10:21 - 12/05/2021
سیناتۆرێكی ئەمریكی داوا لە بایدن دەكات فشار بخاتە سەر توركیا بۆ رارتنی هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوا
تامی دوكوارس كە جەنگاوەرێكی دێرینی سەردەمی شەڕێ عێراقە و لەئێستادا لەسەر لیستی دیموكراتەكان، نوێنەری ویلایەتی (ئیلینۆیس)ە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، داوای لە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا كردوە كە فشارەكانی بۆ سەر توركیا زیاد بكات لەپێناو راگرتنی چالاكییە دوژمنكارییەكانی دژبە كورد لە رۆژئاوا.
ئەو نامەیەی تامی دوكوارس حەماسەتی بایدن گەرموگوڕتر دەكات بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێكی توند دژبە ئەنقەرە، هەرچەندە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا زیاتر ئاڵۆز بوە بەتایبەت لەپاش بڕیارەكەی بایدن بۆ ناساندنی قەتڵوعامی ئەرمەنەكان لە ساڵی 1915 لەلایەن توركیا وەك جینۆساید. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا پەرەپێدا، بەلام ئیدارەی بایدن فشارەكانی بۆ سەر ئەنقەرە زیاتر كرد دژبە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ و كڕینی چەكی روسی.
لەو نامەیەدا كە لە 5ی ئەم مانگە ئاراستە كراوە، دوكوارس داوای لە بایدن كردوە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پشتیوانی لە كوردی رۆژئاوا كە بەوتەی ئەو "ئەو كوردانە شانبەشانی سوپای ئەمەریكا بەرگرییان كرد لە شەڕی دژبە داعش."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا ئیدانەی ترەمپ دەكات بە هاندان و فوتێكردنی توركیا بۆ داگیركردنی ناوچە كوردییەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە ئۆكتۆبەری 2019، كە ئەوەش هەنگاوێك بو بەوتەی ئەو بوە هۆی هێنانەكایەی قەیرانی مرۆیی كە ژیانی دەیان هەزار هاوڵاتیی مەدەنی تێكدا و بوە هۆی مەترسیی هەڵاتنی دەستگیركراوانی داعش و دەشڵێت ئەو هەنگاوە "زۆر بە توندی متمانەی نێودەوڵەتیی ئێمەی لەدەستدا."
"ئێستا ئەمەریكا گەڕاوەتەوەو جارێكی دیكە دیپلۆماسی هاتوەتەوە نێوەندی سیاسیەتی دەرەكیمان،" ئەمە دەقی وتەی دوكوارسە لە نامەكەیدا كە بۆ بایدنی ناردوە و بەتایبەت دەست سایتی (پۆلەتیكۆ) كەوتوە. دەشڵێت: "پێویستە متمانەی هاوپەیمان و شەریكەكانمان بەدەستبێنینەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەكانمان."
بەشێوەیەكی رونتر، دوكوارس داوای لە بایدن كردوە كە فشار بخاتە سەر ئەنقەرە بۆ راگرتنی چالاكییە بەردەوامە دوژمنكارییەكانی دژی كورد لە رۆژئاوا و وەك ئەندامێكی ناتۆ پابەندبونەكانی خۆی جێبەجێ بكات لەپێناو چارەسەری ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە.
لە ئۆپەراسیۆنی ئۆكتۆبەری 2019وە توركیا و چەكدارە بەكرێگیراوەكانی چەند ناوچەیەكیان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا داگیر كردوە كە سەردەمانێك لەژێر كۆنترۆڵی كورددا بون، هەر لەو كاتەدا توركیا و بەكرێگیراوەكانی كاری تیرۆریستییان دژبە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ئەنجامدا. لە رێككەوتنێكدا كە مانگێك دواتر هاتە كایەوە، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا رازی بون بەوەی كە دەوریە و كاروانی سەربازیی هاوبەشیان لە ناوچەكە هەبێت.
توركیا بەردەوام لە هێرشدایە بۆ سەر ئەنجامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە ئەنقەرە پێی وایە ئەو گروپە تیرۆریستە تەنانەت لە عێراقیش. كوردی رۆژئاوا بەشێوەیەكی فەرمی دەڵێن ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە پەكەكەوە نیە كە بەهەمان شێوە ئەو گروپە لەلایەن ئەمەریكاشەوە وەك تیرۆریست دەستنیشانكراون، بەڵام زۆرێك لە بەرپرسە باڵاكانی كورد لە رۆژئاوا بە فیعلی پەیوەندییان بە پەكەكەوە هەیە.
هەر لە نامەكەدا، دوكوارس بەهەمان شێوە داوای لە بایدن كردوە كە هاوكاری مرۆیی و یارمەتییو پاڵپشتی دەرەكی جێبەجێ بكات لەپێناو یارمەتیدانی كوردژی رۆژئاوا لە پڕۆسەی دوبارە بنیاتنانەی ئەو ژێرخانە داڕماوە كە بەهۆی شەڕی داعش و هەروەها روبەڕوبونەوەی كۆرۆناوە وێران بوە.
دوكوارس كە بەهۆی كەوتنەخوارەوەی لە فڕۆكەیەكی هێلیكۆپتەری جۆری بلاك هاوك لەلایەن چەكدارە عێراقییەكانەوە لە 2004 هەردو قاچی لەدەستداوە، بەهەمان شێوە داوای لە سەرۆكی ئەمەریكا كردوە كە بە ئاشكرا دان بنێت بە قوربانیدانی هێزە كوردییەكان لە شەڕی دژبە رێكخراوە تیرۆریستییەكان و هەروەها داواشی كردوە ڤیزای تایبەتی نیشتەجێوبن بۆ كورد دابین بكرێت كە لەشەڕی دژبە داعشدا یارمەتیدەر بون و هەروەها بەشێوەیەكی بەپەلە پێداچونەوە بكرێت بە پرۆگرامی پێدانی رەگەزنامە بەو كوردانەی هەڵگری كارتی سەوزن (گرین كارت) و لەكاتی شەڕی كەنداوەوە پشتیوانی سوپای ئەمەریكا بون و لەماوەی ئیدارەی ترەمپدا ئەو مافەیان راگیرا.
ئەو سیناتۆرە كە لەماوەی كەمپەینی هەڵبژاردنی 2020ی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا یەكێك بو لە كەسە نزیكەكانی كەمپەینی بایدن، باسی لەوە كردوە كە ئەو پێشتر زۆر دڵخۆش بوە بە گفتوگۆی پێشتری سەرۆك بایدن لەگەڵ نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكان كە تیایدا ئەو نوێنەرە باسی لە گرتنەبەری پێویست و بەپەلەی هەنگاوی كردەیی كرد لە رۆژئاوا.
"فرەستێك لە ئارادایە بۆ باشبونەوەی پەیوەندییەكان، كۆكردنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گێڕانەوەی متمانەی سیاسەتی دەرەكیمان،" ئەمە وتەی دوكوارسە.
نوسینی: لارا سێلیگمان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: پۆلەتیكۆ