چاوپیکەوتن

11:10 - 07/03/2021

"كەیسی سزادراوانی بادینان بەتەواوی سیاسیە"‌

پەیسەر

بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوانی بادینان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ پەیسەر، باس لە دۆخی سزادراوانی بادینان دەكات لەلایەن دادگای هەولێرەوە، دەشڵێت، هیچ بەڵگەیەكی یاسایی لەسەر ئەو سزادراوانە نیە و كەیسەكە بەتەواوی سیاسیە، ئەو پارێزەرە دەشڵێت، فشارەكان لەڕێگای پەرلەمانتارانی گۆڕان و نەتەوەیەكگرتوەكانەوە بەردەوامە بۆ ئازادكردنیان.

پەیسەر: بارودۆخی سزادراوانی بادینان چۆنە لە ئێستادا؟

بەشدار حەسەن: وەك خۆتان بینیتان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆی دانپانانی ئەو سزادراوانە لەلایەن ژمارەیەك كەناڵی ڕاگەیاندنەوە بڵاوكرایەوە، ئەوە لە ئەساسدا هیچ شتێكی تێدا نەبوو كە هەموو لایەك بینیتان و ئەوەش بەڵگەی زیندوە بۆ دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان، دوابارە دەیانەوێت وەك چۆن مەحكەمەی جینایەتیان ئیحراجكرد، بە لێدوانێكی سەرۆكی حكومەت كە پێش دادگا كەوت و ڕایگەیاند كە ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانەی هەولێر و دهۆك، جاسوسن بۆ وڵاتانی دەوروبەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكدەدەن، ئەمجارەیان لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەوە دەیانەوێت دادگای تێهەڵچونەوە ئیحراج بكەن، بۆ ئەوەی بڕیارێكی توندتر بدات یان پەسەندی بڕیارەكەی جینایەتی دوو بكات، ئێمە دڵنیاین لەوەی كە دادگای تیاهەڵچونەوە كەسانی باش و بەڕێزیان تێدایە و ئەو گرتە ڤیدیۆیە كاریان تێناكات.

بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە زیان بە ناوبانگی ئەو كەسانە ناگەیەنێت؟ ئەو ڤیدیۆیە كار لە دادگا دەكات؟

بەدڵنیاییەوە شتەكە تاڕادەیەك ڕێژەییە و لەوانەیە كاریگەری لەسەر ئەو دادوەرە هەبێت، هاوكات دادوەری واش هەیە، ئەو ڤیدیۆیە كاریگەری لەسەری نیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەردوولا بەگشتی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا دەكەن و سەیری بەڵگەكان دەكەن، بەڵگەكانی نا دۆسیەكەش هیچیان باوەڕپێكراو نیە و پشت بەخوا سەرئەنجام سزاكەیان لەسەر هەڵدەگیرێت.

سەبارەت بە شێروان شێروانیش، لە ئێستادا كەیسێكی تریان بۆ ئامادەكردووە، كە گوایە لە ڕۆژی دادگایكردن سوكایەتی بە ئاسایش كردووە، بەڵام ئەو لە ئەساسدا هیچ سوكایەتیەكی بە ئاسایش نەكردووە، لە ئەساسدا پێچەوانەی یاسایە و نەدەبوو هێزەكانی ئاسایش لە دادگا ئامادەبێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت نابێت هیچ كەسێك دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان بكات؟

ئەو دەیەوێت چەند كەیسێك تێكەڵی ئەم كەیسەبكات بەمەبەستی شاردنەوەی دەستوەردانەكانی خۆیان و ئەو قسانەش مەترسی دروستدەكات و ئەوان دەیانەوێت لە كاروباری دادگاكان كەمبكەنەوە و بۆ ئەوەی هیچ كەسێك متمانەی بەدادگاكان نەمێنێت.

بەڕایی بەڕێزتان ئەم كەیسە چ جۆرە كەیسێكە؟

ئەم كەیسە بەتەواوی كەیسێكی سیاسیە و یاسایی نیە.

هیچ بەرە پێشچونێك هەیە بۆ ئازادكردنی ئەو سزادراوانە؟

 خۆشبەختانە نوێنەری یۆنامی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، پەرلەمانتارەكانی گۆڕان، كە چوار ئەندام پەرلەمانیان بەسەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەوە لە هۆڵی دادگابون هەمویان بەچاوی خۆیان بینییان كە شێوازی دادگایكردنەكە چۆنبوو، وە من پێموایە فشارێكی گەورەهەیە لەسەر ئەو دۆسیەیە لەبەر ئەوەی بەڵگەكان ئەوەندە باوەڕپێكراون نەبون بۆ سزادانی ئەو كەسانە و هەمومان چاوەڕوانی ئازادكردنیان دەكەین.

ئایا هیچ بەڵگەیەكی یاسایی هەیە لەسەر ئەو كەسانە؟

نەخێر هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێكراو یاسایی لەسەر ئەو كەیسە نیە، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی پێ دادگایی بكرێت، بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەش بۆ ئەوەبوو، ترسی ئەوەیان هەبوو ئەو كەسانە ئازادبكرێن، لەبەر ئەوە كەیسێكیتریان بۆ شێروان شێروانی دروستكرد بۆ ئەوەی ئەگەر لەم كەیسەش ڕزگاری بێت جارێكیتر بیگرنەوە.

چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم كەیسە بكرێتە دواین سیناریۆ بۆ كۆتایهێنان بە كپكردنی دەنگی ئازاد؟

هەتا لەم وڵاتە و لە نێوان زۆنی زەرد و سەزدا بژین ئەو مەترسیانە هەر هەیە، بەڵام ئێمە دەبێت خۆڕاگربین چونكە ئەو نادادپەروەریانە تاسەر سەركەوتونابن و ئێمەش دەستمان بەپەیامێكەوە گرتوە پەیامی دادپەروەری و بەرگریكردن لە ئازادیخوازان. بەڵام لێرەدا ئەوەی بوتەهۆی ئەوەی كە خەڵك متمانە لەدەستبدات و متمانەی بەدادگاكان نەمێنێت و سەربەخۆییان تا ڕادەیەكی زۆر بكەوێتە بەر مەترسی لێتی ناشارمەوە پارتی و یەكێتی لییان بەرپرسن ئێمەبەردەوام دەبین لە فشارەكانمان بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانە بەشێوەیەكی مەدەنیانە.