11:12 - 16/04/2021
درۆنەکان؛ یەکلاکەرەوەی جەنگ و چەپۆکی سوپاکان
مێژووی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نوێیە، بەڵام هێندە بەهێزن هەموان لێی تۆقیون. فرانسیس فوکویوما فەیلەسوف و توێژەری ناوداری ئەمریکی لە دواین وتاریدا بە وردی باس لە کاریگەرییەکانی درۆنەکان و رۆڵیان لە یەکلاکردنەوەی جەنگ و ململانێکان دەکات، ئەمە جگە لەوەی ئاماژە بە کاریگەری بە هێزی درۆنەکانی تورکیا دەکات.
سەردەمی درۆنەکان
فرانسیس فوکویاما لە وتارەکەیدا کە بۆ پێگەی (American Purpose)ی نووسیوە، تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە بەهێزەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و رۆڵیان لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئایندە.
فوکویاما بە باسکردن لە چەند نموونەیەک لە سوریا و لیبیا، باس لە بەهێزی، وردی و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات تورکیا چۆن لە رێگای ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە توانی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، جەنگە گەورەکانیش یەکلا بکاتەوە و ببێت بە هێزێکی هەرێمی کاریگەر لە ناوچەکەدا.
جیهانی درۆنەکان
فوکویاما لە سەرەتای وتارەکەیدا دەنووسێت، کاتێک لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا یاری فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان دەستیپێکرد، لە رۆژنامەی (Financial Times) وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و بۆچوونەکانی لەو بارەیەوە نووسی.
فوکویاما لە وتارەکەی (Financial Times) نووسیبووی، "ئەگەر من بتوانم ببمە خاوەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەوا هەر کەسێکی دیکە دەتوانێت، ئەمەش کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر سیاسەتی جیهانی." ئەو کاتە ئەمریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوان کۆنترۆڵی تەکنۆلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردبوو، "ئەو کاتە ئاماژەم بەوە کرد، ئەم تەکنۆلۆجیایە لە ئاستێکی فراواندا بڵاودەبێتەوە و سروشتی ملاملانێی نێوان دەوڵەتان دەگۆڕێت."
فوکویاما دەڵێت، ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لێدانی ئامانجە ورد و دیاریکراوەکانە. پێشتر (Henry Sokolski) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگای ناوەندی فێرکردنی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی ئەتۆم مانگی رابردوو باسی لەوە کردبوو، دەکرێت ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکانی وەک دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەکاربهێنرێن، بەڵام تاکو ئێستا ئەم هەڕەشەیە بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە.
درۆنەکانی تورکیا؛ گۆڕەری جەنگەکان
نووسەرە ئەمریکییەکە لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دێتە سەر بابەتی درۆنەکانی تورکیا و کاریگەرییە گەورەکەیان و دەڵێت، یاریزانی سەرەکی ئەم پێشکەوتنەی لە بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەیە تورکیایە لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵات.
تورکیا لە بواری درۆنەکان کە لە ناوخۆدا دروستیان دەکات، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و درۆنەکانیان توانیان رۆڵێکی گرنگ لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکان لە سوریا، لیبیا و کاراباخ لە بەرژەوەندی تورکیا بگێڕن، ئەمە جگە لە جەنگی تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
تورکیا لە رێگای بەکارهێنانی درۆنەکانی لەم جەنگانەدا تا ئاستێکی زۆر توانی ببێتە هێزێکی هەرێمی گەورە و هەژموونی خۆی بسەپێنێت و لە دوای ئەمریکا، روسیا و چین خۆی بە هێزی گەورەی ناوچەکە بزانێت.
تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا چەند جۆرێکی درۆنی زۆر بەهێزی دروستکرد، لەوانەش (Anka-S) کە لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیاوە دروستکراوە و (Bayraktar TB2) کە لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازی بەرگریی بایکارەوە دروستکراوە و سەر بەخێزانی سەلچوک بایراکتاری پسپۆری بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
هۆکاری سەرەکی وای کرد تورکیا پەرە بە پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، ئەو گەمارۆ ئابوورییەیە کە لە ساڵی ١٩٧٥وە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەری، ئەوە جگە لەوەی ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی جۆری (Predator) و (Reaper)ی بە تورکیا سنوردار کرد.
تورکیا جگە لە هەوڵەکانی خۆی بۆ پەرەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (Heron)ی ئیسرائیلی کڕی، بەڵام بۆی دەرکەوت ئەمەش سودی نییە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام لەبەردەم ئەگەری تێکچووندایە، بۆیە هەموو وزە و سەرنجی خۆی خستە سەر پەرەدان بە پیشەسازی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
تورکیا توانی بە ئامانجەکحانی بگات، بۆ نموونە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (Bayraktar TB2)ی دروستکرد کە دەتوانێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و زانیاری کۆبکاتەوە.
هەژموونی تورکیا
هەموان دەیانزانی تورکیا لە بواری درۆندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەم کاریگەرییە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دەرکەوت، ئەوەش کاتێک ئەنقەرە وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی ٣٦ سەربازی تورکیا، بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە شاری ئیدلب هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا.
ڤیدیۆی هێرشەکە هەموانی خستە سەر ئەو باوەڕەی کە توانای درۆنەکانی تورکیا لەوە گەورەترە چاوەڕوان دەکرا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەم هێرشە ئاڕاستەی جەنگی لە ئیدلب گۆڕی.
مانگی مایس تورکیا توانای درۆنەکانی لە لیبیاش تاقیکردەوە، ئەوە بوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشێکی گەورەیان کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانی سوپای نیشتمانی لیبی پشتیوانیکراو لەلایەن ئیماراتەوە کە لەلایەن خەلیفە حەفتەرەوە سەرکردایەتی دەکرا. ئەم چالاکییەی درۆنەکانی تورکیا هێرشەکانی سوپاکەی حەفتەری بۆ سەر شاری تەرابلوس راگرت کە خەریک بوو بکەوێت.
لە جەنگی کاراباخیش لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تورکیا دەستوەردانی سەربازی کرد. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەرمینیا، نزیکەی ٢٠٠ تانک، نۆ زرێپۆش و ١٨٢ یەکەی بەرگرییان تیکشکاند، ئەمەش سوپای ئەرمینیای ناچارکرد لە بەشێکی گەورەی بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە و تا ئاستێکی زۆر جەنەگەکە لە بەرژەوەندی ئازەربایجانی هاوپەیمانی یەکلا بکاتەوە.
چاوی درۆنەکان
بەر لە پێشکەوتنی درۆنەکان، فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە نەیاندەتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و جەنگەکان یەکلا بکەنەوە. بۆ نموونە لە جەنگی ١٩٦٧ تەنها دوو تانکی میسری لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە تێکشکێندران، چونکە فڕۆکەکان نەیاندەتوانی لە ئاسمانەوە و بە وردی ئامانجەکانیان بپێکن و زۆربەی هێرشەکان هەڕەمەکی بوون.
دواتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هاتنە کایەوە و سەردەمێکی نوێیان دەستپێکرد، ئەم درۆنانە بە وردی ئامانجەکانیان دەپێکن و بەهۆی ئەوەشی هیچ فڕۆکەوانێکیان نییە، سوپا ترسی لەدەستدانی سەربازەکانی نییە.
جیهانی درۆنەکان
لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان کار لە پەرەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن، ئەو وڵاتانەشی توانای دروستکردنی درۆنیان نییە، پارەیەکی زۆر بۆ کڕین و بەدەستهێنانی خەرج دەکەن. بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا کردووە تاکو ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەو وڵاتە بکڕن.
ئێستا زیاد لە وڵاتێک خاوەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتون و کۆنترۆڵەکە تەنها لەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نەماوە. وەک فوکویاما لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت، بەشێک لە بەرپرسانی بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەو خەیاڵ و جیهانەدا دەژین گوایە تەنها ئەمریکا و ئیسرائیل بەکارهێنەری ئەم تەکنۆلجیایەن، لە کاتێکدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنەری زۆر بووە و چەکی سەرەکی گۆڕەپانی جەنگەکانی ئێستایە و کەسیش ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات جیهانی درۆنەکان لە ١٠ ساڵی داهاتوودا چی بەسەر دێت.