ڕاپۆرتی جیهانی

07:13 - 13/12/2021

روسیا و ئۆكراینا..جه‌نگ رووده‌دات؟‌

پەیسەر


وڵاتانی جی 7 ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریان داوەتە ڕوسیا لە ئەنجامی قورس و كاریگه‌ر، ئه‌گه‌ر ڤلادیمیر پوتین بریاری هێرش بدات بۆ سەر ئۆکراینا.

لە بەرامبەردا، هەواڵگیریی ئەمەریکا مەزەندەی ئەوە دەکات کە ڕوسیا پلانی هێرشێکی گەورەی بۆ سەر ئۆکراینا داڕشتووه‌، له‌ زووترین کاتی ساڵی داهاتوو کە زیاتر لە 175 هەزار سەرباز به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.

هەرچەندە کرملین ڕەتی دەکاتەوە کە پلانی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت و دەڵێت ڕۆژئاوا ترسی ڕوسیا دایگرتووە، بەڵام رۆژنامه‌ی گاردیان دەڵێت مۆسکۆ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ راگه‌یاندنی جه‌نگ، دوای گەیشتنی چەکی نوێ بۆ سەر سنووری ئۆکراینا، كه‌ چەند هەفتەیەکە سوپای ڕوسیا لەوێ جێگیركراون.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، بارهه‌ڵگری سه‌ربازی "بوک-ئێم 1 " له‌سه‌ر هێڵی ئاسن ده‌ڕوات، کە جۆرێکە لە سیستەمی مووشەکی مەودا مامناوەند ره‌وانه‌ی لای ئه‌و سه‌ربازانه‌ كراوه‌ لە سنوورەکە جێگیر كراون.

موشەکەکان لە ساڵی 2014دا ناوبانگیان پەیدا کرد، پاش ئەوەی موشەکێک لە ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی جوداخوازەكانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا تەقێندرایەوە و فڕۆکەیەکی سەرنشینی مالیزیای خستە خوارەوە و هەر 298 سەرنشینەکەی کوشت.

به‌پێی گاردیان، ئەگەر ڕوسیا بچێتە شەڕ لەگەڵ ئۆکراینا هێشتا دەبێت هێڵەکانی دابینکردنی سوتەمەنی و نەخۆشخانەی مەیدانی بکاتەوە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی وەک بوک بڵاوبکاتەوە بۆ پاراستنی چەک و سەربازەكانی له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌.

هەروەها کاتێک جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پۆتینی هاوتا ڕوسییەکەی لە گفتوگۆدا بوون بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە و هێورکردنەوەی گرژییەکان، ڕوسیا لە ئامادەکاریدا بوو بۆ داگیرکردنی زەوییەکی فراوانی وڵاته‌ دراوسێكه‌ی.

ڕۆژی پێنچشەممە، دەزگای ئاسایشی ڕوسیا ڕایگەیاند کە کەشتییەکی ئۆکراینایی لە دەریای ئەزۆڤ نزیک کریمیا گرتووه‌، بەهۆی پابەندنەبوون بە فەرمانەکان و دوای ڕۆژێکیش ڕووسیا نزیکەی 70٪ ی دەریای ئەزۆڤی داخست.

بەئامادەبونی هەڕەشەی سەربازی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی هەینی لیستێکی لەداواکارییەکانی سەبارەت بەچۆنیەتی کۆتایی هاتنی قەیرانەکە بڵاوکردەوە کەگرنگترینیان بریتییە لە "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری لوتکەی بوخارستی ساڵی 2008 ناتۆ، كه‌ تێیدا بڕیار دراوه‌ ئۆکراینا و جۆرجیا ببنه‌ ئه‌ندامی ناتۆ".

پوتین ماوەی دوو دەیەی ڕابردووی لەشەڕدا بووه‌ بۆ به‌رگرتن به‌ فراوانبوونی رۆڵی ناتۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌هۆی ئه‌گه‌ره‌كانی چوونی ئۆکراینا بۆ ناو هاوپەیمانی سەربازی ناتۆ وایلێکرد نیمچه‌دورگه‌ی كریمیا داگیر بكات، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 14 هه‌زار كه‌س.

مۆسکۆ وه‌رگرتنی وڵاتانی پێشووتری نێو یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ رێكخراوی ناتۆدا وه‌ك کابوسێک دەبینێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ببێته‌ هۆی بڵاوبونەوەی سیسته‌می مووشەکی ناتۆ لەئۆکراینا، ئه‌مه‌ش بۆ ڕوسیا هێڵی سوورەو ڕێگەی پێنادات.

لە کاتێکدا گرژییەکان لەسەر سنووری ئۆکرانی و روسیا زیاتربن، نیگەرانی ئەوروپیەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر دەبێت. واشنتن پۆست دوێنێ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هەندێک لەو هۆکارانەی خستەڕوو کە تێڕوانینی ڕووسەکان بۆ ئۆکراینا نیشان دەدات کە دەڵێت وەک بەربەستێک وان بۆ هەر چارەسەرێکی قه‌یرانه‌كه‌.

ڕۆژنامەکە نیگەرانی ڕوسیای سەبارەت بە چوونی ئۆکراینا بۆ ناتۆ باسكردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌ی چوونی ئۆكراینا بۆ ناو ناتۆ به‌ ته‌واوه‌تی نه‌هێڵدرێت ئه‌وا روسیا ئاماده‌یه‌ هێزه‌كانی له‌سه‌ر سنوور بكشێنێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ دەڵێت ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت شکۆی ڕابردووی روسیا زیندووبکاتەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر "بنیاتنانەوەی ڕوسیا وەک دەوڵەتێکی دەسەڵاتداری بەهێز، كه‌ خاوه‌ن پێگه‌ بێت له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و وڵاتانی پیشووی یەکێتی سۆڤیەت".