ڕاپۆرتی جیهانی

07:50 - 10/01/2019

چۆن رۆژنامه‌نوسان رووبه‌ڕووی هه‌واڵی ناڕاستی تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت ده‌بنه‌وه‌؟‌

پەیسەر

ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ رۆژنامه‌نوسان به‌هه‌موو توانایانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی هه‌واڵی ناڕاستی تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌كانی راستی چ سودێكی هه‌یه‌ كه‌ هه‌واڵه‌ ناڕاسته‌كان له‌سه‌ر زمانی هه‌موو خه‌ڵك بڵاوببنه‌وه‌، مه‌ترسی هه‌واڵی ناراست تائێستاش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ گه‌وره‌یه.

بۆریس جونسون پێش راپرسیه‌كه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ساڵی 2016 دا، درۆیه‌كی گه‌وره‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌ دووره‌وه‌ بناسرێته‌وه‌، به‌پیتی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی گه‌وره‌ی ره‌نگ سوور نوسرابوو( هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك 350 ملیۆن جونه‌یهی ره‌وانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كه‌ین) به‌خێرای رۆژنامه‌نوسانی به‌ریتانیا ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ته‌نها 110 ملیۆن جونه‌یهی راستە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 47%ی ئه‌وانه‌ی له‌دواتردا به‌شداری راپرسیه‌كیان كرد پێیان وابوو ژماره‌كه‌ی بۆریس جونسون راسته‌ و ته‌نها 39% پێیان وابوو ئه‌و ژماره‌یه‌ ناراسته‌. 

هه‌واڵه‌ ناراسته‌كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتری هه‌بوو له‌راستكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان، و كاریگه‌ریشی دروستكرد له‌سه‌ر بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا دوای تێپه‌ڕبوونی نیوساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ( هه‌واڵی ناراست) خواستی له‌سه‌ربوو له‌ناو خه‌ڵكدا.

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زانیاری ئه‌وتۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ راستیه‌كی تێدانییه‌ به‌نمونه‌ باسی تێوه‌گلانی هیلاری كلینتۆن ( ڕه‌قیبه‌كه‌ی تره‌مپ) له‌تۆری سێكسی منداڵان كرا، دواتر ده‌ركه‌وت به‌شێك له‌و تۆڕانه‌ی له‌ كه‌مپینی بانگه‌شه‌ی ئه‌مریكا هه‌واڵی ناراستیان بڵاوكرده‌وه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ كڕدرابوون.

دواتر به‌هێواشی كاریگه‌ری هه‌واڵی ناراست له‌سه‌ر دیموكراسیه‌ت ده‌ركه‌وت، له‌ساڵی 2017 دا به‌پێی راپرسیه‌ك كه‌ له‌زانكۆی ماینتس ئه‌نجامدرا 74%ی به‌شداربووان پێیان وابوو كه‌ هه‌واڵی ناراست بۆته‌ مه‌ترسیه‌كی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌، له‌به‌رامبه‌ردا رێژه‌ی متمانه‌ به‌ میدیا كلاسیكیه‌كان زیادیكردووه‌، سه‌باره‌ت به‌جیاكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانیش له‌ تۆڕی ئینته‌رنێتدا له‌نێوان راستی و درۆدا به‌شه‌كانی نوسین و شێوازه‌كه‌ی وه‌ك هۆكاری گه‌یشتن به‌راستیه‌كان دیاریكراوه‌.

لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ك چی له‌زانیاریه‌كانی به‌رده‌ستی ده‌كات؟

لێكۆڵینه‌وه‌ تاكه‌ رێگاچاره‌ی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌واڵی ناراسته‌ رۆژنامه‌نوس پاتریك گینزینگ ده‌ڵێت، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی تر نازانێت، ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ له‌مانگی نیسانی ساڵی 2017 واتا شه‌ش مانگ پێش هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا گروپێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌هه‌واڵی ناراست دروستكرد، ئه‌وكاته‌ ترسی ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ هه‌واڵی درۆیینه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست بكات، هاوشێوه‌ی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مریكا دروستیكرد.

گروپه‌كه‌ی گینزینگ له‌چوار رۆژنامه‌نوس پێكهاتووه‌، ئه‌وان ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌واڵی ناراستی كلاسیكی ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ئامار و لێدوانانه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌و ژمارانه‌ی ده‌رباره‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌ڵمانیا ئاشكراده‌كرێن.

نمونه‌یه‌كی تریش وه‌ك لێدوانی هانس گیورگ ماسن سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌ڵمانیا، كه‌ گومانی كرد له‌راستی ڤیدیۆیه‌ك كه‌ له‌ئینته‌رنێت بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌رباره‌ی كۆبونه‌وه‌ی توندڕه‌وه‌كان له‌شاری كیمنیتس، به‌ڵام لێكۆڵه‌ره‌كان به‌رده‌وام بوون له‌ڕوونكردنه‌وه‌كانیان و ده‌ركه‌وت هیچ ناراستیه‌كی تێدا نییه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ماسن ده‌ستی له‌پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه‌. 

شاره‌زایان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌پێی ئاماره‌كان به‌شێك له‌هه‌واڵه‌كان كه‌لینكیان تێدایه‌ كه‌ زۆرجار ته‌نها نیوه‌ی راستیه‌كه‌ ده‌رده‌خه‌ن، به‌وه‌ش پێویسته‌ شاره‌زایان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌كان بكه‌ن، بۆنمونه‌ له‌رێگه‌ى ئاماره‌كانی تاوانه‌وه‌ پۆلیس هه‌وڵ ده‌دات كاریگه‌ری له‌سه‌ر گفتوگۆ سیاسیه‌كان دروست بكات.

لێكۆڵینه‌و له‌ هه‌واڵه‌كان به‌كوێ ده‌گات؟

یه‌كێك له‌ئاڵنگاریه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى به‌رده‌م لێكۆڵه‌ره‌وان گه‌یاندنی راستی هه‌واڵه‌كانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ باوه‌ڕ به‌هه‌واڵی ناراست ده‌كه‌ن، هه‌ندێك كه‌س جیهانی هه‌واڵی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان پێ باشتره‌وه‌ و به‌باشتر له‌ راگه‌یاندنه‌ كلاسیكیه‌كانی ده‌زانن.

ئه‌لیكسه‌نده‌ر زینگیرلاوب ده‌ڵێت، له‌ رابردوودا یه‌كه‌مجار لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌واڵه‌كان ده‌كرا پاشان بڵاوده‌كرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ره‌نگه‌ دواتر كه‌سێك بێت و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌راستی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بكات، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌ئه‌مرۆدا بڵاوكردنه‌وه‌ له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ ئاسان بووه‌ و رۆژنامه‌ پێگه‌ هه‌ژمونگه‌راكه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش به‌تایبه‌تی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ ناراستانه‌دا جێبه‌جێده‌بێت كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هه‌ستی مرۆڤ و دواتر له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، جیاوازی كات له‌بڵاوكردنه‌وه‌دا پێگه‌ی هه‌واڵه‌ ناراسته‌كه‌ به‌هێز ده‌كات له‌به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ دڵنیابوونه‌وه‌. 

شاره‌زایان هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ نه‌مانی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ئاسایی، به‌هۆی زۆربوونی هه‌واڵی ناراست به‌وه‌ش پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ست به‌مه‌ترسی هه‌واڵی ناراست بكات كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.