ڕاپۆرتی جیهانی

04:57 - 14/01/2019

تره‌مپ و كورد بوونه‌ هۆی دابه‌زینی به‌های لیره‌‌

پەیسەر

رۆژی دووشەممە بەهای لیرەی توركی بەخێرای بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری دایە توركیا لەتێكشكانی ئابوریەكەی ئەگەر هێرش بكاتە سەر شەرڤانانی كورد لەسوریا، لیرەی توركی كە ساڵی رابردوو 30%ی بەهاكەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لەدەستدا، ئەمرۆش بەهاكەی بەرێژەی 1% و پۆینت شەش دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ترس لەشەقامی توركی دەستی پێكرد لەوەی بەهای دراوەكەیان بەشێوەیەكی خێرا دابەزێت، هاوشێوەی ئەوكاتەی ئەنكەرە قەشەئەمریكیەكەی دەستگیركرد.

ترەمپ هەرەشەی ئەوەی كرد كە ئابوری توركیا تێكدەشكێت ئەگەر هێرش بكاتە سەر شەرڤانانی كوردی هاوپەیمانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەبەرامبەردا ئەنكەرە كە بەهۆی هۆشداریەكانی سەرۆكی ئەمریكا دووچاری شۆك بوو دانی بەخۆیداگرت لەترسی وڵامدانەوەیەكی هەڵە، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی خێرای بەهای دراوی توركیا.
پەیوەندی ئەو دوو وڵاتەی ئەندامی هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ) بەهۆی پشتیوانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل( یه‌په‌گه‌) ئالۆزی تێكه‌وته‌وه‌.

كێشەی دیبلۆماسی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ساڵی رابردوو دروست بوو كاتێك ترەمپ سزای بەسەر دوو وەزیری توركیادا سەپاند و نرخی گومرگی لەسەر كانزا و هەناردەی توركیا بەرزكردەوە، ئەوەش بووە یەكێك لەهۆكارەكانی دابەزینی بەهای لیرە لەمانگی ئابدا بۆ ئاستێك كە لەرابردوودا وێـنەی نەبوو، نزیكەی 40%ی بەهاكەی لەدەستدا.
دۆناڵد ترەمیپ دوێنێ یەكشەممە رایگەیاند كە دەستكراوە بەكشانەوەی سوپای ئەمریكا لەسوریا، كە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیەندرا، ئاماژەی بەوەشكردووە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە بەئامانج گرتنی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لەسوریا.
ترەمپ لە تویتەكەیدا نوسیویشیەتی، لە بنكەسەربازیەكانی دراوسێی سوریاوە هێرش دەكەنە سەر داعش ئەگەر گەڕایەوە، هەروەها راشیگەیاندووە كە ئابوری توركیا تێكدەشكێنن ئەگەر هێرش بكاتە سەر كورد، و ناوچەیەكی ئارامیش بەپانی 20 میل دروست دەكەن، ترەمپ هیچ زانیاریەكی تری دەربارەی ئەو ناوچە ئارامە ئاشكرانەكردووە كە لەتویتەكەیدا ئاماژەی پێكردووە.
ئیبراهیم كاڵن وتەبێژ بەناوی سەرۆكی توركیاوە گوتی، پێویستە لەسەر ترەمپ رێزی هاوبەشی واشنتۆن و ئەنكەرە بگرێت.
كاڵن لە تویتێكدا نوسیویشیەتی" بەرێز ترەمپ هەڵەیەكی گەورەیە كوردانی سوریا یەكسان بكرێن بە پارتی كرێكارانی كوردستان كە لەلیستی تیرۆری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەیەو باڵی سوریایان ناوی پارتی یەكێتی دیموكرات و / یەكینەكانی پاراستنی گەلە".
توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەركرد، هەروەها لەناوچەكانی تری رۆژئاوای ڕووباری فوراتیش لەدووساڵی رابردوودا پرۆسەی سەربازی ئەنجامداوە، لەئێستاشدا هەرەشەی چوونەناوەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات دەكات، به‌ڵام ئێستا خۆی لە هێرش بۆسەر ئەو ناوچەیە بەدوورگرتووە ئەوەش بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار، لەوانەش خۆبەدوورگرتن لەڕووبەڕووبونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا.

خراپتربوونی دۆخی پیشەسازی
بەشێوەیەكی سەربەخۆ ئامارەكان دەریدەخەن كە بەرهەمی پیشەسازی توركیا لەماوەی سێ مانگی رابردوودا بەبەردەوامی ڕووی لەدابەزین كردووە، لەسەربنەمای ساڵانە دەگاتە 6.5% هەروەها بەپێی ئاماژەیەكی تر ئابوری ئەو وڵاتە ڕوو لەسست بوونە.
پەیمانگای ئاماری توركیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەرهەمی پیشەسازی وڵات بەرێژەی  6.5% لەسەر بنەمای ساڵانە لەمانگی تشرینی دووەمەوە دابەزیوە بەوەش بۆ سێیەم مانگ لەسەریەك لەدابەزین بەردەوامە لەگەڵ سست بوونی بەهێزی ئابوری.
دەشڵێت، بە بەراورد بە مانگی پێشوو بەرهەمی پیشەسازی بەرەچاوكردنی وەرزەكەی لەمانگی تشرینی دووەمدا بەرێژەی 0.3% پاشەكشەی كردووە.