لێکۆڵینەوە

09:59 - 16/03/2022

بۆچی كورد سوود لە كارەساتە نەتەوەییەكانی نابینێت؟‌‌

پەیسەر

دڵڕەقی و دۆگمایی بە شێكی زۆری هێزە عەرەبییە عێراقییەكان بەرامبەر بەكورد مێژوویەكی دێرینی هەیەو هیچ حكومەتێكی عێراقی لە دوای سەردەمی پاشایەتییەوە لێی بێبەری نەبووە، هەرچەندە هەندێك پاساو بەوە دەهێننەوە كە بەشێكیشی پەیوەست بووە بە خودی كوردەوە و گوایە بەڵگەی بەدەستەوە داوەو ڕێگەی بۆ كارە دوژمنكارییەكانی دەسەڵاتداران خۆشكردووە، بەڵام زۆرینەی بەڵگەكان باس لەوە دەكەن سیاسیەتی دوژمنكارانەی هەرێمی و جیهانیش پشتیوانییان لە كارەساتەكان كردووە، پرسیار ئەوەیە بۆچی جووەكان توانییان جینۆسایدی هۆڵۆكۆست بكەنە سیمبولی چەوساندنەوەی خۆیان و سەرنجی جیهانیان بۆخۆیان ڕاكێشا، بەڵام كورد نەیتوانی ئەو كارەبكات؟

ڕەگی مێژوویی:


بێگومان لە كارەساتەكانی سەردەمی كۆماری یەكەم و زەعیم سدیق لە كوردستانەوە بیگرە تا دەگاتە ئەنفال و كیمیایی بارانەكانی سەدام بە یەك زنجیرەی تەواو نەكراوی حكومەتە یەكلە دوا یەكەكانی عێراق بەرامبەر باشووری كوردستان دێنە ئەژمارو دووریش نییە ئەگەر ڕژێمی بەعس و سەدام حسین تەمەنیان درێژ ببوایەتەوە بۆ ئەم سەردەمە تاوانی دیكەشیان ئەنجام نەدایە.

 

یەكێك لەوكارەساتانەی لەسەردەستی ڕژێمی پێشووی عێڕاق بەسەرگەلی كورد لەباشووری كوردستان داهاتووە، كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە لە رۆژی 16/3/1988 و پاساوی حكومەتی عێراق و بەرپرسەكانی لەكاتی دادگایی كردنەكانیان لە 2006 دا ئەوەبوو كە بە ڕێنمایی و پێشڕەوی پێشمەرگە سوپای پاسدارانیان هێناوەتە هەڵەبجەو دەورووبەری و لەكاتی جەنگیشدا بۆ بەرگریی لە خۆكردن پەنا بۆ هەموو كارێك دەبرێت، هەرچەندە هەموو قسەكانیان بەو ئاڕاستەیە بوو كە ئەوەی كیمیایی بەسەر هەلەبجەدا كردووە عێراق نەبووە، بەڵكو فرۆكەكانی ئێران بوون، بەڵام هەموو بەڵگە و شایەتەكان لە دژی ئەوان بوون و سەلمێنرا كە رژێمی بەعس و بەفەرمانی عەلی حەسەن مەجید و بە ڕەزامەندی سەدام حسین ئەو كارە كراوە و بووە هۆی شەهید بوونی هەزران كەس و برینداربوونی هەزارانی دی كە ژماریەكیان تا ئێستاش بەدەم سەختی برینی 33 ساڵ پێش لە ئێستاوە دەناڵێنن .



هەڵوێستی ئەوانی تر:


كارەساتی هەڵەبجە بەچەكی قەدەغەكراوی كیمیاویی نێودەوڵەتی ئەنجام درا. كارەساتێك كەتیایدا هەزارەها كەسی سڤیل بەهۆیەوە شەهیدبوون و ژینگەی سرووشتی و جوگرافیای شارەكەش وێران بوو. ئەمە وێرای كاریگەریەتی ئەوچەكە لەڕووی دەروونی، جەستەیی، بایۆلۆژی لەسەرمرۆڤەكانیش، كە ئێستاش لەژێركاریگەریەتی ئەوڕووداوەدان. ئەوەشی كەئەوەندەی تر ئەوكارەساتەی بەسوێترو قوڵتركردەوە، بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەگشتی و نێوەندە عەرەبی و ئیسلامییەكان بە تایبەتی بوو، كە تەنهاچوار ڕۆژدوای كارەساتەكە، كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی، لەكوێت بەڕێوە چوو، بەڵام یەك وشەیان لەوبارەیەوە نەدركاند، هیچ نوسەرێكی عەرەب(جگە لە چەند دانەیەكیان) نە دێڕێكیان نوسی و نە هەڵوێستیان وەرگرت، نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و ناوەندە نێو دەوڵەتیەكانی دیكەش نقەیان لە خۆیان بڕیبوو، ئەوەش لە بەر چەند هۆكارێك، یەكێك لەوانە ئەو چەكەی بەكاردەهێنراو درابوویە سەدام حسین دروستكراوی كارگەكانی خۆیان بوو، پشتیوانی ڕژێمی سەدامیان دەكرد لە دژی ئێران، لەبەر ئەوەی عەرەبەكانی خاوەن نەوت هەڵوێست وەرنەگرن و چەندین هۆكاری دیكە.



گرنگی نەدانی پێویست:


زیندووڕاگرتنی مێژووی ئەوكارەساتی هەڵەبجە لە رووی نەتەوەیی و تەنانەت مرۆیشەوە زۆرگرنگە، لەبەر ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی زۆر گەورەیە ، تاوانێكی جەنگی حاشا هەڵنەگرە، دەتوانرێت ببێتە هەوێنی هەزاران فیلم و رۆمان و كتیێب و لێكۆڵینەوەی زانستی و ئەكادیمی و بەدەر لەوانەش سەرنج ڕاكێشانی دامەزراوە نێو دەوڵەتیەكان بۆ كێشەی كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی تر، بەڵام لەو ماوە دوور درێژەی دوای كیمیایی بارانی هەڵەبجە بۆچی نەكراوە جێگەی پرسیارە و وەك شارەزایان و خەڵكی شارەكەش باسی دەكەن بۆ كۆمەڵە خاڵێك دەگەڕێتەوە كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

1-كورد خاوەنی دەوڵەت یان كیانێكی سەربەخۆ نەبووەو كێشەی كیمیایی بارانی هەڵەبجەش لەناو دووكەڵی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا وون بووە، ئەوە لە كاتێكدا زۆرینەی ڕەهای ناوەند و حكومەتەكانی دونیا لە پشتی سەدام حسین بوون، یان لانی كەم چاوپۆشییان لەتاوانەكانی دەكرد.

2- پێش لە ڕاپەرین و لە 16/3/1988 تا 5/3/1991 دەستكەوتی كورد لە كارەساتەكە پەیداكردنی برێك دەستكەوتی مادی بوو بۆ حیزبەكان و تەنانەت كەسەكانیش، لەبەر ئەوەی پارەیان بەو كارەساتەوە پەیدا دەكردو دانانی وێنەیەكی كیمیایی باران لە یەكێك لە شەقامەكانی وڵاتانی ئەوروپی بەس بوو بۆئەوەی بەناوی شەهید و بریندارەكانەوە هەزاران دۆلار خڕبكرێتەوەو دواتر هیچیشی نەگاتەوە بە خەڵكی ئەو شارە.

3- دوای 1991 و ڕاپەرینی باشووری كوردستان و دوای هەڵبژاردنی یەكەمیش لە ساڵی 1992 ەوە تا ئێستا ساڵانە بۆماوەی چەند رۆژێك پێش كارەسات و دوای كارەساتەكە كۆمەڵێك بەرپرس بە بەڵێن و پەیمانی ناڕاست یادەكانیان ڕایی كردووە، تا گەشتە ئەوەی خەڵكی ئەو شارەیان بێ هیوا كردو تەنانەت مۆنۆمێنتی هەڵەبجەو كێلی شەهیدانی هەڵەبجەش بەدەستی خۆیان بشكێنن.

4- ئەگەر لە لایەن ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەكانیشەوە هەندێك كاركرابێت بۆ هەڵەبجە، یان وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، یان لە ئاستی كارەساتەكەدا نەبووە، بەشێك لە هەڵەبجەییەكان هەرزوو گەشتنە ئەو بڕوایەی یادكردنەوەی هەڵەبجە جگە لە گەورەكردنی هەندێ كەس و بەرپرس و نانخواردن پێوەی شتێكی ئەوتۆ نابەستێتەوە، هەر بۆیە بەشداریی هیچ جۆرە بۆنەیەكیان نەكردووەو نایكەن.

5- ململانێی حیزبەكانی كوردستان و لەونێوەندەشدا هەلەبجە جارێكی تر بوویەوە قوربانی نێوانیان و لەبری ئەوەی هەڵەبجە وەك سیمبولی نەتەوەیی و هەوێنی پێكەوە ژیان بەكاربهێنن، نەك هەر فەرمۆشیان كرد، بەڵكو چەندین جەولەی شەڕی ناوخۆشیان لەسەر خاكە بریندارەكەی ئەو شارە هەڵگیرساند و تا ئێستاش شوێنەواری شەڕی ناوخۆ و كیمیایی بارانی پێوە دیارە كە یەكەمیان لەسەر دەستی حیزبە كوردییەكان و دوەمیشیان لەسەر دەستی بەعسیەكان بوو.


هۆڵۆكۆست و هەڵەبجە:


هەرچەندە گەورەیی و فرەڕەهەندی كارەساتەكە لەتوانای حیزبە كوردییەكان بەدەر بوو، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین بەو كارەساتەی كە بەسەر جوولەكانی ئەڵمانیادا هات، ئەوا دەگەینە چەند دەرئەنجامێك، لەوانەش:
1-جوولەكە توانی هۆڵۆكۆست بكاتە سومبولی مەزڵومیەتی نەتەوەیی خۆی و سەرنجی هەموو جیهان بۆ خۆی ڕابكێشێت، بەجۆرێك هیچ بەرپرسێك نییە پێ بخاتە سەر خاكی ئیسرائیل و بەنێو مۆنۆمێنتی تایبەت بە هۆڵۆكۆست دا تێپەرنەكات، بەڵام مۆنۆمێنتی هەڵەبجە نەك هەر ئەو ڕۆڵە ناگێڕێت، بەڵكو ناتوانن خزمەتی شایستەی بكەن و لەكاتی بۆنەی هەڵەبجەدا نەبێت بەبیریان نایەتەوە.

2-جوولەكە توانی كارەساتی هۆڵۆكۆست بكاتە هەوێنی پێكەوە كاركردنی جولەكەكانی هەموو جیهان و لە سەر ئەو بنەمایە بونیادی دەوڵەتێكی دامەزراند، بەڵام كورد نەیتوانیوە لانی كەم قەرەبووی كەس و كاری شەهیدان بكاتەوە، نەیتوانیوە شوێنەوارەكانی كیمیایی باران لە دەستكاریی كردن بپارێزێت و بیكاتە مۆزەخانەی نەتەوەیی. گەرچی لە ساڵی 2010 دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەفەرمی كارەساتەكەی بە جینۆ ساید ناساندووە و پێشتریش لە دادگای باڵای تاوانەكانبەشێوەی یاسایی مافی مادی و مەعنەوی ئەو شارە سەلمێنراوە، بەڵام دەسەڵاتی كوردی نەیتوانیوە لە بودجەی ساڵانەی عێراقدا بڕگەیەك جێگە بكاتەوە بۆقەرەبووی كارەساتەكانی كوردستان، ئەوە لە كاتێكدا ساڵانە عێراق قەرزی داگیركردنی كوەیت دەداتەوە. لە لایەكی تریشەوە لە ساڵی 2013 ەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی دەرچووە بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پارێزگایە چالاك بكرێت و لەبەر ڕێكنەكەوتنی حیزبە كوردییەكان ئەنجومەنی پارێزگاكەی چالاك نەكراوەو لەبەر ناكۆكی نێوان حیزبە كوردییەكان عێراقیش وەك پێویست نایەتە پێشەوە.

3-جولەكە توانیویەتی بە ئەرشیفكردنی هۆڵۆكۆست مێژوویەكی گەورە بەرجەستە بكات، تەنانەت رۆژی 11ی ئایاری ساڵی 1960 ئەندامانی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیلی سەركەوتووبوون لەرفاندنی ئەدلۆف ئیخمان كە ئەندازیاری هۆڵۆكۆست و داڕێژەری بیرۆكەكەی بوو لەئەرجەنتین بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا لەئیسرائیل ئامادەبێت پاشان لەسێدارەدانی لەساڵی 1962، بەڵام بە پێچەوانەوە كورد –تاریق رەمەزان- یەكێك لەو فرۆكەوانانە ئازاد دەكات كە بۆمبی كیمیایی بەسەر هەڵەبجە دا كردووە.

4-لە ڕووی ئابوورییەوە هۆڵۆكوست كراوەتە ڕەمزی سەرنج ڕاكێشانی دەوڵەمەندانی جوولەكەو بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پرۆژەی گەورەی جیهانی لە ئیسرائیل، بەڵام نەك هەردەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم نەیانتوانیوە كارێكی لەو شێوەیە بكەن، بەڵكو (جگە لە ژمارەیەكی زۆركەم) دەوڵەمەندەكانی كوردستانیش نەیانتوانیوە پارەكانیان بخەنە خزمەتی سەرخان و ژێرخانی ئابووری ئەو شارەوە، ئەوە لە كاتێكدا دەكرا دەیان پرۆژەی هەمەچەشنەی تێدا بكرێتەوە بەمەرجێك دەسەڵاتدارانی هەرێم كارئاسانییان بۆ بكردایە، نەك كارگە و بنەما ئابورییەكانیشی لە بنەوە هەڵبتەكێنن و پەكیان بخەن.