ڕاپۆرتی جیهانی

09:35 - 19/02/2021

ئەفریقا؛ لە برسێتییەوە بۆ گۆڕەپانی ململانێ‌

پەیسەر

ئەفریقا، کیشوەرە برسییەکەی جیهان، وەک چۆن برسێتی و هەژاری تەنگی پێهەڵچنیوە، ململانێی نێوان ئێران، ئیمارات، ئیسرائیل و تورکیاش هێندەی دیکە ماندوویان کردووە. ئەم چوار وڵاتە بە هەموو هێزی خۆیانەوە لەم کیشوەرەدان و شەڕی هەژموون و دەسەڵاتدارێتیی برسییەکان دەکەن.

ئیمارات و ئێران
دوای ئەوەی ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە، دەستی بە فراوانخوازییەکانی لە دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، یەکێک لەو ناوچانەی ئیمارات دەیەوێت رووی تێبکات ئەفریقایە، ئەفریقایەک کە ئێرانیش رووی تێکردووە، ئەمەش هەردوو وڵاتەکە دەدات بە گژ یەکتردا.

گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی راپۆرتێکی لەبارەی رکابەری و ململانێکانی ئیمارات و ئێران لە ئەفریقا بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، ململانێی ئەم دوو وڵاتە لە ئەفریقا، کیشوەرەکە رووبەڕووی ناسەقامگیری دەکاتەوە.

هەڵمەتی دەستگیرکردن
لە هەفتەکانی رابردوودا ئەسیوبیا ١٥ کەسی دەستگیر کرد و رایگەیاند، ئەم کەسانە پلانیان داناوە هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئیمارات لە ئەسیوبیا و سودان.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکراوەکان سەر بە "گروپێکی تیرۆریستی بیانی"ین، بەڵام ئاماژە بە ناوەکانیان نەدراوە.

هەمان ماوە، سوید رایگەیاند، دوو کەسیان دەستبەسەر کردووە کە هەڵگری رەگەزنامەی سویدی و ئەریترین، گومان دەکرێت پلانیان دانابێت لە وڵاتێکی دیکەدا کاری "تیرۆریستی" ئەنجام بدەن.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن، دەستگیرکردنەکانی ئەسیوبیا و سویدیش پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە و ئێرانیش لەپشتیانەوەیە.

تۆڵەی ئێرانییەکان
لە راپۆرتی گۆڤارەکەدا هاتووە، ئەم رووداوانە بۆ ئێران نوێ نین، چونکە مێژووی ئێران پڕە لەو هێرشانەی کە لە وڵاتانی ئەفریقا ئەنجامی داون و لە زۆربەشیاندا سەرکەوتوو نەبووە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا باس لەوە دەکەن، دوای شکستهێنانی لە هەوڵە گەورەکاندا، ئێران پلانی هەیە بە هەوڵی بچوک تۆڵە لە ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بکاتەوە.

چەک بۆ ئەفریقا و یەمەن
بەپێی راپۆرتەکە، ئێران ماوەی چەند ساڵێکە سەقامگیری ئەفریقای تێکداوە. لە ساڵی ٢٠١٣وە پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجومەنی ئاسایشیان لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئێران و یەمەنەوە بۆ سۆماڵ ئاگادار کردووەتەوە کە لە ساڵەکانی رابردوودا مانگانە چوار بارهەڵگر چەک لەم دوو وڵاتەوە بۆ سۆماڵ گواستراوتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا هێزە رۆژئاوایی و ناوخۆییەکانی سۆماڵ دەستیان بەسەر چەندین بار چەکدا گرتووە کە بۆ سۆماڵ و یەکەم نێردراون و دروستکراوی ئێران و کۆریای باکور بوون.

زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن بەشێک لەم چەکانە بۆ بزوتنەوەی شەباب رۆیشتوون لە سۆماڵ، کە گروپێکی جیهادیی سۆماڵین. بەشێکی دیکەی چەکەکانیش بۆ یەمەن رۆیشتوون تاکو بگات بە دەستی حوسییەکانی ئەو وڵاتە.

چەکەکان
لە ماگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، دەسەڵاتدارانی سعودیە دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت کە موشەکی دژە تانکی تێدا بووە. لە ئێستاشدا و بەردەوام باری چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن دەنێردرێت و بەشێکی ئەم کارەش سۆماڵییەکان ئەنجامی دەدەن.

لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بزوتنەوەی شەباب بەبۆنەی یادی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکا لە کەنداوی ماندا لە کەناراوەکانی کینیا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە.

ئیمارات و ئەفریقا
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە، چەکدارانی شەباب شوێنی ئاڕاستەکردنی موشەکیان پێیە کە دروستکراوی ئێرانە، ئەوە جگە لەوەی چەندین چەکیان پێیە و لە دەست سوپای سۆماڵ دەریانهێناوە و لە بنەڕەتدا لە ئیماراتەوە نێردراوە.

لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ ئیمارات راهێنانی بە بەشێک لە سوپای سۆماڵی کردووە، بەڵام پەیوەندی باشی سۆماڵ لەگەڵ قەتەر دوای کێشەکانی دەوحە لەگەڵ ئیمارات و رێککەوتنەکانی ئیمارات لەگەڵ دژبەرەکانی حکومەتی سۆماڵ، ئەم دوو وڵاتەی لە یەکتر دوورخستەوە.

لە ئێستادا ئیمارات لە هەر کاتێک زیاتر لە ئەریتریا و ئەسیوبیا چالاکە، چەکیشی بە سوپای ئەریتری داوە و بنکەکانی ئەو وڵاتەشی بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکان بەکارهێناوە.

هەڵگەڕاوەکانی ئەریتریاش باس لەوە دەکەن، لە ئەم بنکانەوە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەریان.

ئیسرائیلیش لە ئەفریقایە
بە تەنها ئیمارات و ئێران لە ئەفریقا نین، رۆژنامەکانی ئیسرائیل باس لەوە دکەن ماوەیەکی زۆرە ئیسرائیل لە ئەریتریا بنکەی هەواڵگری هەیە. تەنانەت ئیسرائیل لە شوێنە هەرە ستراتیژییەکاندا بنکەی هەیە، بەتایبەت لە نزیک بابلمەندەب لە دەریای سور.

گۆڤارەکە دەپرسێت بوونی کام لەم دەوڵەتانە سودیان بۆ ئەفریقا هەیە؟ لە کاتێکدا دوای دواخستنی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە لەم وڵاتە سۆماڵ توشی قەیران بووە و ئەسیوبیاش لەژێر هەڕەشەی دابەشکاریی ئیتنیکیدایە.

تورکیاش هاتووە
یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی لە ئەفریقایە و فراوانخوازیی دەکات، تورکیایە، بەتایبەت دوای هاتنە سەر کاری پارتی داد و گەشەپێدان.

تورکیا لە سۆماڵ و وڵاتانی دیکەی ئەفریقادا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی کەلتوری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، بازرگانی و سیاسیی دەدات و لە هەندێک وڵاتیشدا بەتایبەت لیبیا دەستوەردانی سەربازی دەکات.

لێرەوەیە تورکیا دەبێت بە رکابەری سەرسەختی ئێرانی و ئیماراتییەکان لە کیشوەری ئەفریقا.

لەگەڵ ئەوەی ئەم ناوچەیە پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری هەیە تاکو ئاگری جەنگەکان بکوژێنەوە، بەڵام وڵاتانی بیانی هاتوون بەنزین بە ئاگرەکەدا دەکەن.