01:43 - 13/03/2021
لەنێوان كۆرۆناو سزاكانی ئەمەریكادا، چۆنیەتی گەڕانەوەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران
مانگی
تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابوردوو بوو پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران (عەبدواناسر
هیمەتی)رایگەیاند كە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمەریكاوە بۆ سەر وڵاتەكەی ، عیراق
بڕی پێنج ملیار دۆلاری ئێرانی بلۆك كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین سەردانی
عێراقیان كردووە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا بەردەوام بووە، بەڵام
وەڵامی بەردەوامی بەرپرسانی عێراقی ئەوە
بووە كە ئەوان ناتوانن ئەو كارە بكەن لەبەر ئەوەی ئەمەریكا سزای ئەو وڵاتانەش دەدات
كە سزای سەر ئێران سووك بكەن یان بە شێوەیەك لە شێوەكان هەلیبگرن، هەر بۆیە ئەم
كێشەیە درێژەی هەبووە و لە ئێستاشدا بەرەو چارەسەركردن دەڕوات و چاودێران پێیان
وایە پێدەچێت لە ماوەیەكی نزیكدا چارەسەر بكرێت و بەوەش بەشێك لە كێشەكانی دەوڵەت
و پەیوەندییەكان نێوان هەردوو وڵات بەرەو چارەسەر دەڕوات.
بە
پێی میدیا فەرمییەكانی ئێران –سەید حەمید حوسیەنی – سكرتێری گشتی ژووری بارزگانی
هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران ڕایگەیاندووە پارە بلۆككراوەكانی وڵاتەكەی لە ئێران
ئازاد دەكرێن و گوتوشیەتی ئەو كارە بە ئاگاداری ئەمەریكیەكان كراوەو بانكی
بازرگانی عێراقیش ڕەزامەندی نواندووەو تەنها لە سەر كات ماوەتەوە.
لەبارەی
بڕی پارەی ئازادكراوی ئێرانەوە ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە كە ئەمەریكا ڕەزامەندی
نواندووە لەسەر ئازادكردنی سێ ملیار دۆلاری ولاتەكەی لە هەر یەك لە وڵاتانی
(كۆریای باشوور، عومان و عێراق) و وابڕیاریشە بە زوویی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە،
وەك بەرپرسە هاوبەشەكەی ژووری بازرگانی ڕایگەیاندووە ئەوان لە ڕێگەی سەرچاوە
زانیارییەكانی خۆیانەوە لە (لوبنان) و (عێراق)ەوە پێیان گەشتووە ڕەزامەندی
ئەمەریكیەكان لە دوای دەست بەكاربوونی جۆبایدنەوە هاتووە.
بە
پێی پێگەی (خبرگزاری فارس)كە لەزاری بەرپرسانەوە گواستوویەتیەوە گەڕاندنەوەی ئەو
پارەیە بە كاش نیەو لە ڕێگەی پێدانی شمەكی پێویستەوەیەو بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی
پێشوو ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری گەورەی پر لە زەڕات لە عێراقەوە ڕەوانەی ئێران كراوەو
ئەوەش وەك دەستپێكی گەڕاندنەوەی ئەو پارە بلۆككراوانە دێتە ئەژمار.
بە
پێی ڕاپۆرتەكەی فارس، دەسەڵاتدارانی عێراقی ڕەزامەند بوون بە گێرانەوەی ئەو پارەیە
و تەنها لە ڕێی داگیرساندنی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكیەكان وەستاون، و لە ئێستاشدا
بەرەو چارەسەركردن دەڕوات.
لەلایەكی
تریشەوە بەرپرسانی ژووری بازرگانی ئێران ڕایانگەیاندووە پێدەچێت لەو پارەیە یەك
ملیار دۆلار بە كاش بگەڕێتەوە بۆ ئێران و تەنها مەرجیش ئەوەیە كە ئەو پارەیە بۆ
كڕینی دەرمان و بواری تەندروستی و كرینی خۆراك خەرج بكرێت، لەبەر ئەوەی ئێران بە
یەكێك لەو وڵاتانە دێتە ئەژمار كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە زیانی زۆری
بەركەوتووەو بەهۆی سزاكانیشەوە نرخی خۆراك چەند بەرامبەر بەرزبووەتەوە.
بەرپرسانی
ژووری بازرگانی باسیان لەوەش كردووە كە ئەو پێداویستیانە لە وڵاتی سویسرا دەكڕن،
بەو پێیەی ئەو وڵاتە لە نێو لیستی سزادراوانی ئەمەریكادا نیەو دەتوانێت شت و مەك
بە ئێرانیەكان بفرۆشێت، لەلایەكی تریشەوە پێدەچێت پارەكە بە شێوەی كاش بنێردرێتە
ئەو وڵاتەو لەوێشەوە خۆراك و دەرمان ڕەوانەی ئێران بكرێت.
هەرچەندە
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە كۆریای باشوور بڕی حەوت ملیار دۆلاری ئەمەریكی پارەی
ئێرانی بلۆك كردووە، بەڵام پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عێراق هێشتا بەتەواوی ڕوون
نیەو ژمارەی جۆراوجۆرباس باس دەكەن، هەندێك باس لەوە دەكەن كە پێنج ملیار دۆلارەو
هەندێكی دیكەش دەڵێن حەوت ملیاردۆلارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی دواكەوتنی پارەكەشەوە
بری یەك ملیار دۆلار سوودیشی چووەتە سەر و بەو هۆیەوە بووەتە هەشت ملیار دۆلار.
سەرچاوە
میدیاییەكان باس لەوەش دەكەن كە ئێران گازی ئامادەكراوی ڕەوانەی عێراق كردووە و
لەبەر ئەوەی لەكاتی خۆیدا پارەكانیان بۆ نەگەڕاوەتەوەو دواتریش بانكە ئێرانیەكان
سزا دراون، ئەو پارانە كەڵەكە بوون و نەتوانراوە بگەڕینرێنەوە بۆ ئیران ، وەك باس
دەكرێت لەگەری گێڕانەوەی ئەو پارانەشدا تەنها دەتوانرێت پێداویستی مرۆیی پێ
بكڕدرێت و لە هەمان كاتیشدا دەبێت ئەو شمەكانەش لە عێراقەوە ڕەوانە بكرێت.
لە
لایەكی دیكەشەوە (بەهمەن ساڵح جاوید) سكرتێریگشتی ئەنجوومەنی هەناردەكردنی
خزمەتگوزاریی هونەری و ئەندازیاری ئێران ڕایگەیاندووە كۆمپانیا ئێرانیەكان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلاریان لای كۆمپانیا
عێراقیەكانەو بەردەوام داوای دەكەنەوە بەڵام عێراقیەكان ئامادەگییان دەرنەبریوە بە
گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە بۆیان.
بە
پێی لێدوانێكی فەرمی سەید حەمید حوسیەنی لە توێتێكدا گوتوویەتی: بەرپرسانی بانكی
بازرگانی عێراق پێیان ڕاگەیاندووە كە لەسەرو بەندی جەژنەكانی نەورۆز و مانگی
پیرۆزی ڕەمەزاندا و بۆ مەبەستی پركردنەوەی پێداویستیەكانی خەڵك عێراق بەشێك لە
پاری بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد دەكات.
دوای
ئەوەی ئەمەریكا ژمارەیەك بانكی ئێرانی خستە لیستی ڕەش و سزا ئابوورییەكانی سەر ئەو
وڵاتەی توندتر كردەوە، لەناوخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتەدا قسەو باس و لێدوانی زۆر
لەبارەی قەبارەی پارە بلۆككراوەكانی ئێرانەوە كران، بەپێی هەندێك لەسەرچاوە
میدیاییەكان پارەی بلۆككراوی ئێران لە وڵاتانی جیهاندا زیاترە لە 40 ملیار دۆلاری
ئەمەریكی، بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەكانی ئێران پارەی بلۆككراوی ئێران لە كۆریای
باشوور زیاترە لە دوملیارونیو لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە پەیوەندیی بەهێزی ئابووری و
بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكیەكان هەیە، و لەگەڵ ئێرانیش بازرگانییان هەبووە، دوای
سزاكان پارەكانیان نەگەڕاندووەتەوەو بلۆكیان كردووە.
وڵاتی
چینیش یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كە پارەی بلۆككراوی ئێرانی لەلایە، هەرچەندە
بەرپرسانی ئێرانی دانیان بەوەدا ناوە كە بڕە پارەیەكی بلۆككراویان لەو وڵاتەدا
هەیە بەڵام قەبارەكەیان ئاشكرا نەكردووە.
هیندستانیش
یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كە پارەی ئێرانیان لەلایەو پێش لەوەی سزاكانی ئەمەریكا
بەسەریدا بسەپێنرێت، بازرگانی نەوت و گازیانپێكەوە هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی
هیندستان بە نۆهەمین هاوبەشی بازرگانی ئەمەریكا دێتە ئەژمار، نزیكەی حەوت ملیار
پارەی نەوت و گازی ئێرانی لەلایەو بلۆكی كردووە.
ژاپۆنیش
بە چوارەمین وڵاتی هاوبەشی بازرگانی ئەمەریكا دێتە ئەژمار، هەربۆیە ئەو پارە
ئێرانییانەی كە لە ئەنجامی بازرگانی لەلایان ماوەتەوە بلۆكیان كردووەو پێناچێت بەو
ئاسانیەش دەستیان بكەوێتەوە، مەگەر ئەو كاتانەی كە ئەمەریكا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبكات،
كە لە ئێستاشدا كەمێك دوور دێتە بەرچاو.
لە هەمان كاتدا سەرۆكی دەزگای مانگی سووری ئێرانی
ڕایگەیاندووە كە پارە بلۆككراوەكانی ئێران قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە بواری
جێبەجێكردنەوەو لەسەرتادا هەرچی بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆرۆنا دەبێت،
بەپێی وتەكانی ئەو بەرپرسە بری 15 ملیۆن دۆلاریان بە سێ قیست پێدەگات و بۆئەو
مەبەستەش دەستیان بەكارەكان كردووە.