ڕاپۆرتی جیهانی

10:31 - 06/03/2021

بیتکۆین؛ پاروی حوتەکان و تۆڕی ماسییەکان‌

پەیسەر

بیتکۆین سیمبولی دراوە ئەلکترۆنییەکانە، رۆژ بە رۆژ گرانتر، بەناوبانگتر و بەکارھێنراوتر دەبێت. لەگەڵ بەناوبانگبوونیدا لە ھەموو جیھانەوە سەرنجی زیاتر دەخرێتە سەر ئەم دراوە ئەلکترۆنییە. لەگەڵ ئەوەی ناوەڕاستی مانگی شوبات بەھای بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاست و لە ٦٠ ھەزار دۆلار نزیک بووەوە، بەڵام لە کۆتایی ھەمان مانگ و لە پڕێکدا بۆ ٤٨ ھەزار دۆلار دابەزی.

حوتەکانی بیتکۆین
لە ماوەی رابردوودا لەناو بازاڕی دراوە ئەلکترۆنییەکاندا چەمکێک ھاتە کایەوە، ئەویش "حوتەکانی بیتکۆین"ە. نزیکەی ھەزار کەس و دامەزراوە لە جیھاندا نزیکەی ٤٠٪ی بیتکۆینی جیھانیان لەدەستدایە.

ئەم هەزار کەسە بە "حوتەکانی بیتکۆین" ناو دەبرێن. ھەر جوڵەیەکی ئەم حوتانە و مامەڵەیەکیان بەو بڕە بیتکۆینەی ھەیانە، دەریای بیتکۆین دەجوڵێنێت، ماسییە بچوکەکان کە بیتکۆینێکی کەمیان ھەیە بەر دان و دەمی گەورەی حوتەکان دەکەون و قوتیش نەدرێن و بریندار دەبن.

حوتەکان زیادیان کردووە
بەپێی راپۆرتێکی (Coindesk) کە تایبەتە بە ھەواڵ و راپۆرتی تایبەت بە دراوە ئەلکترۆنییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی حوتە ئاساییەکان بۆ دوو ھەزار ٣٣٤ کەس بەرزبووەتەوە.

بەھۆی دەسەڵاتی گەورەیان بەسەر بازاڕی ئەم دراوەدا، حوتەکان تا ئاستێکی دیاریکراو کەی بیانەوێت نرخی بیتکۆین دەگۆڕن، ھەر جوڵەیەکی حوتێک کاریگەری لەسەر بەھای بیتکۆین بەجێدەھێڵێت.

بەم جۆرە ھەر جوڵەیەکی حوتەکان دەبێتە ھۆی جوڵەی بەھای بیتکۆین، ھەر سەردەرھێنان و چوونە ناوەوەی حوتەکان بۆ ناو دەریاکە، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەھای بیتکۆینی بەدوادا دێت.

حوتە گەورەکان
جگە لە حوتە ئاساییەکان، چەند حوتێکی گەرەتر ھەن کە گەورەترین کاریگەرییان لەسەر بەھا و ئاڕاستەی بیتکۆین ھەیە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، ١٣٪‏ی بیتکۆینی جیھان کە بەھاکەی دەگاتە ٨١ ملیار دۆلار، لە دەستی ١٠٠ کەسدایە.

بچوکترین جوڵەی ئەم سەد حوتە گەورەیە گەورەترین کاریگەری لەسەر بەھا، پێگە و ئاڕاستەی بیتکۆین دروستدەکەن.

قوتدانی ماسییە بچوکەکان
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی (Coindesk) کە لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و تاکو ئێستا بەردەوامە، لە ھەر بەرزبوونەوەیەکی بیتکۆیندا، مامەڵەیەکی زۆر بە دراوەکەوە کراوە و فرۆشراوە.

پێگەکە بە شیکردنەوەی بۆ زانیارییەکانی بۆرسەی دراوە ئەلکترۆنییەکانی (OKEx)، ئەوەی خستووەتەڕوو، ھەر مامەڵەیەکی حوتە ئاسایی و گەورەکان بە بیتکۆینەوە، کڕیار و فرۆشیارە بچوکەکان دەخاتە بەردەم مەترسی پانبوونەوە و قوتدانەوە.

نووسەری بەناوبانگ و پسپۆڕی بواری دراوە ئەلکترۆنییەکان (David Gerard) بە رۆژنامەی تەلەگرافی وتووە، یاریزانە گەورەکان کە حوتە گەورەکانن، بە ئاسانی دەتوانن دەستکاری نرخ و بوونی بیتۆکین بکەن، چونکە لە ئێستادا بازاڕی بیتکۆین زۆر قەرەباڵغە. لەبەرئەوەشی بڕی بیتکۆین دیاریکراوە، ئەم حوتانە هەر مامەڵەیەک بکەن راستەوخۆ دراوەکە دەگۆڕن و دەستکاری بەهاکەی دەکەن.

"وریا بن"
بیڵ گەیتس دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت لەبارەی مامەڵەکردن بە بیتکۆینەوە هۆشداری بە خەڵکی ئاسایی و تەنانەت زۆر دەوڵەمەندەکانیش دەدات کە داهاتێکی زۆریان لەبەردەستدا نییە و داوایان لێدەکات بە ورییاییەوە هەنگاو بنێن و بجوڵێن.

گەیتس دەڵێت، "بە بۆچوونی من ئەگەر لە ئێلۆن مەسک  زیاتر پارەتان نییە، ئەوا ئاگاداری خۆتان بن". ئەم لێدوانەی گەیتسیش کاریگەری گەورەی لەسەر بەهای بیتکۆین هەبوو. بەتایبەت کە بە ئاشکرا داوای لە خەڵک کرد بیتکۆین نەکڕن.

مەسک بیتکۆینی گران کرد
ئێلۆن مەسک دامەزرێنەری تێسلا، لە سەرەتای مانگی شوبات بایی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بیتکۆینی کڕی، ئەمەش وەهای کرد متمانە بە بیتکۆین بەرزببێتەوە و بەهاکەی بۆ بەرزترین ئاست لە مێژوویدا بەرزببێتەوە کە ٤٣ هەزار و ٩٦٨ دۆلار بوو، دواتریش بەرزبوونەوەی بەهای دراوەکە بەردەوام بوو تاکو نزیکەی ٦٠ هەزار دۆلار.

بەهۆی ئەوەی ئێستا بڕێکی گەورە لە بیتکۆین لەدەستی مەسکدایە و دەوڵەمەندترین کەسی جیهانیشە، ئەم کەسە دەتوانێت بە ئاسانی کاریگەری لەسەر بەهاکەی دروست بکات. بوونی مەسک لە بازاڕی بیتکۆیندا دڵنیایی بە فرۆشیار و کڕیاران داوە، بەڵام دڵنیایی تەواو نییە، بەتایبەت کە سەرەڕای بوونی مەسک دراوەکە بە شێوەیەکی کتوپڕ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

بیتکۆین دەبێتە ئاڵتون؟
دوای بەرزبوونەوەی بەهای بیتکۆین، دڵنیایی بەرامبەر ئەم دراوە بەرزبووەوە، ئەم دڵنیاییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو دڵەڕاوکێ و ناگەرەنتییەی کە لەبارەی دراوە ئەلکترۆنییەکانەوە هەن و هەموو کەس نایەوێت روو لەم بازاڕە بکات.

(Bernd-Stefan Grewe) پڕۆفیسۆر لە زانکۆی (Tübingen) لە ئەڵمانیا کە پسپۆڕی بواری ئاڵتونە دەڵێت، بیتکۆین بەراورد ناکرێت بە ئاڵتون، چونکە ئاڵتون لە ئاستی جیهاندا قبوڵکراوە و لە هەرکوێی جیهاندا بیت دەتوانیت بە ئاسانی ئاڵتونەکەت بکەیت بە دراوی ئاسایی ئەو وڵاتە.


پڕۆفیسۆرەکە دەڵێت، گۆڕینەوەی دراوی ئەلکترۆنی بە دراوی ئاسایی زۆر گرنگە. "من ئەگەر بیتۆکینم هەبێت و بمەوێت بیکەم بە دراوی ئاسایی و ئەو نرخە داوا بکەم کە بیتکۆین لەو رۆژەدا هەیەتی، کێ ئەو پارەیەم پێدەدات؟ گۆڕینەوەی بیتکۆین بە دراوی ئاسایی چەند رۆژێک دەخایەنێت.