04:48 - 04/11/2021
كۆمارییەكان لە دیموكراتەكانیان بردەوە
هەڵبژاردنی ویلایەتی ڤێرجینیا، ئەنجامێكی برینداركەرە و شۆكئامێزە بۆ جۆو بایدن و دیموكراتەكان، ئەوەش دوای ئەوەی گلین یۆنگین کاندیدی کۆمارییەکان ڕۆژی چوارشەممە هەڵبژاردنی ویلایەتەكەی بردەوە، ئەنجامەكە وەک تاقیکردنەوەیەک وایە بۆ دیموکراتەکان و سەرۆک بایدن، كە ڤێرجینیا هەمیشە بە ویلایەتی شین ناسراوە.
لە هەڵبژاردنی پاری سەرۆکایەتیدا، ڤێرجینیا ویلایەتێکی شین و بایدن بە ۱٠ خاڵ لە پێش تڕەمپەوە بوو، بەڵام پاش تەنها ۸ مانگ لە سەرۆکایەتی جۆو خراپوونی بارودۆخی ئابوری ئەمەریکا هەر لە هەڵئاوسانەوە تاوەکو بەرز بوونەوەی نرخی سوتەمەنی و خۆراک و کێشەی سەر سنورەکان، وا ووردە ووردە توڕەیی و ناڕەزایی هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ئەمەریکا بەرامبەر بە بایدن و دیموکرات و بەرنامەکانیان دەبینرێت.
زیاتر لە 95٪ ی دەنگەکان هەژمار کراون، یۆنگین بە 2.7 خاڵ لە پێشەوەی تێری ماکولیفی دیموکراتەوەیە. دوای ئەنجامەکان، ئێن بی سی و ئەی بی سی، سەرکەوتنی پاڵێوراوی کۆمارییان ڕاگەیاند. ئەم ئەنجامە وەك تاقیكردنەوەیەكی سەرەتای وایە بۆ هەڵبژاردنەكانی نیوە لە ویلایەتەكەدا بۆ حزبی دیموكراتەكان.
پێش داخستنی سندوقەكانی دەنگدان، بایدن لە گلاسگۆوە لە میانەی بەشداریكردن لە لوتكەی کەشوهەوا، وتبووی "ئەم هەڵبژاردنە ئێمە دەیبەینەوە تەنانەت ئەگەر ئەنجامەکانیش نزیکبن لە یەكەوە".
پێشتریش لەگەڵ جەماوەری شاری ئارلینگتۆن لە دەوروبەری شاری واشنتن دی قسەی کرد و وتی:"ئێوە بوێری و ژیریتان هەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو توندڕەوییەی کە ئێستا بەسەر پارتی کۆماریدا زاڵە بەسەر هەموو ئەمریکادا".
وتیشی:"ئەمڕۆ پارتی کۆماری بەرگری لە هیچ شتێک ناکات جگە لە بەردەوامبوون لە بڕینی باج بۆ کۆمپانیا دەوڵەمەند و بەهێزەکان".
بەر لە بایدن، باراک ئۆباما، خانمی یەکەم جیل بایدن و جێگری سەرۆک کەمالە هاریس هەڵمەتێکیان بۆ مەکئەلیف ئەنجامدا، لەو كاتەدا ڕاپرسییەکان لەگەڵ یۆنگین نزیکبوون، بەڵام كاندیدی كۆمارییەكان بەتەنیا بانگەشەی كرد.
هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە کە متمانە بە سەرۆک کۆمار بەهۆی پاشەکشەی پڕ لە فەوزا لە ئەفغانستان لە هاوینی ئەمساڵدا و بە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی بۆ نەهێشتنی خێرای پەتای کۆڤید-19 دابەزیوە.
به بردنهوهی ویلایەتی ڤێرجینا لهلایهن كۆمارییهكانهوه، پێگهی دیموكراتهكان له ههڵبژاردنی ئایندهی ئهنجومهنی نوێنهران 2022 دهكهوێته مهترسییهوه.
یۆنگین بەڵێنی نههێشتنی باجی لهسهر سهوزه و میوه و ههڵپهساردنی باج لهسهر بهنزین و گاز و گهشهپێدانی ئابووری ویلایهتهكه داوە، وێرای ئهوهی پهروهرده خاڵێكی بههێزه لای یۆنگین، بۆیه پسپۆرێكی پلانی ستراتیژی پێیوایه پهروهرده و فێركردن مهسهلهیهكی گهشهسهندووه بهشێوهیهكی تایبهت له ویلایهتی ڤێرجینیا بۆ یۆنگین، كە هەموو توانای خۆی خستە سەر مەسەلەی پەروەردە و قوتابخانەکان و پاراستنی منداڵان لە هەموو توندوتیژییەک و دەستدرێژییەک.
لەبەرامبەردا كاندیدی دیموكراتەكان، بانگەشەی ئەوەی دەكرد، دایک و باوک نابێ و مافی ئەوەیان نییە دەستوەربدەنە کاروباری قوتابخانە و پرۆگرامی خوێندن.
ئەم سەرکەوتنە لە ڤێرجینیا ئاماژەیەکی ڕوون و دیارە کە هاوڵاتیانی ئەمەریکا نا ئومێد و نا ڕازین لە بارودۆخی نا لەباری وڵاتەکەیان. هەروەها کاریگەری سەرەکی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی (میت تێرم) هەڵبژاردنی ناوەند یان نیوە (دوو ساڵ لە سەرۆکایەتی) کە مانگی ۱۱ی ساڵی داهاتوو ئەنجام ئەدرێت و زۆرینەی کورسیەکانی کۆنگرێس (کە هەموو دوو ساڵێک ئەنجام ئەدرێن) هەڵدەبژێردرێنەوە.
بەمەش چانس و دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم کۆماریەکاندا دەبێت کە بتوانن زۆرینەی کورسیەکانی کۆنگرێس بەدەست بهێنن و ببنەوە زۆرینە.