ڕاپۆرتی جیهانی

09:49 - 23/03/2021

هەرژارەكان لەبەردەم ئەگەری دەستنەكەوتنی پێكوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا‌

پەیسەر

دوای ئەوەی ساڵی پار2020 پەتای كۆرۆنا بڵاوبوویەوە و بووە نەخۆشییەكی سەرتاپاگیری مرۆڤایەتی، جیاوازی نەكرد لە نێوان چین و توێژەكاندا و لە بەشێكی زۆری وڵاتاندا بەرپرسان و سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا زەبەلاحەكان و سەرۆكی ولاتەكانیشی گیرۆدەكرد و ڕاپێچی مردنێكی حەتمی كردن، لە ئێستادا چارەسەرەكەی پێكوتە جۆراوجۆرەكانن، بەڵام پێدەچێت لەپێدانی چارەسەرەكاندا جیاوازی سەر هەڵبدات، وەك دەگوترێت دەستدار بیبات و بێدەست تەماشای بكات، ئەو پێیەش دەوڵەمەند و خاوەن پارەكان دەكەونە پێشەوە و وڵاتانی هەژاریش بۆ ماوەیەكی تریش بەدەست ئەو دەردەوە دەبێت بناڵێنن، پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەو پەتایە لەناو هەژاراندا بمێنێتەوە چی زیانێكی بۆ هەمووان دەبێت؟ ئایا وڵاتانی دەوڵەمەند بیریان لەوە نەكردووەتەوە كە دەستباری وڵاتە هەژارەكان ببن، بۆئەوەی پێكەوە ئەو ڤایرۆسە مرۆڤكوژە ترسناكە كۆتایی پێ بهێنن؟

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەوە ولاتانی پێشكەوتوو خاوەن سیستەمی بەهێزی تەندروستی كەوتنە خۆیان بۆ ئەوەی دەرمان ، چارەسەر، پێكوتەی نەخۆشییەكە بدۆزنەوە، ئەوانەی كە لەو بوارەدا ناویان هەبوو بریتی بوون لە ئەمەریكا، بەریتانیا، یەكێتی ئەوروپا، چین و چەند وڵاتێكی دیكە، هەر لەسەرەتای پرۆسەكەشەوە دەركەوت كە پێوەری مادی لە پێش پێوەرە مرۆییەكەوەیە، ئەو وڵاتانەی توانای كڕینی ڕێژەیەكی زۆری دەرمانەكە نەبوون هەرزوو كەوتنە پەلەقاژەو ڕایانگەیاند –وەك نیۆرك تایمز دەڵێت- ستەمێكی گەورەیان دەرهەق دەكرێت، لەبەر ئەوەی خودی ڤایرۆسەكە جیاوازیی نەكردووە، بەڵام لەچارەسەركردنەكەدا جیاوازیی دەكرێت.

یەكێك لەو كارانەی كە حكومەتەكان گرتیانە بەر شەراكەت و هاوبەشی كردنی كۆمپانیا دەرمانسازەكانی كەرتی تایبەت بوو، بۆ ئەوەی بتوانن مادە سەرەتاییەكانی پێكهاتەكەیان بۆ دابین بكەن و لە لایەكی تریشەوە سەربەخۆ نەبن لە فرۆشتن و خستە بازاڕی پێكەوتە و دەرمانەكە، حكومەتەكان كاریان بۆ چاكسازیی لە بواری وەبەرهێنانی دەرمان و كارگەكاندا كرد و ملیارەها دۆلاریان خستە خزمەتی پرۆژەكەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەی ئەو وڵاتانەی توانای دابینكردنی خۆراكی رۆژنانەیان نییە، یان لەنێو زۆلكاوی گەندەڵیدا نوقم بوون گەلەكانیان هیچ چارەیەكیشیان نییە چی بكەن؟ ئایا ئەگەر پەتاكە لەنێو ئەواندا بمێنیێتەوە داهاتووی نەخۆشییەكە چی دەبێت؟ ئەوە لە كاتێكدا كە ڤایرۆسەكە لەیەگك كەسەوە دەگوازرێتەوەو دواتر بە تێپەربوونی كات تەشەنە دەكات و دەتنێتەوە.

لە راپۆرتێكی نێۆرك تایمزدا هاتووە دەستگەشتنی پێكوتەكە بۆ وڵاتانی پێشكەوتوو مام ناوەندیش هێشتا تاڕادەیەكی زۆر زەحمەتە چ جای بگات بە وڵاتە هەژارەكان، هەربۆیە وەك رۆژنامەكە ئاماژەی پێكردووە وڵاتانی هەژار هەر چاوەڕوانییان بۆ دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی كە نوخی پێكوتەكە هەرزان دەبێت و كەس نامێنێت بەكاری بهێنێت، ئەوەش پێدەچێت چەندین ساڵ بخایەنێت.

بۆ ئەو مەبەستە وڵاتانی زلهێز هەموو تواناكانی خۆیان وەگەڕ خستووەو فشاریان خستوەتە سەر كۆمپانیانكانی وەبەرهێنانی دەرمان بۆ ئەوەی خێرابكەن و ڕێژەیەكی زۆرتر بەرهەم بهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن وێكڕا چارەسەری نەخۆشییەكە بكەن، چوون ئەگەر پێكەوە ئەو ڤایرۆسە كۆنترۆڵ نەكرێت ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دوور نیەو ئەوەی زیانی بەردەكەوێت ئەو وڵاتانانەن كە پێشتر پێكوتەكەیان بەكارهێناوە.
بەشێك لەو كەس و لایەنانەش كە لە خەمی گشتی كۆمەڵگەكاندان هەمان داواكارییان هەیەو پێداگری لەسەر ئەوەی دەكەن دەبێت بە خێرایی ئەو پێكوتەیە بگات بە هەمووان بۆ ئەوەی پێكەوە سوودی هەبێت و جۆبایدنی سەرۆكی ئەمەریكاش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت فشار بخرێتەسەر كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی دەرمان كە بە خێرایی و بەڕێژەیەكی زۆرتر پێكوتەكانیان بخەنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی چارەسەرەكە بەزوویی وەڵام بداتەوە.

هەرچەندە تائێستاش كۆمپانیا دەرمانسازە بەناوبانگەكان نەچوونەتە ژێرباری وەها داواكارییەكەوەو نەچوون بە دەم بانگەوازی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی بەشی وڵاتە هەژارەكان بنێرن، بەڵام كات لەبەرژەوەندی هیچ كەس و لایەنێك نییە و تادێت پەتاكە پێدادەكوتێت و تەمەنی مانەوەی درێژتر دەكاتەوەو بەمانەوەی زیاتریشی ئەگەری كاریگەرییەكانی پێكوتەكە كەمتردەكاتەوە.
گریگ گونسالفیس، پسپۆری بواری پەتا جۆراوجۆرەكان لە زانكۆی لییل دەڵێت: وای بۆدە چم ڕاكردن بەداوی پەیداكردنی  پێكوتەكەدا وەك پەیداكردنی كلێنسی لێدێت لەسەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسەكەوە كە لە بازاڕدا نەما و هەموو كەس دەستی پێی نەدەگەشت! پێدەچێت ئەمجارەش پێكوتەكە نەكەوێتە دەستی هەموو كەس و یان لانی كەم بە خێرایی پێیان نەگات.

رۆژنامەی نیۆرك تایمز باس لەوە دەكات چاوەڕوانی كردنی ملیارەها مرۆڤی هەژار بۆ وەرگرتنی بەشە پێكوتەیەك باجی خۆی دەبێت و دەبێتوە هەڕەشە لەسەر ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانەش بەخێرایی پێكوتەكەیان وەرگرتووە، بەو پێیەی ڤایرۆسەكە توانای تەشەنەكردن و گۆڕانی زۆری تێدایە.

بەریتانیا بەیەكەم وڵات دادەنرێت كە بەشێوەیەكی گشتی دەیەوێت پێكوتەكە بگات بە هەموو هاوڵاتییەكی خۆی، بەڵام هێشتا ئەو كارە كۆتایی پێنەهاتووە جاڕی ئەوە درا كە جۆرێكی دیكە لە ڤایرۆسەكە دۆزراوەتەوەو ناوی –كۆرۆنای بەریتانی – گۆڕاوی وەرگرتووە، ئەوە جگە لەوەی لە باشووری ئەفەریقا ڕێژەیەكی ئێجگار كەمی پێكوتەیان پێگەشتووەو ئەگەر واش بڕوات كارەكە بەو ئاسانییە نادات بە دەستەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەكەی نیۆرك تایمز؛ ئەمجۆرە سیاسەت و هەنگاوانەی كە بەرپرسانی سیاسی و تەندروستی دەینێن، بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە لە كاریگەریی پێكوتەكە كەمدەكاتەوەو دواتریش دووریش نیە كاریگەریی لەسەر ئەوانەش دابنێتەوە كە پێشتر پێكوتەكەیان وەرگرتووەو دووبارە تووش نەبنەوە بە جۆرێكی دیكەی كۆرۆنای گۆڕاو، بۆیە شارەزایانی تەندروستی پێشنیاری ئەوەیان كردووە كە باشتر وایە پێكەوە مرۆڤایەتی پێكوتەكە وەربگرن و چش بكەن لەوەی ئێستا بڕێكی زۆرتر خەرجیان دەكەوێتە سەر، بەڵام لەوسەرەوە بەخێر بۆیان دەشكێتەوەو هەمووان پێكەوە دەربازیان دەبێت.