ڕاپۆرتی جیهانی

05:53 - 23/10/2021

خاڵێكی ناكۆكی نێوان ئەمریكا و توركیایە‌

پەیسەر


پێدەچێت هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا لە بەرزترین ئاستدا، بۆ ڕاگرتنی دادگاییکردنی هاڵك بانك لەلایەن دادگاکانی ئەمریکاوە گەیشتبێتە بنبەست، شکستێکی زۆر ناخۆش بێت بۆ توركیا و بەتایبەتیش هەواڵێكی ناخۆشە  بۆ ئەردۆغان، ئەمە ئەو بانكەیە كە ماوەیەك پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا هەڵدەگیرا.

ڕۆژی هەینی دادگا ئەمریکا داواکارییەکەی هاڵك بانكی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ڕەتکردەوە و ڕێگەی دا کە دۆسیەکە دژی ئەو بەردەوام بێت بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئێران بۆ دوورخستنەوەو دەربازبوونی لە سزاکانی ئەمریکا.

بانکەکە داوای لە دادگا کرد کە کەیسەکەی رابگیرێت، بەو پێیەی کە لە یاسای ئەمریکادا پارێزبەندی سیادی وەرگرتوە، بەڵام دادوەران پێیانوایە تۆمەتەکان "دەکەونە ژێر جیاكاری چالاکی بازرگانی" لە یاسای پارێزبەندی سیادی بیانی.

ئەو بانکە تۆمەتبارکراوە بەوەی کە " ساڵانێکە بەشداری دەکات لە پلانێکدا بۆ سپیكردنەوەی ملیارەها دۆلار لە داهاتی نەوت و گازی سروشتی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا".

ئەو پارەیە بۆ کڕینی ئاڵتون و بەشێكی شاردراوەتەوە لە رێی كڕینی خۆراک و دەرمان كە لە سزا بەخشراون بەهۆی لایەنی مرۆییەوە، بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا.

بەپێی ئەو داوایەی هاڵك بانك، هەندێك کۆمپانیای بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی 20 ملیار دۆلار بۆ ئێران، لەوانە یەک ملیار دۆلار لەڕێگەی سیستمی دارایی ئەمریکاوە.

دۆسیەی بانکەکە یەکێکە لەخاڵە میحوەرییەكان لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا، کە پەیوەندی بە ڕەزا زەربی سپیكەرەوەی پارەوە هەیە.

هاڵك بانك له‌ (2011)ه‌وه‌ تاوه‌كو (2015) و له‌گه‌ڵ‌ بازرگانێكی‌ ئێرانی‌ به‌ ناوی‌ ره‌زا زه‌راب ده‌ستیكرد به‌ سپیكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ بۆ ئێران و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ پێشێلكرد.

زەرب لە گەواهیدانەکەیدا لە دادگادا بە ئاشکرا رەجەبی تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری توركیای تۆمەتبار کرد بە هاوبەشی كردن لە كارەكەیدا، هەروەها وتیشی، کە بەرتیلی داوە بە چەند بەرپرسێکی باڵای تورکیا، لەوانە زافر ججلیان وەزیری پێشووی ئابووری، بۆ پشتگوێخستنی چالاکیەکانی.

چالاکیە گوماناویەکان و پەیوەندیە بەرزەکانی رەزا رەراب چەندین ساڵە سەری هەڵداوە، لە ساڵی 2013 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەرتیلدا دەستگیرکرا، بەڵام ئەردۆغان لێکۆڵینەوەکەی بە "کودەتای دادوەری" وەسف کرد و دوو مانگ دواتر رەزا ئازاد کرا.

لە میدیاکاندا راپۆرت هەبوون کە ئەردۆغان چەندینجار داوای لە سەرۆکەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ کردووە کە کەیسی رەزا زەراب دابخەن، لە کۆتاییدا ترامپ داواکارییەکەی ئەردۆغانی بە جدی وەرگرت.


لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ترامپ لە مانگی نیسانی 2019دا لە کۆشکی سپی لەگەڵ پیرات ئەلبەیراک، وەزیری خەزێنەی ئەو کاتە کۆبووەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کۆبوونەوەکەوە دزەی کردووە، ترامپ وتی کە ئەو بیر لەوە دەکاتەوە کە چی بکات بۆ ئەوەی ئەو پرسە بەرەو پێشەوە نەبرێت.


بە وتەی داواکاری گشتی ئەمریکا، ئەلبەیراک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو ئابڕووچوونەوە هەبووە. داواکارە گشتیەکانی ئەمریکا مەزەندەیان کرد کە تەنها لە نێوان ساڵانی 2010 و 2015دا بە لایەنی کەم 20 ملیار دۆلار بۆ ئێران سپی كراوەتەوە.


هاڵك بانكی توركیا، كه‌ له‌ ساڵی (1933) له‌لایه‌ن مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركه‌وه‌ دامه‌زرێنراوه‌ و ماوه‌ی‌ (92) ساڵه‌ كار بۆ سه‌رمایه‌ی‌ حكومه‌ت و كۆمپانیا و بازرگانه‌كان و ئامانجه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات.

كاتێك به‌رپرسانی‌ هه‌رێم به‌ ناوی‌ ئابوریی‌ سه‌ربه‌خۆوه‌ ده‌ستیانكرد به‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ كوردستان، لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا هەڵدەگیرا.


له‌دوای‌ هاتنه‌ سه‌ر حكومی‌ ئه‌كه‌په‌ش، له‌گه‌ڵ پلانی‌ باشتكردنی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ توركیا هاڵك بانكیش پلانی‌ بۆ دانراو ده‌ستیكرد به‌ راكێشان و ئاڵوگۆڕی‌ سه‌رمایه‌ له‌ نێوان توركیا و وڵاتانی‌ تردا، به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌و په‌لهاوێشتنه‌ ناسروشتییه‌ی هاڵك بانك بۆ ئامانجی‌ سیاسی و سپیكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ی به‌رپرسانی‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌.

 
له‌ ساڵی (2013)دا هاڵك بانك تۆمه‌تبار كرا به‌گه‌نده‌ڵیی و سپیكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌، كه‌ قه‌باره‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ (100) ملیار دۆلار بو. له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ش ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و كات ناچار بو (8) وه‌زیرو به‌رپرسی‌ باڵای‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌، كه‌ یه‌كێكیان سوله‌یمان ئاسلانی‌ سه‌رۆكی‌ هاڵك بانك بو له‌سه‌ر كار لابدات و سه‌رله‌نوێ كابینه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ دروست بكاته‌وه‌. له‌و گه‌نده‌ڵیه‌شدا كوڕانی‌ ئه‌ردۆغان و وه‌زیرانی‌ دارایی‌ و ناوخۆی‌ توركیا تێوه‌گلابون، به‌ڵام دواتر دۆسیه‌كه‌ داخرا.