10:45 - 17/03/2021
پارێزگاری سلێمانی: كەرەنتینە رانەگەیەنین
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەبەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی نەورۆز لەمساڵدا لەپارێزگای سلێمانی دەدوێت.
"نەورۆزی ئەمساڵ لەسلێمانی "
لەسەرەتای وتووێژەکەدا پارێزگاری سلێمانی وتی" ئاگر لەپارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە بەڵام ئاهەنگ گێڕان و قەڕەباڵغی دروستکردن و بەریەککەوتن و کۆبوونەوە نابێت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هەموو ئەو چالاکیانەی دەکرێن لەژێر ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکاندا بەڕێوەدەچن، ئاگر لەمامەیارەش دەکرێتەوە، بڕیارە لەبناری گۆیژەش بکرێتەوە، کۆمەڵێک چالاکی گشتی وەکو ئەسپ سواری و کاری دەست و پێشکەشکردنی بەرهەمی خۆماڵی، هەروەها کێبڕکێ و پەڕەشوتی و پاڵەوانبازی وە کۆمەڵێک یاری کەلتوری و فۆلکلۆری و شارستانی ڕەسەنی کوردی نمایش دەکرێن، لەئێستاشەوە پیرۆزبایی لەهەموو خەڵکی کوردستان و جیهان دەکەین چونکە ئەمە پەیوەستە بەژیانەوەی سروشت و گەردوون و هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەسروشت و لەژینگە و لەگەردوونیشدا ڕوودەدات لەمرۆڤایەتیشدا ڕوو دەدات بۆیە ئەمساڵ یادی نەورۆز و جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی و بۆنەکانی تریش بەخۆشی و ناخۆشیەکانیانەوە، بەسەرکەوتن و کەوتنەکانیانەوە لەژێر ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بەڕێوەدەچن."
"گەشت و سەیران لەنەورۆزدا"
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر سەبارەت بەگەشت و سەیران لەڕۆژانی نەورۆزدا دەڵێت" ئەوەی ئێمە داوامانکردووە لە ئەو لایەنە بەڕێزانەی ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن کەقەڕەباڵغی دروست نەکرێت و بەریەککەوتن دروست نەبێت بەڵام بەشێوەیەکی سروشتی خەڵک لەدەشت و دەر ئەگەر بۆ سەیرانی خۆی بچێتەدەرەوە بەمەرجێک وەکو وتم ڕێنماییە تەندروستیەکان ڕەچاوبکەن حاڵەتێکی سروشتی دەبێت بەڵام پەیوەست بەبۆنەڕەسمییەکان هیچ کۆبۆنەیەک لەشوێنی داخراو ناکرێت، هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەک بەقەڕەباڵغی ناکرێت، دەوڵەت بەڕەسمی لەڕێگەی بەیاننامەوە یان دانانی تاجەگوڵینە گوزارشت لەو یاد و بۆنانە دەکات، نەورۆزیش لەڕێگەی ئاگرکردنەوە گوزارشت لەزیندوێتی ڕۆژی نەورۆز دەکات، بۆیە گەشت و چوونە دەرەوە حاڵەتێکی سروشتییە وەکو وتم لەو چوارچێوە یاسایی و تەندروستیەی کە ڕاگەیەنراوە."
"ئاهەنگ لەشەقامی سالم "
سەبارەت بەئاهەنگی هاوڵاتیان لەشەقامە گشتیەکان بەتایبەت شەقامی سالم؟ پارێزگاری سلێمانی وتی: ئەمانەش ڕێکدەخرێن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا وە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەی ئارامی پاریزگای سلێمانی لەدیوانی پاریزگای سلێمانی کۆدەبنەوە بۆدانانی ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنی هەموو ئەو چالاکیانەی کە بەڕێوەدەچن، ئەو شەقامانە بەشێوەیەکی سروشتی لەبەرئەوەی لەژینگەیەکی کراوەدایە بەو مەرجەی کەهاوڵاتیان دووربن لەیەک و بەریەککەوتن نەبێت، لەهەمووی گرنگتر ماسک ببەستن یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی کە بتوانیین هیچ نەبێت ئەو پەیوەندیەی کە کۆرۆنا وایکرد لەیەک داببڕێن، بۆنەیەکی وەکو نەورۆز وای لێبکات کەپەیوەندیەکان بەهێز بکەینەوە بەو مەرجەی زیان نەگەیەنێت بەتەندروستی گشتی."
"هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم "
سەبارەت بەهاتنی گەشتیاران لەڕۆژانی نەورۆز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕونیکردەوە" پەیوەست بەگەشتیاران یان هەرکەسێک بیەوێت بێت بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە پێش 72 کاتژمێر پشکنینی کۆرۆنای پێ بێت، وە ئەگەر گروپی گەشتیاری بن دەبێت پێشوەخت هەماهەنگیان هەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، وە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بۆئەوەی بتوانن هەماهەنگیان بن، کارەکانیان بۆ ئاسان بکەن.هاتوچۆ لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکو ئێستا ئاسایی دەبێت."
" بەستنی ماسک "
دەربارەی مەرجی بەستنی ماسک، پارێزگاری سلێمانی وتی" ئێستا من کە قسەدەکەم خۆم ماسکم بەستووە، ئومێد دەکەم هەموو کەس بۆئەوەی خۆی و دەوروبەرەکەشی و جیهانیش بپارێزێت پابەندبێت بەبەستنی ماسک بۆماوەیەکی درێژ دەبێت ببین بەهاوڕێی ئەم داهێنراوە تازەیە بۆئەوەی هەموو لایەک دڵنیابکەینەوە کەئێمە نابین بەسەرچاوەی تووشبوونی، وە خۆمان بپارێزین لەهەر مەترسیەک کە لەدەرەوە بۆمان بێت بۆیە من داوا لەهەموو هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەم لەهەرشوێنێک بن پابەندی بەستنی ماسک بن چ لەشوێنی تایبەتی چ لەشوێنی گشتی، وە بەپێی ئەو ڕێنمایانەی وەزارەتی ناوخۆ دەریکردوون کە پەیوەستە بەهەموو هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەرحاڵەتێکدا دەکرێت."
"ئایا قەدەغەی هاتوچۆ لەنەورۆزدا ڕادەگەیەنرێت "
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا بەنیازی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆن لەنەورۆزدا؟ د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی" پەیوەست بە پارێزگای سلێمانی،وە سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لەهەموو خەڵکی خۆشەویست دەکەین، وە دڵنیایان دەکەینەوە بەمشێوازەی کە ئێستا هەیە پابەندبن نە کەرەتینە ڕادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت."
سەرچاوە : VOA