04:51 - 27/03/2022
لە سەردەمی کۆنەوە هەتا ئـەمڕۆ چۆن پشتیوانی لە شانۆ کراوە؟
تەحسین کۆنور
و. لە تورکییەوە: بەکر
شوانی
یۆنانی کۆن
وەك دەزانرێت سەرچاوەی
سەرهەڵدانی شانۆی یۆنانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سرووتانەی کە بۆ دیۆنیسۆس-ی خواوەندی پیت
و فەڕ ساز دەکران. گەڕان بە دوای وەڵامدا بۆ ئەو پرسیارانەی پەیوەندیان بە هەبوون
و چارەنووسی ئادەمیزادەوە هەبوو، ڕۆلێکی گرنگی بینی لە سەرهەڵدان و پەیدابوونی شانۆ
و پۆلاندنیدا وەك لقێك لە لقەکانی هونەر. بۆیە دەبینین لە سەدەی پێنجەمی پ. ز. دا
هێشتا شانۆ لەژێر کارتێکردنی ئاییندایە. لەو کاتەدا چالاکی و کاری شانۆیی لە لایەن
دەوڵەتەوە ڕێك دەخرا و هێندەی پەرستگایەك ڕێز لە شوێنی نمایشکردنی شانۆ دەگیرا و
نووسەران و ئـەکتەرەکانیش لە ڕیزی پیاوانی ئـاینیدا بوون. دەوڵەت لە پشتگیریکردنی
شانۆدا، لایەنی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئـەم ژانرەی هونەری لەبەرچاو دەرگرت. ئـاهەنگەکانی
دیۆنیسۆس هەموو خەڵکی ئـەسینا، لە کۆیلەوە بگرە تا سەرانی کۆمەڵگەی لەگەڵ یەکتردا
کۆ دەکردەوە. هیچ هۆکارێکی تر نەبوو ئـەوەندەی شانۆ باش و بەکار بێت بۆ یەکخستنی ژیانی
کۆمەڵایەتی چینەکانی خەڵکی شاری ئـەسینا. لە ڕووی پەروەردەییشەوە، شانۆ لەبارترین
دەزگای گشتی بوو بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لە ناو کۆمەڵگەی ئـەو سەردەمەدا. لەگەڵ دەستپێکردنی
سەردەمی فەرمانڕەوایی "پەریکلەس"دا، پارەی چوونەژوورەوەی بینەرانی شانۆ،
لەلایەن گەنجینەی دەوڵەتەوە دابین دەکرا. ئـەم هەلوێستە پێشانی دەدات کە جەماوەر لەو
دەورانەدا بایەخێکی زۆریان بە شانۆ داوە.
لە نیمچەدوورگەی ئـاتیکا،
ئـەرکی سەرپەرشتیکردنی کاروباری دیۆنیسۆس بە سەرۆکی یەکێك لە هۆزەکان دەبەخشرا. لە
سەدەی پێنجەمی پ. ز. دا گەنجینەی دەوڵەت بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئـاهەنگی ماتەمینی
کراوەبوو. هەڵبژاردنی هونەرمەندانی بەشدار لە ئـاهەنگەکانی دیۆنیسۆسدا لەلایەن دەستەیەکەوە
بەناوی ئـارکۆن-ەوە پێكدەهات. دامەزراندنی کۆریگۆس-یش کە بەشی زۆری بەرهەمهێنانی
شانۆکانی دەگرتە ئـەستۆی خۆی، یەکێك بوو لە ئـەرکە سەرەکییەکانی ئـارکۆن. گرنگترین
ئەو خەرجیانەی دەکەوتە ئـەستۆی کۆریگۆس، بریتی بوو لە پەروەردەکردن و دابینکردنی جلوبەرگی
کۆرس و بەخشینی مووچەی موزیکوانەکان و بەڕێوەبەرانی کۆرسەکان. بەڵام هیچ بەڵگەیەك
لەبەردەستدا نیە سەبارەت بە تەرخانکردنی پارە و پوول بۆ ئـەکتەرانی دەرەوەی کۆرسەکان
و جلوبەرگی ئـەوان. هەر هونەرمەندێك لە کاری خۆیدا سەرکەوتوو بوایە، یان نا، مووچەی
خۆی لە دەوڵەت وەردەگرت و خەڵاتی یەکەمەکانیش هەر لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرا.
دەستەی دادوەران کە لە ئـاهەنگەکاندا بۆ هەڵسەنگاندنی نمایشەکان دەستنیشان دەکرا،
بەم جۆرە پێكدەهێندرا: سەرەتا 10 هۆز لە هۆزەکانی ئـاتیکا چەند ناوێکی گونجاویان بۆ
ئـەم مەبەستە دەستنیشان دەکرد. ناوەکانی هەریەك لە هۆزەکان لەسەر ڕووبەرێك دەنووسرانەوە.
پاشان دەخرانە گۆزەیەکی گڵینەوە کە بۆ ئـەو مەبەستە دیاری دەکرا. لەگەڵ دەستپێکردنی
ئـاهەنگەکاندا، گۆزەکان لە شوێنێکی گونجاوی شانۆکاندا دادەنران. دواتر ئـارکۆن دەهات
و لە هەر گۆزەیەك ناوێکی دەردەهێنا و کۆی ناوە دەرهێندراوەکان لە هەموو گۆزەکان دەیکردە
دەستەی دادوەرانی هەڵسەنگاندنی نمایشەکان. دەستەی 10 کەسیی دادوەران سوێندیان دەخوارد
لە کارەکەیاندا بێلایەن بن. لە کۆتایی پێشبڕکێکاندا، دادوەران بڕیارەکانی خۆیان دەخستە
گۆزەکانەوە. هونەرمەندانی سەرکەوتووی بواری تراژیدیا و کۆمیدیایش بە ڕاکێشانی ناوەکانیان
هەڵدەبژێردران.
لە سەردەمی دەمیتروسدا
( 317-307 پ. .ز) کۆریگۆس لە ئـارادا نەما. لەو سەردەمەوە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی
ئـاهەنگەکانی دیۆنیسۆس ساڵانە ڕێکدەخرا و مووچەشیان لەلایەن دەوڵەتەوە دەدرا. ئـەکتەر
لە شانۆی کۆنی یۆنانیدا کەسێکی بەڕێزە. نیۆپتۆلیموس نموونەیەکی ئـەو ئـەکتەرە بەناوبانگانەیە
کە ئـەرکی پەیوەندی نێودەوڵەتیان پێ سپێردراوە و لە دۆزینەوەی چارەسەردا بۆ کێشەکانی
جیهان ڕۆڵی باڵیۆز و گەڕیدەی سیاسیان بینیوە.
ئـەکتەرەکان هەموویان
پابەندی ڕێکخراوێك بوون کە پێی دەگوترا کۆمەڵەی هونەرمەندانی دیۆنیسۆس. ئـەم ڕێکخراوە
وەك سەندیکاکانی ئـەم سەردەمە هەندێك ڕێوشوێنی تایبەت بەکاری داڕشتبوو. یاساکانی ڕێکخراوی
ئاماژەبۆکراو بەسەر تیپە گەڕۆکەکانیشدا دەسەپێندرا. ئـەکتەرە بەناوبانگەکان مووچەیەکی
زۆریان وەردەگرت. لە دوای سەردەمی ئـاسخیلۆس-یشەوە، ئەرکی بەجێهێنانی ئەرکی سەربازی
لەسەر شانی ئـەکتەرەکانی شانۆ هەڵگیرا.
ڕۆما
شانۆ لە دەورانی ڕۆمادا
بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکی ئـەوتۆی بە ئـاینەوە نەبوو. گرنگترین فێستیڤاڵ کە ڕێ
بە دانیشتوان دەدرا بەشداری تێدا بکەن، فێستیڤاڵی "لودی ڕۆمانی" بوو. ئـەم
فێستیڤاڵە لە لایەن دەستە و تاقمێکەوە ڕێکدەخرا کە مووچەیان لە دەوڵەت وەردەگرت و
پێیان دەگوترا "ئـائـەدیلە"کان. هەوڵ دەدرا فێستیڤاڵەکە ناوەڕۆکێکی بەپێزی
هەبێت، چونکە سەرکەوتنی فێستیڤاڵ بەر لە هەمووان مایەی سەربەرزی بوو بۆ ئـائـەدیلەکان.
ئـەمانە دەچوون لەگەڵ یەك بە یەکی تیپە شانۆییەکانی بەشداری فێستیڤاڵدا پەیمانیان
مۆر دەکرد. سەرانی تیپەکانیش بەرهەمەکانیان لە نووسەران دەکڕیەوە. دواتر دەست دەکرا
بە کاروباری ئـامادەکردنی موزیك و ئـەکسسوار و تەختی شانۆ و جلوبەرگ و پێداویستیەکانی
تر. ئـائـەدیلەکان بەر لە بینەران چەند جارێك تەماشای کارە شانۆییەکانیان دەکرد،
ئـەمەیش بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەپێزی بابەتەکان و هەروەها جۆریکیش بوو لە جۆرەکانی
کۆنترۆڵکردنی ناوەڕۆکی نمایشەکان. مووچەیەکی تایبەتیش بۆ تیپە هونەرییەکان دیاری
کرابوو و هەر هونەرمەند و تیپ و نوسەرێکیش مایەی ڕەزامەندی بینەران بوایە، خەڵاتی
جۆراوجۆری وەردەگرت.
هەموو ئـەو شانۆیانەی
لە میانەی فێستیڤاڵەکاندا نمایش دەکران، بەشێوەیەکی گشتی بەخۆرایی پێشانی بینەران
دەدران. نووسەری کۆمیدیا پلاوتوس لە کارەکانیدا پلاری دەگرتە دایان، منداڵان،
ژنان، کۆیلە و خزمەتکاران و ئەوانیش بەمەبەستی گرتنی جێگە بۆ سەیرکردنی نمایشەکان،
لە نێوان خۆیاندا لێیان دەبوو بە شەڕ. دوای سەردەمانێکیش لە ئـۆرکێستراکاندا جێگەی
تایبەت بۆ سەناتۆرەکان تەرخان کرا. وایش باو بووە هەرکەسێك زوو گەیشتبێتە هۆلی شانۆ،
بۆی هەبووە لە ڕیزی پێشەوە دابنیشێت. ئـەوەیش زانراوە کە هاتوچۆی بینەران لە کاتی
نمایشەکاندا زۆر بە کپی و بێدەنگی بووە، ئـەویش لەبەرئـەوەی لە هەمان کاتی نمایشکردنی
شانۆکاندا، چالاکی هونەری تریش پێشان دراوە کە بینەران نەیانویستووە لە دەستی بدەن.
کارمەندانی هۆڵەکان لەترسی ئـەوەی نەبادا بینەر لە ناوەڕۆکی شانۆکە داببڕێت، لە
کاتی نمایشەکاندا چاوپۆشیان لە هاتوچۆیان کردووە. تەنانەت بینەر بۆی هەبووە خواردن
و خواردنەوەیش بباتە هۆلی نمایشەوە.
لە ڕۆمادا هەردوو دەستەواژەی
"هستریۆنەس و کانتۆرەس" واتای ئـەکتەریان دەگەیاند. میموسەکانی لێ دەربچێت،
شانۆ بۆ ژنانی تر قەدەغەبوو. هەندێك لە مێژووناسان پێیان وایە تیپەکانی شانۆی سەردەمی
ڕۆما لە کۆیلەکان پێكدەهاتن. تەنانەت بەڕێوەبەرەکانیشیان کۆیلە بوون. سەناتۆ بڕیاری
دابوو نابێت هاووڵاتییانی ڕۆما لە شانۆدا کار بکەن. هەر هاووڵاتییەکی رۆما بیویستایە
لە شانۆدا کار بکات، دەبوایە لێسەندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی لەبەرچاو بگرتایە. بەڵا
نەتوانرا ئـەم یاسایە بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا بسەپێندرێت. بۆ نموونە، ڕۆسیۆس کە
یەکێك بووە لە ئـەکتەرە بەناوبانگەکانی ڕۆما، نەك هەر کۆیلە نەبووە، بەڵکو پلە و
پایەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزیشی هەبووە. بەڵام لە هەمان کاتدا بە چاوێکی سووك سەیری میموسەکان
کراوە و خراونەتە ڕیزی کۆیلەکانەوە. کەچی مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە ئـیمپراتۆر یوستینیانوس
لە سەدەی شەشەمی زایینیدا لەگەڵ سەماکەرێکی میموسدا زەماوەندی کردووە کە ناوی تیۆدۆرا
بووە.
سەدەکانی ناوەڕاست
لەگەڵ ئـاوابوونی خۆری
ڕۆمادا شانۆ نەمرد، بەڵکو بەنهێنی درێژەی پێ درا. کڵێسەکان تەگەرەی بەردەوامیان دەخستە
ڕێی کاری شانۆیی و پەیتاپەیتا بڕیاری قەدەغەکردنی شانۆیان دەردەکرد. لە سەدەی شەشەمدا
کلێسە تەماشاکردنی کاری شانۆیی لە پیاوانی ئـاینی قەدەغە کرد. ئـەکتەرەکان خۆیان بە
جوڵەی خێرای دەست و ئـاکرۆباتیك و سەما و مەشقپێدانی ئـاژەڵان و تەنافبازی و
نواندنی ڕۆلی میموسەوە خەریك دەکرد و لەو بوارانەدا هونەری خۆیان دەنواند. لە کۆڵان
و سەر ڕێگە و بازاڕ و لە کۆشك و سەراکاندا ڕۆلیان دەگێڕا. زۆر جارانیش دەستگیر و
دارکاری دەکران و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دوور دەخرانەوە. لەگەڵ ئـەمانەیشدا
سروتەکانی ئـاهەنگێڕان بۆ خواوەندی پیت و فەڕ لە ناو خەڵکیدا درێژەی هەبوو. کلێسا
سەرەتا لە دژی ئـەو سروتانە بوو، بەڵام کە تێگەیشت بەربەرەکانێی پێ ناکرێت، هەوڵی
دا ئـەو نەریتانە لەپەڵ ئـاینی کرستیانیدا پێكبهێنێتەوە و سەرچاوەی دیاردەی نۆئـێل
و پاسکال-یش بۆ ئـەو نەریتانە دەگەڕێتەوە. ئـەکتەرانی میموسی گەڕۆکیش کە درێژەپێدەری
نەریتی میموسی سەردەمی ڕۆما بوون، گۆرانییان دەگوت، چیرۆکیان دەگێڕایەوە، نمایشی جۆربەجۆریان
دەکرد، لە قۆناغێکەوە دەچوونە قۆناغێکی تر و لە هاتوچۆیەکی بەردەوامدا بوون. لە سەردەمی
پۆتیکدا کە نیوەی دووەمی سەدەکانی ناوەڕاست(1200-1400) دەگرێتەوە، دەبیندرێت ڕۆل
نواندن دەرچووەتە دەرەوەی کلێساکان. مێژوونووسان هۆی ئـەم گڕانکارییە دەگێڕنەوە بۆ
ئـەوەی کە بەهۆی برەودان بە کاری شانۆیی، کلێساکان جێگەی بینەرانیان تێدا نەبووەتەوە.
هەروەها زۆربوونی دیاردەی لە ئـاین بەدەر و پێکەنینی بینەران و پێشاندانی هەندێك دیمەنی
نامۆ بە نەریتەکانی ئـەو دەورانە بووە بەهۆی توڕەبوونی پیاوانی ئـاینی. پاپا لە ساڵی
1210 دا قەدەغەی خستە سەر بەشداریکردنی کارمەندانی کلێساکان لە شانۆدا. هەر لەو سەردەمەدا
لە فەڕەنسا ئـارەزوومەندان چەندین تیپ و گرووپی جۆربەجۆریان دامەزراند و کەوتنە
نمایشکردنی کاری شانۆیی لادەر و بەدەر لە ئـایین. لە هەندێك لە شارەکان خاوەنکاران
و ڕێکخراوی برایەتی ئـەرکی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی زنجیرەیەك شانۆگەرییان گرتە ئـەستۆ
کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم هونەرەدا هێنایە ئـاراوە. بەڵام شانۆ هێشتا لەژێر کاریگەریی
کلێساکاندا بوو.
ڕێنیسانس
ساڵی 1584 کۆشکی فەرمانڕەوا
لە پاریس هەموو دیاردەیەکی نائـاینی لە شانۆنامەکانی تایبەت بە ئـاییندا قەدەغە
کرد. بەپێی هەمان بڕیار، ڕێدان بە کاری شانۆیی لە شارەکان و قەراغ شارەکان بۆ کۆمەڵەیەك
بەناوی ڕێکخراوی برایەتی قۆرخ کرا. بەو پێیە، هەر تیپیێك بیویستایە لە پاریس شانۆ
نمایش بکات، ناچار بوو دەستور لەو ڕێکخراوە وەربگرێت. لە دەرەوەی پاریسیش هەندێك تیپ
هەبوون کە هەموویان تایبەتمەند و پیشەیی بوون.
لە ئـینگلتەرایش، هونەرمەندە
پیشەییەکان کە لە پێشبڕکێدا کەوتبوونە دوای ئـارەزوومەندەکانەوە، لە ساڵی 1469دا لە
لەندەن لۆکالێکیان کردەوە. کۆشکی فەرمانڕەوایش خۆی لەم تیپانە گەیاند. هنری حەوتەم
تیپێکی هەبوو بەناوی تیپی پیاوانی پادشا. ئـەندامانی ئـەم تیپە سەرباری کار و ئـەرکیان
لە کۆشکی پادشایەتیدا، بۆیان هەبوو بەشێوەیەکی سەربەخۆیش کار بکەن. ئـەمانە لە کاتێکدا
لە کۆشك نواندنیان نەبوایە، ئـەوا لە ڕوویان لە شار و ناوچەکانی تر دەکرد و لەژێر
ئاڵای پادشادا نمایشیان دەکرد. ئاڵای پادشا هۆکارێك بوو بۆ پاراستنی ئـەوان لە پوریتانەکان
کە گرووپێکی کرستیانی توندڕەو بوون.
خێزانی مەدیسی یەکێك لەو
خێزانانەی ئـیتالیایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانس-ی بەرهەم
هێناوە. بەگزادەکان بەشێوەیەکی ئـارەزوومەندانە گرنگیان بە شانۆ دەدا و لە کۆشك و
سەراکاندا شوێنی تایبەت بە نمایشکردنی شانۆیان دروست دەکرد. پاش ماوەیەك ئـیدی چەندین
تیپی پیشەیی لە کۆشك و سەراکاندا دەستیان بە نواندن کرد. تیپی ناسراو بە "کۆمیدی
دێلارتە" لەو سەردەمەدا پەیدا بوو. لە ساڵی 1550یشدا لە ئـیسپانیا چەند تیپێکی
پیشەیی دەستیان بە نواندن کرد. هەر لە هەمان ساڵدا "کۆنفرێ دێ لا پاسیۆن"
لە ئـوتێلی "بورگۆگنە" یەکەمین شانۆی جێگیری دامەزراند.
سەدەی هەڤدەیەم
لە ئـیتالیا شان بە
شانی پێشکەوتنی کۆمیدیای دێلارتە، ئـارەزوومەندەکانیش درێژەیان بە کاری خۆیان دەدا.
بەڵام ئـەم کارانە لایەنی تەکنیکی شانۆی لێ دەربچێت، لە بوارەکانی تردا پێشکەوتنی
لەگەڵ خۆیدا نەدەهێنا. بەپێچەوانەیشەوە تا دەهات لە ئـیسپانیا ناوەڕۆکی شانۆ بەپێز
تر دەبوو و پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە دەدی. بەڵام شەڕی سی ساڵەی ئـیسپانیا لە ساڵی
1648دا تیپەکانی شانۆی هەژاند. لە ئـەڵمانیایش زەمینە لەبار نەبوو بۆ پێشکەوتنی گەورە.
لەو سەردەمەدا ڕۆشنبیرێکی زانکۆیی بەناوی یۆهانێس فێلتن وەك شانۆکارێکی پیشەیی سەرنجی
بۆ سەر خۆی ڕاکێشابوو. کارل ئـەندریاس پاولسن لە ساڵی 1660دا تیپێکی گەڕۆکی دامەزراند
و هەتا مردنی لە ساڵی 1678دا بەڕێوەبەرایەتی کرد. گرنگی ئـەم تیپە لەوەدابوو کە یەکەمین
گرووپی ئـەڵمانی بوو ژنی هێنایە بواری شانۆوە.
لە فەڕەنسایش قۆرخکردنی
کاری شانۆیی لە دەستی کۆنفرێ دەرهێندرابوو. ئـۆتێلی بۆرگۆگنە بەکرێ جێگەی بە تیپە
پیشەیییەکان دەدا. ئـەکتەر و دەرهێنەر گالێران کۆمتە لە ئـەنجامی کۆششێکی زۆردا
ئـوتێلەکەی بەکرێ گرت و بووە پێشەنگی بە پیشەییکردنی شانۆ. "گالێران ئـەلەکساندەر"
هاردی هێنا و نووسینەوەی دەقی شانۆیی پێ سپارد و بەم جۆرە بوو بە دەسپێشخەر لە
هاوکاریکردن لەگەڵ نووسەراندا. لە دوای گالێران-یش چەندین تیپی تری پیشەیی پەیدا
بوون کە توانیان ڕێوشوێن بۆ بەدەزگاییبوونی بەرهەمهێنانی شانۆ دابنێن و ئـەمانیش بەهەمان
شێوە ئـوتێلی باسکراویان بە کرێ گرت.
هەر لەو سەردەمانەدا چەندین
تیپ و گرووپ لە لەندەن چالاکیان دەنواند. جەیمس-ی یەکەم کە لە دوای ئـەلیزابێس هاتە
سەر تەختی پادشایەتی و بە یەکێك لە دۆستەکانی شانۆ دادەنرا، بایەخی بە شانۆ دا و
خستیە ژێر چاودێری خۆیەوە. بەڵام هەرچی پوریتانەکانی دوژمنی شانۆ بوون لە هەلێك دەگەڕان
بۆ دەستوەشاندن. تیپی پیاوانی ئـەدمیرال لە ساڵی 1625دا هەڵوەشایەوە و دواتر لەژێر
ناوی "تیپی پیاوانی هەنری"دا یەکیانگرتەوە. شەکسپیر-یش تیپێکی هەبوو بەناوی
تیپی پیاوانی کامبەرلیان کە هەتا داخستنی شانۆکان لە ساڵی 1642دا ، 48 سالی ڕەبەق
درێژەی بە نواندنی شانۆ دا. ئـەم تیپە کە لە هەمان کاتدا بە تیپی پیاوانی پادشا
ناودەبرا، لەلایەن ئـەکتەرانی خاوەن میرات و خاوەن بەشەوە بەڕێوە دەبرا. خاوەن بەشەکان
هەر ئـەوە نەبوو بەشە قازانجی خۆیان وەربگرن و بەس، بەڵکو لە بابەتی جلوبەرگ و دیکۆر
و پێداویستیەکانی تر و دەقی شانۆکانیشدا خاوەن بەش و بڕیار بوون. ساڵی 1625 لەگەڵ
هاتنە سەرتەختی چارلسی یەکەمدا، تیپی یەکەم هەر تیپی پیاوانی پادشا بوو. ئـەم تیپە
لە 35 ئـەکتەری گەورە و ژمارەیەکی نەزانراو لە ئـەکتەرانی مندال پێكدەهات. لە ساڵی
1636دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و زۆربوونی هێرشی پوریتانەکان، تیپەکانی شانۆ ڕوویان
لە کزبوون کرد. دواتر شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد و پەرلەمان کەوتە ژێر دەسەڵاتی پوریتانەکانەوە.
شانۆکان داخران و تیپەکان بڵاوەیان پێکرا. لە ساڵی 1644دا شانۆی گلوب و لە ساڵی
1647دا شانۆی بلاکفایەر و لە ساڵی 1649دا شانۆی فۆرچن سوتێندران.
لە ناوەڕاستی سەدەی هەڤدەیەمدا
لە فەڕەنسا پیشەییبوونی شانۆ پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە دیبوو. ئـەکتەرەکان بەشیان لە
داهاتی شانۆدا هەبوو. تیپی مۆلێر لە 4 ژن و 6 پیاو پێك دەهات. براکەی لویسی شازدەیەم
مۆلێری بۆ پاریس بانگ کرد. مۆلێر و تیپەکەی بۆ جاری یەکەم لە ڕۆژی 24 /10/ 1658دا
لەبەردەم پادشادا شانۆیان نمایش کرد. حەوت ساڵ لەو مێژووە بە دواوە، واتە لە ساڵی
1665دا بەناوی تیپی پادشاوە لە کۆشکدا نیشتەجێ کران. مۆلێر لە ساڵی 1673دا مرد. لەگەڵ
ئەوەیشدا لویسی شازدەیەم داوای بەردەوامبوونی نواندنی لە تیپەکەی دەکرد. لویس هەمان
ساڵ بڕیاری دا تیپەکەی مۆلێر لەگەڵ تیپی شانۆی ماریاسدا یەكبگرن. لویسی شازدەیەم هەر
بەئەوەندەوە نەوەستا، بەڵکو لە ساڵی 1680دا یاسایەکی دەرکرد بۆ هەردوو تیپی پالاس ڕۆیال
و هۆتێل بۆرگۆگنە کە تا ئەو کاتە هەردووکیان پێکەوە کاریان دەکرد. ئـەم یاسایە بە
سەرەتای لەدایکبوونی کۆمیدیای فەڕەنسی دادەنرێت. لەگەڵ یەکگرتنی هەر دوو تیپەکەدا
ژمارەی ئـەکتەرەکان گەیشتە 28 کە 15 پیاو و 13 ژن بوون. لە ڕۆژی 24/8/1682دا بۆ یەکەمجار
مافی خانەنشینی بۆ ئـەکتەران بەڕەوا بیندرا و ئـەم مافە بە نموونەی یەکەمی مسۆگەرکردنی
ژیانی کۆمەڵایەتی ئـەکتەران دادەنرێت.
لە بەریتانیایش، سەرەڕای
قەدەغەبوونی کاری شانۆ، لە لەندەن ناوبەناو کاری شانۆیی هەر پێشکەش دەکرا. بەڵام هەر
ئـەکتەرێك لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەستگیربکرایە، یان دەخرایە زیندانەوە، یان
سزای پارەی بۆ دەبڕدرایەوە. لە ساڵی 1660دا چارلزی دووەم چووە سەر تەختی پادشایەتی
و دوای ماوەیەکی کەم داوای کردنەوەی شانۆکانی کرد و بەمەبەستی دامەزراندنی دوو شانۆ
مافی قۆرخکردن درا بە داگێنانت و تۆماس کیلگریو. چارلزی دووەم ڕێی دا ژنانیش بچنە
سەر شانۆ.
لە هەمان سەدەدا لە ڕووسیا
پێشهاتی سەرنجڕاکێش ڕوویاندا. قەیسەر ئـەلەکسەی دەستوری دا یۆهان گۆدفرید گریگۆری
کە پاپازی کلێسەی لوتەرجی بوو لە مۆسکۆ، لە کۆشکی قەیسەریدا شانۆنامەیەك نمایش
بکات. گریگۆری بەڕەچەڵەك ئـەڵمان ئـەم سەرکەوتنەی خۆی قۆستەوە و لە ساڵی 1673دا لەسەر
ئەرکی گەنجینەی قەیسەر قوتابخانەیەکی شانۆیی دامەزراند.
ئەڵمانیا لە سەدەکانی
هەڤدەیەم و هەژدەیەمدا لە چەند دەوڵەتێکی بچووك و بڵاوی ژێر دەسەڵاتی پادشاکان پێكدەهات.
هەندێك لەم دەوڵەتانە بە پشتیوانیکردنیان لە شانۆ، هەم خۆشەویستی هونەرمەندان و هەم
خۆشەویستی جەماوەریان بۆ خۆیان بەدەستهێنابوو. بۆ نموونە، فریدریکی دووەم کە بە فریدریکی
گەورە دەناسرا، لەگەڵ هاتنە سەرکاردا دەستوری دا دوو ئـۆپێرا دروست بکرێت کە یەکێکیان
ئـۆپێرای بەرلینە، ئـەویتریشیان ئـۆپێرای پۆتستدامە. هەموو تێچوونەکانی ئـەم ئۆپێرایانە
لەلایەن گەنجینەی کۆشکەوە دابینکرا. بەڵام بەهۆی پەیدانەبوونی دەقنووسی کارامە لە
نیوەی سەدەدا، بوارەکانی هونەری شانۆ و ئـۆپێرا و موزیك پێشکەوتنی ئـەوتۆی بەخۆیەوە
نەدی. لە سەردەمی بارۆکدا دەرهێنەران زۆرتر خوویان دایە موزیك و ئـۆپێرا، چینی ناوەندیش
تامیان لە گۆرانییە باوەکانی کۆرسەکانی ئـەو سەردەمە وەردەگرت کە ئـەمانەیش بە هۆیەکانی
سەرەکی دواکەوتنی شانۆ دادەنرێت لەو دەورانەدا. بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی چەند کەڵەهونەرمەندێکی
وەك لێسینگ و شیلەر و گۆتەدا شانۆ گوڕێکی تری پێ درا. ئـەم پێشکەوتنە زیاتر لە شارەکانی
هامبورگ و مانهایم و ڤایمار بەدی کرا. لە ساڵی 1767دا بە سەرپەرشتی لێسینگ شانۆی نەتەوەیی
هامبورگ دامەزرا کە پڕ بە واتای وشە شانۆیەکی نەتەوەیی نەبوو، چونکە دەبوایە ماوەیەکی
زۆر چاوەڕوان بوونایە تا بتوانن هاوکاری دارایی لە دەوڵەت وەربگرن. شانۆی نەتەوەیی
مانهایم-یش ساڵی 1779 بە سەرپەرشتی نووسەر ئـیفلاند دامەزرا. لە ساڵی 1783دا شیلەر
وەك گۆرانیبێژی تراژیدیا بۆ ئـەو شانۆیە گوێزرایەوە. لە ساڵی 1791دا گۆتە کرا بە بەڕێوەبەری
شانۆی کۆشکی ڤایمار و بۆ ماوەی 22 ساڵ لەو پلەیەدا مایەوە.
لە هەمان سەدەدا لە ئـۆتریش-یش
چەند پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش ڕوودەدات. بورگ تێئـاتەر کە دووەمین و کۆنترین شانۆی ئـەوروپایە،
ساڵی 1776 لە سەردەمی دەسەڵاتداری جۆزێفی دووەمدا کرایەوە. ئـیمپراتۆر لە هەمان
کاتدا بەڕێوەبەری شانۆیش بووە و دەقی نمایشەکان و ئـەکتەرەکانی دەستنیشان کردوووە.
جۆزێفی دووەم لە ساڵی 1779دا یاسایەکی دەرکرد کە تیایدا یارمەتیدانی شانۆ بە ئـەرکی
دەوڵەت دادەنێت. ئـیمپراتۆر لەو یاسایەدا چەمکی شانۆی نەتەوەیی و شانۆی دەوڵەت دەخاتە
جێی چەمکی شانۆی کۆشك و سەرا. ئـەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەو سەردەمە، چونکە شانۆ
لە موڵکی چینێکی دیاریکراوەوە بوو بە موڵکی گەل.
لە ساڵی 1773دا هونەرمەندانی
پایەبڵندی تیپەکانی فەڕەنسا بە پێی یاسا خرانە ڕیزی فەرمانبەرانی دەوڵەتەوە. لەو سەردەمەدا
هەر ئـەکتەرێك ماوەی 20، یان 30 ساڵ لە کاری خۆیدا بمایەتەوە، بەر یاسای خانەنیشینی
دەکەوت. هەموو ئـەم هەنگاوانە بوو بەهۆی ئـەوەی کاری شانۆیی لەو سەردەمەدا ببێت بە
پیشەیەکی هاوسەنگ و مسۆگەر بۆ هونەرمەندان. دەوڵەت لە ساڵی 1793دا بە فەرمانێك
داوای کرد ناوەڕۆکی نمایشەکان بە سیاسەت موتوربە بکرێن. لە ڕاستیدا دەویسترا لە ڕێی
ئـەم فەرمانەوە لە شانۆدا بەرگی نەمری بکرێت بە بەری شۆڕشدا. لەو سەردەمەدا شێوازێکی
تری نمایش هاتە ئـاراوە. ئـەم نمایشانە جەماوەری شانۆی لە دۆخی بینەر هێنایە دەر و
ئـەمانە کەوتنە گوتنەوەی مارشی گونجاو لەگەڵ ئامانجەکانی شۆڕشدا. چەندین کەژاوەی گەورە
لەژێر دروشمەکانی شۆڕشدا پێکهات کە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك لەژێر سایەی دروشمەکانی
شۆڕشدا بە مەیدان و شەقامەکانی پاریسدا دەسوڕانەوە.
لە سەردەمی قەیسەر
خاتوو یەکاتەرینای دووەمدا، شانۆ لە ڕووسیا بە زوویی پەرەی سەند. قەیسەر سەرەڕای
گرنگیدانی بە هەموو شێوازەکانی دراما، خۆیشی چەندین دەقی نووسی کە لە کۆشك و سەراکاندا
نمایش دەکران. قەیسەر لە ساڵی 1773دا دەستوری دا شانۆیەکی گەورە بنیات بنرێت کە
دواتر بە شانۆی بەلشەوی، یان شانۆی گەورە ناسرا. لە ساڵی 1779یش دا فەرمانی دا
قوتابخانەیەك بنیات بنرێت بۆ پێگەیاندنی ئـەکتەر و سەماکەر و هونەرمەندانی شانۆ. وەك
دەبیندرێت، شانۆ لە ڕووسیا لە شێوەی کارێکی دەوڵەتی سەر بە کۆشکی فەرمانڕەوا سەری
هەڵداوە.
تیپەکانی گەڕۆکی دەرەوەی
مۆسکۆ کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا پەیدا بوون و پەرەیان سەند، لەبەرەوە لە کۆت
و زنجیری بەڕێوەبەرانی شانۆی سەر بە کۆشك و سەراکان خۆیان ڕزگار کرد. بەوجۆرە هەر
تیپ و گرووپێکی شانۆیی هەتا لە ڕووی جوگرافییەوە لە مۆسکۆ دوور بوایە ، سەربەستی زیاتری
دەبوو.
هەروەها دەرەبەگ و بەگزادە
و خاوەن زەویەکانیش شانۆی تایبەت بە خۆیان هەبوو کە ئـەمانیش دەکەوتنە دەرەوەی
سنووری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرانی شانۆی خۆجێیی. تا دەهات ژمارەی ئـەم جۆرە شانۆیانە ڕوو
لە هەڵکشان بوو. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمدا تەنیا لە مۆسکۆ 15 تیپی سەر بە دەرەبەگ
و خاوەن زەوییەکان هەبوو. ئـەندامانی تیپەکانیش هەموویان لە سەپان و رەنجبەران پێكدەهاتن.
دەرەبەگەکان بە چاولێکردن لە دەسەڵاتداران، ئـەمانیش لە کۆشك و سەراکانی خۆیاندا سەیری
شانۆیان دەکرد. سەپان و رەنجبەرەکانی خۆیان وەك ئـەکتەر و سەماکەر و گۆرانیبێژ بەکاردەهێنا.
ئـەمانە بە زەبری دار و تێهەلدان فێری هونەری شانۆ دەکران. هەریەکێك لەمانە ئـەگەر
بە دڵی ئاغاکەی ڕۆڵی نەگێڕایە، ڕاستەوخۆ لە دوای تەواوبوونی نمایشەکە و لە بەرچاوی
بینەران فەلاقەیەکی باش دەکرا. ژنانی ئـەکتەر و سەماکەریش لە دوای تەواوبوونی نمایشەکان
بۆ ژووری نوستنی دەرەبەگ و خاوەن زەوییەکان پەلکێش دەکران. ئـەکتەرەکان بە کاڵای
خاوەنەکانیان دادەنران و هەر بەگزادە و خاوەن زەوییەك بۆی هەبوو ئـەکتەرێك، یان زیاتر
بە دیاری بۆ دۆستێکی خۆی بنێرێت. هەر خاوەن زەوییەکیش لە ڕووی داراییەوە نابوت بوایە،
ئـەوا ئەکتەرەکانی خۆی دەبرد و لە بازاڕ دەیفرۆشتن. کۆشك و سەراکانی فەرمانڕەوایان
بۆ ئـەوەی ئـەکتەر و دەرهێنەری کارامە و سەماکەری لێهاتویان بە نرخی هەرزان دەست
بکەوێـ، چاوپۆشیان لەم ڕەفتارەی دەرەبەگەکان دەکرد. هەر ئـەکتەرێك، یان سەماکەرێك
لەو ڕێیەوە بگەیشتایەتە کۆشك و سەراکان، ئـازاد دەبوو، هەندێکی تریشیان بە داهاتی
خۆیان ئـازادیی خۆیان دەکڕیەوە. ئـەم کەسانە کە لە سایەی زۆردەستی خاوەنەکانیاندا
فێری هونەری شانۆ دەکران، سەرەڕای چارەنووسی ڕەش و خەمبەخشیان، سوودێکی زۆریان بە
شانۆی ڕووسیا دەگەیاند. بەشێکی زۆری هونەرمەندان و ئـەکتەرانی بە توانای سەدەی نۆزدەیەم
دەرچووی قوتابخانەی سەردەمی ڕەش و مەینەتباری کۆیلایەتی بوون.
سەدەی نۆزدەیەم
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا
بیری نەتەوەیی لە ئـەوروپا پەرەی سەند. ئـۆتۆ بسمارك لە چارەکی چوارەمی ئـەو سەدەیەدا
دەوڵەتە پەرش و بڵاوەکانی ئـەڵمانیای یەکخست و دەوڵەتی نوێی یەکگرتوو لە ماوەیەکی
کەمدا بوو بە گەورەترین هێزی سیاسی ئـەوروپا. سەردەمی ئـیمپراتۆری 47 ساڵ درێژەی کێشا.
ئەڵمانیا وڵاتێکە بە سەدان ساڵ نەیتوانی یەکێتیی سیاسی پێكبهێنێت، بەڵام بەپێجەوانەوە،
توانی یەکێتیی کلتوری و فەرهەنگی خۆی بپارێزێت. ئـەم یەکێتیی کلتوورە لە سایەی دەسەڵاتی
سیاسیدا نا، بەڵکو بەهۆی یەکێتی و هاوئـاهەنگی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی هونەرپارێزەوە
سەری گرت.
گرنگترین پێشهات بۆ ئـەڵمانیا
لەم سەدەیەدا ئـەو تیپە شانۆییە بوو کە لە ساڵی 1870دا لە لایەن دۆقی ساکس-مایننگن-ەوە
دامەزرا و لەسەر ئـاستی جیهان ڕێزێکی زۆری بە دەستهێنا. ساڵێك دوای ئـەو مێژووە تیپێکی
شانۆیی ڕێكوپێك لە کۆشکی مایننگەن دامەزرێندرا. گەلیش بەو پەڕی تواناوە پشتیوانی لەو
تیپە دەکرد. 252 کەس لە دەوڵەمەندەکانی ئـەو سەردەمە ساڵانە بە بەخشینی پارە
هاوکاری شانۆکەیان دەکرد. بەتەنیا دۆك کارل ئـەوگەست ساڵی 3000 گلدنی بە شانۆی مایننگەن
دەبەخشی. گەورەترین پشتیوانی شانۆی مایننگەن لە مێژوودا دۆك گریگۆری دووەم بوو کە
پەیوەندییەکی پتەوی بە شانۆکەوە هەبوو. هەمیشە هەوڵی دەدا ئـەم تیپە هیچ کەموکورتییەکی
نەبێت و هەر گرفتێکیش بهاتایەتە پێش، گریگۆری دووەم بەشێوەیەکی ئـەکادیمیانە لێی دەچووە
پێش و بە هاوکاری ڕاوێژکارانی خۆی چارەسەری گونجاوی بۆ دەدۆزیەوە.
لە سەدەی نۆزدەیەمدا
شانۆکان بەگشتی لە لایەن بەگزادەکانەوە بەڕێوەدەبران. بەڕێوەبەرانی شانۆ لە مژارەکانی
پارە و کاروباری بەڕێوەبردندا خاوەن ئـەزموون و کارامە بوون. شانۆکانی کۆشك و دەوڵەت
و شارەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا شانۆنامە کلاسیکییەکانیان بە پارەیەکی کەم پێشانی بینەران
دەدا کە ئـەمەیش بە سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆی میللی دادەنرێت. داواکاری بۆ
ئـازادکردنی ئـابووری شانۆ تا دەهات زیاتر دەبوو. چەمکی بازرگانی ئـازاد پەڕییەوە
بۆ سنووری شانۆ و بەو جۆرە شانۆ بە لای هەندێك کەسەوە بابەتی بازرگانی و پارە پەیداکردن
بوو.
لە فەڕەنسا شانۆکان بە
پشتیوانی ناپلیۆن سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتنیان بە دەستدەهێنا. ناپلیۆن یەکەم ژەنەراڵە
کە هەستی بە کاریگەریی شانۆ بە سەر مۆراڵ و ورەی سەربازەکانییەوە کرد. لەسەردەمی
ئـەودا تیپێکی شانۆی دەوڵەت هەبوو کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە بەڕێوە دەبرا. ئـەم
تیپە لە دەریای سپی پەڕییەوە و شانۆی بۆ ئەو سەربازانە نمایش دەکرد کە لە داگیرکردنی
میسردا بەشداریان کردبوو. ناپلیۆن بەر لەوەی لەلایەن ئـەنجومەنی ڕاوێژکارانەوە
نازناوی ئـیمپراتۆری بدرێتێ، لە ساڵی 1804دا هەوڵی دا یاسایەك بۆ یەکگرتنی هەردوو
تیپی کۆمیدی فڕانس و تیاتەر فڕانس دابڕێژێت. لەم یاسایەدا کە لە 50 بەند پێكدەهات،
پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتی هونەرمەندانی شانۆی نەتەوەیی مسۆگەر کرا. بەو پێیە، هەر
هونەرمەندێك نەخۆش بکەوتایە، یان بەهۆی ڕووداوێکەوە لە کار دوور بکەوتایەتەوە، دابینکردنی
بژێوی ژیانی دەکەوتە ئـەستۆی دەوڵەت. گرنگترین بەڵگەی پشتیوانیکردن لە شانۆ لەو سەردەمەدا
یاسای مۆسکۆیە. ناپلیۆن سەبارەت بە شانۆی فەڕەنسا لە 24/10/1812دا ئـەم یاسایەی مۆر
کرد و خستیە بواری جێبەجێکردنەوە. جێگەی سەرنجە ناپلیۆن سەرەڕای تێکشکانە یەك لە
دوای یەکەکانی ئـەو کاتەی لە بواری سیاسی و سەربازیدا، کەچی هێشتا خەمی ئـەم یاسایەی
لەبەر بوو. ئـەم یاسایە کە بە پارێزەر و پشتیوانێکی نموونەیی هونەر دادەنرێت لە سەردەمی
ناپلیۆندا، لە کاتێكدا داڕێژرا کە 4/5ی سوپای ناپلیۆن تیاچووبوو. لەلایەکی تر سەرمای
کوشندە ڕووسیای لە پەلوپۆ خستبوو.
یاسای مۆسکۆ گرفتەکانی
سەرەکی شانۆ چارەسەر دەکات و پەیوەندی نێوان حکوومەت و شانۆ ڕێك دەخات و دان بە
ناوەڕۆکی پەیڕەوی ناوخۆی شانۆی کۆمیدیی فەڕەنسادا دەنێت و مانگانەی هونەرمەندان دەستنیشان
دەکات و لایەنی پەروەردەیی شانۆ ڕوون دەکاتەوە. شایەنی گوتنە، شانۆی فەڕەنسا هەتا ڕابردوویەکی
نزیکیش لە بەڕێوەبردنی کارەکانیدا پشتی بە یاسای باسکراو دەبەست.
لەگەڵ هاتنی سەدەی نۆزدەیەمدا
شانۆی ڕووسی لە ڕووی پێشکەوتنی هونەرمەندان و زۆربوونی نمایشەکانەوە گەشەیەکی زۆری
کردبوو. بەڵام گرفتەکانی سەردەمی قەیسەر ئـەلەکساندەری یەکەم و جەنگ لەگەڵ ناپلیۆن
و شەڕی پاشکەوتوویی و پێشکەوتوویی نێوان بەگزادەکان، کاریگەرییەکی خراپی بە سەر
شانۆوە هەبوو. لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی کۆمەڵایەتیدا داخوازییەکانی خەڵکیش ڕوو لە زیادبوون
بوو، تەنیا پشتیوان و پارێزەری شانۆیش هەر کۆشك و سەراکان بوو. دانیشتوانی ناو کۆشك
و سەراکان چێژیان لە بینینی ئـۆپێرا و بالێی تیپەکانی بیانی وەردەگرت.
چینی ڕۆشنبیران کە تازە
لە پێکهاتندا بوو، تاقمی بیرۆکراتە لیبرالەکان و چینی ناوەند و منداڵانی بەگزادە و
میرزادەکان و بەشێك لە خاوەن زەوییەکان مەیلیان دابووە شانۆ. ئـەم چین و توێژانە
تا دەهات گرنگی زیاتریان بە نواندنی نەتەوەیی دەدا.
ئـەلەکساندەری یەکەم لەو
سەردەمەدا هاوکاری زیاتری شانۆکانی کرد و ئـازادی زیاتری پێ بەخشین. باری ژیانی ئـەکتەرەکانیش
لە زۆر لایەنەوە ڕوو لە باشبوونێکی بەرچاو بوو. ئـەمەیش بوو بەهۆی زۆربوونی بەگزادەکانی
ئـارەزوومەندی شانۆ و هەڵبژاردنی چەندین ئـۆرۆستۆکرات وەك ئەکتەری پیشەیی. لە ساڵی
1824دا یاسای بەڕێوەبردنی شانۆی قەیسەری لە مۆسکۆ داڕێژرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ساڵی 1808دا شانۆی مالی کرایەوە کە لە سالی 1824دا دەستێکی تری پێداهێندراو و
بوو بە یەکێك لە ناوەندە گرنگەکانی شانۆی ڕووسیا.
هۆلی شانۆی بۆلشۆی کە
لە ساڵی 1824دا کرایەوە، 2000 کەسی دەگرت و بۆ پێشاندانی بالێ و ئـۆپێرا تەرخان
کرابوو. لە هۆڵی شانۆی مالی-یش شانۆی درامی و کومیدی پێشان دەدرا. شانۆی مالی بە
زانکۆی دووەمی مۆسکۆ دادەنرا. هۆی ئـەمەیش پەیوەندیی توند و تۆڵی نێوان شانۆکاران
و دەوروبەرە زانستییەکان بوو. چەند پڕۆفیسۆرێکی ناسراو لە بەشەکانی ئـەو شانۆیەدا
وانەیان دەگوتەوە. لەبەرامبەر ئـەمەیشدا بەشێکی زۆر لە ئەکتەرەکانی شانۆ ببوون بە
ئـەندامی کۆمەڵەی دۆستانی ئـەدەبیاتی ڕووسی. خوێندکاران بێ هیچ بەرهەڵستییەك هاتوچۆی
زانکۆی مالیان دەکرد. شانۆکاری بەناوبانگی سەردەم شەپکین هەرچی لە دەست هات بۆ
پترکردنی ڕێزی شانۆ، درێغی نەکرد لە ئـەنجامدانی و بۆ ئـەوەی کاری نواندن وەك ڕەفتارێکی
بەرز و ڕەسەن پێشان بدات، داوای دەکرد بە چاوی پەرستگا و شوێنی پیرۆزەوە تەماشای
شانۆ بکرێت.
لە نیوەی دووەمی سەدەی
نۆزدەیەمدا لە ڕووسیا گۆڕانکاریەکی گرنگ ڕوویدا. ئـازادکردنی کۆیلەکان و ڕێکخستنەوەی
کاروباری دادگاکان و پەروەردە و بەڕێوەبردن، هەوڵدان بۆ چاکسازی لە بوارەکانی سەربازی
و بیرۆکراتیدا و نوێکردنەوەی سەرجەم بوارەکانی ژیان، لە گرنگترین گۆڕانکاریەکانی
ئـەو سەردەمە بوون. ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی دەوڵەت و سیستەمی نوێی ئـابووری وڵاتی
بوژاندەوە و نیو سەدەی تر لە سەر پێ ڕایگرت. گرنگترین گۆڕانکاری کە لەو سەردەمەدا
پەیوەندی بە بینەری شانۆوە هەبوو، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شارەکان و بەرزبوونەوەی
ڕێژەی خوێندەواری بوو لە ناو چینەکانی ژێرەوە و ناوەنددا.
بەمجۆرە، بینەرانی شانۆ
خوێنێکی نوێیان تێزا و گرنگی زیاتریان بە شانۆ و بەشەکانی تری هونەر دا. یەکێك لە
گۆڕانکارییە گرنگەکانی تایبەت بە شانۆ لەو دەورانەدا کۆتاییهێنان بوو بە قۆرخکردنی
کاری شانۆیی لەلایەن شانۆکانی قەیسەرەوە. لە ساڵی 1882وە لە پایتەخت و ناوچەکانی
تری وڵات ڕێ بە تیپەکانی کەرتی تایبەت درا لە بواری شانۆدا چالاکی بنوێنن. ئـەم هەنگاوە
نەك هەر بووە هۆی گەشەسەندنی شانۆ، بەڵکو لە ڕووی ناوەڕۆك، چەندایەتی و چۆنایەتیشەوە
کاریگەریەکی پۆزەتیفی بەسەر خوێندنگا و ناوەندەکانی شانۆوە هەبوو. هەرچەندە کۆنترۆلی
شانۆ لە دەستی کۆشك و شانۆکان دەرهێندرابوو، بەڵام شانۆی کۆشك هەتا ساڵی 1890 لە
شانۆی وڵاتدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕا. بێگومان یەکێك لەو تیپانە شانۆی مالی بوو. پەیوەندی
بەربڵاوی لەگەڵ دەوروبەرە ئـەکادیمییەکان و ڕێزی بۆ ئـازادییەکان و دەسپێشخەری لە
نواندنی شانۆی ڕەسەندا، بەرگێگی ئـەکادیمییانەی کرد بە بەر شانۆی مالیدا بە جۆرێك
گەیشتە ئـاستی شانۆی کۆمیدی فرانس. بەڵام شانۆی ئـەلەکساندەرنسکی کە ئـەویش یەکێك
لە شانۆکانی قەیسەریەت بوو، هەڵوێستێکی داخراوی هەبوو. کردنەوەی قوتابخانەی شانۆی
دەوڵەت لە ساڵی 1899دا، کە ساڵێك پێشتر بە هاوکاری کۆستانتین ستانسلاپسکی-نەمیرۆگیچ
دانچەنکۆ دامەزرابوو، ڕووداوێکی گرنگی ئـەو سەردەمەی شانۆی ڕووسی بوو.
هەر لەو سەدەیەدا ژمارەی
شانۆکان لە بەریتانیا و ئـەمەریکا ڕوویان لە هەڵکشان بوو. دروستکردنی ڕێگەی ئـاسن
لە ئـەمەریکا هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ پەیدابوون و سەرهەلدانی چەندین تیپی شانۆی گەڕۆك.
لە ساڵی 1885دا لە 3500 شار و شارۆچکەی ئـەمەریکادا 5 هەزار گرووپی شانۆ هەبوو. لەو
دەورانەدا بەتەنیا لە شاری نیۆرك 40 هۆلی شانۆ دروست کرا. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا
بە گیانێکی ئـارەزوومەندانەوە ڕوو لە شانۆی نوێخواز کرا. دامەزراندنی شانۆی لیبەر
تیاتەر لە ساڵی 1887دا لەلایەن ئاندرێ ئـانتۆنی-یەوە، دامەزراندنی تیپی شانۆی فرایە
یونیە لە ساڵی 1889دا لە لایەن ئۆتۆ براهام لە بەرلین، دامەزراندنی تیپی شانۆی سەربەخۆ
لەلایەن یاکۆب ت. گرەین-ەوە لە ساڵی 1891دا و هەروەها دامەزراندنی قوتابخانەی هونەری
مۆسکۆ لە ساڵی 1899دا، دیارترین نموونەکانی هەنگاونان بوون بەرەو شانۆی نوێخواز.
سەدەی بیستەم
پەرەسەندن و فرەبوونی
شێوازەکانی نواندن و پەیدابوونی دەرهێنەرانی کارامە و لێهاتوو بوو بەهۆی پێشکەوتن
و گەشەسەندنی شانۆ لە هەموو لایەنێکەوە. دەوڵەتەکان لە جێی شانۆی زەبەلاح کە زۆر بەهێز
بوون، زیاتر مەیلیان بەلای بەخشینی هاوکارییەوە بوو بەو گرووپانەی کە بە گیانێکی
ئـارەزوومەندانە کاریان دەکرد، یان تیپەکانی سەربەخۆی شانۆ. دەوڵەتەکان بەلایانەوە
گرنگ بوو خۆیان سەرپەرشتی گەشەسەندن و پاراستنی هونەرەکان بکەن و هەندێك جاریش لە
دەستووری دەوڵەتاندا مادەی تایبەت بەو بابەتە جێگیر کراوە.
چەندین هۆ هەیە بۆ پشتیوانیکردنی
دەوڵەتان لە شانۆ. کاری شانۆیی گرانبەهایە و بەرزڕاگرتنی ئـاستی هونەری پێویست بە
بودجەی کراوە دەکات کە ئـەمەیش بەتەنیا لە توانا و وزەی دەوڵەتاندا هەیە. هەروەها
چەندین هۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەیە بۆ پشتیوانیکردنی دەوڵەتان لە شانۆ، چونکە دەوڵەتان
شانۆ بە هۆکارێکی کلتووری و پەروەردەیی دادەنێن و سەرەڕای ئـەمانەیش، شانۆ پێوەرێکی
گرنگە بۆ پێشاندانی ئـاستی پێشکەوتوویی و گەشەسەندوویی دەوڵەتێك لە چاو دەوڵەتانی
تردا.
لە ساڵی 1960دا لە ئـەڵمانیا
148 شانۆ هەبوون کە 118یان یارمەتییان لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتەکانی خۆجێیی
وەردەگرت. لە ساڵی 1962دا لە بەریتانیا شانۆی نەتەوەیی دامەزرا. لە سویسرایش حکوومەتگەلی
کانتۆنەکان و هەندێك جاریش حکوومەتی ناوەندی لە بێرن هاوکاری شانۆکان دەکات. شارەوانییەکانی
ئـەڵمانیا لە سەدەی هەژدەیەمەوە هاوکاری وەك دابینکردنی جێگە، ئـاو، ڕووناکی و کارەبا،
جلوبەرگ و هۆیەکانی هاتوچۆ بۆ شانۆکان دابین دەکەن. بڕی ئـەم هاوکارییانە لە ڕۆژگاری
ئـەمڕۆدا زیاتر بووە. جۆری هاوکارییەکانیش، یان ڕاستەوخۆ لە بودجەی دەوڵەت دابین دەکرێت،
یان بە کەمکردنەوەی باج و سەرانەی شانۆکان دەبێت. یاخۆ وەك لە ئـیتاڵیا و سویسرا
باوە، بەشێك لە داهاتی یارییەکانی بەخت و چالاکییەکانی وەرزش بۆ شانۆ تەرخان دەکرێت.
لەو وڵاتانە باجێکی تایبەت
بە شانۆ دەخرێتە سەر سینەما و ئـاهەنگەکان و پاشان لە فۆندێکدا کۆ دەکرێتەوە و بۆ
پشتیوانیکردن لە شانۆ مەیسەر دەکرێت. لە فەڕەنسا بۆ هاندانی نووسەرانی لاو و تازەپێگەیشتوو
هەر تیپێك دەقی تازەنووسەرێك نمایش بکات، باجی لەسەر کەم دەکرێتەوە. لە بەریتانیایش
ئـەنجوومەنی هونەری بورسی خوێندن بۆ هونەرمەندانی تازەپێگەیشتوو دابین دەکات و
هاوکاری ئـەو تیپانەیش دەکات کە دەقی نووسەرانی تازەپێگەیشتوو نمایش دەکەن. ئـێستایش
لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئـاوادا بەشێوازی جۆربەجۆر پشتیوانی و هاوکاری شانۆ دەکرێت و
ئـەم هونەرە لەو وڵاتانەدا لە درەوشاوەترین سەردەمەکانی خۆیدا دەژی.
سەرچاوە:
Tahsin Konur, Agon
Tiyatro, Sayı 10, Mart-Nisan, DORUK Kitapcilik-Yayincilik, Ankara 1997