لێکۆڵینەوە

02:52 - 20/11/2018

جیابوونەوەى بەریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاو کاریگەرییەکانى‌

دۆوگ کریس، سی ئێن ئێن
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس دۆوگ كریس له‌ باره‌ی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی و ئه‌وروپا و ئه‌نجامه‌كانی له‌ پێگه‌ی سی ئێن ئێن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كریس له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ له‌سی ئێن ئێن كار ده‌كات و پێشتر بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینی ئه‌تلانتا جۆرناڵ بووه‌ و چه‌ندین راپۆرت و وتاری له‌ رۆژنامه‌كانی ته‌كساس و ساوزكارۆلینا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ ده‌قی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌یه‌تی: 
یەکێتی ئەوروپا یەکێکە لە بەهێزترین بلۆکەکانی جیهان. بەڵام خەریکە یەکێک لە بەهێزترین ئەندامانی خۆی لەدەست دەدات کە بەریتانیایە. وەکوچۆن جیابوونەوەی بەریتانیا کاریگەری لەسەر یەکێتی ئەوروپا دەبێت بەوشێوەیەش کاریگەری و کاردانەوەی لەسەر تەواوی جیهان دەبێت. 
زۆرێک لەئێوە بەشێوەیەکی بەردەوام بابەتی جیابوونەوەی بەریتانیاتان بیستووە بەڵام وردەکارییەکان و دواهەمین پەرەسەندنەکانی ئەو بابەتە ئاگادار نین (لەهۆکارەکەی تێدەگەین. چونکە ئێوە سەرقاڵن). 
مایەی نیگەرانی نییە. لێرەدا وردەکاری و زانیاری تەواو هەیە بۆئەوەی بەزوویی وەریگریت. 


جیابوونەوەی بەریتانیا چیە؟ 
ئەو بیرۆکەیە (کە لەسەرەتاوە جێگەی بڕوا نەبوو) لەوەوە دەستی پێکرد کە بەریتانییەکان بیانەوێت لە یەکێتی ئەوروپا جیاببنەوە. بەڵام بە دەرەنجامێکی چاوەڕواننەکراو و یەکلاکەرەوە لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا بەریتانیا لە ڕیفراندۆمێکی یەکلاکەرەوەدا دەنگیدا بەجیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا. 
لەوکاتەوە گفتوگۆ، و مشتومڕ، و ڕووبەڕووبوونەوە و هەڕەشە دەستی پێکردووە، هەروەکو ئەوەی لە هەر جیابوونەوەیەکی ئاسایدا بەدی دەکرێت. بەڵام بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لەکۆتاییدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە دەکرێت ئەو جیابوونەوەیە بگەیەنێتە ئەنجام. 

جیابوونەوەکە چ کاریگەریەکی لەسەر تەواوی جیهان دەبێت؟ 
بۆ وڵاتانی ئەوروپا: 

زۆرترین کاریگەری لەسەر وڵاتەکەت دادەنێت، لەچەندین بواری جیاوازەوە. نزیکەی نیوەی هەناردەی بەریتانیا بەرەو ئەوروپا ڕەوانە دەکرێت. بەهەمانشێوەش نزیکەی نیوەی هاوردەی بەریتانیا لە ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتییەکەوە هاوردە دەکرێت. هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی ئازاربەخشانە دووبارە دانوستانیان لەسەر دەکرێتەوە. ئینجا بیر لە پرسی دیبلۆماتی بکەرەوە. هەرکاتێک ئەوروپا شتێکی گرنگی لەڕووی سەربازییەوە ئەنجام دابێت، بەریتانیا، کە هێزێکی سەربازی کاریگەرە، زۆربەی کات لەپێشەنگی هێرش و کارەکاندا بووە. هەربۆیەشە، ئەوروپا قورساییەکی گەورە لەدەست دەدات. 
بۆ ئەمریکا:
 لەئێستادا جیهان مەترسیدار و شەڕانگێزانەیە. بەشێک لە ئەمریکییەکان لەوانەیە نیگەرانی ئەوەبن کە هەڵوەشانەوەی ئەو یەکێتییە، کە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمریکایە، پێدەچێت ببێتەهۆی سەرهەڵدانی ناسەقامگیری زیاتر. هەروەها بەریتانیا حەوتەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە. ئیتر بۆچی ئەو بارودۆخە خۆشە تێکبدرێت؟ 
بۆ وڵاتانی دیکە:
بەریتانیا پێنجەم بەهێزترین ئابوری هەیە لەجیهاندا. بیر لە کاریگەری جیابوونەوەی بەریتانیا بکەرەوە لەسەر بازاڕی جیهانی. ئەگەر پاشەکشەش نەکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە کاریگەری خراپی دەبێت. وەکو دەزانن، بازاڕ خواستی لەسەر سەقامگیریە. هەروەها ناسەقامگیری لە بازاڕدا یەکسانە بە دەرکەوتنی هەواڵی خراپ لەبارەی ئابووری وڵاتەکەتەوە. 

بەڵام چاوەڕێ بکە. بەرلەوەی کە زانیاری زیاتر بخەینەڕوو: جیاوازی لەنێوان ئینگلتەرا و بەریتانیای گەورە و شانشینی یەکگرتوو چییە؟ ئێمە هەندێجار ئەم ناوانە بە تێکەڵی (یان نادروستی) بەکاردەهێنین. لەبەرئەوە، لێرەدا بەکورتی زانیارییەکی جوگرافی دەخەینەڕوو. شانشینی یەکگرتوو تاکە وڵاتێک نییە بەڵکو وڵاتی پێکهاتوو لە چەند وڵاتێکە. کە لە چوار نەتەوە و وڵاتی جیاواز دروست بووە: 
-ئینگلتەرا 
-سکۆتلاند
-وێڵز
-ئێرلەندای باکوور

 بەریتانیای گەورە دوورگەیەکە کە ئینگلتەرا و سکۆتلاند و وێڵز لەخۆی دەگرێت. هەروەها ئینگلتەرا زاڵ و کاریگەرە. زۆرترین بەشی شانشینەکە پێکدەهێنێت و لەندەنی پایتەختیش کەوتووەتە ئینگلتەراوە. 

یەکێتی ئەوروپا چیە؟
یەکێتی ئەوروپا لە ٢٨ وڵات پێکهاتووە لەسەر ئەو بنەمایە دروستکراوە کە شتێکی باش دەبێت ئەگەر هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بتوانن گەشت و بازرگانی بکەن لە وڵاتانی یەکتردا بەبێ ئەوەی نیگەران بن لەبارەی بوونی سنوور لەنێوانیاندا. 

مێژووی یەکێتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم. لەدوای شەش ساڵ لە جەنگ، ئەوروپا بەهیلاک چوو. ئابووری ئەو وڵاتانە وێرانە بوو. دوژمنە کۆنەکان دەبوو ئەو ڕاستیە قبووڵ بکەن کە دەبێت بەیەکەوە بژین (بۆنمونە فەڕەنسا لەگەڵ داگیرکارەکەی پێشووی، ئەڵمانیا). ئیتر بەرە بەرە، دەوڵەتەکان دەستیانکرد بە دروستکردنی هەماهەنگی و هاوبەشی. 

لە ساڵی ١٩٩٠دا یەکێتی ئەوروپا بەم شێوە مۆدێرنەی ئێستای دەرکەوت. کە نوێنەرایەتی نیو ملیار کەس دەکات. 
بیرۆکەکە ئەوەیە: ئەگەر لەڕووی ئابوورییەوە پەیوەیست بوون هەبێت، ئەوا کەمتر ئەگەری مشتومڕ لەسەر بابەتی بێ بنەما دروست دەبێت و جەنگ ڕوونادات. 

بیرۆکەکان باشن. بەڵام، ئێستا کێشەی یەکێتی ئەوروپا چییە؟ 
بیرۆکەکان وەکو هاوسەرگیرییەکی خۆشبەختانە دەردەکەون. بەڵام بارودۆخەکە بەوشێوەیە نامێنێتەوە. کاتێک ڕووداوەکانی جیهان تێدەپەڕن، هەروڵاتێک و بەشێوازێک کاردانەوەی دەبێت. ئەوان شەڕ دەکەن لەسەر ئەوەی کە چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی دەگەن بە کەناراوەکانیان. ناتوانن ڕێککەون لەسەر پرسە ئابوورییەکانیان. کێشەکانیان قووڵتر دەبێتەوە کاتێک بەشێک لە ئەوان دەبێت پارەیەکی زیاتر بدەن بۆئەوەی یارمەتی ئەو وڵاتانە بدەن کە لەبارودۆخێکی زۆر خراپدان. ئەمەش وایکرد کە پارتی دژە یەکێتی ئەوروپا لەسەرتاسەری ئەوروپادا زیاتر گەشە بکەن. 

ئایا هەرگیز وڵاتێکی دیکە هەبووە لە یەکێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە؟ 

هیچ وڵاتێک لەو یەکێتییە جیانەبووەتەوە، جگە لە یەکێک لە گەورەترین دوورگەکانی جیهان نەبێت. گرینلاند، کە بەشێکە لە دانیمارک، بەشێک بوو لە یەکێتی ئەوروپا تاوەکو لە ١٩٨٥دا لە یەکێتییەکە جیابوویەوە (بەڵام هێشتا دانیمارک ئەندامە لە یەکێتییەکەدا).

بەریتانیا دەبێتە یەکەم وڵات دەبێت کە یەکێتییەکە بەجێبهێڵێت. هەرچەندە، یۆنان بەجدی بیری لێکردەوە، بەڵام پرسی جیابوونەوەی یۆنان بەتەواوی بابەتێکی جیاوازە. 
بەڵام بیر لەو نمونەیە بکەرەوە کە بنیات دەنرێت. کاتێک بەریتانیا جیادەبێتەوە، لەوانەیە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش چاو ببڕنە ئەو دەرگایە. ئەوەش واتە یەکێتی ئەوروپا تاوەکو دێت بەهێواشی دابەش دەبێت. ئەمەش کاریگەری گەورەی دەبێت لەڕووی ئابووری و سەقامگیرییەوە. (خۆ لەبیرتانە لەسەرەتاوە باسی ئەوەمان کرد کە بنەمای درووستکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆچی دەگەڕێتەوە؟) 

دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری جیابوونەوەی بەریتانیا. ئێستا چی ماوەتەوە؟ 
هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیرییەکی ٤٥ ساڵە کارێکی ئاسان نییە هەرچەندە ئەوانەی بانگەشەی جیابوونەوەیان دەکرد دەیانوت کە ئاسانە. ترس لە دروستبوونی هەندێ کاریگەری نەخوازراو لەڕووی ئابووری و لایەنەکانی ترەوە تاڕاددەیەکی زۆر چاوەڕوانکراوە، و دەبێت بەسەر زۆرێک لەسەر ئەو ڕێگریانەدا زاڵبن. دواخستن و مەترسییەکان و مشتومڕی بەردەوام لەئێستادا زیاتر تۆخ دەبێتەوە و بەپێی ڕاپرسییەکان وادەکات کە ئەوانەی دەنگیان بۆ جیابوونەوە داوە بۆچوونی خۆیان بگۆڕن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تەنها چوار مانگی ماوە کە بەکردەیی جیابوونەوەی بەریتانیا دەستپێبکات. ئەوەشتان لەیاد بێت کە زۆرێک لە بەریتانییەکان لەدوای ڕۆژێک لە دەنگدان زۆرترین گەڕانیان لە گوگڵ کردبوو لەبارەی ئەم پرسیارەوە "جیابوونەوەی بەریتانیا چیە؟" 

ئێستا چی ڕوودەدات؟ بۆچی جیابوونەوەی بەریتانیا بووەوە سەردێڕی هەواڵەکان؟
لە ئێستا بەریتانیا و ئەوروپا لەهەوڵی ڕێککەوتننامەیەکی جیابوونەوەن، چونکە بەریتانیا بەزوویی لە سنووری بازرگانی ئەوروپا دەچێتە دەرەوە. مەسەلەی ئەوەی کە بەریتانیا بەبێ بوونی ڕێککەوتنێک لەسەر داهاتووی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بچێتە دەرەوە مایەی ترس و بیمە لەلای زۆرێک لە بازرگانەکانی بەریتانیا و سەرتاسەری ئەوروپا. دانوستانەکان بەشێوەیەکی سەخت بەڕێوە دەچن. لەئێستادا، لەدوای زیاتر لە دوو ساڵ لە مشتومڕ گەیشتونەتە: ڕەشنووسێکی ڕێککەوتن (کە ٥٨٥ لاپەڕە دەبێت) کە شێوازی جیابوونەوەی بەریتانیا یەکلایی کراوەتەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە ڕۆژی هەینی، ٢٩ی ئازاری ٢٠١٩.

بەڵام بەریتانیا لە دەرەوەی بازاڕی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا دەمێنێتەوە و پابەند دەبێت بە یاسا و ڕێساکانی یەکێتیەکەوە تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٠. ئەمەش دەرفەتی تەواو دەدات بەهەمووان... بۆئەوەی ڕێککەوتنێک لەسەر داهاتوو ئەنجام بدەن. هەربۆیەشە، دەکرێت دوو ساڵی داهاتوو هەروەکو ئێستا بێت. 

ئیتر، بەشێوەیەکی بنەڕەتی بەریتانیا یەکێتی ئەوروپا جێدەهێڵێت بەڵام بۆماوەی دوو ساڵی دیکە دەمێنێتەوە. ئێستا ئەمە ڕوونە؟

خاڵێکی دیکەی گرنگ ماوە: ڕێککەوتنەکە گرەنتی ئەو ٣ ملیۆن هاووڵاتیەی یەکێتی ئەوروپا دەکات کە لە بەریتانیان هەروەها زیاتر لە ١ ملیۆن هاووڵاتی بەریتانیا کە لە یەکێتی ئەوروپان و لەوێ دەژین یان کاردەکەن یان دەخوێنن و دەتوانن وەکو پێشوو بەردەوام بن. 


ئایا ڕیفراندۆمێکی دیکە لەسەر جیابوونەوە دەکرێت؟ 
هەندێک لە سیاسیە دیارەکانی بەریتانیا بۆنمونە تۆنی بلێر سەرکۆوەزیرانی پێشوو داوای ڕیفراندۆمێکی دیکە دەکات، بەڵام نەخێر، پلانێکی لەوشێوەیە لەبەردەم دەنگدەراندا نییە. تریزا مەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەتوندی ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە دەنگدانێکی نوێ خیانەتێکی ناشرینە لە دیموکراسیەت. ئەم ڕەشنووسی ڕێککەوتنە لەلایەن پەرلەمانەکانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا دەنگی لەسەر دەدرێت. 

ئایا لەلایەن هەردو پەرلەمانەکەوە ڕێککەوتنەکە پەسند دەکرێت؟ 
لەئێستادا ئەوە نازانین. بەڵام لە بەریتانیا لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە ڕەخنە لەو ڕێککەوتنە دەگیرێت. لەدوای ئەوەی مەی ڕەشنووسەکەی لە پەرلەماندا خستەڕوو دوو وەزیری باڵادەستی حکومەتەکەی دەستیان لەکارکێشایەوە (سەرەڕای دوو وەزیری دیکەش کە لەهاویندا دەستیان لەکارکێشایەوە). هەندێکیش دەیانەوێت مەی خۆی دەستلەکاربکێشێتەوە. بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپی لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا گرێدەدەن بەمەبەستی کۆتایهێنان و بەفەرمی کردنی ڕێککەوتنەکە. هێشتا دیار نییە کە کەی پەرلەمانی بەریتانیا دەنگ لەسەر ئەو ڕەشنووسە دەدات.