09:43 - 15/02/2021
له‌سه‌ر رێبازی ما‌و تسی تۆنگ ئایا شۆڕشی رۆشنبیری ئێران توانی ئامانجه‌كانی به‌دیبهێنێت؟
"پێویسته شۆڕشی ئیسلامی بگاته ناو سه‌رجه‌م زانكۆكانی ئێران، ئه‌وه‌ش به ئامانجی پاككردنه‌وه‌ی زانكۆكان له‌و مامۆستایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به فكری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش به ئامانجی ئه‌وه‌ی زانكۆكانمان كه‌شێكی باش بن بۆ خوێندنی زانستی دینی ئیسلام".
ئه‌مه لێدوانی ئایه‌توڵا خومه‌ینی بوو كه به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی 1980 و له دوای ساڵێك له سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ به‌رپرسانی ئێرانی دا. ئامانجیش له‌م لێدوانه پاككردنه‌وه‌ی زانكۆكان بوو له بیروبۆچوونی "رۆژئاوایانه" و كردنی ئه‌و زانكۆیانه بوو به ناوه‌ندی خوێندنی زانستی ئیسلامی.
چه‌مكی شۆڕشی رۆشنبیری و فكری، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌زمونی شۆڕشی رۆشنبیری چین كه له‌لایه‌ن ما‌و تی سۆنگه‌وه ئه‌نجامدرا، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئامانج لێی پاككردنه‌وه‌ی وڵاته له‌هه‌موو ئه‌و فكر و بۆچوونانه‌ی له‌گه‌ڵ فكر و بۆچونی سیستمی سیاسی ناگونجێت. واش چاوه‌ڕوانكراوه، بۆ به جێگه‌یاندن و به دیهێنانی ئامانجه‌كه به‌شێكی زۆر له هاوڵاتیانی هه‌ڵگری فكری جیاواز بكه‌ونه به‌ر شاڵاوی جێگۆڕكێ و دوورخستنه‌وه و كوشتن و سزادان و زیندانیكردن.
شۆڕشی رۆشنبیری ئێران كه‌ی ده‌ستی پێكرد؟
له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، له ناو به‌شێكی زۆر له زانكۆكانی ئێران، به‌شێكی له خوێندكارانی سه‌ر به شۆڕش، ده‌نگیان دژی ئه‌و مامۆستا و خوێندكارانه‌ی بۆچوونیان له‌گه‌ڵ شۆڕشی ئیسلامی نه ئه‌گونجا به‌رز كرده‌وه. ئه‌و خوێندكارانه‌ی خۆشه‌ویستیان بۆ شۆڕش ههبووداوای پاككردنهوی زانكۆیان له‌و مامۆستا و خوێندكارانه ده‌كرد كه به‌فكری رۆژئاوایی تۆمه‌تباریان كردبوون.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌شدا، بزوتنه‌وه‌یه‌كی خوێندكاری په‌یدابوو كه به‌شێكی زۆر له مامۆستایانی زانكۆ له‌گه‌ڵیان بوو له‌سه‌ر ره‌وتی ماركسی و چه‌پ بوون، دژی ئه‌و ده‌نگانه وه‌ستانه‌وه كه شوێنكه‌وتووی خومه‌ینی و شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوون، ئه‌م ناكۆكیانه‌ش له 19ی چواری ساڵی 1980 گه‌یشته لوتكه، ئه‌وه‌ش دوای لێدوانه‌كه‌ی ئایه‌توڵا خومه‌ینی كه داوای پاككردنه‌وه‌ی زانكۆكانی كرد له بیری چه‌پ و ماركسی و عیلمانی.
عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی یه‌كێك بوو له پیاوه دیاره‌كانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شۆڕش بوو كه له‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش دروستكرابوو، له زانكۆی ته‌برێز وتارێكی پێشكه‌ش كرد، له‌كاتی وتاره‌كه‌یدا پێكدادان له‌نێوان خوێندكاره‌كانی سه‌ر به شۆڕش و خوێندكاره‌كانی بیری چه‌پ روویدا.
حسه‌ین پێوه‌ندی كه یه‌كێك بوو له چالاكوانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له لێدوانێكیدا بۆ ساسه‌پۆست ورده‌كاری ئه‌و پێكدادانه خوێناوییه‌ی نێوان خوێندكاره‌كانی هه‌ردوو بۆچوونه‌كه، باس ده‌كات و ده‌ڵێ: خوێندكاره‌كانی سه‌ر به شۆڕش به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ بینای سه‌ره‌كی زانكۆی ته‌برێزیان داگیركرد و وتیان ئێره چۆڵناكه‌ین، تا ئه‌م زانكۆ له مامۆستا و خوێندكاره‌كانی بیری چه‌پ و ماركسی پاكنهبێتهوه، دوای ئه‌م رووداوه‌ش ئاڵۆزی به شێوه‌یه‌ك دروستبوو هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌داخولیان كرد بۆ پاراستنی ره‌فسه‌نجانی له هێرشی ئه‌و خوێندكارانه‌ی بیری چه‌پیان هه‌ڵگرتبوو.
دوای ئه‌م رووداوه، ناكۆكی و پێكدادانه‌كانی نێوان خوێندكارانی سه‌ر به شۆڕش و خوێندكاره ئۆپۆزسیۆنه‌كانی بیری شۆڕشی ئیسلامی هه‌موو زانكۆكانی له سه‌رتاسه‌ری ئێران گرته‌وه. به‌وه‌ش ئێران به شێوه‌یه‌كی گشتی بووه گۆڕه‌پانێكی نوێی ململانێی نێوان ئه‌م دوو بیر و بۆچوونه.
پاش فراوانبوونی ململانێكان، بارودۆخه له‌ژێر كۆنتڕۆڵ ده‌رچوو، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵا خومه‌ینی ئه‌نجامدا، ئه‌ویش لای خۆیه‌وه بڕیاریدا ماوه‌ی سێ رۆژ مۆڵه‌ت بدرێت به هه‌موو به‌ره‌كانی ناو زانكۆ كه نوسینگه‌كانیان دابخه‌ن، ئه‌وه‌ش به ئامانجی پاككردنه‌وه‌ی زانكۆ له بیری چه‌پ و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی دژی بۆچونه‌كانی شۆڕش وه‌ستاونه‌ته‌وه.
شه‌ڕی شه‌قام له‌نێوان ئیسلامی و عەلمانی
له‌یه‌كه‌م رۆژی مۆڵه‌ته‌كه‌ی خومه‌ینی بۆ داخستنی نوسینگه سیاسییه‌كانی ناو زانكۆ، ململانێكان جارێكی تر په‌ره‌ی سه‌نده‌وه و كێشه‌كان زیاتر و ئاڵۆزتر بوون، پاشان هێزه‌كانی پاسه‌وانی شۆڕش و لیژنه‌كانی شۆڕشی باڵای ئیسلامی ته‌داخولیان كرد، ئه‌وه‌ش به ئامانجی هاوكاریكردنی خوێندكاره‌كانی سه‌ر به خومه‌ینی و وه‌ستانه‌وه له‌دژی ئه‌و مامۆستا‌و خوێندكارانی هه‌ڵگری بیری چه‌پ بوون.
حسه‌ین پێوه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌م رووداوانه ده‌ڵێ: هێزه‌كانی پاسه‌وانی شۆڕش و لیژنه‌كانی شۆڕشی باڵای ئیسلامی و به‌شێكی زۆر له سیاسی و خه‌ڵكی دیاری سه‌ر به شۆڕش هاوكاری خوێندكاره‌كانی سه‌ر به ئیمام خومه‌ینیان كرد، هه‌ر به‌وه‌شه نه‌وه‌ستان ئه‌و هێزه‌ی پاسه‌وانی شۆڕش به چه‌كه‌وه به‌شداریان له ململانێكاندا كرد، وه‌ك له رۆژنامه‌كانیشدا نوسرا، به هه‌زاران خوێندكار له زانكۆكانی تاران و مه‌شهه‌د و شیراز كه ململانێی توندی تێدا بوو برینداربوون.
مۆڵه‌تی سێ رۆژه‌ی ئیمام خومه‌ینی به‌شداری هێز نه‌یتوانی ئارامی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ زانكۆكان، بۆیه ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش به ناچاری بڕیاریدا ده‌رگای زانكۆكان تا ئه‌و كاته‌ی له‌و مامۆستا و خوێندكارانه‌ی سه‌ر به ره‌وتی چه‌پن پاكده‌كرێنه‌وه دابخات،سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ش كه ئه‌بو حه‌سه‌نی به‌نی سه‌در بوو هیچ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی بۆ بڕیاره‌كه نه‌بوو، هه‌روه‌ها وتی: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌مان بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش به‌جێهێشتووه. سیستم و ده‌سه‌ڵات، واته مه‌رجی به‌رده‌وامی شۆڕش. بۆیه پێویسته ژیانمان له‌سه‌ر بنه‌مای شۆڕش و رۆحی شۆڕشگێری به‌رده‌وام بێت.
پاش ئه‌م بڕیارانه ململانێكان كۆتایی پێنه‌هات و به‌رده‌وام بوو، هه‌ردوو لا له‌و رۆژانه‌دا هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنیان ده‌دا بۆ ده‌ركردنی ئه‌وی دیكه‌یان له‌ناو زانكۆ. پێوه‌ندی ده‌ڵێ: بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش كارێكی كرد پاش ماوه‌یه‌ك خوێندكاره ئیسلامییه‌كان بتوانن خوێندكار‌و مامۆستایانی بیری چه‌پ شكست پێبهێنن و دوای ئه‌وه‌ش ئیتر یه‌ك به یه‌كی زانكۆكان كه‌وتنه ده‌ست خوێندكاره‌كانی سه‌ر به شۆڕش و ئیمام خومه‌ینی.
گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن وه‌ك رێگای كۆنتڕۆڵكردنی زانكۆ
دوای سه‌ركه‌وتن له ده‌ركردنی خوێندكاره چه‌په‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی، بیروبۆچونی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش به رابه‌رایه‌تی ئایه‌توڵا خومه‌ینی، له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1980 ئه‌وه‌بوو، بۆ گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی له هه‌یكه‌لی زانكۆكان، پێویستیان به دروستكردنی (بنكه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری هه‌یه)، بۆیه ئه‌نجومه‌نی شۆڕش هه‌ر به زوویی بڕیاریدا ئه‌و بنكه‌یه دروست بكات و حه‌وت ئه‌ندامی هه‌بوو كه بریتی بوون له (عه‌لی شه‌ریعه‌تمه‌داری – عه‌بدولكه‌ریم سروش – محه‌مه‌د جه‌واد باهنهر – محه‌مه‌د مه‌هدی ئهمشلی – حسه‌ین حه‌بیبی – شهمس ئه‌حمه‌د – جه‌لاله‌دین فارسی).
كاروبۆچوونهكانی بنكه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری كه دورستكرا، سێ كار و ئامانجی هه‌بوو كه بریتی بوون له (دیاریكردنی هه‌موو مامۆستا و وانه‌بێژه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مانی پێوه‌ره‌كانی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری، گۆڕینی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بیروبۆچونی شۆڕشی ئیسلامی یه‌كبگرێته‌وه، هه‌روه‌ها كۆنتڕۆڵكردنی زانكۆكان بۆ به‌رپرسانی شۆڕشی ئیسلامی).
محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌باسی مامۆستای كۆمه‌ڵناسی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران داده‌نیشێت به ساسهپۆستی راگه‌یاندووه: ئیمام خومه‌ینی خواست و هۆگری ئه‌وه‌بوو كه زانكۆكان كۆنتڕۆڵ بكات به هه‌ر نرخێك بێت، هه‌تا ئاماده‌ی ئه‌وه‌بوو كه بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ سه‌رجه‌م زانكۆكان دابخات، تا ئه‌و ئاواته‌ی به‌دیده‌هێنرێت.
به درێژایی مێژوو، زانكۆكانی ئێران بنكه‌ی سه‌ره‌كی جوڵه‌ی سیاسی و بۆچوونی سیاسی بوون، بیروبۆچوونی چه‌پ و عه‌لمانی هه‌میشه لای خوێندكارانی زانكۆكانی ئێران، بازاڕێكی گه‌رمی هه‌بووه، نوسه‌ری ئه‌مریكی/ئێرانی یه‌رواند ئه‌براهامیان، له كتێبی (ئێران له‌نێوان دوو شۆڕشدا) ده‌ڵێ: زانكۆكانی ئێران له ساڵانی چل و په‌نجاكاندا بنكه‌یه‌كی به‌هێزی رێكخستنه‌كانی بیری چه‌پ بووه، له 50%ی خوێندكاره‌كانی هه‌ڵگری بیری چه‌پ بوون له‌ناویشیاندا چه‌كدار هه‌بووه.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه رونده‌كاته‌وه كه بۆچی ئایه‌توڵا خومه‌ینی خواستی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو كه زانكۆكان كۆنتڕۆڵ بكات و كه‌شوهه‌وای سیاسی به خواستی شۆڕشی ئیسلامی تێدا بگۆڕێت و هه‌رچی بیروبۆچوونی چه‌په له زانكۆكانی كۆتایی پێبهێنێت؟ ئه‌وه‌ش به ئامانجی ئه‌وه‌ی زانكۆكان نه‌بنه بنكه‌ی سه‌ره‌كی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشی ئیسلامی.
ئەنجامی شۆڕشی رۆشنبیری.. باڵاپۆشتی ناچاری و ده‌ركردنی هه‌زاران
عه‌بدولكه‌ریم سروش كه یه‌كێكبوو له‌و حه‌وت كه‌سه‌ی ئه‌ندامی لیژنه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری بوو، له‌باره‌ی ئامانجی شۆڕشی رۆشنبیرییه‌وه ده‌ڵێ: زانكۆكان پێویستیان به پاككردنه‌وه هه‌بوو له بیری چه‌پ، ئه‌وه‌ش به ئامانجی ئه‌وه‌ی بتوانین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگه دابنێین و بیری ئیسلامی تێدا بڵاوبكه‌ینه‌وه. جێی ئاماژه دوای وه‌رگرتنی ئه‌و ئه‌ركانه، سروش بووه یه‌كێك له دیارترین بیرمه‌نده‌كانی ئێران و به‌شێكی زۆری فكری كۆمه‌ڵگه‌ی گۆڕی.
دوای ئه‌و پاككردنه‌وه‌ی كه سروش باسی ده‌كات، هه‌زاران مامۆستای زانكۆ كه هه‌ڵگری بیری چه‌پ بوون، له زانكۆكان ده‌ركران و له جێگه‌ی ئه‌وان ئه‌و مامۆستا و خوێندكارانه دانران كه هه‌ڵگری بیری شۆڕشی ئیسلامین و له‌گه‌ڵ پێوهرهكانیدان. حسه‌ین په‌یوه‌ندی له‌وباره‌وه ده‌ڵێ: به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه كاری لیژنه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری ده‌ركردنی هه‌زاران مامۆستای به توانا بوو له زانكۆكاندا و له‌بری ئه‌وانیش هه‌زاران مامۆستا دانران كه خۆشه‌ویستیان بۆ رێباز و به‌رنامه‌ی شۆڕشی ئیسلامی هه‌بوو، كه مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی بوو له‌پاڵ مه‌رجی زانستی.
ده‌شڵێ: هه‌ر مامۆستایه‌ك داده‌نرا، پێشتر له‌لایه‌ن به‌سیج و ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران و لیژنه‌ی شۆڕشی رۆشنبیرییه‌وه شوێنپێی مامۆستاكه‌یان هه‌ڵده‌گرت و هه‌موو زانیارییه‌كانیان له‌سه‌ری كۆده‌كرده‌وه، ئه‌وه‌ش به ئامانجی دڵنیابوون له‌وه‌ی ئایا خۆشه‌ویستی بۆ ئایه‌توڵا خومه‌ینی و شۆڕش هه‌یه یان نا. له‌م روه‌شه‌وه هه‌زاران مامۆستا و خوێندكار له زانكۆكان ده‌ركران كه دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان ده‌ركه‌وتبوو هه‌ڵگری بیر چه‌پن.
محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌باسی مامۆستای كۆمه‌ڵناسی كه یه‌كێك بوو له‌و مامۆستایانه‌ی له‌و كاته‌دا ده‌كرابوو، به ساسه پۆستی راگه‌یاندووه: دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵمدا پێیان راگه‌یاندم، كه من هه‌ستێكی چه‌پم هه‌یه‌و دژه شۆڕشم و فكر‌و بۆچونم دژه ئیسلامییه، بۆیه بڕیاریاندا له زانكۆ ده‌رمبكه‌ن و پاشان به ته‌واوه‌تی وڵاتم جێهێشت.
له ترسی تۆمه‌تباركردنی به دژه شۆڕش و ئیسلام، كه سزاكه‌ی له سێداره‌دان بوو عه‌باسی وڵاتی جێهێشتبوو و له ده‌ره‌وه ده‌ژی تا ئه‌مڕۆ. ئه‌و ده‌ڵێ: به ده‌ركردنی به تواناترین مامۆستاكانی زانكۆ كه له رووی زانستییه‌وه له ئاستی یه‌كه‌مه‌كانی وڵات‌دا بوون، زانكۆكان ئاستی زانستیان زۆر لاوازبوو هه‌روه‌ها دابه‌زی، به‌شێكی زۆری له گه‌وره مامۆستایانی زانكۆ به تۆمه‌تی چه‌پبوون ده‌ركران، كه به‌شێكیان له‌ناو وڵات مانه‌وه و به‌شێكی زۆریشیان وڵاتیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران به‌جێهێشت.
ئه‌نجامی شۆڕشی رۆشنبیری له سه‌رده‌می خومه‌ینی جگه له پاككردنه‌وه‌ی زانكۆكان له بیری چه‌پ، چه‌سپاندنی زۆره ملێی باڵاپۆشی بوو به‌سه‌ر ژنان و كچاندا. دوای تێپه‌ڕینی چه‌ندین ساڵ و تا ئێستاش رابه‌ری شۆڕشی ئێستای ئێران عه‌لی خامنه‌ئی هیچ دهسوهردانێكی له بیری شۆڕشی رۆشنبیری نه‌كرد و به‌رده‌وامیش وای نیشانداوه ئه‌م فكر و بیرانه ئێستا له هه‌موو كات زیاتر پێویستن.
خامنه‌یی به‌رده‌وامیدا به ویستی كۆنتڕۆڵكردنی زانكۆكان
له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی هاشمی ره‌فسه‌نجانی، ئایه‌توڵا عه‌لی خامنه‌ئی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، جارێكی تر ته‌ئكیدی له كۆنتڕۆڵكردنی زانكۆكان كرده‌وه. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام جه‌ختی له باڵاپۆشی كرده‌وه و ئاماده‌ی ئه‌وه نه‌بوو ئازادی بدرێته ژنان له‌م روه‌وه، هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه كاری جدی بكرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زانست له‌سه‌ر بنه‌مای شۆڕشی ئیسلامی.
دوای ده‌سه‌ڵاتی ره‌فسه‌نجانی، محه‌مه‌د خاته‌می كه به‌سه‌رۆكێكی ریفۆرمخواست ناسرابوو، توانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رێته‌وه، دوای گرته ده‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌كی باش رۆشنبیری و ئازادی گه‌شه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش وایكرد باڵی پارێزگارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بێزار ببن. هه‌روه‌ها زانكۆكان بوونه‌وه به سه‌كۆی پێكدادانی نێوان لایه‌نگرانی ریفۆرمخواست( كه نماینده‌ی باڵ و بیری چه‌پی رابردووی ده‌كرد) له‌گه‌ڵ موحافزكاره‌كان.
ئه‌و رووداوانه‌ش بوونه هۆی نیگه‌رانی به‌شێك له به‌رپرسانی سیستمی كۆماری ئیسلامی، به‌وه‌ی كه زانكۆكان جارێكی تر ده‌بنه‌وه گۆڕه‌پانی ململانێی ده‌سه‌ڵات و به‌ركه‌وتنی گه‌وره. ئه‌وه‌ش به روونی كاتێك ده‌ركه‌وت كه حكومه‌ت هه‌ندێك رۆژنامه‌ی داخست و هه‌ندێك له ئازادیی تاكی سنوردار كرد. ناڕه‌زایه‌تی به‌رفراوان و گه‌وره له زانكۆكانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا.
مه‌زهه‌به‌كه‌ت چییه؟ خوات كێیه؟ نه‌ژاد رابه‌رایه‌تی دووه‌مین شۆڕشی رۆشنبیری ده‌كات
قۆناغی دووه‌می شۆڕشی رۆشنبیری له‌سه‌رده‌می چوار ساڵی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د نه‌ژاد ده‌ستی پێكرد، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌و مامۆستایانه‌ی خانه‌نشین كرد، كه نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ خاته‌می هه‌بوو، یان هه‌ڵگری هه‌مان بیروباوه‌ڕی ریفۆرمخوازه‌كان بوو. پاش ئه‌م هه‌نگاوه‌ش جێگای ئه‌و مامۆستایانه به‌وانه پڕكرایه‌وه كه خۆشه‌ویستیان بۆ باڵی موحافیزكاران هه‌بوو یان سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات بوون. ئه‌وه‌ش به ئامانجی به دیهێنانی پلانه‌كانی دووه‌مین قۆناغی شۆڕشی رۆشنبیری و كۆنتڕۆڵكردنی زانكۆكان.
یه‌كه‌مین ئامانجی نه‌ژاد له شۆڕشی دووه‌می رۆشنیری، نه‌هێشتنی بیروبۆچوونی جیاوازبوو له‌ناو زانكۆكان و حكومه‌ته‌كه‌ی وا راسپارد كه كار بكه‌ن له پێناو دروستكردنی یه‌كده‌نگی (ده‌نگی شۆڕشی ئیسلامی) له‌ناو زانكۆكاندا.
دوای دورستبوونی خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2009 له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئێران. رێژه‌یه‌كی زۆری خوێندكاران به‌شداریان له بزوتنه‌وه سیاسییه‌كاندا كرد و تیایدا داوای دیموكراتیان له شۆڕشی ئیسلامی ئێران ده‌كرد. پاش ئه‌و رووداوانه ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكۆمار، به فه‌رمانی ئایه‌توڵا خامنه‌ئی، به شێوه‌یه‌كی توند رووبه‌ڕووی ئه‌و جوڵه سیاسیانه بوونه‌وه و جێبه‌جێكرنی پلانی كۆنـتڕۆڵكردنی زانكۆكان و سڕینه‌وه‌ی بیری دژه شۆڕش ده‌ستی پێكرد.
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای ساڵی 2009، كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا ببێ به ساسه پۆستی راگه‌یاندووه: دوای ئه‌و رووداوانه، به‌شێكی دیكه‌ی مامۆستای زانكۆ دانران، دانانیشیان له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و نزیكی له ده‌سه‌ڵاته‌وه بوو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بنه‌مای زانستی نه‌كرایه پێوه‌ر، كاری سه‌ره‌كی وه‌زیری خوێندنی باڵا كۆتاییهێنان بوو به بیری چه‌پ له‌ناو زانكۆكاندا، بێ گوێدانه ئاستی زانستی زانكۆكان.
یه‌كێك له به‌رپرسه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو له‌به‌ر كاره‌كانی قۆناغی دووه‌می شۆڕشی رۆشنبیری، ده‌ڵێ: هه‌ر مامۆستایه‌كی زانكۆ دژی سیاسه‌تی شۆڕشی ئیسلامی بوایه، له زانكۆ ده‌رده‌كرا، به جۆرێك له 40%ی مامۆستایانی زانكۆ له‌و كاته‌دا به شێوه‌یه‌كی زۆره‌ملێ خانه‌نشین كران. ئه‌و رێژه‌یه‌ش ئه‌وه‌نده زۆربوو په‌رله‌مان نه‌یتوانی هاوشانی بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه و ناڕه‌زایه‌تی پیشاندا.
له قۆناغی دووه‌می شۆڕشی رۆشنبیری ئه‌حمه‌دی نه‌ژادا، ته‌نها مامۆستا‌و خوێندكاره‌كانی هه‌ڵگری بیری چه‌پ به‌رنه‌كه‌وتن، به‌ڵكو زانستی كۆمه‌ڵناسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌وتنه به‌ر فۆكه‌سی ململانێكان.
كۆنتڕۆڵكردنی زانست ( وانه‌ی فه‌لسه‌فه و زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی بسڕنه‌وه)
دوای خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2009، عه‌لی خامنه‌ئی وتی، ده‌بێت خوێندنی هه‌ندێك وانه‌ی وه‌ك زانستی كۆمه‌ڵناسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك بێت، كه خوێندكاره‌كان پاش خوێندنی وانه‌كان بیر له زانستی خوایی و ئیسلامی بكه‌نه‌وه.
دوای ئه‌و قسانه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌ندێك له وانه‌كانی زانستی كۆمه‌ڵناسی لابرد. پاش دوو ساڵ وه‌زاره‌ته‌كه بڵاویكرده‌وه كه 555 جار پیاچونهوهیان به 38 بوار له وانه‌كانی كۆمه‌ڵناسیدا كردووه.
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌وباره‌وه ده‌ڵێ: به فه‌رمانی رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی به‌شێكی زۆری بواره‌كانی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمهڵناسیان له زانكۆكاندا لابرد، به پێی تواناش گۆڕیان به زانستی ئیسلامی.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵای ئه‌و كاته رایگه‌یاند: به‌شێكی زۆر له پڕۆگرامه‌كانی زانسته‌كانی كۆمه‌ڵناسی و كۆمه‌ڵایه‌تی زانكۆكانمان، له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلامدا نایه‌ته‌وه، چونكه له ئه‌ساسدا ئه‌م وانانه له‌لایه‌ن رۆژئاوا داڕێژراوه، له ئێستادا چه‌ندین لیژنه بۆ پیاچوونه‌وه به‌و وانانه‌دا دانراوه به گۆڕینی وانه‌كان، خوێندكاری نوێ وه‌رده‌گرین تا له‌سه‌ر بنه‌مای دین جارێكی تر ئه‌و وانانه له زانكۆكانمان بخوێنرێت.
"گه‌لێكی یه‌كگرتوو پێویستی به زانستی كۆمه‌ڵناسی نییه"
یه‌كه‌م به‌رپرسی ئێران هێرشی كرده سه‌ر زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه‌كان، عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران بوو. له یه‌كێك له لێدوانه‌كانیدا رایگه‌یاند: ئایا گه‌لێكی یه‌كگرتوو كه بڕوای به خوا و قورئانه‌كه‌ی هه‌یه، پێویستی به‌وه هه‌یه پشت به زانستی كۆمه‌ڵناسی یان زانسته ئینسانییه‌كان ببه‌ستێ، كه بنه‌مای نوسینی ئه‌و زانستانه له‌لایه‌ن رۆژئاواوه‌یه و له‌سه‌ر ئه‌ساسی دین دانه‌ڕێژراوه؟.
حسه‌ین په‌یوه‌ند له‌سه‌ر ئه‌م لێدوانی لاریجانی ده‌ڵێ: پیاوانی ئاینی و ئه‌وانه‌ی هێرشده‌كه‌ن سه‌ر زانسته ئینسانییه‌كان، وای ده‌بینن، كه ئه‌و زانستانه پشت به كۆمه‌ڵێك بنه‌ما به‌ستووه كه له‌گه‌ڵ دیندا نایه‌ته‌وه. بۆیه له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی كه شۆڕشی ئیسلامی ده‌یه‌وێت به بڕوای ئه‌وان یه‌كناگرێته‌وه.
داهێنه‌رانی شۆڕشی رۆشنبیری كه‌وته ره‌خنه‌گرتن
له‌كاتی دامه‌زرانی شۆڕشی رۆشنبیری له‌ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه تا ئێستا، شۆڕشی رۆشنیری ئه‌وه كه ناوی (داگیركردنی بیری زانكۆكانه) یه‌كێكه له‌و بوارانه‌ی زۆرترین مشتومڕی له‌باره‌وه كراوه.
سادق زیبایی كه یه‌كێكه له مامۆستایانی زانستی سیاسه‌ت له ئێران و پێشتر سه‌ر به بیری شۆڕشی ئیسلامی بووه، له یه‌كێك له قسه‌كانیدا ده‌ڵێ، پلانی كۆنتڕۆڵكردن و داگیركردنی بیری ئیسلامی له زانكۆكاندا، هه‌روه‌ها دانانی وانه‌ی نوێی وه‌ك زانستی ده‌روونی ئیسلامی و ئابوری ئیسلامی له‌ناو زانكۆكاندا، پلانێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كان مه‌حاڵ بوو.
به‌شێك له‌وانه‌ی ئه‌ندامی لیژنه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری بوون، له دوایدا كه‌وتنه ره‌خنه‌گرتن له سیاسه‌تی جێبه‌جێكردنی شۆڕشه‌كه، كه گۆڕا بۆ لیژنه‌ی باڵای شۆڕشی رۆشنیری. عه‌بدولكه‌ریم سروش كه یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسه‌ختانه به‌رگری له شۆڕشی رۆشنبیری ده‌كرد، ده‌ڵێ: بیركردنه‌وه‌ی ئێمه بۆ شۆڕشی رۆشنبیری ئیسلامی، زۆر جیاواز بوو له بیركردنه‌وه‌ی پیاوانی ئاینی ده‌وڵه‌ت بۆ شۆڕشه‌كه. بۆیه ئێمه هیچ بهشدارییهكمان له پاككردنه‌وه‌ی زانكۆكان له مامۆستا و خوێندكاره چه‌په‌كان نه‌بوو.
هه‌روه‌ها حسه‌ین پێوه‌ندی ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه شۆڕشی رۆشنبیری هیچ ئامانجێكی به‌دینه‌هێنا و ده‌ڵێ: له‌دوای چوار ده‌یه له شۆڕشی رۆشنبیری ئێران، ئه‌و شۆڕشه نه‌یتوانی هیچ ئامانجێكی گرنگ به ده‌ستبهێنێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه كاری كرده سه‌ر رێڕه‌وی خوێندنی ئه‌كادیمی زانكۆكان و كێشه‌كانی خوێندنی باڵای له‌سه‌رتاسه‌ری ئێران زیاتر كرد. بۆیه ئێستا هه‌ر قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌بده‌یتكردنه‌وه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری له ئێران بكرێت، جگه لههوتاف و قسه‌ی بێ ئه‌نجام هیچی تر نییه.
ده‌شڵێ: ئێستا ئێمه له زه‌مه‌نی ته‌كنه‌لۆژیا و ئینته‌رنێت و ئاڵوگۆڕی زانیاریداین، بۆیه هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت تازه زانكۆكان و بیری زانكۆكان كۆنتڕۆڵ بكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا خواست و ویستی به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زانكۆكان له چوارچێوه‌ی شۆڕشی رۆشنبیری بوونی ماوه، به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی خۆیان شۆڕشه‌كه‌یان دامه‌زراند له ئێستادا به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامی شۆڕشه رازی نین و نیگه‌رانن.
هه‌ر له‌و باره‌وه زه‌هرا فازیلی توێژه‌ر له بواری خوێندنی باڵای ئێران، بۆ ساسه پۆست ده‌ڵێ: له ئێستادا به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێن، كه شۆڕشی رۆشنیری ئێران سكستی هێناوه و ئامانجه‌كانی به دینههێناوه، هه‌رچه‌نده تا ئێستاش عه‌لی خامنه‌ئی به پێویستی ده‌زانێت ئه‌و شۆڕشه تازه بكرێته‌وه و به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام به‌رپرسانی ئێران باش له‌وه تێگه‌یشتون كه شۆڕشه‌كه شكستی هیناوه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت له‌م زه‌مه‌ندا جێبه‌جێ بكرێت.