لێکۆڵینەوە

08:56 - 21/03/2021

لە كونجی مەیخانەوەو قەرزارییەوە بۆ سەرۆكایەتی یەكخستەنەوەی ئەڵمان‌

پەیسەر

سەركەوتنی گەشەی نەتەوەیی هەر وڵاتێك، بە شێوەیەكی بنەڕەتی وەستاوە لەسەر كەمینەی خوێندەواری وڵات. تێكچوونی ئەو كەمینە خوێندەوارە، نەخۆشی درێژخایەن پێك دێنێت.ئەمە وتەی سەركردەو كاریزمایەكی دیاری ئەڵمانییە كە توانی بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ ببێت و وڵاتەكەی لە چاوتێبڕینی نەیارەكانی بپارێزیێت.
بسمارك لە لاوێكی سەرەڕۆی بەدڕەوشتەوە توانی گۆڕانكاریی زۆر بەسەر خۆیدا بهێنێت، لە خاڵە سەرەتاییەكانی سیاسەتەوە سەربكەوێت و بگاتە دواترۆپكی دەسەڵات لە ئەڵمانیا، لە كەسێكی قەرزای بازاڕەوە ببێتە خاوەنی وڵاتێكی گەورەی وەك ئەڵمانیا، ئەو كاتێتك لە سەر كۆڵانەكاندا بەسەرخۆشی بەم دیودیوا دەكەوت كە وڵاتانی دراوسێ چاویان بڕیبووە وڵاتەكەی، بەڵام هێندەی نەبرد چۆكی بە نەیارانی ناوخۆیی و دەرەكیش هێناو ناچاری كردن لەبەردەمیدا چۆك دابدەن، دواجار بە وتارە ئاگرینەكانی مێژوویەك بۆ خۆی تۆماربكات، بەجۆرێك تا ئێستاش ئەوروپا بەگشتی بە چاوێكی ڕێزەوە لە كارەكانی دەڕوانێت.

منداڵی تا ژنهێنان -1815 1847
بسمارك سەركردەی كارێزماییلە رۆژی 1/4/1815  لە (شونهاوزن)لەدایك بووە .بنەماڵەكەی ئەرستۆكراتی نەجیبزادەی رەسەن بوون و خزمەتێكی بەرچاو و دیاریان بە تایبەتی لە بواری سەربازیدا و بە دەیان و سەدان جەنەڕاڵی گەورە پێشكەشی پاشانشینی پرووسیا كردووە.
بسمارك كەسێكی خۆشەویست و هاوڕێ دۆست و بە ئەمەك و خاوەن پرەنسیپ بووە. شمشێربازێكی ئازا و سوارچاكێكی لێوەشاوە و سەماكەرێكی لێزان و مەلەوانێكی پشوودرێژ بووە.باوكی Ferdinand von Bismarck و دایكیLouise Wilhelmine خاوەنی 6 منداڵ بوون، دواتر دەچن لە Gutkniephof نیشتەجێ دەبن. ئۆتۆ و براكەی لەسەر خواستی دایكی لە بەرلین ـ خانوویەكیان بۆ بەكرێ دەگیرێ و خزمەتكارێكی خەڵكی شۆنهاوزەنەوە سەرپەشتییان بكات ـ دەخرێنە بەرخوێندن و ئامادەیی تەواو دەكات.
ھەر لەم قۆناغەدا زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی بەتەواوی فێر دەبێت. لەم سەردەمەدا كۆمەڵێك وانە لەسەر دەستی گوتاربێژی ئایینی بەناوبانگ شلایەرماخەر وەردەگێڕێت، كە قەشەیەكی ھەڵكەوتووبووە.
لێكۆڵەران دەڵێن:«شلایەرماخەر یەكەم مامۆستای بسمارك بووە، بەس ئۆتۆ بیسمارك خوێندكاررێكی باشی ئەو دەرنەچوو». بەو واتایەی رێچكەی ئەوی لە روویی ئاینییەوە نەگرتە بەر و نەبووە قەشەیەكی سەركەوتوو باش.
 ساڵی 1832 دەچێتە زانكۆ سەرەتا لە شاری ھایدلبێرگ وەردەگیری. دایكی رازی نابێت وا دوور بكەوێتەوە. دواتر دەچێتە زانكۆی شاری گۆتینگەن سێ سەمیستەر لێرە دەخوێنێ بۆ باقیەكەی دێتەوە بەرلین.سەردەمی خوێندكاری لە كۆلیژی یاسا و زانستی دەوڵەت، – ئەگەر چی حەزی لەم خوێندنە نەبووە، دڵی لای خوێندنی دیپلۆماتیك– بووە.
ژیانی خوێندكاری بسمارك زۆر سەخت و پڕ لە كێشە و ناخۆشییە، بەهۆی ئەوەی ژیانێكی نابەرپرسانەی دەبردە سەر، بە خواردنەوە و رابوواردن و شەڕانگێزی و خۆدزینەوە لە بەشداری وانەكانی. تا وای لێ دێت لەسەر خواردنەوە و رابواردنەكانی ھێندە قەرزار و ناوزڕاو دەبێت، لە هەموو لایەكەوە دەبێتە كەسێكی بێزراو و ناخۆشەویست.
هاوكات شمشێربازێكی لێهاتوو، مەلەوانێكی پشوودرێژ و سەماكارێكی لێزان بووە. لەم قۆناغەدا بەس بەشداری دەكات لە لێكچەرەكانی دەربارەی «دیپلۆماتی»، كە ئەو سەردەمە لەلایەن مێژوونووسی دیاری ئەڵمانی Arnold Heeren لەمەڕ سیستەمی ئەوروپا پێشكەش دەكرا.كاتێ لێیشی دەپرسن چ دەخوێنی،دەڵێ: دیپلۆماتیك. دوای تەواوكردنی خوێندن نائارامی و بێزاری باڵ دەكێشێ بەسەر ژیانیدا.
سەرەتا لەبەرلین چەند كارێك بەنیوە ناچڵی دەكات، بەڵام لە توانایدا نابێت قەرزەكانی بداتەوە. دەست لە كار ھەڵدەگرێ و دێتەوە بۆ پۆمەرن. پاشان چەند كارێكی تری حكومەتی لە پۆتسدام دەدۆزێتەوە زوو بەجێیان دێڵێ. لە هیكڕا خۆبەخشانە ساڵێ دەچێ بۆ سەربازی. دواتر ساڵی 1838 بڕیار دەدات بە تەواوی واز لە كاری فەرمی بهێنێ و خۆی تەرخانی خەریك بوون بە زەویوزار وكشتوكاڵەوە بكات.
بۆئەوەی بتوانێ قەرزەكانی بداتەوە. باوكی نزیكەی 550 ھێكتار زەوی بەسەر ئۆتۆ و بێرنھاردی برایدا دابەش دەكات. ئیدی دوای ماوەیەكی باش كاركردن نزیكەی 10 ساڵ بەخێرایی و بەھاوكاری براكەی قەرزەكان دەداتەوە و ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە. دەبێتە كەسایەتییەكی دیكە.
ساڵی1839 دایكی بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی دەكات.لەو قۆناغەدا كاتێكی باش بە خوێندنەوە دەباتە سەر و بەرھەمە ئەدەبی و فەلسەفییەكان دەخوێنێتەوە.لەژێر كاریگەرێتی هاوڕێی ئەمەریكی سەردەمی زانكۆ John Lothrop Motly زۆر خەریكی خوێندنەوەی ئەدەبی ئینگلیزیدەبێت. تەماشای نەخشەی جیھانی زۆر دەكرد و حەزی لە كۆدەكردنەوەیان بوو.
لە بیرەوەریەكانیدا دەڵێ:(هەر كاتێك تەماشای نەخشەم دەكرد و باڵادەستی فەرەنسا بەسەرئەڵمانەوە دەبینم، پەست دەبم». ھاوكات دەست دەكات بەگەشتێكی دوورودرێژ لە ئەوروپادا. دەچێت بۆ سكۆتلەند، ئینگلتەرا، فەرەنسا، سویسرا.لەڕێگای ئاھەنگێكی ژنھێنانی هاوڕێیەكییەوە، تەواوی ژیانی دەگۆڕێ بەناسینی (يوهانا فون بوتكامر) ، كە دواتر دەبێتە ھاوسەری ژیانی. لە ڕێگای ئەم ژنەوە كە سەر بە بنەماڵەیەكی نەجیبزادەی هەڵكەوتوو بوون، گەلێك كەسایەتی ناوچەكە دەناسێ و تێكەڵییەكی زۆری كۆمەڵایەتی و سیاسی پەیدادەكات. ساڵی 1845 باوكی دەمرێ. واز لە كارەكەی دێنێ و زەوی وزارەكان بەكرێدەدات. لێرەولەوێ چەند كارێك دەكات و زوو وازیان لێ دێنێت.
ژنهێنان تا چوونە ناو سیاسەت 1847 – 1851
ساڵی1847 بسمارك ژن دێنێ و دێتە سەر شانۆی سیاسەت. ئەم ساڵە دەبێتە سەرەتای دەركەوتن و ھەڵاتنی ئەستێرەی ژیانی بسماركی لاو. خۆی ھەڵدەبژێرێ بۆ پەرلەمانی دەڤەرەكەی ، بەئاسانی دەردەچێ و ھەر زوو بە ھۆی نووسینی ئاگرین و گوتاردانی بەردەوام و لێوەشاوەیی و رەوانبێژی و بەهرەمەندی لە قسەكردندا، دێتە پێشەوە و ناوی دەدرەوشێتەوە و دەبێتە جێی سەرنجی دەوروبەرەكە و دواتر نوێنەری لە ئەنجومەنی پرووسیادا.لە وتارەكانی داكۆكی لە(داننان بە دەستووردا، وەستانەوە دژی ئانارشیستەكان،داوای یەكسانی لەبەردەم یاسادا- بەڵام دژی ھەڵوەشاندنەوەی نەجیبزادەكان بوو- ھەروەھا داوای دابەشكردنی باجی دەكرد بەپێی ئەو سەرمایە و داراییانەی ھەیان بوو.
(خاڵێكی زۆر سەیر لە بیر و كەسایەتی بسماركدا، بریتییە لە عەشق و شەیدایی بۆ ھەرێمی پرووسیا، بەڕادەیەك ئامادەبوو ھەموو خۆشی ئەڵمانیای پێ بگۆڕێتەوە. باوەڕی قوڵی بە یەكگرتنی ئەڵمانیش هەبووە، دواتر بۆ ئاشتی ئەوروپاش رۆڵی گێڕا).
هەروەها لەسەرەتایەكی زوودا قەناعەتێكی لا دروست دەبێ،وەك ساڵی 1849بۆ ژنەكەی دەنووسێ:» دۆزی یەكگرتنی ئەڵمانبە هیچ جۆڕێك لە ژوور و هۆڵەكانی ئێمەوە بڕیاری لەسەر نادرێ،بەڵكو بە دیپلۆماتی و لە مەیدانی جەنگدا بڕیاری لەسەر دەدرێت». رووداوەكانی شۆڕشی ئاداری 1848 لە بەرلین كاریگەرێتی لەسەر دروست دەكەن. ئەم وێستگەیە دەبێتە مایەی وەرچەرخانێكی نوێی ژیانی. بەخۆی ئەو بیروباوەڕە كۆنزەڤاتیڤە و ئەو رابووردووەی تۆماری كرد بوو، دەچێتە ریز هەرە پێشەوەی دژە شۆڕشگێڕەكان. تەنانەت لە رۆژەكانی سەرەتای شۆڕشدا،ویستییەتی لەگەڵ جوتیار و خەڵكی گوندەكەی بێن بۆ بەرلین،بۆ پارێزگاریكردن لە پاشای پرووسیا. ئیدی دواتر ململانێكانی رۆژگار ئاڕاستەی دیكەی وەردەگرن و بسمارك بە پەڕۆشیەوە چاوەڕێ دەكات.
سەرەتا شۆڕشگێڕان كە داوای ئازادی زیاتر و بەشداری لە دەسەڵات و كەمكردنەوە یاخود نەهێشتنی ئیمتیازی نەجیبزادە و ئەرسۆكراتەكان دەكرد و داوای یەكگرتنی ئەڵمانیا یاخود ئەڵمانیای یەكگرتوویان دەكرد، كۆمەڵێك دەستكەوتیان بەدەست هێنا،بەڵام نەیانتوانی شۆڕش لەخوارەوە بۆ سەرەوە سەر بخەن. واتە گەیشتن بە ئەڵمانیای یەكگرتوو بهێننە دی.هاوشان بەلابردنی سانسۆر كۆمەڵێك گۆڤار و رۆژنامەی زۆر دەردەكرێن. بسمارك بە گوتاری ئاگرین لە رژۆنامەكاندابەتەواوی ناو دەردەكات. پاشان رێكخراوێكی سەربەخۆ بۆ نەجیبزادە و ئەرستۆكرات وخاوەنموڵكەكان دادەمەزرێنێت.
بسمارك خاوەنی كەسایەتییەكی زۆر بەھێز بووە. جگەلەپاشا و خوا كەسی تری لە سەرووی خۆیەوە نەدەبینی. لە رووی بیروباوەڕەوە كەسایەتییەكی كۆنپارێز/ كۆنزەڤاتیڤ بوو. تەنانەت رێگری لە كوڕەی دەكرد، كچی ماڵە جووتیار بھێنێت و كوڕێكی تری كچە نەجیبزادەیەكی كاسۆلیكی بهێنی كە بەدوژمنی بیسمارك ناسرابوون.
ھەمیشە پاشاخوازبووەو تەنانەت لەگەڵ دروشم و داواكانی شۆڕشی 1848 گەلەكەیدا نەبووە. باوەڕی وابووە، ئەوەی ھەیە لە پاشانشینی پرووسیا، كە بسمارك زۆر پێی سەرسام بوو،دەبێت بپارێزرێ و پارتێكی كۆنزەڤاتیڤ و سیستەمی پاشایەتی بەباش دەزانی و لای مەبەست بوو.زۆری پێناچێ بەهۆی بیروڕا و هەڵوێستەكانییەوە سەرنجی پاشای پرووسیای دەكەوێتە سەر. كاتێ نەمسا ڕێكەوتنێك بەسەرپرووسیادا دادەسەپێنن،كە ناسراوە بە Olmutzer Punktationئەم رێكەوتنەلە پرووسیا دەدرێتە بەر نەشتەری رەخنە و بە دۆڕاندن و تێكشكانی بەرامبەر بە نەمسای دادەنێن. ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەر ئەم رێكەوتنەی حكومەت كۆدەبێتەوە. لێرەدا بسمارك بە وتارێكی بەپێز بەشداری دەكات. وتارەكەی وەك شاكارێكی رەوانبێژی و دیپلۆماتی پڕ لە تاكتیك دەستنیشان كرا. دواتر 20,000هەزار دانەی لێ چاپكراو و بە وڵاتدا بڵاو كرایەوە. زۆر كەس ئەم وتارە بەبەهێزترین وتاری ژیانی بسمارك دادەنێن.

بسمارك بەرەو دەسەڵات 1851 – 1862
رۆژنامەی تەنزئامێزی ئەو سەردەمە Kladderadatsch بە بۆنەی دەستنیشانكردنی بسماركەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەنووسێ:» بەڕێز بسماركی ـ شۆنهاوزەن، دەنێردرێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، گەر هەروا زیرەك بێت، دەتوانێ بێتە ئاغای ماڵی خۆش و رازاوە» شۆنهاوزەن واتە ماڵی خۆش و جوان.ئەمەش ئەو خەونەیە،كە لە ساڵانی لە خوێندنی زانكۆوە خۆی بۆ تەرخان كرد بوو.كاتێك بسمارك وەك نێردراوی پرووسیا ساڵی1851 رەوانەی دەكەن بۆ ئەنجومەنی نەتەوەیی لە فرانكفۆرت و بۆ ماوەی 8ساڵ بەوپەڕیی دڵسۆزی و بوێرییەوە لەبواری دیپلۆماسیدا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانی پرووسیا و پاشاكەی دەكات. هەموو ململانێ و شەڕە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ نەمسای ركابەر بوو.
نەمسا دەیویست وەك باڵادەست لەم دەستگایەدا بڕیار بدات و پرووسیا بكاتە پاشكۆی خۆی. بەتایبەت لەمەسەلەی ئابووری و یەكێتی گومرگ و یاسای چاپەمەنی و زۆر شتی تریشدا. بۆ نموونەی نەمسا دەیویست ئەو رێكخراوی گومرگەی ئەڵمان دروستی كردووە، بەبێ ئەوان، ئەوانن داوای دروستكردنی یەكێتی گومرگیان پێكەوە. بسمارك لە ناخی چاوچنۆكی و فڕوفێڵەكانی نەمسا باش دەگەیشت،بۆیە ئاستەنگی بۆیان دروست دەكرد. ئەوەبوو ساڵی 1853 گرێبەستیان بۆ ماوەی 12ساڵ لەگەڵداكردن و نەیانهێشت نەمسا بێتە ئەندام و ئەم دەزگایەش بۆ خۆی قۆرخ بكات. شەڕی نێوان ئەم دوو بەرە بەهێزە،شەڕێكی قورس و گرانی دیپلۆماسی و پڕ لە تاكتیك و فڕوفێڵ بوو، بەڵام بسمارك شكستی پێ دەهێنان.
هەروەها كە شەڕی كریم/ قریم1853-1856 هەڵگیرسا لە نێوان رووسیا و دەوڵەتی عوسمانیدا،وەك یەكەم شەڕ لە دوای كۆنگرەی ڤیەنناوە، ئینگلیز و فەرەنسا چوونە پاڵپشتی تورك،بۆ ریگری لە باڵادەستی رووس، نەمساش دەیویست هەمان شت بكات، بسمارك/ پرووسیا بێلایەنی هەڵبژارد. كاتێك لێی دەپرسن:» تۆ بۆ كێی،هێزە رۆژئاواییەكان، یان بۆ رووسیا؟ لەوەڵامدا دەڵێ: من بۆ پرووسیام». ئەمەش هەڵوێستی نەمسای لەچاو زلهێزەكانی ئەو رۆژگارەدا لاواز نیشان دەدا. دواتر ساڵی 1854هاوپەیمانێتییەك لە نێوان پرووسیا و نەمسادا دەبەسترێ بە ناوی هاوپەیمانێتی بەرگری و خۆپارێزی. پرووسیا تەماشای ئەم رێكەوتنەیوەك ئامڕازێك بۆ بەهێزكردنی بێلایەنی خۆی دەكرد و نەمسا، بەنێتی بەكارهێنانی تێی دەڕوانی.نەمسا دواتر لەگەڵ هەردوو زلهێزی فەرەنسی و ئینگلیزیشدا بێ ئاگاداری پرووسیا هاوپەیمانێتی بەست. بسمارك زۆر بەم هەوڵانەی نەمسا نیگەران دەبوو.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی بسمارك لاپەڕەیەكی گەشی ژیانی رۆژانی خەباتی دیپلۆماسی فرانكفۆرت پێك دێنن.لە راستیدا بسمارك لە ناخدا دژە نەمسا نەبوو، بەس كاتێك ململانێی دەسەڵات لە شوێنێكدا سیمای شەڕێكی بێ تەقوتۆقی وەردەگرێت، ئیدی ناچاریت ئامڕازی دیپلۆماسی بخەیتەگەڕ. بسمارك لەم دەرفەت و رێگایەوە وەك دیپلۆماتێكی ساوا دەبێتە خاوەنی ئەزموون و تاقیكردنەوەیەكی دەوڵەمەند.
 بسمارك دڵسۆزانە بۆ پاشا و پرووسیا،دوور لەماڵ و منداڵی كاری دەكرد و لە ساڵێكدا16 جار زیاتر و هەر جارەی بە25 كاتژمێر هاتوچۆی دەكرد لە نێوان فرانكفۆرت و بەرلیندا.ساڵی 1857-58Friedrich Wilhelm IV  تێدا نەخۆش دەكەوێ و دەمرێ. دوای ئەوە ڤیلهێلمی برای دێتەسەر دەسەڵات. ئەمیش كابینەیەكی نوێ دێنێتە پێشەوە و وەزیری دەرەوە A.Schleinstz زۆر خۆشەویستی بسمارك نابێ، هەر زوو دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە كە بسمارك لە فرانكفۆرت لادەبرێت. ئەوە بوو ساڵی1859 دەنێردرێت بۆ St.Petersburg  پایتەختی رووسیای تزاری. نەمسا پێشوەخت زانیاری هەبووە بەم گۆڕینەی بسمارك و پێدەچێ دەستی خۆیشی تێدا بوو بێت، چونكە زۆری پێ خۆش بوو، ركابەرێكی گەورەی وەك بسمارك كە ساڵانێكە پڕۆژەكانیان پەك دەخات، لەبەرچاویان ون بێت.
بسمارك بەمە نیگەران بوو، لەبەرخاتری پاشا لە زستانێكی سەخت و توشدا دەگاتە شوێنی ناوبراو. لێرە یەكسەر نەخۆش دەكەوێت. پاشان رادەبێت بەڕاپەڕاندنی كارەكانی لەگەڵ قەیسەری تزار و وەزیری دەرەوە. دوای ماوەیەك دێتەوە بەدوای ماڵ و منداڵ دا بیان بات بۆ رووسیا، كاتێك دەیەوێ بگەڕێتەوە، پێی دەڵێن:جارێ پەلە مەكە. دەنگۆیەك بڵاودەبێتەوە دەڵێن بسمارك دەبێتە راوێژكاری/ كانتسلەری پرووسیا. زۆرێكیش لە بەرپرسە گەورەكان ئەم پێشنیازە بۆ پاشا دەكەن،كەچی پاشا مل نادات و بسمارك بەناچاری و بە نەخۆشی دوای نزیكەی ساڵێ دەگەڕێتەوە پێتەرسبورگ. لەوێ لەگەڵ خێزانەكەی سەرقاڵی كاروبار و خزمەتی ئەو ئەڵمانانە دەكەن كە لە رووسیا دەژیان. لە ناوەندی دیپلۆماسیشدا دەبێتە دەموچاوێكی دیار.
پاش ماوەیەك بۆ پشووی هاوین دێتەوە بەرلین. ساڵی 1861پاشای پرووسیا بەبۆنەی مردنی براكەیەوە دەبینێ. بانگ دەكرێتەوە. بارودۆخی ئەو رۆژگارەی پاشانشینی پرووسیا بەهۆی دەستوور و هەرای نێو هێزەكانەوە شپڕزە بوو. بسمارك دەبێتە هۆكاری چارەسەری كێشەكان. دیسان چاوی هیوا دەچێتەوە سەر بسمارك ببێتە راوێژكار،بەڵام ئەمجارەش پاشا رەزامەندی دەرنابڕێت. لەڕاستی ژنی پاشا رقی لە بسمارك بوو، ببووە ئاستەنگ و پاشاش لە قسەی دەرنەدەچوو. ساڵی 1862 لە رووسیا بانگی دەكەنەوە بێ ئەوەی هیچی پێ بڵێن و ماوەیەكی باش بسمارك بەبێ ناونیشان رادەگرن. ئیدی ئەمیش توڕە دەبێت، دەڵێ: یان كارێكم بدەنێ یا دەچمەوە ماڵەوە دادەنیشم. دوای 3 كاتژمێر بڕیاری رەوانەكردنی بۆ پاریس دەدەن. بەس لە كاتی بەڕێكردنیدا، پاشا پێی دەڵێ: باروبنەی تەواو لە پاریس مەخە، واتە منداڵەكانت مەبە و كەمێك چاوەڕێبە. بسمارك دەستبەجێ بەرەو پاریس دەكەوێتە رێ. لەوێ كۆمەڵێك گەشت دەكات و دەچێ بۆ لەندەن بۆ بینینی پێشانگایەكی جیهانی. تا لە مانگی سێپتەمبەری هەمان ساڵدا،واتە پش چەند مانگێك تەلەگرامێكی پێ دەگات،بەزووترین كات بێتەوە بۆ لای پاشا.
پاش ماوەیەك لە ناوەوە پاشا Wilhelm كێشەیەكی دەستووری گرانی لەگەڵ پەرلەمانەكەیدا ھەبوو.بەڕادەیەك پاشا گەیشتە ئەوەی واز لە تەختەكەی بھێنێت. داوای لە كوڕە شازادەكەیتورینگەن/Thuringenی كردبێتە بەرلین و بێتە جێگرەوەی.ئەویش دێ و دوای دوو رۆژ گفتۆگۆ رەتی دەكاتەوە تاجەكە وەرگرێ، بەرلین بەجێ دێڵێ. لەم كاتەدا بسمارك دەگاتە جێ. جا مێژوونووسان و چاودێران دەڵێن: گەر بهاتایە، شازادە بوایەتە پاشانشینی پرووسیا، رەنگە مێژووی ئەڵمانیا بەشێوەیەكی دیكە بچەرخایە! گەوهەری كێشەكەی پاشا لەگەڵ پەرلەماندا ئەوەبوو، پاشا بە باشی دەزانی لەڕووی سەربازییەوە خۆیان چەكدار بكەن و دەستی كراوە بێت لە خەرجكردنی پارەی باج دا. پەرلەمان بەمە رازی نەبوو.

لە سەرۆك وەزیرانەوە تا راگەیاندنی ئەڵمانیای یەكگرتوو 1862 – 1871
دوای ئەوەی پاشا چیدی خۆی توانای چارەسەركردنی ئەم كێشە ئاڵۆزانەی نابێت، دیدارێكی دوورودرێژ دەكات لەگەڵ بسماركدا ، متمانەی تەواو بە بسماركی هەڵكەوتوو پەیدا دەكات 22/9/1862 دا بڕیار دەدات بسمارك بھێنێتە ناو كایەیەی دەسەڵاتەوە ودەیكاتە سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوە. ئینجا بسمارك دەستی لە كارەكاندا واڵا دەبێت و پێگەی پرووسیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپادا بەتەواوی بەهێز و قایم دەكات. كێشەكانی ناوخۆ كە بەمیرات بۆی جێدەهێڵن بە زرنگی خۆی كێشەكەی وا چارەسەر كرد، كەوا ناسراوە بە تیۆری كەلێندار و دەڵێ:لە دەستوورەكەماندا نەهاتووە و نەنووسراوە و نابێت پەرلەمان و كەس بۆی ھەبێت رێگریی لە بڕیار و دەسەڵاتی پاشا بكات. ئێستاش ئەوەی كراوە بەسەرچوو، دەوڵەتی لێ خاڵەبەخش بكەن. بەم جۆرە ئاوێكی دەكات بە ئاگردا.ئیدی پاشا بۆ مەرامەكانی خۆی دەستی دەكرێتەوە و دەكەوێتەوە كاركردن.
بەم ھۆیەوە ناڕەزایی زۆر دەبێت و رۆژنامە لیبڕاڵ و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان رەخنەی توند دەگرن. دواجار بسمارك بەبڕیارێك پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ لە كار دەخات. و حزب و چاپەمەنی قەدەغە و سنووردار و بێدەنگ دەكات. ئەم ھەنگاوەش بە مانای چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ واتە بێدەنگ كردنی ناڕەزاكان كۆتایی هات، ئینجا رووەو كێشەكانی دەرەوە كەوتە كار. بەتایبەت لەگەڵ ئاوستریا/ نەمسادا، كە دوژمنێكی زەقی پرووسیا بوو. لەڕاستیدا دەیویست لە رێگای شەڕێكەوە بەتەواوەتی چارەسەری كێشەكانی ناوخۆییش بكات و نەیارەكانی بێدەنگ بكات. لەو ساڵانەدا بسمارك زۆرترین هێرشی كرایە سەر و خەڵك ركیان لێی دەبێتەوە.

بەڵام ئەو كۆڵ نادات و هەوڵی ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە دەدات حزب و لایەنەكان دەبینی و هەوڵی پێكهێنانی سازان دەدات. لەم رووەوە وتەیەكی هەیە دەڵێ:(كێ دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، بەپێی ئەقڵ و تایبەتمەندی خۆی كاری پێ دەكات، چونكە ژیانی دەوڵەت، تەنانەت بۆ تاكە چركەیەكیش ناوەستێت).
لەم كاتەدا نەمسا بە ئاشكرا دەستی دەخستە كاروباری ئەڵمانیاوە و لە كردەوەكانی بسمارك و هەوڵەكانی بۆ خۆبەهێزكردن لە رووی سەربازیی و ئابوورییەوە نیگەران بوو.تا دەهات نەمسا نارەحەتتر دەبوو. خواوڕاستان لەم كاتەدا پاشای دانیمارك هەوڵی بەستنەوەی ناوچەكانی Schleswig-Holstein دەدات بە دەستووری وڵاتەكەیەوە. ئەم ناوچانە سەرسنوورین و لە رووی مێژوویی و زمانەوە سەر بەئەڵمانیان. دیارە دانیمارك ویستوویەتی بارودۆخی خراپی ئەڵمانیا بقۆزێتەوە.

 پرووسیا و نەمسا بەهەردوو رێك دەكەون شەڕی دانیمارك بكەن، هێزەكانی پرووسیا لەناكاو لە18.4.1864 پەلاماری ناوچەكە دەدەن و دانیمارك دەردەپەڕێنن. دواتر رێكەوتنی گاشتاین14/8/1865 لە نێوان پرووسیا و نەمسا مۆردەكرێ، بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە: رێكەوتنەكە وابوو، پرووسیا شلێزڤیگ و نەمسا،هۆلشتاین بەڕێوەبەرێت.
بەڵام سەركەوتنی پرووسیا زوو هاوكێشەكەی گۆڕی. دوای دووساڵ ململانێی تەواو لەسەر دابەشكردنی بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازی و زیادبوونیگرژییەكان تا دەهات پەیوەندی نێوانیان لە بەرپاكردنی شەڕی نزیك دەكردنەوە. ئەم شەڕە بەشەڕی براكوژی نێوان ئەڵمان ناسراوە.

نەمسا وەك زلهێزەكانی تر بە شكۆی بسمارك و بەهێزی و سەركەوتنی پرووسیا دڵخۆش نەبوو. رۆژی 7/5/1866  بسمارك پاشای رەوانەی ماڵەوە دەكاتەوە، بەپێ نزیكی دەروازەی براندەنبۆرگ دەیەوێ بگەڕێتەوە كۆشك، لەناكاو هەست دەكات یەكێ بەدواوەیەتی، ئاوڕ دەداتەوە، دەبینێ كەسێك پەلاماری دەدات و دوو فیشەكی پێوەدەنێ، بسمارك هەرلەوێودا لێی دێتە دەست و دەیەوێ چەكەكەی لێ بستێنێ،كابرا 3 فیشەكی تریش دەنێ بە بسماركەوە. بیسمارك كابرا چەك دەكات و پاسەوانەكانی نوێنەرایەتی رووسیا لەو نزیكە دێنە هانایەوە. بسمارك بریندار دەبێت و ئەم كردەوەیە بەدەستی نەمسا دەزانێ.
هەر زوو نەمسا بە نهێنی هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ فەرەنسادا بەست. بسمارك چەند ناوچەیەكی رزگار كرد. ئەوەبوو لە شەڕێكی گەورەدا بە هەڵمەتێكی شێرانە بە سەركردایەتی جەنەڕاڵ مۆلتكە( ئەم جەنەڕاڵە ماوەیەكیش راهێنانی بە جەنەڕاڵەكانی دەوڵەتی عوسمانی كردووە و رۆڵێكی نێگەتیڤی لەدامركاندنەوەی راپەڕینەكانی كورددا گێڕاوە ) نەمسای تێك شكاند و پەند و وانەیەكی جەرگبڕی دا بە بنەماڵەی هابسبۆرگ. سەرەتا رێكەوتننامەی نیكۆلسبۆرگەر ، دواترلە 23/8/1866 پراگ ئازادكرا، كە لێرەدا زۆر شت بەسەر نەمسادا سەپێندرا.

لەسەر داوای پاشا بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران دیارییەكی گەورەی 400,000 درا بە بسمارك، ئەویش كۆشكێكی گەورە بە7 گوندەوە بە تێكڕا 5500 هێكتار زەوی بوو لە Varzin بۆ ئەوەی تێیدا بحەسێتەوە كڕیی.

كە پرووسیا شەڕەكەی بردەوە تەواوی جوگرافیای باكووری ئەڵمانیای هێنایە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە و چارەنووسی دەوڵەتۆكە و میرنشینەكانی باكووری گرتە دەست خۆی..بەم ھۆیەوە یەكێتی ئەڵمانی/ دۆیچە بوند كە لە 39 دەوڵەتۆكە پاش كۆنگرەی ڤییەنا پێكھاتبوو، هەڵوەشایەوە. لە جێگای ئەوە بسمارك كۆنفیدڕاڵی ئەڵمانی باكووری لە نێوان25 پاشانشین و میرنشینی گەورە و بچووكدا پێكهێنا، واتە ئەم یەكێتییە پێكهات، بەتایبەت لە نێوان دەوڵەتۆكەكانی باكووری رووباری ڕاین بەسەرۆكایەتی پاشانشینی پرووسیا.

لە باشووریش چەند دەوڵەتۆكەیەك مابوون، زیاتر لەژێر كاریگەرێتی نەمسادا بوون. بسمارك هەر بەدوای دەرفەتی گونجاودا دەگەڕا، ئەوانیش بخاتە سەر حوكمڕانییەكەی.

بۆیە ئەم دەستكەوتە مەزنەی تەریككردنی نەمسا لە دەستێوەردانی سیاسەتی ناوخۆیدا، هەر نەبووە جێی ھەموو ئاوات و خەونی بسمارك. بەتایبەت كاتێك كە دەوڵەتۆكەكانی باشوور ملیان بۆ یەكگرتن نەدەدا و لێی بە گومان بوون و نوقمی خەمی دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی خۆیان بوو.بەهێزبوونی ئەڵمان و سەركەوتنی بسمارك مایەی نیگەرانی و سەرنج لای زلهێزەكانی فەرەنسا و رووسیا و ئینگلتەرا.هەموو چاویان بڕیبووە سەر بەرەوپێشچوونەكانی ئەڵمانیا بەسەركردایەتی بسمارك لەلایەك گوێی بە نیگەرانییەكانی هیچ لایەك نەدەدا و هەر بەردەوام بۆ ئەو ئامانجە تێدەكۆشا كە باوەڕی پێی بوو، ئەویش یەكگرتنی ئەڵمان بە سەركردایەتی پرووسیا بوو. لەلایەكی ترەوە، هەوڵی راگرتنی باڵانسی پەیوەندییەكانی دەدات. واتە بە دوو تاكتیكی سەربازی و دیپلۆماسی كاری دەكرد.

بسمارك جارێكی تر بە قورسی نەخۆش دەكەوێتەوە. كێشەكانی ناوخۆ درێژە دەكێشن و بسماركیش لەخەمی ئەوەدایە زلهێزەكان بەتایبەت فەرەنسا لێی گەڕێن، كێشەی بۆ دروست نەكەن و گەلەكۆمەكێی لێ نەكەن. حكومەتەكەی بسمارك بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەسەر ئاستی ناوخۆداهەڵدەستێ.فەرەنسا وەك دەوڵەت و دەسەڵاتێكی هاوسنوری ئەڵمانیا زۆر زیاتر لە دڵەڕاوكێی سەركەوتنەكانی بسماركدا بوو، كەوتە گەڕ كردن و بیانوو دۆزینەوە بۆ كێشانی سنورێك بۆ بسمارك. دەیویست باڵادەستی خۆی بەسەر لاچەپی رووباری راین دا لەدەست نەدا، بەتایبەت بە رووی لوكسەمبۆرگ و بەلژیكادا. سەرەتا بسمارك سووكە رەزامەندییەكی بەرامبەر بە فەرەنسا نیشاندا، تا خۆی كۆ بكاتەوە. هاوشانی ئەوە توانی سەركەوتنێكی گەورەی تر بەدەست بهێنی بە مۆركردنی رێكەوتنامەی» هاوپەیمانێتی بەرگری و خۆپارێزی» لەگەڵ دەوڵەتۆكەكانی باشووردا،  ئەم رێكەوتنە سەربازییە پێگەی بسماركی تەواو بەهێز كرد.

ئینجا بسمارك ئاڕاستەی سیاسەتی بەڕووی كێشەكانی ناوخۆدا وەرگێڕا و هەوڵی ئاسایی كردنەوەی بارورودۆخی بەتایبەت كێشەی دەستووریدا كە گەورەترین هەرای لەسەر ساز بوو. بسمارك توانی تەواوی دۆخەكە ببەستێتەوە بەهەلومەرجی شەڕەوە و داوای كرد بۆ باروخی وڵات یەكگرتوو بن.

ناوەڕاستی مانگی 8/1866 بیسمارك لەگەڵ دەوڵەتۆكەكانی باكووردا،ئەوانەی نەچووبوونە پاڵ نەمسا لە شەڕی دژ بە پرووسیادا، هاوپەیمانێتی بەست Putbuser Diktat. دواتر Sachsen,Hessen هاتنە ناوییەوە بوون بە 22 ئەندام. لە كلێسای Paulkirche ،بارەگای ئەنجومەنی نەتەوایەتی شاری فرانكفۆرت كۆبوونەوەیەك لە 12.2.1867 دا كراو هەر لێرەوە كۆنفیدڕاڵی ئەڵمانی باكوورNorddeutsche Bundبە فەرمی كەوتە گەڕ و لە هەڵبژاردنەكاندا لیبڕاڵەكان زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێنا. بسمارك وتارێكی بەناوبانگی 12.3.1867 دا. «ئەگەر وای دابنێنێن ئەڵمان دەخەینە سەر سكەكە وا دەتوانین سواربین و لێیخوڕین». 1.7.1867 دەستوور بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، بسمارك ناوی بوو بە راوێژكاری فیدڕاڵی. پاش ماوەیەك نەخۆش دەكەوێتەوە، بەهۆی سەرقاڵی و ماندووبوونی بە كاروباری: پاشا، وەزیر و فەرمانبەرەكانی حكومەت، پەرلەمان و ئەو 22 دەوڵەتۆكە نوێیە و سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ زلهێزەكاندا، پشووی لێ دەبڕێ.كۆمەڵێ گۆڕانكاری گرنگ لە سیاسەتی ناوخۆدا روودەدات،دیارترینیان رێكخراوی گومرگ بەفەرمی دەبێتە هی دەوڵەتی فیدڕاڵی و نوێنەری باكوور و نوێنەری باشوور كاری تێدا دەكەن.

باكوور و باشوور لەڕووی سیاسییەوە تەنیا رێكەوتننامەیەكی سەربازی پێكەوەی دەبەستنەوە. بەپێی ئەم رێكەوتننامەیە دەبوو لەكاتێكدا ھەر لایەكیان تووشی ھەڕەشە و شەڕی دەرەكی بێتەوە، لایەنەكەی تر پشتیوانی لێ بكات.بسمارك ئەم چركەساتەی بۆ ستراتیژەكەی خۆی قۆستەوە و كەوتە بیری نەخشەكێشانی شەڕێك دژ بە فەرەنسا، كە دەمێك بوو لێیان داخ لەدڵ بوو.(مرۆڤ نابێ شەڕ هەڵگیرسێنێ، ئەگەر بێت و بتوانێ مەردانە خۆی لێ لادات. هەل و چانسی سەركەوتنێكی هەرزان و گونجاو، نابنە هۆكارێك، بۆ دەسپێكردنی شەڕێكی گەورە).

تەقینەوەی شەڕە گەورەكە:
تەقینەوەی شەڕی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەسا لەوێوە دەستی پێكرد، كاتێ ساڵی1870 ئیسپانیا داوایان لە بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرنكرد شازادەیەك بكەنە پاشای ئیسپانیا بەهۆی قەیرانی ناوخۆی وڵاتەكەیانەوە، كە پێش دوو ساڵ پێشتر شاژن Isabella تێدا رووخا بوو. لیوپۆلد كاسولیكی بوو، خوشكی پاشای پورتوگال خێزانی بوو،باپیرە گەورە و دایەگەورەیان خزمە ناپلیۆن بوون.

بسمارك ئامۆژگاری بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرنی كرد پێشنیازەكە قبووڵ بكەن. رێكەوتنەكە بە نهێنی راگیرا. دواتر پاریس پێی زانی بوو. ئەوی راستی بێت مێژوونووسان تا ئێستا نازانن بۆ بسمارك پشتیوانی دەكرد لە بنەماڵەی هۆهەنزۆلەرن بۆ گرتنەدەستی پاشایەتی!. فەرەنسا بەزمانی توند ئاگاداری پاشای پرووسیا دەكاتەوە،كە كاری وا نەكەن و بە فەرمیش داوای لێ بووردن بكەن. پاشا بەزمانێكی نەرم ئاگاداری ناپلیۆن دەكاتەوە،كەوا كاندیدەكە دەگێڕنە دواوە، بەڵام میدیا و سیاسەتی فەرەنسی بەردەوام بوون لەسەر هێرش كردنە سەر پاشای پرووسیا. لە دیدارێكی نێوان پاشا ڤیلهێلم و نوێنەری فەرەنسا Benedettiكە ناسراوە بە Emser Depesche،فەرەنسا چاوەڕێی داوای لێبووردن بە گەرەنتییەوە دەكات. بسمارك بەم كەینبەینە دەزانێ و دێ خۆی رێكەوتنەكە دادەڕێژێتەوە و لە كۆتاییەكەیدا چەند رستەیەكی توند دەنووسێ و بە جۆرێك نە ساختەكاری لە دەقەكەیدا دەكات و نە هەڕەشەی شەڕكردنیش دەكات و بڵاوی دەكاتەوە. فەرەنسا بەم رەفتارە ناڕەحەت دەبن و پێیان وایە شكۆیان بریندار كراوە، شەڕ رادەگەیەنن. لە نزیك ناوچەی Sedan شەڕێكی سەخت روودەدات و ناپلیۆن دەشكێ و نزیكەی 150,000 سەربازی فەرەنسی و خودی ناپلیۆنی سێیەمیش بەدیل دەكەونە دەست ئەڵمانەوە.هەڵبەت جێی ئاماژە پێدانە، كاتێك شەڕ ھەڵگیرسا دەوڵەتۆكەكانی باشوور بەپێی رێكەوتننامەكە ھاتنە ھانای باكووربە پێی رێكەونێكی پێشوەختی نێوان بسمارك و دەوڵەتۆكەكانی باشوور بەناوی رێكەوتننامەی «بەرگری و خۆپارێزی» .

لەیەك كاتدا سەركەوتن بەسەر فەرەنسا و دامەزراندنی دەسەڵاتی قەیسەری ئەڵمان لە هۆڵی ئاوێنەبەندی ڤێرسایەوە راگەیەندرا. پاشاKaiser Wilhelm كرایە قەیسەری رایشەكە و بسماركیش بە راوێژكار/كانتسلەر.فەرەنسا دەبوو قەرەبووی زیانەكان بكات و ناوچەی Elsau و بەشێكیLothringen بداتەوە بە ئەڵمانیا. دوای ئەمە پرسی یەكگرتنی دەوڵەتۆكەكانی باكوور و باشوور گەرمتر بوو،بسمارك هەرچی شێوازی گونجاو نەرم هەیە پەسەندی كرد، بۆ رازیكردنیان لە ئیمتیازاتی تایبەتی بۆ هەرێمەكەیان تا بەخشینی خەڵاتی گەورەی گرانبەها بە پاشا و میرەكانیان، وەك ئەوەی لەگەڵ پاشای بایەردا Ludwig IIكردی،بە كڕینی كۆشكێك بۆی بە بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر.دواجار لە مانگی نۆڤەمبەر، كە رێكەوتننامەشی پێ ناسراوە هەردوو بەرە رێك دەكەون.باشوورییەكان دێنە ناو كۆنفیدڕاڵی ئەڵمانی باكوور.دواتر بەدەستكارییەكی كەمەوە، دەستووری باكوور دەگۆڕن بە هی رایشی ئەڵمانیا. ئینجا بسمارك دەڵێ: یەكێتی ئەڵمانمان ئەنجام دا،هەروەها قەیسەرەكەشی.

قەیسەر بسمارك دەكاتە یەكێك لە خاوەن موڵك و زەوییە گەورەكانی ئەڵمانیا. لە میرنشینی Lauenburg ی پێدەبەخشێ كە بریتییە لە 25,000 دارستان و 2000 هەزار زەوی كشتوكاڵ واتە نزیكەی 12,000 مەتر چوارگۆشە،لە Friedrichsruh لە Sachsenwald.

لە راوێژكاری ئەڵمانیاوە تا وازهێنانی1871 – 1890
دوای1871یاسای دراو، دروستكردنی بانكی رایش، یاسای چاپەمەنی رایش، بەڕێوەبەرایەتی رایش، یاسای دادوەری و دامەزراندنی دادگای رایش لە بەهی یاسای دراوەوە7 جۆر دراوی جیاواز هەمبوون نەمان33بانكی ناوەندی دراو هەبوو هەمووی بوو بە مارك تا ساڵی 1878هەموو جۆرە پارەكانی تر لەلایەن بانكەوە كێشرانەوە، پچڕانی پەیوەندی1872-1882 لەگەڵ كڵێسادا دوای مردنی پاپا 1878PiusIX كۆتایی هات و بەرەو باشتر چوو.

كۆنگرەی بەرلین 13.6.1878 بەسەرۆكایەتی بیسمارك دەبەسترێت، لەنێوان پیاوەكانی دەوڵەت و زلهێزەكانی ئەڵمانیا، نەمسا ـ هەنگاریا، فەرەنسا، شانشینی یەكگرتوو، ئیتاڵیا، ڕووسیا، بەهۆی كێشە و ئاڵۆزییەكانی بالكانەوە. هەوڵدەدرا ئەم لایەنانە رێك بكەون. بسمارك كۆنگرەی دەبرد بەڕێوە. لێرەدا زۆر ستایشی بسمارك و چۆنییەتی بەڕێوەبردن و قسەكردنی لەم كۆنگرەیەدا دەكرێ، یەكێك دەڵێ:» بەڕاستی دەڵاڵێكی راستەقینەی سەر راست بوو، كە دەیویست رێكەوتنەكە بە ئەنجام بگەیەنێت».

سەرەتا بسمارك خەریكی سیاسەتی دەرەوە بوو، كە ناسراوە بە تێربوون،  واتە دەستبەرداربوونی سیاسەتی كۆلۆنیالیزم، بۆ دەوڵەتەكانی دی، كە ئینگلیز و فەرەنسا پێڕەویان دەكرد. لەم رووەوە دەڵێ: «نەخشەی ئەفەریقای من وا لە ئەوروپا».بسمارك بلیمەت بوو، دەیزانی گەر تەواوی ھێزەكانی ئینگلیز و فەرەنسا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەھێز دەبنەوە و پەلاماری ئەڵمانیا دەدەنەوە و رێگریی لە خەون و ئاواتەكانی دەكەن. بۆیە ئاقڵانە كەوتە بەستنی زنجیرەیەك ھاوپەیمانی جۆراوجۆر بۆ قایمكردنی جێ پێی ئەڵمانیا لە ناوەندی ئەوروپادا. ئەڵمان زیاتر كێشەی لەگەڵ فەرنسادا بوو. ھاوپەیمانی بسمارك لەگەڵ رووسیا، نەمسا و ھەنگاریا، بریتانیا مەزندا پێكھێنا.ھەڵبەت بسمارك پیاوێكی پاسیف نەبوو خۆی لەشەڕ لابدات یان بدزێتەوە، بەڵكو واقیعی بوو، دەیویستئەوەی بەدەستی ھێناوە بیپارێزێ ودۆستی بۆ پەیدا بكات.» ئێمە پارێزگاری لە ئاشتی دەكەین، لەو رێگایەوە كە خۆمان وا نیشان دەدەین كەوا ئامادەی شەڕین».

باوەڕ و بۆچوونێكی بەربڵاو لای مێژوونووس و نووسەرانی ئەڵمان هەیە،بسمارك لە سیاسەتی دەرەوەدا سەركەوتوو بووە، بەڵام لە ناوەوە نەیتوانیوە، تەواو سەركەوتوو بێت. پێم وایە ئەمە ناهەقییە بەرامبەر بەم سەركردەیە. رێكخستن و یەكگرتنی ئەڵمانیایەكی بێ سەروبەر و پارچەپارچە و ناوچە پەرست و میر و پاشا پەرست،هەر بەو كراوە و ئەو توانییەتی بیكات. رەنگە بەچەمكی مۆدێرنەی دیموكراسی و چەپایەتی و لیبڕالیەت، رووكەشانە حوكمی دڵڕەقانە لەسەر بسماركی پێش 100 – 150بەر لە ئێستا ئاسان بێت. بەڵام واقیعی تاڵی ئەڵمان و هەڵكەوتی جیۆسیاسی وڵاتەكەیان زۆری دانیشتوانەكەیی و زۆر هۆكاری تر هۆكارێك بن، كە هەمیشە چاوی زلهێز و دراوسێكانی ئەڵمان لەسەر ئەڵمانیا بووە و حەزیان نەكردووە بەهێز و خاوەن رۆڵ بێت.

ئەمەش هۆكارێكی یەكلاكەرەوە بوو بێت بۆ بسمارك،كە بەهەر نرخێك بێت مەبەستی بووە دۆزی نەتەوەكەی بگەیەنێتە دوا هەواری مسۆگەری زامنی. بۆیە گوێ بە چ دروشم و ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییەك نەداوە. دەڵێن هیچ پیاوی دەوڵەتێك هێندەی بسمارك لە قسەكردندا ناوی خودای نەهێناوە. تەنانەت خۆی بەسەربازی خودا زانیوە. لەكاتێكدا بە هەموو قەناعەتێك هەوڵیدا ئایین و دەوڵەت لێك جودا بكاتەوە. «ئێمەی ئەڵمان لە خوا دەترسین،بەڵام نەك لە جیهان. هەروەها لە خوا ترسانمان خۆشە، كە وامان لێ دەكات،ئاشتیمان خۆش بوێت و خەمی بخۆین».

سیاسەتی بنەڕەتی بسمارك لەسەر ئاستی ناوخۆ لەسەر ئەم بنەمایانە ھەڵچنرابوو:
(ھێشتنەوە و پاراستنی پاشانشینی پرووسیا.بەرفراوانكردنی ھیگۆمۆنی پرووسیا لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و كردنی ئەڵمان بە زلھێزێكی ئەوروپایی.پرەنسیپی ئاسانی، یاخود سیاسەتی دەست كراوەیی،بسمارك بۆ ھەڵبژاردنی ھاوپەیمانەكانی وابەستەی ھیچ سیاسەت و ئایدۆلۆژییەك نەبوو.ئەو پرسەی گرێ دەدات بە بارودۆخەوە.گەورەكردنی كێشە و ھەراكان و خۆڵقاندنی دوژمنانی رایش.كاركردن لەنێو كابینەی ئەنجومەنی وەزیران دیپلۆماسی نھێنیدا.بەكارھێنانی«شەڕ وەك ئامڕازێكی سیاسی ».سیاسەتی خۆیی ودەستكرانەوە).

سیستەم و كرۆنۆلۆژیای ھاوپەیمانێتی بسمارك
(لە1873 دارێكەوتن لەسەر ئاستی ھەر سێ پاشانشینییەكەی«ئەڵمان و رووس و نەمساو ھەنگاریا.لە1878 داكۆنگرەی بەرلین: بیسمارك دەبوو سیاسەتی زەمینی لە بالكان روون بكاتەوە. رۆڵی دەڵاڵێكی دەگێڕا لە نێو زلھێزەكاندا. لە 1879دا، یەكێتی دوو قۆڵی لەگەڵ نەمسا ھەنگاریا، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری ھێرشی رووسیا لە 188و یەكێتی سێ قۆڵی نێوان سێ قەیسەرەكە و نوێكردنەوەی پەیمانەكەی 1873. لە 1882 و یەكێتی سێ قۆڵی، یەكێتی سەربازی نێوان ئەڵمان، ئیتاڵیا، نەمسا و ھەنگاریا. لە 1887 ھاوپەیمانی زامنكردنی پشتەوە، لە نێوان ئەڵمان و رووسی دا، بۆ رێگری ھاوپەیمانێتی لە نێوان رووس و فەرەنسادا . لە 1887 و رێكەوتنی دەریای ناوەڕاست، لە نێوان بریتانیای مەزن و نەمسا و ھەنگاریا، ئیتاڵیا، بۆ وەتاقخستنەوەی فەرەنسا، سیاسەتی دەرەكی و دەستبەرداربوون یاخود خۆنەدان لە تخووبی سیاسەتی كۆلۆنیالیزم و خۆ تەرخانكردن بۆ جێی خۆ قایمكردن لەسەر ئاستی ئەوروپا، و زامنكردنی ئارامی بۆ ئەڵمان و بەشداریكردنی ھاوپەیمانییە گرنگەكانی ئەوروپا و بەشداری لە سەقامگیریكردنی ھاوسەنگی دەسەڵاتی ئەوروپادا. دوور خستنەوەی شەڕەكان بۆ بالكان و ئەو دیو سنوری دەریا و پشتیوانی ئەو شەڕ و كێشە و ھەرایانەی كە ئەڵمان وەك لایەنێك و ناوبژیوانێك بەشدارییان تێدا دەكرد، تا كاریگەرێتی و لەسەر سیاسەتی ئەوروپا پەیدا بكات. دابڕاندنی فەرەنسا بە ھەموو شێوەیەك). لە ناوەوەش لەگەڵ لایەنەكاندا كەوتە پێڕەوكردنی سیاسەتی جۆڵانەئاسا و ھەر جارەی لەگەڵ بەرەیەكدا پێكدەھات. ھەموو ھەوڵی پەكخستن و دوورخستنەوەی ناحەزەكانی بوو، لە چوارچێوەی سیاسەتێكدا بە شەڕی كەلتورKulturkampf ناسراوە دژ بە:
لەگەڵ پارتی كاسۆلیكی(و لابردنی بەشی كاسۆلیكی لە وەزارەتی كەلتوری پرووسیا،+پیاوە ئاینییەكان بۆیان نەبوو خۆیان لەكاروباری سیاسی دەوڵەت ھەڵقورتێنن و سەربەستی دەوڵەتی بۆ خوێندن جێی ھی كڵێسای گرتەوە، پێویست بوو پیاوە ئاینییەكان تاقیكردنەوەی كەلتوری دەوڵەتی بدەن، سنوورداركردنی ھەڵبژاردنی كڵێسا، لەگەڵ سۆسیالستەكاندا: قەدەغەكردنی ررێكخراوە سۆسیالیستی و سۆسیال دیموكراتەكان، گرتن و رراوەدوونانی كەسانێك كە جێی مەترسی بوون، بە ھەموو شێوەیەك دەیویست كڵێسا و دەوڵەت واتە ئایین و سیاسەت لێك جوودا بكاتەوە). پێویستە ئاماژەش بەوە بكەین ساڵی 1874 كرێكارێكی كاسۆلیكی پەلاماری بسماركی دا، سەلامەت لێی دەرچوو، بەڵام ركی ئەستوورتر بوو.

دوژمنە سەرسەختەكانی ئەو رۆژەی بسمارك بریتی بوون لە:
1ـ پارتی ناوەندی كاسۆلیكی، بسمارك لەمانە زۆر دەترسا و نەیدەویست ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی تردا بكەن و كێشە بۆ ئامانجەكانی قووت بكەنەوە. باشتر بڵێم لە رێگای كڵێسا و ڤاتیكانەوە فەرمان وەرگرن و خۆیان بەھێز بكەن و بۆی ببنە مێمڵێكی سەرسەختی سیاسی. شەڕە كەلتورییەكەی بۆ جیاكردنەوەی دەسەڵاتی ئایین/ كڵێسا بوو لە سیاسەت/ دەوڵەت. بۆ ئەمەش یاسای جۆراوجۆری دەركرد دژ بە كاسۆلیكەكان. بەڵام لەئاكامدا نەیتوانی رێگریی تەواو لەمانە بكات. ئەوە بوو لە ھەڵبژاردنەكانی 1878 دا پارتی ناوبراو بووە دووەم ھێزی پەرلەمان و بیسمارك ناچار بوو ددانیان پێدا بنێ و كاریان لەتەكدا بكات. بەڕادەیەك ھەر بەرەوپێشچوون و سەركەوتنێك لەسەر دەستی ڤاتیكاندا بەدەست دەھات، بسمارك بەرامبەر بەمانە ناچار دەبوو بڕیار و سیاسەتەكانی شل بكات.
ئیدی ئەم دوو بەرە ھێندە لەیەك نزیك بوونەوە، بوونە ھاوپەیمان و بسماركیش پێویستی بە لایەنێك ھەبوو شەڕی لایەنەكانی تری پێ بكات. بسمارك وردە وردە دەستبەرداری لیبڕاڵەكان بوو، كە ھاوپەیمانی كۆنی بوون.
2- دەیویست دژی مێمڵە گەورەكە، سۆشیال دیموكراتەكان شتێك بكات. ئەمانە تا دەھات بەدەسەڵاتر دەبوون و خورتتر دەبوون. پارتی سۆسیالیستی كرێكارانSAP، گۆڕا بە پارتی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا SPD.
بسمارك ئەمانیشی بە ھەڕەشە دەزانی. لەو ماوەیەدا دوو رووداوی سەیر روویاندا، دوو جار ھەوڵی كوشتنی پاشا ڤیلھێلم درا. بسمارك سۆسیال دیموكراتەكانی پێ تاوانبار كرد. بۆیە بە توندی رووبەڕوویان بۆوە و یاسا و بڕیاری دژ بەكارھێنان. كۆمەڵێك كرێكار و ھێزی كاری تر ھەر لە بسمارك نزیك بوون و باوەڕیان بە كارێزماییەكەی ھەبوو. بیسمارك لەژێر گوشاردا و بۆ ئەمانە كۆمەڵێك یاسای لە پێناوی بەرژەوەندییاندا دەركرد كە ناسراوە بە « یاسا سۆسیالیستییەكان-Sozialistischer Gesetze ». رێگری لە كۆڕ و كۆبوونەكانیان و سانسۆر خستنەسەر بڵاوكراوەكانیان .Schutzzulle einfuhren. لە دواجاردا ئەم پارتە ناچار بوو، رێگای خەباتی نھێنی بگرێتەبەر. پاشان لە فۆڕمی دیكەدا لە چوارچێوەی رێكخراوی جۆراوجۆردا خۆیان رێكخست لەوانە، Turnverein و لەم رێگایانەوە درێژە بە چالاكی و خەبات بدەن. لەڕاستیدا بەم شێوازەش ھێشتا تەواو ئازاد نەبوون، چاودێری چڕیان بەسەرەوە بوو. وەك ھەقیقتێكیش تا دەھات جەماوەر لەدەوری سۆشیال دیموكرات خڕ دەبوونەوە رۆژ بە رۆژ بەھێزتر دەبوون. بیسمارك ناچار بوو، كۆمەڵێ بڕیار بە سوودی ئەم بزاڤە دەر بكات:
بیمەی تەندروستی، Krankenversicherung 1883 سێ یەكی خاوەن كار دەیدا و سێ دووی كارمەند دەیدا. هەروەها Unfallversicherung1883بیمەی بریندار و نەخۆشكەوتن لەسەر كار، تێچووەكەی خاوەن كار لە ئەستۆی دەگرت.und Rente VersicherungInvaliden1889. بیمەی كەمئەندامبوونی كرێكار و كارمەند یان هەر كەسێكی تر كە رووداوی بەسەردا دەهات و بیمەی خانەنشینی ھەر لایەك نیوەی دەدات.
ئەم جۆرە بیمانە بە گەورەترین دەستكەوت دێنە هەژماردن. ئەو كات لە تەواوی جیھاندا نەبوون و ئێستاش نیوەی دنیا خاوەنی نییە. دەتوانم بڵێم لە وڵاتە سۆشیالیستەكانیشدا دەستكەوتی وا گرنگ بەرچاو نەدەكەوت.
هەر ئەمەشە كە سیستەمی ئەڵمانی لە زۆرینەی سیستەمەكانی جیهان جودا دەكاتەوە. ئەم دەستكەوتانە لەو رۆژەوە هەتا ئێستاش لە ئەڵماندا بەرقەرارن و مایەی خۆشحاڵی و جێی شانازین، كە جێ پەنجەی بسماركیان پێوە دیارە. بیمەی نەخۆشی و رووداو و بەسەرھات لە ساڵیدواتر دابینكردنی خانەنشینی.
بسمارك هێند بە ئەزموونی تایبەتی ئەڵمان قەناعەتی هەبوو، دەڵێ: ئێمە دوای نموونە و تاقیكردنەوەی بێگانە ناكەوین، بەڵكو ئێمە دوای كاسبكار و بازرگانانی خۆمان دەكەوین بە پشتیوانی خۆمانەوە. ئەمەش پرنسیپەكەیە».
لە 1888 لەناكاو كایزەر ڤیلھێلم دەمرێ. دوای ئەو كایزەر ڤیلھێلمی دوو Kaiser Wilhelm II دێتە سەر حوكم. ئەم لەكار و سیاسەتدا تەواو پێچەوانەی پاشای پێشوو بوو. ڤیلھێلمی دووەم زۆر لە ھەژار و كرێكاران نزیك بوو، بەڕادەیەك خۆی بە كایزەری ئەوان زانیوە. بەم ئەقڵیەتەوە پێكەوە كاریان بۆ ناكرێ، دەرئەنجام كایزەر بیسمارك لە 1890 دا ناچاری دەست لەكار كێشانەوە دەكات، دوای وازھێنانی خەڵكێكی زۆر بەردەوام ھاتوچۆیان دەكرد و ھەر وەك سەركردەی لێھاتوو تەماشایان دەكرد. بسمارك بۆ خۆی كۆمەڵێك نەخۆشی سەختی ھەبوو، تا دەشھات لێی پیس دەكرد و دۆخی بەرەو خراپی دەچوو. تا لە ساڵی 1898 بە ھۆی نەخۆشییەكانییەوە گیان لەدەست دەدات.
وەك نووسەرێك دەڵێ: زۆر بە ئاسانی دەست لە پێگە و گرنگی بسمارك هەڵگیرا و دوور خرایەوە. هاوكات دەیانویست وای نیشان بدەن خۆی بەهۆی باری تەندروستی خراپییەوە دوور كەوتۆتەوە. بەكورتی لەدەرەوە و ناوەوەی ئەڵمانیا دوورخستنەوەكەی بسمارك مشتومڕی نایەوە. لەتەك ئەو رەفتارە خراپەی قەیسەر لەتەك بسماركدا، بەڵام بسمارك ماڵئاوایی لێ دەكات. لە رۆژی 10.4.1890 خۆیی و ماڵ و منداڵی بەرەوFriedrichsruh دەكەونە رێ و دوای 8 ساڵی تەمەنی تێدا بەسەر برد، بە هەزاران هەزار كەسی ئاسایی و فەرمانبەری پلە بەرز بۆ ماڵئاوایی لێكردنی دێنە وێستگەی شەمەندەفەری سەرەكی بەرلین. نووسەر Baronin Spitzemberg دەڵێ:»هەموو بەرلین وا لە پشت نیشانەی بسماركەوە، رۆژنامەكان هەر باس باسی بسماركیانە، لە هەموو پەنجە و جامخانەی كۆگاكاندا وێنەی بسمارك هەڵواسراوە و كراوەتە مەدالیا».
چەندەها دەزگای راگەیاندن هەواڵەكە بڵاو دەكەنەوە و داوای چاوپێكەوتنی لەتەكدا دەكەن. ئەو بەتایبەت لەگەڵ رۆژنامەی رێك دەكەوێ قسەیان بۆ بكات. ساڵێك لەسەر داخوازی زۆربەی لیبڕاڵە ناسیۆنالەكانی دەڤەرەكەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ناوچەی باكووری هانۆڤەر كاندید دەكات. زۆرترین دەنگ دێنێ دەیتوانی بێتە نوێنەر لە رایشتاخ و درێژە بەكاروانی سیاسی خۆی بدات، بەڵام دواجار نەچوو. بیرەوەرییەكانی بسمارك»Gedanken und Erinnerung هاوكات وەك وەسێتنامەیەك وایە، دوای مردنی خۆی دەرچوو بە سێ بەند دوا بەندی لەسەر قەیسەر ڤیلهێلم بوو، راگیرا تا لە ساڵی 1921 چاپ و بڵاوكرایەوە. ئەم بەرهەمە هێندە گرنگ و خۆشەویستی نێو كایەی مێژوونووسان و لێكۆڵەر و رۆشنبیران و خوێندەواران بوو، بەگەرمی پێشوازی لێكرا و لە هەفتەی یەكەمدا نزیكەی 300,000 دانەی لێ فرۆشرا. ساڵی 1892 كوڕی ژندێنێ و ئاهەنگەكەی لە ڤیەننا ساز دەكات. بسمارك لەوێ چاوی بە قەیسری نەمسا Franz Joseph دەكەوێت. ئەم دیدارە ترس و گومان دەخاتە دڵی پاشا و بەپرسانی ئەڵمانییەوە و دەترسن بیسمارك خەریكی كاری سیاسی بێت و بیر لە تۆڵەكردنەوە بكات. ساڵی 1894 بسمارك لەگەڵ قەیسەردا ئاشتاین دەبێتەوە و داوەتنامەیەكی بۆ بەرلین بۆ دێ و پەسەندی دەكات. قەیسەر ڤیلهێلم لە كۆشكی بەرلین دەیبینێ. دوای ئەم دیدارە بە 3 هەفتە، قەیسەر دەچێتە سەردانی بسمارك لەFriedrichsruh هەر لەم ساڵەدا خۆی جەڵدەیەك لێی دەدات و نەخۆش دەكەوێ و ژنەكەشی دەمرێ، ئیدی بارودۆخی ژیانی بسمارك زۆر ناخۆش دەبێت.
كچەكەی خەریكی خزمەتكردنی باوكی دەبێت، بە بۆنەی جەژنی لەدایكبوونی 80 ساڵەیەوە، ئاهەنگێكی گەورەی بۆ ساز دەكەن و قەیسەر بە خۆیی و تیمی مۆسیقای سەربازییەوە دێنە سەردانی بسمارك، بەم بۆنەیەوە 50 شاندی گەورە كە 35 شەمەندەفەری تایبەت دەهێنرێن و دەبرێنەوە دێنە سەردانی. بسمارك نزیكەی 10,000 هەزار تێلەگرامی پێ دەگات. چەندین هەزار كارتۆن دیاری و 45,000 پۆستكارت و نامە و بەڕێوەبەرایەتی پۆستی شارەكەی 28 كارمەندی زیادە دەخەنەكار بۆ هێنان و بردنی دیارییەكانی بسمارك. مانگی 5/1895 هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵHamburger Zeitung كردبووی رێگەیدا بڵاوكرێتەوە. ئەم بڕیارە تا ئێستاش هۆكارەكانی بەلای مێژوونووسانیشەوە دیار نییە. هەرایەكی گەورە بەرپا بوو. ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكە، رەخنەی توند بوو لە حكومەت و ئاشكراكردنی هەندێك كاری نهێنی بوو. ئەم چاوپێكەوتنە دەنگدانەوەیەكی گەورەی دایەوە لە ناوەوە و دەرەوە. پاشا بڕیاریدا بە تاوانی ناپاكی لە نیشتمان بیخاتە زیندانی Spandau بەرلین. بەڵام راوێژكاری ئەو دەمە Hohenlohe رێگری لەم بڕیارە دەكات و قەیسەر لە بۆچوونەكەی سارد دەكاتەوە.
رۆژی 30.7.1898 دوا رۆژی ژیانی بسماركە، بسماركێك ساڵانێكی زۆر بوو بە نەخۆشی و ئازاری جۆراوجارەوە دەیناڵاند. لەتاو ئازاری زۆر و ناڕەحەتی دەڵێ:» بۆ من تەنها یەك رۆژی بەختەوەری ماوە، ئەویش ئەو رۆژەیە كە چی تر لەخەو هەڵناسم». لە وەسێتنامەكەیدا داوا دەكات بەسەر گردۆڵكەیەكەوە، لە Friedrichsruh بینێژن، بەرامبەر بە مەڵبەندی ئەنجومەنی نوێنەران. بەڵام قەیسەر سەرباری ئەو ناكۆكییانەی نێوانیان، رێگری لەم وەسێتنامەیە دەكات و تەرمەكەی بیسمارك لە تابووتێكی تایبەتیدا دێنن بۆ بەرلین و لەكاردیدراڵی بەرلین/ Berliner Dom لەتەنیشت چەندین ئەندامی تری ناوداری بنەماڵەی هۆهەنتسۆلەرن/ Hohenzollern دەینێژن. لەسەر كێلە مەڕمەڕەكەی دەنووسن: میر ڤۆن بسمارك، رۆژی 1,4,1815 لەدایكبووە و 30.7.1898 كۆچی دوایی كردووە، ئەڵمانێكی بەئەمەكی خزمەتگوزاری قەیسەر Wilhelm IIبووە.
هەتا ئەمڕۆ هەزاران كتێب و خەرمانی وتار و لێكۆڵینەوە و قەڵایەك وێنە و مەدالیا و هەزاران هەزار ناوی شەقام و گۆڕەپان و مۆزەخانە و كۆتەڵ و پەیكەری لە ژمارە نەهاتوو بە ناوی» ئۆتۆ ڤۆن بسمارك» ەوە هەیە. ئەگەر ئینگلیز بە چەرچڵ و فەرەنسی بە دیگۆلەوە شانازی بكەن، ئەڵمانیش بسمارك دەپەرستن. كورت و كرمانجی ئەمە ئەو مێژوویەكە تا بێت زیاتر دەدرەوشتێتەوە و چركە بە چركە، گیانی سەردەمی دەچێتەوە بە بەردا.
ئاخر بسمارك بە ڕۆحێكی ئەڵمانی و باوەڕێكی پتەوی یەكگرتنەوە دەوڵەتێكی لە دوای خۆی بەجێ هێشت 150 ساڵ زیاتر، لە هیچ باهۆز و كێژەڵووكە و زریانێكی ئایدۆلۆژی و قەیرانی نەتەوەیی و نێونەتەویی نەیتوانیوە، كۆڵەكەیەكی لەق بكات. سەروەرییەكی نەتەوەیی و سیاسی و ئابووریی هێندە پیرۆزی لە دوای خۆی جێهێشتووە، شكۆی بەخشیووە هەر تاكێكی ئەڵمان، كە لە سێبەری ئەڵمانیا و سەركەوتن و دەستكەوتەكانیدا دەژی.

چەپكێ لە وتەكانی:
+ ئێمە ئەگەر وا نەكەین ببینە چەكوش، ئەوە دەبینە مێخسندان.
+ كەفوكوڵی هەڵچوو هی دنیای سیاسەت نییە.
+ سیاسەت زانست نییە كە مرۆڤ فێری ببێت، سیاسەت هونەرە و ئەوەی نەتوانێت بیكات، باشترە لێی دوور كەوێتەوە.
+ دوای خودا، دەمەوێ ئەوەی پێوستە بۆ ئەڵمانی بەدەست بهێنم.
+ رەخنەگرتن ئاسانترە لە حوكمكردن.
+ لە سیاسەتی دەرەوەدا هەست و سۆز و بەزەیی نییە، بەڵكو بەرژەوەندی بەرابەریی و بۆ وەرگرتنی ئاڕاستەكان هەیە.
+ درۆكردن دەتوانێ جەنگ هەڵگیرسێنێ، راستگۆییش لەشكر بوەستێنێ.
+ كێ گەنجینەی پارەی بەدەستەوە بوو، دەتوانێ حوكم بكات.
+ سیاسەت پەندگیریی و زانستی شیاوەكانە.
+ فرەڕەنگی و ئاڵوگۆڕكردن رۆحی ژیانە.
+ هەرگیز هێندە درۆ ناكرێ، وەك ئەوەی لەسەردەمی هەڵبژاردن و لەكاتی شەڕ و دوای ڕاودا دەكرێ.
+ تەنها گەمژەكان لە تاقیكردنەوە شت فێر دەبن، بە پێچەوانەوە زیرەكەكان لە ئەزموونی كەسانی سەركەوتووە فێر دەبن.
+ هەر ئەڵمانێك پەڕوباڵی نیشتمانەكەی بكات و رووتی بكاتەوە، بۆ من ئەڵمان نییە.
+ سیاسەت كاری پڕۆفیسۆرەكان نییە، بەڵكو بۆ خۆی هونەرێكە.
+ ئازادی ـ خۆش ژیانە/ لوكسوسە، من ناتوانم بیبڕم بە بەری هەركەسێك دا.
+ هەرچۆنێك بێت بە یاسا و رێسای خراپ و كارمەندی»دادوەری ـ دەسەڵاتی!» باشەوە دەتوانی حوكم بكەیت، بەڵام بە یاسای باش و دادوەی خراپەوە هیچت پێ ناكرێ.
+ كە گوێ لە بیتهۆڤن دەگرم، ئازاتر دەبم.
+ ئەگەر بهاتایە و دوژمنم نەبوایە، واتە من هیچ دۆستێكم نەدەبوو. مرۆڤ ناتوانێ لەیەك كاتدا هەردووكیان بێت سارد و گەرم، لە كاتێكدا، ژیان لە تەواوی سروشتیدا پێكهاتووە لە تێكۆشان.
+ تا ئێمە بەهێز بین، ئەگەری شەڕ كەمتر دەبێتەوە.
+ نیشتمان دەخوازێت خزمەت بكرێ، نەك حوكم بكرێ.
+ من سوپاسگوزاری ئەو رەخنە توندەم، كە بابەتیانە دەگیرێ لەو چوارچێوەیەدا دەمێنێتەوە.
+ لە سیاسەتدا هیچ جارێك شیاو نییە، بەڵگە و ئاكامی ماتماتیكی بخەیتە بەردەست.
+ ئازادی چەمكێكی گرفتاوییە.
+ پێویستە مرۆڤ، لە سیاسەتدا وەك رۆیشتن بەسەر چیادا، بەهۆی نشێویی و چاڵ و چۆڵییەوە، باداتەوە، بەڵام لە دەشت و تەختاییدا پێویستی بەوە نییە.
+ ئەگەر پەرلەمان نەبێت هەر چەرچییەك دەتوانێ حوكم بكات.
+ یاسا و پرەنیسیپی سەركەوتنم بریتییە لە: من راوی دوو كەروێشك پێكەوە ناكەم.
+ پرووسیا وەك چاكەتێكی خوری وایە، تۆزێ دەتخورێنێ، بەڵام گەرمت دادەپۆشێ.
+ متمانە وەك رووەكێكی ناسكە، كە فلیقانتەوە، زوو دەرنایەتەوە.

+ چەند خۆشە نیشتمانێكت هەبێت، بەهۆی لە دایكبوون و یادەوەری و خۆشەویستییەوە لەگەڵی گەورە بیت.
+ ئەركی سەرشانی دەوڵەتە، لە خەمی هاووڵاتییە بێ چارەكانیدا بێت.
+ سەركەوتنی گەشەی نەتەوەیی هەر وڵاتێك، بە شێوەیەكی بنەڕەتی وەستاوە لەسەر كەمینەی خوێندەواری وڵات. تێكچوونی ئەو كەمینە خوێندەوارە، نەخۆشی درێژخایەن پێك دێنێت.
+ لەخۆبایی بوون، یەكەم بارمتەیە لەسەر ئابڕوو.
+ ئۆپۆرتۆنیستی چییە؟ ئەو كەسەیە، كە هەلێكی گونجاو بەكاردێنێت، لەپێناوی ئەوەی جێبەجێی بكات، بۆ ئەو شتەی كە بە سوود و ئامانجی دادەنێ. بەڵێ ئەمەش ئەركی دروست و تەواوی دیپلۆماتییە.
+ من لە ژیاندا بەدەگمەن مرۆڤێكی بەختەوەر بووم. گەر تەواوی چركەساتە راستەقینەكانی ژیانم بەختەوەریم بژمێرم، پێكەوە بە تێكڕا دەبنە 24 سەعات.


ئەو رەخنانەی لە بسمارك دەگیرێ:
لە ئاكامی برەوسەندنی بیری چەپایەتی و لیبڕاڵ دیموكراسی لە ساڵانی 60 و 70كانی سەدەی رابووردوو، كەشوهەوایەكی رەخنەگرتن لە زۆر دیاردە خوڵقا. بسماركیش بەر ئەو شاڵاوە كەوت.
+ پرسی ئەڵمانیا! گەلێك كەس دەڵێن هەق بوو یەكگرتنی ئەڵمانیا گەورە ویستی بسمارك بووایە، تاوەكو ئەڵمانیش بیتوانیایە ببێت بە زلهێزێكی راستەقینەی وەك ئینگلیز و فەرەنسی و رووس و…تاد.
+ بسمارك نا دیموكراسی بووە، توند و بێ روحم، لەگەڵ دۆست و دوژمن دا. هەروەها كەسێكی شەڕانی بووە. بۆ نموونە هەر لەشەڕی دژی فەرەنسا 190,000 كەس بەلانی كەمەوە لە هەردوو كوژراوە.
+ گوایە بە هۆی میراتی سیاسەتی بەجێماوی بسماركەوە، هیتلەر هاتۆتە سەر دەسەڵات و ئەڵمان دوو جەنگی جیهانی بەرپا كردووە؟.

سەرچاوە: knwe.org