادا ببێتە ئەندام. مەرجەکانی تر، تا ئیستا ئۆکڕانیا
ڕەتی دەکاتەوە. ئەمەش پوتین دەخاتە بەردەم دووڕیانێک، ئەگەر کۆتایی بە جەنگەکە بهێنیت
تەنیا بە بەدەستهێنانی یەک مەرج، واتە ئۆپراسیۆنەکە کەمتر لە نیوەی ئامانجەکانی بەدەست
هێنا، ئەمەش شکستێکە بۆ پوتین. ئەگەر بەردەوام بێت لە جەنگەکە لە پێناو بە دەست هێنانی
هەر چوار ئامانجەکە، ئەوا دەبێت سووپای زیاتر بنێرێتە ئۆکڕانیا و ماوەی چەنگەکە درێژتر
بکات و کاولکاری زیاتر بکات تا ئەو کاتەی ئۆکڕانیەکان ناچار دەکرێن بە قبوڵ کردنی
هەموو مەرجەکان. ئەمەش پوتین دەخاتە بەردەم چەندین ئەگەری نا دیار و ناڕوون. هەر چەن
ئەو چوار مەرجەش، زیاتر بۆ شاردنەوەی مەرجی سەرەکی ڕووسیایە، کە بریتییە لە بە بێلاڕووس
کردنی ئۆکڕانیا. ئامانجی سەرەکی ڕووسیا ئەوەیە کە ئۆکڕانیا هاوشێوەی بێلاڕووسە،
پاشکۆی ڕووسیا بێت. لە ئێستادا گەیشتن بەو ئامانجە نیمچە مەحاڵە.
٥- چ ئەو
چوار مەرجە سەرەکیە و چ مەرجە شاراوەکەی ڕووسیا، بە بێ ڕووخاندنی حکومەتی ئۆکڕانیا،
واتە بە بێ کۆنترۆڵکردنی کێیەڤ، ئەستەمە بێنە دی. چونکە بەڵێن دان و ئیمزا کردن لەسەر
ئەوەی ئۆکڕانیا نابێتە ئەندام لە ناتۆ، دەکرێت بڕیارێکی کاتی بێت. چونکە دەوڵەت دەتوانێت
ڕێککەوتنامە و بەڵێنەکانی بگۆڕێت، دەستوور و یاساکانی بگۆڕێت و هی نوێ دانێت. چونکە
ئەوەی ئیستا ڕوو دەدات، تەواو پێچەوانەی ڕێککەوتنەمە و ئیمزا و بەڵێنەکانی ڕووسیا
وئۆکڕانیا و ئەمریکایە لە ساڵی ١٩٩٤ لە بودابست. بە مانەوەی ئەو حکومەتەی کێیەڤ، ئۆکڕانیا
هەر بە دەوڵەتێکی دژە ڕووسیا و نزیک لە ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی مەبەستی
سەرەکی پووتینە لەم جەنگە. جگە لەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ئەوا دژایەتی ئۆکڕانیەکان
بۆ ڕووسیا، دەبێتە کولتوور.
٦- بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، ئەگەر ڕووسیا هێزی سەربازی
زیاتر نەنێرێت و جەنگەکە بەرەو ئاستێکی بەرزتر نەبات، ئەوا ئۆکڕانیا هەر وەک دەوڵەتێکی
دژە ڕووسیا دەمێنێتەوە لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا. ئەوەی ئەم سوپایەیی ڕووسیا دەتوانن
ئەنجامی بدەن، لەوانەتە تەنیا داگیرکردنی هەرێمی دۆنباس بێت، واتە داگیرکردنی کۆی
سنووری ئیداری ئەو دوو کۆمارە تازەیە. ئەمەش ئۆکڕانیا بچووکتر دەکات، بەڵام ئەمە زۆر
دوورە لە ئامانجە سەرەکییەکەی پوتین، کە کردنی ئۆکڕانیایە بە دەوڵەتێک کە دژی ڕووسیا
نەبێت. بۆیە بە بێ گۆڕانکاری لە حکومەتەکەی کێیەڤ، پوتین ئەستەمە بە ئامرازی تر
بگاتە ئامانجەکەی. چونکە لە دوای ئەم جەنگە، لەوانەیە تەنیا ئەو حکومەتە دەنگی
هاووڵاتییانی ئۆکڕانیا بەدەست نهێنیت، کە توندترینن لە دژایەتی ڕووسیا. ئەمەش ئۆکڕانیا
دەکاتە ئەو بۆمبەی کە هەموو کات دەکرێت بتەقێتەوە لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا.