11:19 - 02/05/2021
رێگا ئاوریشمییەکانی چین دڵی ئەمریکا دەبڕن؛ ئەمریکا چی دەکات؟
کەم نین ئەو بۆچوونانەی کە باس لەوە دەکەن، کە ستراتیژییەتی دوورمەودای "پشتێن و رێگا"ی شی جین بینگی سەرۆکی چین لەبەردەم پەتای کۆرۆنادا لە کێشەدایە، بەڵام بۆچوونێکی دیکە هەیە و پێی وایە ستراتیژیەتەکە لە کێشەدا نییە، بەڵکو شێواز و ناوەڕۆکەکەی گۆڕاوە.
هەلی گۆڕانکاری
گراسیا واتسۆن توێژەر لە ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن وتارێکی لە گۆڤاری (National Interest)ی ئەمریکی بڵاوکردووەتەوە و باس ستراتیژیەتی "پشتێن و رێگا"ی سەرۆکی چین دەکات.
گراسیا پێی وایە ستراتیژیەتەکەی جین بینگ لە ستراتیژییەتێکی کلاسیکییەوە کە گرنگی بە ژێرخان دەدا، گۆڕاوە و زیاتر کراوە و فراوان بووە، بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە بووە. راستیشە پەتای کۆرۆنا کاریگەری لەسەر فراوانخوازییەکانی چین و ناوبانگەکەی هەبووە، بەڵام هەلێکی باشیش بووە بۆ چین تاکو گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی "پشتێن و رێگا"دا بکات و بەجۆرێک دایبڕێژێتەوە کە سودی زیاتری هەبێت.
قۆستنەوەی کۆرۆنا
لە دوای سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٠ بەشێک لە پڕۆژەکانی ستراتیژیەتی "پشتین و رێگا" یان وەستێنران یان بە تەواوی هەڵوەشیندرانەوە، بەشێک لە وڵاتانیش پێدانەوەی قەرزەکانی سەریان بە پەکین دواخست.
لەگەڵ هەموو ئەم کێشانەدا کە رووبەڕووی بوونەوە، بەڵام چین ئەم پەتایەی وەک هەلێک قۆستەوە و گرنگی بە تەندروستی گشتیی، خزمەتگوزاری ژمارەیی و چەند بوارێکی دیکەی ستراتیژەکەی دا.
رێگای ئاوریشمی تەندروستی
چین ئێستا خاوەنی رێگای ئاوریشی تەندروستیییە، رێگایەک کە رەنگە بە سەرکوتوو و باش نەزانرێت، ئەو رێگایەی کە بۆ یەکەم جار ساڵی ٢٠١٧ خرایە روو، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی چین واژۆی لەسەر رێککەوتنامەیەک کرد لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بەپێی رێککەوتننامەکە چین پابەند دەبێت بەوەی پێویستە بابەتی تەندروستی میحوەری سەرەکی ستراتیژیەتی "پشتێن و رێگا" بێت.
بیرۆکەی رێگای ئاوریشمی تەندروستی لە ساڵی ٢٠٢٠ و دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیاتر پەرەی سەند، ئەوەش دوای ئەوەی چین بڕێکی زۆری کەلوپەلی تەندروستی و پزیشکی و تەنانەت ڤاکسینی بە وڵاتانی جیهان بەخشی، هەموو ئەمەشی لە چوارچێوەی "پشتێن و رێگا"دا کردووە.
یەکێک لەو پاڵنەرانەی وای لە پەکین کرد بڕێکی زۆر خزمەتگوزاری هەناردەی جیهان بکات ئەوەیە دەیەوێت ئەو ناوبانگی خۆی چاک بکاتەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی پێگەیشتبوو، چونکە بەشێک لە وڵاتان و بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێی وابوو ڤایرۆسەکە دەستی چینی تێدایە.
رێگای ئاوریشمی ژمارەیی
یەکێکی دیکە لە رێگاکانی چین رێگای ئاوریشمی ژمارەییە. پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی کردە سەر ئەم رێگایە و بەشێک لە هەڵەکانی چینی بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری (5G) پەکسخت، بەڵام چین دەستەوەستان نەبوو، ئەم پەتایەشی کردە هەلێک بۆ پەرەدان بە رێگا ژمارەییەکەی.
بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٠، کۆمپانیا تەکەنۆلۆژییە چینییەکان خزمەتگوزاری زۆری پزیشکیان خستە ناو چوارچێوەی نەوەی پێنجەمەوە، تاکو بتوانن هاوکار بن لە بونیادنانی تۆڕەکانی ئەم نەوەیەی پێنجەمە لە ناوەوە و دەرەوەی چین.
ئەمریکا دەستەوەستان نییە
گراسیا لە شیکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات، ئەمریکا دەستەوستان ناوەستێت، بەڵکو پێویستە ئیدارەئی بایدن ئامادە بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێوازە گۆڕاوەکەی ستارتیژیەتی "پشتێن و رێگای"ی چین، ئەمەش بێگومان ئەمریکا بەرەو ململانێی سەخت لەگەڵ چین دەبات.
ئەمریکا دەزانێت، ستراتییەتەکەی چین بەشێکی گەورەی جیهان دەخاتە ناو تۆڕەکەی پەکینەوە، بۆیە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەکات، چونکە ئەمە بەشێکە لە شەڕی هەژموونی ئەم دوو هێزە گەورەی جیهان و کەسیان ئامادە نین گۆڕەپانەکە بۆ ئەوەی دیکەیان چۆڵ بکەن.
راپۆرتی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا کە لە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات ئەمریکا کەمتەرخەمی لە رووبەڕووبوونەوەی هەژموونە جیۆسیاسییەکەی چین کردووە کە بەردەوام لە زیادبووندایە.
چین لە هەموو شوێنێکە، ئەی ئەمریکا؟
لە راپۆرتەکەدا بەم جۆرە باس لە کەمتەرخەمی ئەمریکا و باجەکەی دەکات، "بێدەنگی و وەستانی ئەمریکا لەبەردەم سوربوونی چین وای کردووە ئەمریکا بکەوێتە ناو قەیرانی ئابووری و ستراتیژییەوە، ئەمەش هەلێک بووە بۆ چین تاکو ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە کە ئەمریکا لە جیهاندا و بەهۆی کشانەوەیەوە دروستی کردووە."
ئەمریکا نەیتوانیوە ئەوە بکات کە چین کردوویەتی و تێیدا بەردەوامە، ئەمریکا کەمترین وەبەرهێنانی لەو ناوچانەدا کردووە کە چین پارەیەکی زۆر گەورەی تێدا خەرخ کردووە.
دەیڤد ساکس کە یەکێکە لە توێژەرەکانی ئەنجومەنەکە و بەشدار بووە لە ئامادەکردنی راپۆرتەکەدا دەڵێت، ستراتیژیەتەکەی چین کە ملیاران دۆلاری تێدا خەرج دەکرێت، پابەندی سنورێکی جوگرافی دیاریکراو نییە و گەیشتووە بە هەموو شوێنێک.