10:45 - 22/02/2021
"رۆڵی داواكاری گشتی وابێت هەر نەبێت باشترە"
دادوەری داواكاری گشتی د. فەرهاد حاتەم لەسەر كەیسی سزادانی شەش ساڵ زیندانی كردن بۆ پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەوانی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێر-ەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی یاسایی دەداتەوە سەبارەت بەڕۆڵ و ئەرك و كاری داواكاری گشتی هەروەها دادگایی كردن و سزادانی پێنج تۆمەتباری شارێكی تر لەشارێكی تر كە لەیاسادا پێی دەوترێت (نەبونی (عدم الاختصاص المكانی محكمە)."
دەقی وتووێژەكە:
"ئەم كەیسە بەبۆچونی من كۆمەڵێك پرسیار هەڵدەگرێت "
لەسەرەتای وتوێژەكەدا دادوەری داواكاری گشتی د.فەرهاد حاتم باسی لەوەكرد" سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم ناكرێت دادگا بڕیارێك دەربكات ئەو كەسانەی كەئاگاداری دادگا نیین و ئاگاداری یاسا نیین بەحەق و بەناحەق هێڵێكی ڕاست و چەپ بهێنن بەسەر هەموو دادگاكاندا و بەشێوەیەكی ڕەهایی هەمووی ناشیرین بكەن، دووەم ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت هەرچەندە كەیسەكە لەلای ئێمە نییە لەسنوری دهۆك بوو دواتر ئەم كەیسە لەهەولێر بڕیاری تێدا دراوە وەكو ئەركی داواكاری گشتی ئەم كەیسە بەبۆچونی من كۆمەڵێك پرسیار هەڵدەگرێت پرسیارەكان ئەوەیە دەبێت بزانیین كێ سكاڵای تۆماركردووە؟ چونكە هەموو كەیسێكی تاوانكاری پێویستە كەسەكە سكاڵا تۆمار بكات ئەگەر كەیسەكە تاوان بێت دەرهەق بێت بەمافی گشتی ئەسڵ وایە داواكاری گشتی ئەم كەیسە بجوڵێنێت من نازانم كەیسەكەم نەبینیووە ئایا داواكاری گشتی ئەم كەیسەی جوڵاندووە یاخود نا، دووەم ئایا ئەو ڕێ و شوێنانەی یاسای بنەما دادگەرییەكان دیاریكردووە و ئەو زەمانەتانەی بۆ تۆمەتبار لەكاتی لێكۆڵینەوەی تۆمەتباردا یاسا دیاری كردووە ئایا دەستەبەركراوە؟"
دادوەر د.فەرهاد حاتم ڕونیكردەوە" لەم لێكۆڵینەوەیەدا گرنگترین شت ئەوەیە پێویست دەكات لەكاتی وەرگرتنی وتەكانی تۆمەتبار لەهەر كەیسێكی سزایی دا بەتایبەتی كەیسێكی هاوشێوەی ئەم كەیسە، دەبێت كەسەكە بەئامادەبوونی پارێزەكەی وتە بدات یان ئەگەر توانای ئەوەشی نەبوو تەنانەت پارێزەر بگرێت پێویست دەكات حكومەت لەسەر ئەركی خۆی لەسەر خەزێنەی دەوڵەت پارێزەرێك بانگ بكات و داكۆكی لێ بكات لەكاتی وەرگرتنی وتەكانیدا ئامادەبێت ئەمە وێڕای گرنگی ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی لەكاتی وەرگرتنی وتەكانیدا بۆ ئەوەی ئێستا ئەو دەنگۆیەی كە لەملاو لەولا دەیبیستین دەڵێن یان وتەكانیان لەژێر كاریگەری ئەشكەنجە لێدان و تەهدیدكراوە بوونی پارێزەری تۆمەتبار بوونی داواكاری گشتی لەم كەیسە دەتوانم بڵێم زەمانەتێكی باشە بۆ تۆمەتبار بتوانێت بەئازادی خۆی و بەئارەزوومەندا وتەكانی خۆی بدات و لەژێر هیچ ترس و كاریگەرییەك نەبێت."
"پێشتر دوو لەو كەسانە لەدادگای دهۆك بڕیاری ئازادكردنی دان كەچی ئازاد نەكران و هێنرانە هەولێر حوكم دران"
ئەو دادوەرەی داواكارەی گشتی ئاماژەی بەخاڵێكی تری حوكمدراوان لەسەر ڕۆژنامەوانان و چالاكوانانی بادینان كرد و دەڵێت" خاڵێكی تر ئەم كەیسە دووان لەتۆمەتبارەكان بەناوی (بەدەل و شڤان) پێشتر ئەم كەیسەیان لەدژ جوڵێنرا دواتر دادگای تاوانەكانی دهۆك بەشێوەی پێداچونەوە بڕیارەكەی هەڵوەشاندنەوە و بڕیارێكی دەتوانم بڵێم نموونەیی بوو زۆر بەجوانی ئەوە شیكراوەتەوە كەئەو كارەی ئەوان كردوویانە ناچێتە چوارچێوەی تاوانەوە بەڵكو دەچێتە چوارچێوەی كاری ڕۆژنامەگەری و وەكو ڕۆژنامەنووسێك ئەركەكەی خۆیان جێبەجێكردووە بەڵام دواتر لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكە لەگەڵ ئەوەی بڕیاری ئیفراج-ئازاد كردنیان دەرچوو كەچی بەرنەبوون دواتر هێنرانە هەولێر بەم كەیسە دیسانەوە حوكم دران، ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن منیش بەدوای وەڵامدا دەگەڕێم."
" هەست دەكەم خەلەلێك هەیە "
واتە كەسێك ئازاد بكرێت لەكەیسێكدا ناتوانرێت لەسەر هەمان بابەت دەستگیربكرێتەوە كاتێك دادگا دۆسێیەكەی داخستووە لەوەڵامدا دادوەر د.فەرهاد حاتەم وتی" نەخێر وەكو مەبدەئێكی قانونی كەسێك تۆمەتباربوو لەكەیسێكدا ئیفراج-ئازاد كرا تەنها لەیەك حاڵەتدا نەبێت بۆ نموونە ئێمە لەدادگادا بەپێی بنەما دادگەرییەكان ئەگەر كەسێك تۆمەتباربێت لەقۆناغی لێكۆڵینەوە ئازاد بكرێت لەبەر كەمی بەڵگە ئەوە ئازاد دەكرێت بۆماوەی دوو ساڵ، لەماوەی ئەو دووساڵە ئەگەر بەڵگەی تر لەسەر هەمان كەیس دوبارە بویەوە ئەو كاتە بەڵگەكان لێك دەدرێتەوە، لەقۆناغی دادگای كردنیشدا بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك ئازادكرا لەقۆناغی دادگایی كردندا تاساڵێك لێی دەوەستن دوای ساڵەكە بڕیارەكە دەبێت بەبڕیارێكی كۆتایی بەڵام هەست دەكەم خەلەلێك هەیە."
"بەسەرنجدان لەناوەڕۆكی ئەو یاسایەی پێی حوكمدراون هەست دەكەم لەجێی خۆی نییە ئەو سزایە "
دادوەر د.فەرهاد حاتم ئەوەشی وت" خاڵێكی تر كەزۆر گرنگە نازانم تاچەند دادگای لێكۆڵینەوە و داگای تاوانەكانی هەولێر ئەم كەیسە بینویانە ئایا یەكەم شت كەدادگا پێویستە لێی بكۆڵێتەوە و لێی وردبێتەوە پێش ئەوەی دادگایی كەسێك بكات یان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكات ئایا ئەم كردارەی ئەو دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە ئێمە مەبدەئێكی یاسایی و دەستوریشمان هەیە دەڵێت "لاجریمە ولا عقوبە الا بالنص" واتە ناتوانرێت كەسێك تۆمەتبار بكرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت و ئیجرائاتی لەگەڵ بكرێت لەكاتێكدا دەقێكی دیاری كراو نەبێت كەئەم كردارەی ئەو بەتاوان ئەژمار بكرێت، ئەوەی كە من بیستم لەم كەیسە ئەوەیە بەپێی یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 كەلەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە ئەمانە سزادراون بەڵام بەسەرنجدان لەناوەڕۆكی ئەو یاسایە هەست دەكەم لەجێی خۆی نییە ئەو سزایە."
دادوەر د.فەرهاد حاتەم لەبارەی هۆكاری نەگونجانی سزاكە لەگەڵ ناوەڕۆكی یاسای ژمارە (21) كەچالاكوانان و ڕۆژنامەنوسانی پێ سزا درا دەڵێت" چونكە ئەو ماددەیە دەڵێت هەركەسێك بەئەنقەست بەهەرشێوەیەك بێت لەكارێكدا تێوەبگلێت بەمەبەستی زیان گەیاندن لەئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان وە ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە واتە لێرە كاتێك كەسێك بەپێی ئەم یاسایە حوكم دەدرێت دەبێت زیانێكی گەیاندبێت بەدامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بۆنموونە بینایەكی تەقاندبێتەوە، كونسوڵخانەیەكی سوتاندبێت، دامودەزگاكانی حكومەتی تێكدابێت نازانم تاچەند ئەم حەقیقەتە ڕوویداوە؟ ئایا ئەمانە چیان كردووە؟ ئەو كارەیان كردووە؟ ئەگەر لەسەریان دیاریكرا ئەگەر ئەم كەسانە تاوانێكیان كردبێت ئەم دەقە بەسەریان جێبەجێ بكرێت ئەوا بەپێچەوانەوە من دەڵێم لەوانەیە خاتر گیرابن لەسزاكە چونكە ئەم ماددەی كە دانراوە سزاكەی هەتا هەتاییەكە دەڵێت سزا دەدرێن بەبەندكردنی هەتا هەتایی، ئەگەر ئەو دەقە بەسەریان جێبەجێنەكرێت دەبێت بگەڕێن و بزانیین ئایا هیچ دەقێكی یاسایی هەیە لەسەر ئەمەی ئەمان یان وەكو پێشتر دادگای تاوانەكانی دهۆك باسی لەوە كردووە ئەمە دەچێتە چوارچێوەی كاری ڕۆژنامەگەرییەوە."
"بەباشی دەزانم دادگای پێداچونەوە خۆی گشتاندنی بكات بۆ دەستەی گشتی "
"لەیاسادا پێی دەوترێت بنەمای یاسای تاوان و سزاكان كاتێك كەسێك تۆمەتبار دەكرێت دەبێت دەقێكی یاسایی هەبێت، دەبێت ئەركانەكانی ئەو تاوانە بەسەریدا جێبەجێبكرێت بۆ نموونە كاتێك كەسێك دزی دەكات لەسەر تۆمەتی دزی سزا دەدرێت دەبێت كەسەكە شتێكی دزی بێت، دەبێت سكاڵاكارێك هەبێت و ماڵێكی دزراو هەبێت ناكرێت كەسەكە سزابدرێت لەسەر تاوانێك كەتاوانەكە ئەركانەكانی جێبەجێ ناكرێت بۆیە بەبۆچونی من دەبووایە دادگا وردتر بوایە هەرچەندە ئێستا وەكو كوردەواری دەڵێت " هێشتا نەچووە تیابچێت" بائێمە پێش ڕووداو نەكەوین دادگای پێداچونەوە بەڕێوەیە بۆیە من بەباشی دەزانم لەبەرئەوەی ئەم كەیسە دەنگدانەوەیەكی زۆر گەورەی هەبووە خۆی دەچێتە بەردەم دەستەی جەزائی دادگای پێداچونەوە بەڵام بۆ ئەوەی دادپەروەری زیاتر بەرقەرار بێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ و بۆچونی لەسەربێت بەباشی دەزانم دادگای پێداچونەوە خۆی گشتاندنی بكاتە سەر دەستەی گشتی بۆئەوەی هەموو دادوەرەكانی دادگای پێداچونەوە ئەم كەیسە بیبینن دواتر ئەوان بەكۆی دەنگ یان بەزۆرینەی دەنگ بڕیارێكی تێدابدەن بەدڵنیاییەوە ئەو بڕیارە بڕیارێكی دادپەروەرانەش دەبێت بەكۆی دەنگ." دادوەر د.فەرهاد حاتەم- دادوەری داواكاری گشتی وایوت"
"ئەگەر هیچ كام لەو تاوانانە ڕوینەدابێت دەبێت ئازاد بكرێن و حەقی ئەوانەش دەبێت داوای قەرەبووش بكەن "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئێستا كەهیچ كام لەو تاوانانەی ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەوانانەی پێ تۆمەتباركراون ڕوینەداوە (تیرۆر و تەقاندنەوەی كونسڵخانە و... هتد) (واتە وقوع الجریمە) نیە ئایا دادگای پێداچونەوە دەبێت چی بكات لەڕووی یاساییەوە؟
لەوەڵامدا دادوەری داواكاری گشتی د. فەرهاد حاتەم دەڵێت" ئەوە پرسیارێكی جوانە، ئەگەر هیچ كام لەو تاوانانە ڕوینەدابێت بەبڕوای من دەبێت ئیفراج-ئازاد بكرێن و حەقی ئەوانەش دەبێت داوای قەرەبوو بكەن چارەسەر ئەمەیە چارەسەری ناوەندی نییە.
ئەم شتانەی كە باسمكرد ئەركی داواكاری گشتییە لەقۆناغی لێكۆڵینەوە بەپێی دەقێك لەیاسای داواكاری گشتیدا لەیاسای بنەماكانی دادگایی هاتووە داواكاری گشتی ئەركیەتی لەكاتی وەرگرتنی وتەی كەسێك كەتۆمەتبارە بەتاوانێك لەجۆری تاوانكاری وەكو ئەم كەیسەی كە لەبەردەم دەستماندایە دەبێت ئامادەیی هەبێت لەگەڵ دادوەری لێكۆڵینەوە كاتێك وتەی وەردەگیرێت دەبێت بڕواتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانیشێت و گوێ بگرێت ڕۆڵی داواكاری گشتی ڕۆڵی چاودێریكردنی ڕەواییە، ڕەوایی ئیجرائاتی دادگایە دەبێت داواكاری گشتی چاودێر بێت بەسەر ئەو ئیجرائاتانەوە كەدادوەری لێكۆڵینەوە دەیكات دەبێت چاودێری ئەوە بكات ئەم تۆمەتبارە پارێزەری بۆ دابین بكرێت، ئەگەر پارێزەری نەبوو داوا بكات لەدادوەر بڵێت من قبوڵ ناكەم ئیفادەی وەربگریت تاپارێزەرەكەی ئامادەنەبێت یان پارێزەری بۆ دادەنێن. "
"ئەركەكانی تری داواكاری گشتی "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم زیاتر وتی" ئەركێكی تری داواكاری گشتی ئەوەیە دەبێت بزانێت ئەم تۆمەتبارە ئیفادەی لەژێر هەڕەشەی لێ وەرگیراوە؟ ئەشكەنجە دراوە یان نەدراوە؟ ئەمە هەمووی ئەركی داواكاری گشتییە دواتریش ئەگەر ئەم داواكاری گشتیە هەستی كرد بڕیارەكەی دادوەر بەحەواڵەكردنی ئەم تۆمەتبارانە لەجێی خۆی نییە پێویستە پێش ئەوەی دادگایی بكرێن بڕیارەكەی دادوەری لێكۆڵینەوە بەحەواڵەكردنی ئەم تۆمەتبارانە تەمییز بكاتەوە لەبەردەم دادگای تاوانەكان بەسیفەتی پێداچونەوە هاوشێوەی ئەم كەیسەی كەباسم كرد كاتێك حەواڵە دەكرێن بۆ دادگای تاوان دادگای تاوانیش پێش ئەوەی بڕیاربدات داواكاری گشتی دەبێت لائیحەی خۆی بخوێنێتەوە ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت لەم كەیسە داواكاری گشتی داوای ئیدانەكردنی تۆمەتبارەكانی كردووە، ئیتر ئەوە بۆچونی خۆیەتی نازانم بەڵگەی پێویستی لەبەردەستدابووە بۆئەو داواكارییە یاخود نا."
"داواكاری گشتی دەتوانێت تانە لەبڕیارەكانی دادگا بدات و داوای پێداچونەوە بكات "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەشڵێت " ئەگەر داواكارێكی گشتی لەبەردەم دادگای تاوانەكان قەناعەتی بەدادگای تاوانەكان نەبوو بەسزادانیان مافی ئەوەی هەیە تەمیزی بكاتەوە لەبەردەم دادگای پێداچونەوە لەگەڵ ئەوەی تۆمەتبارەكان خۆشیان مافی تەمیز كردنەوەیان هەیە هاوكات داواكاری گشتیش مافی تەمیزكردنەوەی هەیە بەڵام كێشەكە لێرە ئەوەیە ئەگەر داواكارێكی گشتی لەبەردەم دادگای تاوانەكان خۆی داوای ئیدانەكردنیان بكات بەدڵنیاییەوە تەمییزی ناكاتەوە چونكە بڕیارەكەی ئەو بەئاراستەی داواكەی ئەو بووە. "
ئایا هیچ بەربەستێكی یاسایی هەیە ئەگەر داواكاری گشتی لەكەیسی ئەو ڕۆژنامەوان و چالاكوانانە داوای زیادكردنی سزای كردبێت بەڵام ئێستا داوای پێداچونەوە بكات؟
وەڵامەكەی دادوەر د.فەرهاد حاتەم بەمجۆرە بوو " لەئێستاشدا داواكاری گشتی دەتوانێت واتە هیچ ڕێگرییەكی یاسایی نییە بەڵام لەڕووی عەمەلییەوە پێشبینی دەكەم داوای پێداچونەوە نەكات چونكە لەكاتێكدا ئەو خۆی داوای ئیدانەكردنیانی كردبێت چۆن تەمییزی دەكاتەوە؟!"
" داواكاری گشتی دەیتوانی ئەو بابەتە نەك ڕابگرێت بەڵكو یەكلایی بكاتەوە "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم كەپێشتر سەرۆكی فەرمانگەی گشتی داواكاری سلێمانی بوو ئێستاش یەكێكە لەداواكارە گشتیە چالاكەكان لەناو خەڵك و میدیاكاندا بەو دادوەرە ناسراوە لەپۆستەكانیدا زۆرترین ئەو كەیسانەی جوڵاندووە كە پەیوەندی بەمافی گشتیەوە هەبووە و خەڵك وەك فریادڕەسێك بۆ هەندێك لەبڕیارەكانی دادگایان بینیووە لەچەند كەیسێكی گرنگ.
بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا پرسیاری ئەوەی لەدادوەر فەرهاد حاتەم كرد ئەگەر تۆ لەكەیسی ئەو پێنج حوكمدراوەی بادینان داواكاری گشتی بویتایە لەكاتێكدا گوێ بیستی ئەوە دەبویت ئەو تۆمەتبارانە بڵێن "لەژێر هەڕەشەی ناموسدا دانمان بەو تۆمەتانەدا ناوە " ئایا تۆ چیت دەكرد وەك داواكاری گشتی؟
وەڵامەكەی دادوەر د.فەرهاد حاتەم بەمجۆرەبوو "بەبۆچونی من ئەوە ئەركی داواكاری گشتی بوو لەو قۆناغە ئیجرائات بكات و بەدواداچوون بكات چونكە دەبێت لێكۆڵینەوە لەوە بكات بزانێت كێن ئەو كەسانەی كەهەڕەشەیان كردووە؟ لەبەرئەوەی ئەمە خۆی بۆی تاوانە چونكە هیچ تۆمەتبارێك نابێت لەژێر تەهدید و زۆر و ئەشكەنجە و بەڵێندا ئیفادەی وەربگیرێت ئەوە ئەركی داواكاری گشتیە كەقبوڵی ئەوە نەكات، داواكاری گشتی دەیتوانی ئەو بابەتە نەك ڕابگرێت بەڵكو یەكلایی بكاتەوە. "
"كەیسی تۆمەتباری تیرۆر-مان هەبووە كەلەبەردەم دادگا وتویەتی لەژێر هەڕەشەدا دانم ناوە بەتاوانەكەدا كە بەڵگەی تر لەبەردەست دادگا نەبووە ئازادمان كردووە "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم زیاتر ئاماژەی بەوەكرد كاتێك تۆمەتبارێك لەبەردەم دادگا دەڵێت لەژێر هەڕەشەدا دانم بەتاوانەكەدا ناوە دەبێت دادگا و داواكاری گشتی لەوكاتەدا چی بكات، لەو ڕوەوە دەڵێت" ئێمە كەیسی وامان هەبووە، تۆمەتبارمان هەبووە لەژێر كاریگەری ئەشكەنجەداندا ئیعترافی كردووە دوایی تۆمەتبارەكەمان ئازاد-(ئیفراج) كردووە و لیژنەی لێكۆڵینەوەشمان لەدژی ئەو ئەفسەرە پێكهێناوە كەئەشكەنجەی داوە و لێداوە، وە ئیجرائاتیشمان كردووە بەرامبەری سزاش دراوە، ئەمە ڕێگە ڕاستەقینەكەی خۆیەتی."
هەروەها وتی" خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە وەكو كەیس وەكو یاسا باس دەكەم ئێمە بۆ نموونە ئێستا لەدادگاكانی تاوانەكانی سلێمانی تۆمەتبارێك ئەگەر لەقۆناغی لێكۆڵینەوەشدا ئیعترافی كردبێت لەقۆناغی دادگایی كردندا بڵێت من ئینكاری ئەو ئیعترافە دەكەم و پاشگەزبێتەوە لەئیعترافەكەی و بڵێت ئەو ئیعترافە لەژێر هەڕەشە و فشاردا كردومە و ئەشكەنجەدراوم ئەگەر نەشیسەلمێنێت مادام ئیعترافەكەی "موعەزەز" نییە بەڵگەی پشت ئەستور نییە بەئیعترافەكەی ئەوا ئازادی- ئیفراجی دەكەین."
"دانپێدانان بەتەنها بەس نیە بۆ سزادانی تۆمەتبار"
دادوەری داواكاری گشتی د.فەرهاد حاتەم ئەوەشی خستەڕوو" دەیان كەیسمان هەیە لەسلێمانی لەقۆناغی لێكۆڵینەوە بەتاوانی تیرۆریش كەسێك تۆمەتبارە بەتیرۆر لەقۆناغی لێكۆڵینەوە دانی ناوە بەتاوانەكەیدا بەڵام لەقۆناغی دادگایی كردندا هاتووە وتویەتی ئەو ئیعترافەم لەژێر كاریگەری ئەشكەنجەداندا بووە و ئینكاری دەكەم و ئێستا پاشگەزبوومەتەوە ئێمە سەیردەكەین ئەگەر ئەم ئیعترافەی ئەم هیچ بەڵگەیەك نەبوو بەهێزی بكات ئەوكاتە ئێمە كەیسەكە دادەخەین چونكە ئیعتراف بەتەنها بەس نییە بۆ ئیدانەكردنی- حكومدانی تۆمەتبار كاتێك پاشگەزبێتەوە لەبەردەم دادگا لێی، بۆیە ئەمەش خۆی بۆخۆی بابەتێكە ئایا دادگای تاوانی هەولێر ئایا ئەم كەیسەیان بەم ئاراستەیە بینیووە؟ بەم وردییە دیراسەیان كردووە؟"
"كەی ئەو پێنج كەسە دەتوانن داوای قەرەبوو بكەن؟"
دادوەری داواكاری گشتی ( د.فەرهاد حاتەم) وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە لەچ كاتێكدا ئەو پێنج كەسە لەڕووی یاساییەوە دەتوانن داوای قەرەبوو بكەن لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان؟ لەوەڵامدا دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەڵێت" ئێمە یاسایەكمان هەیە لەهەرێمی كوردستان بەناوی یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی كە دەرئەنجام ئازاد(ئیفراج) دەكرێن و حوكمی بێتاوانیان دەردەكرێت و بەناحەق دەگیرێن ئەو یاسایە ڕێگەی داوە كەدوای قەرەبوو بكەن وە ڕێوشوێنەكانیشی دیاری كردووە لەناو هەموو دادگاكان لیژنەیەك هەیە تایبەت بەخەمڵاندنی زیانی ماددی و مەعنەوی دەتوانن داوای بكەن بەڵام ئەگەر دەركەوت كە ئەمانە بەناحەق گیراون و بەڵگە نەبووە و لەژێر كاریگەری هەڕەشە و فشاردا ئیفادەیان داوە لەم حاڵەتەدا دەتوانن داوای قەرەبووی مادیی و مەعنەوی لەبەردەم دادگادا بكەن ئەوەش كاتێك دەتوانرێت بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دەربچێت و پلەی كۆتایی وەربگرێت بەڵێ دەتوانن داوای قەرەبوو بكەن ئەوكاتە."
دادوەر د.فەرهاد حاتەم زیاتر ڕونیكردەوە" بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە كەهاتەوە ئەو بڕیار دەدات، جاری واهەیە دادگای پێداچوونەوە بەتەواوەتی ئازادیان ناكات، جاری واش هەیە بڕیارێكی دادگای تاوانەكان هەڵدەوشێنێتەوە بەڵام دەڵێت لێكۆڵینەوەی زیاتری تێدا بكەن ئەمە مانای ئەوە نییە دەتوانن داوای قەرەبوو بكەن واتە هێشتا گەڕاینەوە بۆ قۆناغی لێكۆڵینەوە بەڵام ئەگەر بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە بەو ئاراستەیە بێت یەكسەر خۆی بڕیاری كۆتایی تێدا بدات و بڵێت بەو وەسائیلانەی كە لەبەردەستی ئێمەدایە ئەو تاوانە تەشكیل ناكات و ئەو كەیسە دەبێت دابخرێت و بڕیارماندا بەداخستنی، ئەوكاتە لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەیە ئەو كەسانە دەتوانن داوای قەرەبوو بكەنەوە."
"ناكرێت دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ حكومەتدا لەیەك بەرەدابن خەڵك و ڕۆژنامەنوسیش بەرەیەك بن "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم لەقسەكانیدا باسی بەیاننامەكانی لایەنی حكومی و ئەنجومەنی دادوەری و لایەنەكانی تری دادوەری كرد لەو ڕوەوە وتی" شتێكی زۆر گرنگ هەیە ئەمە خاڵێكی یاساییە كێشەكە ئەوەیە ئەمڕۆ دووبەرە دروست بووە بەداخەوە، بەرەیەك حكومەت لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری ئەوەتا هەمیشە وەڵام دەدەنەوە و بەیاننامە دەردەكەن وەكو ئەوەی لەسەنگەرێك بن، بەرەیەكیش خەڵك كەئەمە خۆی بۆخۆی مەترسیدارە و دیاردەیەكی نەشازە و دیاردەیەكی نامۆیە لەناو دەسەڵاتی دادوەری، ناكرێت دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ حكومەتدا بەرەیەك بێت و خەڵكیش بەرەیەك بێت و ڕۆژنامەنووسیش بەرەیەك، لەوڵاتێكدا باسی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەكرێت یاسایەك هەیە بەناوی یاسای ڕۆژنامەگەری باس لەئازادی ڕادەربڕین دەكرێت لەولاشەوە خەڵك دەگیرێت و حكوم دەدرێت ئەمە خۆی بۆ خۆی مەترسیدارە."
"لێدوانەكەی سەرۆكی حكومەت پێش بڕیارەكەی دادگا بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانە لەدادگاكان "
بەچەند ڕۆژێك پێش سەپاندنی سزا بەسەر ئەو پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاكوانەی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (مەسرور بارزانی) لەوەڵامی پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی (سپێدە) سەبارەت بەكەیسی دەستگیركراوان و چالاكوانانی بادینان وتی" ئەوانە سیخوڕن جگە لەهەوڵی سیخوڕی هەوڵی ڕفاندنی كەسانی بیانی و تەقاندنەوەی بینا و كونسڵگەرییە بیانیەكانیان داوە"
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی هەڵسەنگاندنی یاسا بۆ ئەو قسانەی سەرۆكی حكومەت پێش بڕیاری دادگا بۆ ئەو تۆمەتباركراوانە چیە؟
دادوەر د.فەرهاد حاتەم لەوەڵامدا ڕایگەیاند" ئەم جۆرە لێدوانانە خۆی بۆخۆی خەلەلە بەجۆرێك لەجۆرەكان بەتایبەتی لەكەسێكەوە دەربچێت كەسەرۆكی پۆستێك بێت لەدەسەڵاتە گرنگەكان كەدەسەڵاتی جێبەجێكردنە ئەمە كاریگەری دەبێت بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانە لەدادگاكان هەرچەندە پێویست نییە دادگا گوێ لەدەستێوەردانەكان بگرێت پێویستە دادگا خۆی بڕیار بدات."
"خاڵێكی تر ئەوەیە ئەم بابەتە كە لەدهۆك بووە بۆچی دادگای تاوانەكانی دهۆك دادگایی نەكردووە و بۆچی هاتۆتە هەولێر "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم سەرنجێكی تری یاسایی لەسەر كەیسی پێنج سزادراوەكەی بادینان خستەڕوو، لەو ڕوەوە وتی" خاڵێكی تر ئەوەیە ئەم بابەتە كە لەدهۆك بووە بۆچی دادگای تاوانەكانی دهۆك دادگایی نەكردووە و بۆچی هاتۆتە هەولێر؟ خۆی لەڕووی یاساییەوە تاوان بەچی دیاریدەكرێت بەو شوێنەی كەتاوانەكەی تێدا ئەنجامدراوە، بۆنموونە كەسێك لە سلێمانی تاوانێك ئەنجام دەدات باماڵی لەهەولێر یان دهۆكیش بێت، ئەو كەسە دەبێت لەدادگای سلێمانی دادگایی بكرێت."
"شوێنی ئەنجامدانی تاوان واتای چی؟ "
دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەربارەی شوێنی ئەنجامدانی تاوان لەیاسای بنەماكانی دادگەری سزایی دوا و وتی " (الاختصاص المكانی)ی - واتە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكە كوێ بێت دەبێت دادگای ئەو شوێنە دادگایی بكات لەیاسای بنەما دادگەرییە سزاییەكان باس لەوە دەكات دەڵێت "دیاریكردنی شوێنی تاوان لەو شوێنە دەكرێت كەتاوانەكەی تێدا ئەنجامدراوە و هەر دادگای ئەو شوێنەش دەبێت دادگایی بكات پێشتریش دووان لەم تۆمەتبارانە لەدادگای تاوانەكانی دهۆك ئەم كەیسەیان بینراوە من نازانم هەمان كردار-دۆسێیە بێت ئەگەر هەمان كردار بێت ئەمە خۆی بۆخۆی خەلەلە، ئەگەر كەسێك پێشتر لەدادگای تاوانەكانی دهۆك ئیفراج كرابێت و كەیسەكەی داخرابێت ناكرێت جارێكی تر دۆسێیەكەی ببینرێتەوە لەیەك حاڵەتدا نەبێت ئەگەر بەڵگەی تازە دروست ببێتەوە كەهەر دەبێت لەدادگای لێكۆڵینەوەی دهۆكەوە دەست پێبكاتەوە نەك بێت بۆ هەولێر چونكە كەیسەكە لەدهۆك جێماوە و كەیسەكەی لەدهۆكە."
باشە (عدم الاختصاص المكانی) لەهەر تاوان و دۆسێیەكدا دەبێتە هۆی ئەوەی بوترێت بڕیار لەسەر دۆسێیەكە باتڵە؟
وەڵامەكەی دادوەر د.فەرهاد حاتەم بەم جۆرەبوو" ناتوانرێت بوترێت باتڵە بەڵام بۆخۆی جێی گومانە،واتە پرسیارەكە ئەوەیە كە ئیشی من وەك دادگای تاوانەكانی هەولێر نییە، بۆچی من دەیبینم؟!"
وتیشی" ئێستا هەر دادگایەك ببینێت كەیسەكە تایبەتمەندی ئەو نییە خواخوایەتی كەیسێكی كەمتری لەسەربێت و یەكسەر دەینێرێت بۆ ئەو شوێنەی كەتایبەتمەندی خۆی هەیە."
" ......ئایا ئەمە وای نەكردووە ئەم كەیسە لەدەستی دهۆك دەربكرێت و بخرێتە هەولێر بۆئەوەی بڕیارەكە بەشێوازێكی تربێت؟ "
دادوەری داواكاری گشتی د.فەرهاد حاتەم لەسەر سەرنجە یاساییەكانی بۆ كەیسی پێنج ڕۆژنامەوان و چالاكوانەكەی بادینان زیاتر وتی" پرسیارێكمان لادروست دەبێت ئایا دەركردنی بڕیارێكی پێشووتری دادگای تاوانەكانی دهۆك ئەمە وای نەكردووە ئەم كەیسە لەدەستی دهۆك دەربكرێت و بخرێتە هەولێر بۆ ئەوەی بڕیارەكە بەشێوازێكی تربێت؟ دەتوانیین وابڵێین؟"
" ...ئەگەر من دادوەری ئەو كەیسە بم ...."
دادوەرەكەی داواكاری گشتی (د.فەرهاد حاتەم) ئەوەشی وت" بۆ نموونە ئەگەر من دادوەر بم و ئیسپات بێت كەكەسێك ئەو یاسایەیان (یاسای ژمارە 21) ی بەسەریدا جێبەجێبكەم ناچم شەش ساڵ حكومی بدەم دەچم حوكمی هەتا هەتایی دەدەم چونكە یاساكە وام پێدەڵێت ئەگەر نەشیكردووە پێویستە ئازادی بكەیت، چارەسەری ناوەندی نییە لەیاساكەدا (واتە یا حوكمی هەتا هەتاییە یاخود دەبێت ئازاد بكرێن) ئەو یاسایە ڕوونە دەبێت كەسێك تاوانێكی كردبێت و زیانی گەیاندبێت بەسەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەدامودەزگاكانی دەبێت بەرئەنجامی ئەو كردارەی كە كردوویەتی زیانێك كەوتبێت واتە زیانەكە (موتەحقیق) بەدیهاتبێت پرسیارەكەی من ئەوەیە ئایا ئەمانە بەرئەنجامی ئەو كردارەی كەگوایە كردوویانە سەفارەتێك تەقێنراوەتەوە؟ كونسوڵخانەیەك تەقێنراوەتەوە؟ یان تەقینەوەیەك هەبووە؟ بینایەكی حكومەت ڕووخێنراوە یان سوتێنراوە؟ شتی وا ڕوویداوە؟ كەواتە كە نەكرابێت كەواتە تاوانەكە (موتەحەقیق) ئەنجامدراو نییە دەبێت بگەڕێن بەدوای ئەوەی ئایا ئەم كردارەی ئەمان دەچێتە بابی تاوانێكی ترەوە؟ چونكە ناكرێت كەسێك لەسەر شتێك حكوم بدەیت كە ئەو تاوانە بەسەریدا جێبەجێ نەبێت، ئەوە وەك ئەوە وایە كەسێك حكوم بدرێت لەسەر تاوانی كوشتن بەڵام خۆی تاوانی كوشتنی ئەنجام نەدابێت و جنێوی دابێت."
"داواكاری گشتی لەهەرێم بە یاسای ساڵی 1979 كاردەكات كەیەكێك لەئامانجە گرنگەكانی ئەو یاسایە دەڵێت "پاراستنی دەستكەوتەكانی شوڕشی بەعسە"
دادوەری داواكاری گشتی د.فەرهاد حاتەم سەبارەت بەهۆكاری كارانەبونی ڕۆڵی داواكاری گشتی لەهەرێمی كوردستان كەوەك هەندێك ڕەخنە لەو دامەزراوەیە دەگرن و بەناكارا ناوی دەبەن دەڵێت" من لە ساڵی 2006 وە كە دامەزاراوم وەكو داواكاری گشتی تائیستا ئێمە لە هەوڵداین دەزگای داواكاری گشتی كارا بكەین و بەهێزی بكەین،لەپێداویستیەكانی كاراكردنی ئەم دەزگایە دەركردنی یاسایەكی تۆكمەیە كەتۆزێك دەستی داواكاری گشتی بكاتەوە و تۆزێك دەسەڵاتی زیاتر بداتێت و هێزی زیاتر بداتێت و چاودێری زیاتر بتوانێت بكات و ئیجرائات زیاتر بتوانێت بكات هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی كە لەدنیادا هەن من خۆم یەك مانگ لەئەمەریكا بووم سەرسام بووم بەسیستەمی داواكاری گشتی و ئەو وڵاتە كەچۆن ئیش دەكەن و داواكاری گشتی لە چ ئاستێكدایە و لە شوێنێكی یاسایی بەهێزدایە كە لەئاستی هەموو حكومەت بەدەست داواكاری گشتییەوە دەناڵێنێت بەڵام ئەگەر بەراوردی بكرێت بە داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان هەر لەبنەڕەندا ڕووی بەراوردی نییە چونكە ئێمە لەچوارچێوەی یاسایەك ئیش دەكەین كە لەساڵی 1979 وە دەرچووە، یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی ئەو یاسایە دەڵێت "پاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕش و بەعسە"واتە یاسایەك بۆ پارێزگاری كردن لەخودی خۆی و لەدەستكەوتەكانی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی ئەمە شەرمەزاری نییە كەئێستاش بەو یاسایە ئیش دەكەین بەڵام بەكێ بڵێین؟."
"داواكاری گشتی ئەگەر بەم شێوازە بمێنێتەوە نەبوونی باشترە "
دادوەرە گشتیەكە ئەوەش دەڵێت" لەساڵی 2006 وە ئێمە پرۆژە پێشكەش دەكەین و دەڵێین داواكاری گشتی ناكرێت وابێت نابێت ئاوا كپ بێت و نابێت دەستەمۆ بێت و نابێت بێ ڕۆڵ بێت داواكاری گشتی ئەگەر بەم شێوازە بمێنێتەوە نەبوونی باشترە لەبەرئەوەی كە دەزگایەك نەتوانێت بەئەركی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت یان ئەوەیە ئەم دەزگایە بخەنە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی و دەزگایەكی بەهێز بێت وەكو هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی كەهەن یان بەڕای من نەبوونی باشترە."
" پەرلەمان دەیان پڕۆژە یاسای دەركردووە بەڵام ئەوەی پرۆژەیاسای داواكاری گشتی بێت لە ڕەفەكان دانراوە و هەموو ساڵێك قورعەی بۆ دەكرێت بەڵام ناگاتە ئەنجام "
واتە لەپەرلەمانی هەرێم یاساكەتان بۆ هەموار ناكرێت یا دەرناچوێنرێت؟ دادوەر د.فەرهاد حاتەم دەڵێت" بەڵێ ئێستا دەیان پڕۆژە یاسایان لەپەرلەمان دەركردووە بەڵام ئەوەی پرۆژە یاسای داواكاری گشتی بێت لەڕەفەكان دانراوە و هەموو ساڵێك قورعەی بۆ دەكرێت بەڵام ناگاتە ئەنجام جگەلەوە لایەنێكی زیندووی كەمترین دەسەڵاتی داواكاری گشتییە دەبێت پێداچوونەوەیەكی گشتی بكرێتەوە بەپۆستەكانی ناو داواكاری گشتی دەبێت بزانیین ئایا پێوەری دانانی داواكاری گشتی چییە؟ جێگرەكانی چین؟ سەرۆكی فەرمانگەكان چین؟ سەرۆكی دەستەی سەرپەرشیتیاری دادی چین ؟تەنانەت هەڵبژادنی خودی داواكاری گشتی دەبێت كۆمەڵێك پێوەر و دیسپلین هەبێت، دەبێت چاودێریەك هەبێت لەسەر ئەدای ئەم ئەندامانە، ئایا ئەگەر ئەندامێكی داواكاری گشتی كارایە وكاریگەرە جێگەی دەستخۆشیە ئەگەرنا توانای نییە و قابیلەتی نییە پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت،پێویستە لایەنێك هەبێت چاودێری بكات كە ئەمە تائێستا بوونی نییە."
"دیاردەیەكی خراپ و مەترسیدارە ئەگەر خەڵك والێ بكەین هەمووی بەئاراستەیەكی ناشیرین سەیری دادگا بكات و شكۆی دادگا بشكێنن "
لەكۆتایی وتووێژەكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دادوەری داواكاری گشتی د.فەرهاد حاتەم وتی" لەگەڵ ئەو هەموو تێبینیانە و ئەو بابەتە یاسایانەی كەباسم كرد دیاردەیەكی خراپ و مەترسیدارە ئەگەر ئێمە خەڵك والێ بكەین هەمووی بەئاراستەیەكی ناشیرین سەیری دادگا بكات و شكۆی دادگا بشكێنن و لە فەیسبوكدا جنێو بدات بەدەزگای دادگەری ئەمە شتێكی خراپە بەڵام دەبێت ئیش لەسەر ئەوە بكەین چۆن بتوانیین ئەگەر خەلەلێك هەیە چارەسەری بكەین؟ ئەو لایەنانەی كە ئەرك دەبینن لەوەی كەشكۆی دادگا بپارێزن یەكێك لەدەزگا گرنگەكان داواكاری گشتیە، من كاتی خۆی سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی بووم كەیسی وا هەبووە ئەو داواكاری گشتیە كە لەدادگای تاوانەكان بووە بەشێوازێك داواكاری پێشكەش كردووە بەڵام كەچی من خۆم وەكو سەرۆكی داواكاری گشتی بڕیارەكەم تەمییز كردۆتەوە لەدادگای پێداچوونەوە هەڵوەشاوەتەوە یەكێك لەوانە كەیسی مامۆستا ساكار كەدادگای تاوانەكانی سلێمانی ئیفراجی كرد بەڵام من وەكو سەرۆكی داواكاری گشتی خۆم تەمییزم كردەوە لەگەڵ ئەو بڕیارە نەبووم ئەوە بوو لەدادگای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە مەبەستم ئەوەیە دەبێت لەناو داواكاری گشتیدا ئێمە بێلایەن بین بەمانای وشە چونكە لەئەنجام ئێمە چاودێری دەزگای دادوەری دەكەین."
"ئەو كەیسە تەنها دوو كەس بۆی هەیە داوای پێداچونەوە لەبەردەم دادگای پێداچونەوە بكات "
د.فەرهاد حاتەم ڕاشیگەیاند" كاتێك دادگا بڕیارێك دەدات بەئاراستەیەك ئەركی خەڵك نییە بەیاننامە بڵاوبكاتەوە و دژی خۆپیشاندان بكات و جنێوبدات بەدادوەر و سوكایەتی بكات بەدادوەر بكات، ئەو كەیسە تەنها دووكەس بۆی هەیە "تەمیزی" بكاتەوە داواكاری گشتی لەگەڵ كەسەكەی كە حوكم دراوە ئیتر خەڵكی تر لە هاوكێشەكەدا نییە بۆیە ئەمەش بۆخۆی خراپە هەركەیسێك دادگا بڕیاری تێیدا دا یەكسەر ئێمە بڕۆینە سەرشەقام و ئاراستەی دادگا بگۆڕین و كێ دەڵێت ئەو كەسە شایستەی ئیدانەكردن نییە؟ دەبێت شتەكان وابێت یەكەم شكۆ بۆ دادگا بگەڕێتەوە، دووەم ئەو دادوەرەی كە بڕیاردەدات پێویستە بەئەمانەتەوە بڕیاربدات هەروەها داواكاری گشتیش بەڕۆڵی خۆی هەستێت."
سەرچاوە: VOA