ڕاپۆرتی جیهانی

11:07 - 16/04/2021

دۆستێكی نزیكی ئیسرائیلە؛ چی لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەكات؟‌

پەیسەر

لە ئێستادا كە چاوەڕێ دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بەرەو باشتر بچن، جۆبایدنیش سەرقاڵی تەواوكردنی كابینەكەیەتی، یەكێك لەوانەی كە دیاریكردووە بۆ پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی خانمێكی جوولەكەی ئەمریكیەو پێشتر ئەزموونی زۆری هەیە لەو بوارەدا، ئەو هەرچەندە بە كۆی دەنگی ئەنجومەنی پیران ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە،بەڵام باوەڕی بە گۆرانكاریی هەیە لە بۆچوونەكاندا، هەرچەنەندە بە ئێرانیەكان دەڵێت فرت و فێڵ لە DNA ە كانیاندا هەیە، بەڵام گەشبینە بەوەی بتوانن كارێك بكەن لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.


ویندی رۆس شارمن(Wendy Ruth Sherman) لە بنەماڵەیەكی جوولەكەی ئەمریكی لە ساڵی 1949 لەنیۆرك لە دایك بووە، ساڵی 1971 پڕوانامەی بەكالۆریۆسی كۆمەڵایەتی و پاشان لە ساڵی 1976 بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی میرلند بەدەست هێناوە لە بواری كۆمەڵناسیدا، لەگەڵ رۆژنامەنوسی  ناوەندی توێژینەوەی پیۆ(با Bruce Stokes) هاوسەرگیریی كردووە و خاوەنی یەك منداڵی كچن، ئەو بە یەكێك لە لایەنگرانی سەرسەختی ئیسرائیل دێتە ئەژمار، پێشتر بریكاری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بووە، لەسەردەمی سەرۆكایەتی بیل كلینتۆن دا سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكاریی ئەمریكا بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆریای باكوور1997 تا 2001، لە ئێستاشدا جۆ بایدن كاندیدی كردووە بۆ جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دواجاریش لەو پۆستەدا جێگیر بوو.
رۆژی سێ شەممەی ڕابوردو و 13/4/2021 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا ویندی شیرمانی وەك بیركاری وەزارەتی دەرەوە جێگیركرد، بە پێی سەرچاوەكان ئەنجوومەنەكە بە كۆی 56 دەنگی ڕازیی و 42 دەنگی ناڕازیی ئەو پۆستەی پێدرا، وەك رۆیتەرز باسی دەكات ژمارەیەك لە كۆمارییەكانیش دەنگیان بە شیرمان داوە بەو پێیەی جێگەی پەسەندی ئەوانیش بووە.
هەرچەندە تەمەنی شیرمان گەورەیەو 71 ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام شارەزایی و توانا سیاسیەكانی پاڵپشتی زۆری ئەویان كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوانەی كە دەنگیان پێنەداوە هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە یەكێك بووە لەوانەی كە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژۆبكرێت، ئەو ڕێككەوتنەش لە لایەن بەشێكی زۆریی سیاسیەكانی ئەمریكاوە پەسەند نەكراو ئێستاش دوای سەركەوتنی جۆبایدن وابڕیارە بخرێتەوە بەرباس و ئەمەریكاش بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنەكە كە یەكلایەنە لێی كشابوویەوە. بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی ئازارەوە كاندیدی ئەو پۆستە كراوە گۆڕانكاریی بەسەر هەندێك لە بۆچوونەكانیدا هاتووەو كاتێكیش لێیان پرسیوە، لە وەڵامدا گوتوویەتی دونیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لەسەرو بەندی ڕێككەوتنەكەدا ویندی باوەڕێ وابوو كە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا دەبێت لەسەر بنەمای دراوەكان بێت نەك لەسەر بنەمای بەزەیی  و چاوپۆشی.
لە 21 ی ئەیلولی 2011 دا لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی لەلایەن هیلاری کلینتۆن سکرتێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستنیشان کرا . شێرمان لە ماوەی شەش خولی دانوستانی نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانی سەبارەت بە بەرنامە ناوەکیەکەی تاران سەرکردایەتی تیمی ئەمریکا دەکات .

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2013 دا، پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان لە جنێڤی نێوان ئێران و ئەوەی پێی دەوترێت "5+1" لەبارەی ستراتیژی دانوستانی ئێران لە دانیشتنی ئەنجومەنی پیراندا لێدوانی دا ئەو وتی" ئێمە دەزانین کە فێڵ بەشێکە لە DNA" "یان ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە هەندێک کێشەی بۆ دروست بکات کاتێک ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی و ، لە نێویشیاندا چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئەو وڵاتە داوایان لێ کرد داوای لێبووردن بکات .
بەپێی سەرچاوە میدیایەكان لە كۆبوونەوەی سیناتۆرەكانی ئەمریكادا لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ گروپی (5+1)دا شیرمان لەبارەی وتەكانی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە كە پابەندی وڵاتەكەی بەو ڕێككەوتنە ڕاگەیاندووە؛ گوتوویەتی: من كاتێك لە سەر مێزێك بۆ گفتوگۆ دادەنیشم هەرگیز باوەڕ بە قسەكانی ناكەم، هەروەها گوتویەتی : هەموومان ئەو ڕاستییە باش دەزانین كە فێڵ و تەڵەكەو خەڵەتاندن لەنێو مۆخ و دی ئێن ئەیاندا هەیە. ئەو وتانەی شارمن نیگەرانی زۆری لەناوخۆی ئەمریكا و ئێرانیشی لێكەوتەوە  و داوا لە وەزارەتی دەرەوە كرا كە ڕوونكردنەوە بدرێت لەو بارەیەوە، ماری هارف لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر وا لێكدراوەتەوە كە ئێمە بە هیچ شێوەیەك باوەڕ بە رۆحانی ناكەین و بە پیاوێكی درۆزنی دەزانین، ئەوە مەبەستی ئێمە نەبووە، بەڵكو ئێمە پێمان وایە پەیوەندی گرتن لەگەڵ رۆحانی مایەی خۆشحاڵیمانە. دواتر شارمن گوتوویەتی: شرۆڤەی هەڵە بۆقسەكانم كراوە، تێگەشتنێكی هەڵەبووە، ئەوەی كە من گوتوومە ئەوانەی كە لەسەر مێزێك دادەنیشن بۆگفتوگۆ هیچیان متمانەیان بەیەكتریی نیە.
دوای ئەوەی كە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژۆكرا لە 2015 دا شارمن بڕیاری دا لە پۆستەكەی دوور بكەوێتەوەو لە رۆژی 18سێبتەمبەری 2015 دەستی لە كارەكەی كێشایەوەو توماس شانوت چووە جێگەكەی.
ئێستاش جارێكی دی جۆ بایدن لەپۆستی بریكاری وەزارەتی دەرەوەدا دایناوەتەوەو دەستی بەكارەكانی كردووەتەوە.