ڕاپۆرتی جیهانی

10:18 - 26/04/2021

هێزی ئاسمانی عێراق و ئەفغانستان؛ خەرجکردنی سەدان ملیار دۆلار و ئەنجامێکی خراپ‌

پەیسەر

تۆبیاس سویتزەر راوێژکاری فڕۆکەوانیی سەربازیی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەڵێت، دوای ١٥ ساڵ لە جەنگ و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، سوپای ئەمریکا نەیتوانیوە هێزێکی ئاسمانیی کاریگەر و بەردەوام لە عێراق و ئەفغانستان دروستبکات.

دوو هۆکاری سەرەکی
لە وتارێکدا کە بۆ پێگەی (warontherocks)ی نووسیوە، سویتزەر شیکردنەوە بۆ ئەو هۆکارانە دەکات کە وایان کردووە سوپای ئەمریکا نەتوانێت هێزێکی ئاسمانی بەهێز بۆ عێراق و ئەفغانستان دروستبکات، لە کاتێکدا رێگری دەرەکی بۆ ئەم کارە نەبووە.

راوێژکارەکە باس لە دوو هۆکاری سەرەکی دەکات و دەڵێت، پێدانی فڕۆکە و توانای سەربازی نەگونجاو بە ئەم دوو وڵاتە و ناردنی کەسانی نائامادە و شیاو بۆ دروستکردنی پەیوەندی رۆشنبیری لەنێوان ئەمریکا و ئەم دوو وڵاتەدا، هۆکاری سەرەکی دروستنەکردنی هێزی ئاسمانین و رێگرن لە بەردەم ئەم هەوڵانەدا.

دەستکراوەتر دەبن
تۆبیاس سویتزەر کە لە هەمان کاتدا ئەندامی پەیمانگای لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکانە ئاماژە بەوە دەکات، بە بەکارهێنانی هێزە ئاسمانییەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستکراوەتر دەبن تاکو خێراتر وەڵامی هێرشی گروپە چەکدارەکان بدەنەوە، هێزە ئاسمانییەکان زووتر فریای هێزە وشکانییەکان بکەون و بریندارەکانیش بگوازنەوە.

دەشڵێت، توانای چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاریی هێزە ئاسمانییەکان ئاستی زانیاری هەواڵگریی عێراقی و ئەفغانییەکان زیاتر دەکەن و هۆشیاری تەکتیکییان لە کاتی ئەرکەکەنیاندا بەرز دەکاتەوە.

شیکەرەوە سەربازییەکە باس لەوەش دەکات، بەهێزبوونی هێزە ئاسمانییەکانی ئەم دوو وڵاتە، وا دەکات رەوایەتی حکومەت لەبەرچاوی دانیشتوانی بەهێزتر بێت.

پێشتر هەریەک لە (George W. Cully) و (Forrest L. Marion) لە دوو لێکۆڵینەوەی جیاوازدا باسیان لە شکستی سوپای ئەمریکا کردبوو لە پێکهێنانی هێزی ئاسمانی کاریگەری بۆ عێراق و ئەفغانستان.

راوێژکاری راهێندراویان نییە
کولی لە کتێبەکەیدا باس لە نەگونجاوی و نەشیاوی ئەو فڕۆکە و کەلوپەلە سەربازییانە دەکات کە بە هێزە عیراقییەکان دراون، ئەمەش هۆکاری شکستی سوپای ئەمریکا بوون لە بونیادنانی هێزێکی ئاسمانی بەهێز و کاریگەر.

نووسەر بە وردی باسی لە ئەرکی چوار ساڵی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کردووە (٢٠٠٤ تاکو ٢٠٠٧)کە چۆن هاوکاریی هێزە ئاسمانییەکانی عێراقیان کردووە و دەڵێت، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق راوێژکاری راهێندراو و ئامادەکراویان نییە.

کولی رەخنە لە شێوازی هاوکاری ئەمریکا و وردەکارییەکان دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، کڕینی فڕۆکە ئەمریکییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بە هەڕەمەکیی کراوە، لە کاتێکدا جۆر و ژمارەی ئەو فڕۆکانەی دەکڕدرێن و گرێبەستەکان، رۆڵی گەورە لە سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا دەبینن کە بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانە.

نەبوونی فڕۆکە
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، راویژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥ گەڕانەوە تاکو لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن.

عێراقییەکان بەدەست نەبوونی فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەووتەوەوە دەناڵێننکە بەرگەی کەش  و هەوای عێراق بگرێت و بە وردی ئامانجەکانی بپێکێت، ئەمە هێندەی دیکە توانای هێزە ئاسمانییەکانی عیراقی لاواز کردووە.

ئەم لاوازییەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق دوای ١٥ ساڵ لە بوونی ئەمریکییەکان و خەرجکردنی سەدان ملیار دۆلار، شکستێکی سیاسیی، دارایی، سەربازیی و دیپلۆماسی گەورەیە.

عێراق و ئەفغانستان سەدان ملیار دۆلاریان بۆ بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکان خەرج کردووە، بەشی زۆری ئەم پارەیەش بۆ ئەمریکا رۆیشتووە کە بەرپرس بووە لە بەهێزکردنی هێزەکانی ئەم دوو وڵاتە، بەڵام ئەنجامەکەی کارەساتبار بووە، چونکە ئاسمانی ئەم دوو وڵاتە کە ئەو پارە زۆرەی تێدا خەرج کراوە، ئەو هێزەی تێدا نییە خەڵکی ئەم وڵاتە لە هێرشەکان بپارێزێت.