لێکۆڵینەوە

03:33 - 06/02/2021

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای 27 ساڵ؛ لە دووڕیانی دەعوە و سیاسەت دا‌

پەیسەر

ئەمڕۆ 27 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا تێدەپەڕێت، لە سەردەمێكدا ئەو حیزبە ڕاگەیەنرا كە كوردستان بە چەندین قەیراندا تێپەڕی دەكردو شەڕی ناوخۆیش لە لووتكەدا بوو، ئەوان بە دوو باڵی سەرەكی (دەعوە و سیاسەت) هاتنە پێشەوە، لەو كاتەوە تا ئێستاش بە چەندین بەرزونزمیدا تێپەریان كردووە، پرسیار ئەوەیە لە كایەی (دەعوە و سیاسەت)دا گەشەیان كردووە یان پاشەكشە؟

 
پاشخانێكی مێژوویی:
گەرچی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (وەك حیزب)لە 6/2/1994 خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام هەر بە وشەی (ڕاگەیاندن)ەكەدا دەردەكەوێت كە مێژووی ئەو جوڵانەوەیە زۆر كۆنترە، ڕەگی ئەو حیزبەی لە ئان و ساتێكدا لە زۆرینەی شارو شارۆچكەكاندا بە تۆكمەیی و دامەزراوەیی بنكەو بارەگا بكاتەوەو خاوەنی چەندین ڕێكخراوی مەدەنیش بێت ، ناكرێت قۆناغەكانی دامەزراندنی حیزبی تێنەپەڕاندبێت و هەروا لە ئان و ساتێكدا پێی نابێتە دونیای جەنجاڵی سیاسی و پڕە لە شەڕوو شۆڕی نەوەدەكانی باشووری كوردستان.

گەرچی یەكگرتوو(بەفەرمی) دان بەوەدا نانێت كە لقێكی ئیخوان موسلمین(میسر)بێت، بەڵام گەڕانەوەمان بە تولەڕێگاكانی ئەو حیزبە دەمانباتەوە سەر ئەو كانیاوەی كە سەران و دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە ئاویان لێخواردووەتەوە، بە پێی سەرچاوەكان (یارو نەیاری یەكگرتوو)زۆرینەی ڕەهای بەرپرسانی یەكگرتوو پەروەردەی قوتابخانەی (ئیخوان موسلمین)بوون و تائێستاش هێزی مەعنەوی لەوانەوە وەردەگرن و لە بۆنە جیاوازەكاندا دەردەكەوێت كە ئەوان چۆن گرێدراوێكی (حیزبی دایك) ئیخوان موسلمینن.

بەڵام وەك سەركردەكانی خۆیان دەڵێن بە پێی زەرورەتی گۆڕەپانەكە گۆڕانكاریی بەسەرپرۆسەكەدا هاتووەو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەربەخۆیی وەرگرتووەو بڕیاردەری ماڵی خۆیەتی و ناگەڕێتەوە بۆ بۆچوونی (ڕێكخستنی نێو دەوڵەتی  - تنظیم دولی)یەكەی ئیخوان كەسەرپەرشتی سەرجەم لقەكانی ئەو حیزبە دەكات لە دەرەوەی وڵاتی میسر. ئەمەش بۆ ئەزموونەكانی ئیخوان شتێكی نوێ نییەو هەموو ئەو لقانەی كە لە جیهاندا هەیانە بە پێی زۆری و كەمی- بڕیارلێدراو- ئازادی و پابەندییان دیاریی  كراوەو لەو بوارەشدا ئەزموونێكی دوور درێژیان هەیەو یەكێك لە دیاردە هەرە دیارەكانی ئیخوان ئەوەیە كە لەگەڵ ژینگە و كۆمەڵگە جیاوازەكان خۆی دەگونجێنێت و ئەوەش بۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان شتێكی نامۆ نییە كە تا ڕادەیەكی زۆر سەربەخۆیی بڕیاردانیان هەبێت.بەڵام ئەوەی كە گومانی تێدا نییە ئەوەیە كە تا ئێستاش ئیخوان موسلمین بە حیزبی دایك و باوكی رۆحی خۆیان دەزانن و ئەمەش لە پەروەردەكردنی ئەندامەكانیان و تێڕوانین و دونیابینی و شێوازەكانی كاركردن و بڕیاردانیاندا بە جۆرێك ڕەنگی داوەتەوە كە مرۆڤ دەتوانێت بۆ هەر یەكێك لەوانە چەندین نموونە بهێنێتەوە.

كات و ساتی ڕاگەیاندن:
ئەگەر بگەڕێینەوەی بۆ ئەو بەروارەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵیبژاردبوو بۆ ئەوەی حیزبەكەی تێدا ڕابگەیەنن ئەوا دەبێت شرۆڤەی زۆری بۆ بكرێت و بزانرێت هۆكارەكانی دیاریی كردنی ئەو تەوقیتە چەندە هەستیارو پر لە مانابووە.

1-شەری ناوخۆی نێوان حیزبە چەكدارەكانی كوردستان، هەرسێ لایەنە چەكدارە گەورەكەی كوردستان (یەكێتی ، پارتی، بزوتنەوەی ئیسلامی) لە لووتكەدا بوو، بەتایبەتی جەنگی نێوان (یەكێتی و بزووتنەوە) لەگەرمەدابوو، بەهۆی ئەو شەڕەوە سەرجەم بارەگاكانی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شارو شارۆژكەكاندا نەمابوون و تەنها كاری ڕێكخستنەكانیان مابوویەوە ئەویش زۆر بەنێهنی كارەكانیان دەكرد.

ئەو كاتە بۆ یەكگرتووی ئیسلامی زۆرلەبار بوو، لە لایەكەوە گۆڕەپانی كاركردن بۆ كادرەكانیان یەكلایی ببویەوەو چیتر كادرەكانی بزووتنەوە لەگۆڕەپانەكەدا نەمابوونەوەو تا بەریەك كەوتنیان هەبێت و لە لایەكی تریشەوە لەژێر ناوی بزووتنەوەدا كادرەكانیان دەستگیرنەكرێن، یان تەنگەتاویان نەكەن و ڕێگرییان بۆ دروست نەبێت لەبواری پەروەردەیی و پەیوەندیكردن بە كەسانی ترەوە.

هاتنە پێشەوەی حزبێكی ئیسلامی (میانڕەو ئیسڵاحی) بێ چەك ئەو كات بۆ حیزبە چەكدارەكانی كوردستان(بەتایبەتی یەكێتی) زۆر جێگەی خۆی بوو بۆ ئەوەی لەناو خەڵكدا ڕووی خۆی پێ سپیبكاتەوە، بەو مانایەی كە ئەوان لەدژی حزبێكی چەكداری ئیسلامی بوون و ئەوان دژایەتی بنەما ئاینیەكان و ئیسلامی نین، هەر بۆیە جۆرێك لە چاوپۆشی لە كارەكانیان دەكرا، ئەوە جگە لەوەی لە چەندین وێستگەدا پشتیوانییان لە دەسەڵات كردووە وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا كە چوار كەس بوون (مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی، عوسمان عەبدولعەزیز ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی، دكتۆر مەحمود عوسمان كەسایەتی سەربەخۆ) یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (كە ئەوكات وەك خەتی یەكی ئیخوان كاریان دەكردو سەروخواری ڕێكخستنەكانیان بەتەواوی جیادەكرایەوە) دەنگیان بە مەسعود بارزانی داو پشتیان لە مەلاعوسمان عەبدولعەزیز كرد، سەرەڕای ئەوەی وەك پێویست نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام نیگەرانی زۆری جەماوەری ئیسلامی (ئەوكات)ی بەداوی خۆیدا هێنا.

2- بارودۆخی ئابووری كوردستان لە دۆخێكی زۆر خراپدا بوو، بەجۆرێك هەرێمی كوردستان لە نێوان دوو گەمارۆی سەرەكی دا خەریك بوو بڕستی لێدەبڕا، لە لایەكەوە لەژێر سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بوو(وەك بەشێك لە عێراق) كە ئەو كاتی لەدژی رژێمی پێشووی سەدام حسین دا سزایان بەسەردا سەپاندبوو، لە لایەكی تریشەوە عێراقیش گەمارۆیەكی دیكەی خستبوویە سەر هەرێمی كوردستان و هەموو جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ سێ پارێزگاكەی هەرێم بچڕاندبوو، سەرجەم دامەزراوە فەرمییەكانی كشاندبوویەوە، بەڵام هەرێم  كوردستان لەژێرچاودێریی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچوو.

دۆخی بژێویی خەڵك بەجۆرێك بوو كە پەنا بۆهەموو كەس و لایەن و ڕێكخراوێك دەبرا بۆ ئەوەی (ژەمە خۆراكێك)ی بۆ دابین بكات، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبواری خێرخوازییدا خاوەنی ئەزمونێكی زۆربوو، بەڵام ئەمجارەیان لەڕێگەی دوو رێكخراوی زەبەلاحەوە(رابیتەی ئیسلامی كورد و دەزگای فریاكەوتنی ئیسلامی كە لەناو خەڵكدا هەر بە –ئیغاسە- ناوبانگی دەركردبوو. هەردوو ڕێكخراوەكە (كە لە دەرەوە پارەدار دەكران بەتایبەتی لە كەنداوی عەرەبی)و ئەوانیش بۆ مەبەستی حیزبایەتی –راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ- بەكاریان دەهێناو تا ئێستاش بەشێك لە چالاكیەكانیان درێژەی هەیە، بەدەر لەوەی دادوەری بكرێت لە نێوان –چاك و خراپ-ی ئەو كارانەدا، هاوكارییەكانی ئەو دوو ڕێكخراوە (كوردستانییە) بووە هۆكارێكی زۆری ناساندن و ناوبانگی یەكگرتوو، ژمارەیەكی زۆر خەڵك لەو ڕێگەیەوە نزیك بوونەوەو ئەوانیش توانیان كاریگەرییان لەسەر دروست بكەن.

3- ململانێ سەختەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بووە هۆی ئەوەی هەریەكەیان –بۆ جوانكردنی دەسەڵاتی خۆیان- ئەگەر سوودیش لە بوونی یەكگرتوو نەبینن، بیهێڵنەوەو ڕێگرییەكانی بەردەمیان زەق نەكەنەوە، بەجۆرێك ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكێك لە سیاسەتی هەردوولا بێزار ببون پەنا بۆ یەكگرتووی ئیسلامی ببەن، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كادرە ناوەندەكانی یەكێتی و پارتی لە كاتی شەری ناوخۆدا لەژێر چەتری یەكگرتوودا خۆیان شارییەوەو دوای نەمان و ڕەوینەوەی ترسەكەیان ژمارەیەكی زۆریان گەڕانەوە لای یەكێتی و پارتی و بەشێكیشیان هەر مانەوە.

ئەم زەمینەیە لەبار بوو بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خۆی تێدا بچەسپێنێت و بەجۆرێك دەربكەوێت كە لە ئێستادا یەكگرتوو ساڵانی نەوەدەكان بەسەردەمی زێرینی خۆی ناوبهێنێـت و ئەگەر شانازییەكی هەبێت بۆ ئەو سەردەمانەی بگەڕێنێتەوە.

جیاوازییەكان و شێوازی كار:
بە پێی توێژینەوەكان و ئەو ئەزموونەی كە یەكگرتووە لە ماوەی 27 ساڵدا پێشكەشی كردووە ، پشت به‌ په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت و سیسته‌مى خێزانى ده‌به‌ستێت توانایه‌كى زۆر له‌ پێگه‌یاندنى كادیر و ئه‌ندامانیان خه‌رج ده‌كه‌ن و زۆر په‌یوه‌ستن به‌ دره‌خت و په‌یكه‌ربه‌ندى رێكخراوه‌ییه‌وه‌، حزبه‌كه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ هه‌نگاوده‌نێت كه‌ به‌ ئاسانى ناتوانێت خۆى له‌ هیچ كامیان قوتار بكات، كە لە نێوان چەند تەوەرەیەكدا خۆی دەبینێتەوە میانڕه‌وییه‌كه‌ى دیارترین سیماى یه‌كگرتووه‌ كە بەهیچ شێوەیەك پەنا بۆ چەكداریی نابەن و لە هەر گیروگرفتێكدا دانوستان و گفت و گۆ و لایەنی یاسا هەڵدەبژێرن، كه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن نیعمه‌ت و هه‌ندێك به‌ به‌ڵاى سه‌ر حزبه‌كه‌ى ده‌زانن و پێیان وایه‌ ئێستا ئه‌و نه‌رمییه‌ ده‌نگ هه‌ڵده‌وه‌رێنێت و نەبوونی هەڵوێستە توند دەبێتە هۆی ئەوەی كە جەماوەرەكەیان ڕازیی نەكات، بەتایبەتی ئەوانەی كە دەنگدەریی یەكگرتووی ئیسلامین و لە راستیشدا كە ئەندامی فەرمی ئەو حیزبە نین، ئەمە جگە لە بوونی هێزێكی دیكە –كۆمەڵی ئیسلامی – كە ئەوانیش لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق 2003 بە چەكداریی نەماونەتەوەو ئەوانیش كارەكانی خۆیان لە هەمان ئەو بوارانەدا چڕكردووەتەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی تیایدا ئەسپی خۆی تێدا تاو دەدات.

گەرچی لە ئێستادا چالاكییە گشتیەكانی (وانەگشتیەكانی نێو مزگەوت، وتارو سیمینارەكان) بەجۆرێك كەمبوونەتەوە، بەڵام لە ڕێگەی چالاكی نێو بارەگاكان و چەند ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە پیشەییەكانەوە بەردەوامن لە كارەكانیان. بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بكرێت تا ئەو کاتەی یەکگرتوو هاتە گۆڕەپانەکە، بارەگا حزبییەکان تەنیا شوێنی چەکدار و کۆبوونەوەی رۆتینی حزبیی بوون. بەڵام یەکگرتوو ئەم نەریتەی گۆڕی و دەرگای بۆ ژن و پیاو، کچ و کوڕ بەهرەدار و بێبەهرە کردەوە.

كاری هاوبەشی ئیسلامیەكان:
سەرجەم حیزبە ئیسلامیەكان ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنانە بوونەتەوە كە هەموویان هەڵگری باگراوندی ئیسلامین و كەچی هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن و ئاراستەی كاركردنیان جیاوازە، بەجۆرێك لەناو خۆیاندا بەردەوام كێشەیان هەیە، كێشەكانیشیان لە بیروباوەڕ –عەقیدە- ەوە بیگرە تا دەگاتە كێشەی دەنگدان و كۆكردنەوەی ئەندام و چۆنیەتی مامەڵەكردنی كۆمەڵایەتی، هەرچۆنێك بێت لە ژێر فشاری جەماوەری ئەو حیزبانەدا ناوبەناو پرۆژەی كاری هاوبەش ڕادەگەیەنن، بەڵام هێندە نابات خامۆش دەبێت و تاسەر ناڕوات، ئەوەی كە هەیە تەنها یەك جار یەكگرتوولەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی (لەگەل حزبی زەحمەتكێشان و سۆسیالست) لەیەك هاوپەیمانێتیدا چوونە كێ بەركێی هەلبژاردنەكانلا عێراقەوە لە ساڵی 2010ی عێراقدا، بەڵام لە پراكتیكدا نیگەرانی لایەنگران و ئەندامانی لێكەوتەوەو هەریەكەیان خۆیان بەوە دەزانی كە ستەم یان فێلیان لێكراوە.

ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی:
یەكگرتووی ئیسلامی بەردەوام خاوەنی ڕەخنە بووە لە ئەدای حكومەت و پەرلەمان، بەڵام سەردەمانێكی زۆر دەكەوتنە بەردەم شەپۆلی ئەو ڕەخنانەی كە بە دوو فاقی كارەكانیان دەكەن و وەك دەگوترێت (قاچێكیان لە حكومەت و قاچێكیان لە ئۆپۆزسیۆن بووە)، بەڵام دواتر 2009 كە بزووتنەوەی گۆران وەك حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن خۆی ڕاگەیاند، نەك هەر ئەوەی بەشێك لە كادیرە ناوەندییەكانی چوونە نا ئەو حیزبەوە، بەڕەی ئۆپۆوسێن بوونیشی لەژێر پێی یەكگرتوو دەرهیناو خۆی چووە پێشەوە، بەشێوەیەكی شگتی ئاهێك بەبەری هەردوو حیزبی ئیسلامی (یەكگرتوو – كۆمەڵ)دا هاتەوە، هەربۆیە بۆماوەیەكی زۆر بەرەو پێشەوە چوون و ئۆپۆزسیۆن بوونیان تاقیكردەوەو تا ئێستاش بەردەوامن. كاتێكیش بەراوردی كۆمەڵ و یەكگرتوو دەكرێت بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون لە كوردستان زۆرینەی خەڵكی ئیسلامی هەڵوێستی كۆمەڵ بە باشتر و لە پێشتر دەزانن تا یەكگرتوو، شایەتی ئەو حاڵەتەش چوونە سەرەوەی دەنگەكانی كۆمەڵ و پاشەكشەی یەكگرتووە.

بادینان و سۆران:
هەرچەندە یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان لە هەردوو زۆنی زەردو سەوز خاوەنی پێگەی خۆیانن، بەڵام ئەو بەریەك كەوتنەی كە لەناوچەی زەرد و لە ژێر سایەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیانبووە، زۆرە زیاترە لەوەی لە ناوچەی سەوز هەیانبووە، تا ئێستا لە ناوچەی بادینان یەكگرتوو تووشی كێشەی زۆر گەورە بووە، یەكێكیان سووتانی بارەگاكانی یەكگرتوو بوو لەدهۆك و یەكێكی دیكەشیان دەركردنی یەكگرتوو بوو لە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە. لەناوچەی سەوزیش بارەگاكانی یەكگرتوو وەك هەموو بارەگای حیزبەكانی تر هاتنە سوتاندن و جیاوازییان نەكرا لەگەڵ یەكێتی و پارتی، هەندێك لە چاودێرانی سیاسی گوتیان هۆكاری ئەوە بووە كە یەكگرتوو هەڵوێستی جدییان نەبووە لە بەرامبەر حكومەت دا و ئەوانیش تەنها بە بەیاننامەو  نیگەرانی پەرلەمانتارەكانیان ناڕەزاییان دەربڕیوەو ئەگەر بیانویستایە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و تەنها لایەنگرانی خۆیان بهاتنایەتە سەر شەقام ، گۆڕانكاریی گەورە دەهاتە پێشەوە، ئەوە جگە لەوەی لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دا یەكگرتوو خاوەنی 10 ئەندامی پەرلەمان بوو، پێنج ئەندامیان كە خەڵكی ناوچەی زەرد بوون نەچوونە كۆبوونەوەكەوەو پێنجەكەی تریان چوونە نێو كۆبوونەوەكەوە، ئەوەش بووە ڕەخنەیەكی گەورە بەسەر ئەو حیزبەوە كە ئەگەر ئەو پێنج پەرلەمانتارە بچوونایەتە كۆبوونەوەكەوە هەموو شت گۆڕانكاریی بەسەردا دەهات، لە هەمان كاتدا یەكگرتوو ئەو هەڵوێستە بە حیكمەتی سەركردایەتی خۆیان لەیەكی دەدەنەوە چوون پێیان وابووە ئەگەر ئەو ئەندامانەی ئەوان بچوونایەتە نێو كۆبوونەكەوە هەروا بە ئاسانی ئەو دۆخە تێنەدەپەڕی و دوورنەبوو لەناو پەرلەماندا خوێن بڕژێت.

كاریگەری ئەمیندار:
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەتەی هەیە یەكجار كەسی یەكەمی گۆڕیوە، ئەوەش جێگەی ستایشی زۆرینەی خەڵك بوو، چوون لە باشووری كوردستان تا ئێستاش كەسی یەكەمی حیزبەكان مەگەر بە مردن ئەگینا نەبووەتە عورفێكی سیاسی جێگەكەیان بۆ كەسی تر چۆڵ بكەن، یان ئەو حیزبانە نەیانتوانیوە كەسێك بۆ ئەو شوێنە دروست بكەن، بوونی سەڵاحەدین بەهادین لە لوتکەی یەکگرتوودا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو بۆ پەلکوتان و فراوانبوونی ئەم حزبە، بەڕادەیەک کە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە.


توانیویەتی لە یەک کاتدا سیاسییەکی هێـمن و بانگخوازێکی نەرم و پەروەردەیی بێت. هەمیشە لە پاڵ گوتارە سیاسییەکانیدا، بایەخ بە پەوەردەی شەخسی و بەها کۆمەڵایەتییەکانیش دەدات.
سەڵاحەیدن بەهادین كوڕی مەلا بەهای هەورامانە، كە بە كەسایەتییەكی دیارو بەناوبانگ و كۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار ئەمە وایکردبوو، ساڵانی پێشوو لە پاڵ سەدان کادری گەنج، دەیان پیاوی بە تەمەنیش لەناو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە، وەکو کادرێکی یەکگرتوو چالاکی سیاسی بنوێنن، بەڵام یەكگرتوو لە کۆنگرەی شەشەمی خۆیدا، ئەمیندارەکەی لە سەڵاحەدین بەهادینەوە گۆڕی بۆ محەمەد فەرەج، بەیەكێك لە شكستەكانی یەكگرتوو هاتە ئەژمار، لەبەر ئەوەی ئەو ئاستە جەماوەرییەی كە سەڵاحەدین بەهادین هەیبوو، محەمەد فەرەج ئەو ئاستەی لەناو خەڵك و تەنانەت ڕێكخستنەكانیش دا نەبوو. بۆیە جارێكی دیكە هاتنەوە سەر ئەوەی سەڵاحەدین بەهادین بێننەوەو بیكەنەوە بە ئەمیندار، ئەوانیش بچنەوە سەر ئەو بڕوایەی(وەك هەموو حیزبەكانی تری كوردستان)كەسی یەكەم جێگرەوەو بەدیلی نیە، كە دەبوو لە ماوەی ئەو 27 ساڵەدا كەسێك بۆ ئەو شوێنە دروست بكرایە، بەتایبەتی بۆ حیزبێكی وەك یەكگرتووە كە دروشمی ئیسلاحی هەڵگرتووە، خۆ ئەگەر نەتوانرێبێت لەو ماوەیەدا (كەسێك) بۆ ئەو پۆستە بونیاد بنرێت و جەماوەرو ڕێكخستنەكانی لەسەر كۆبكەنەوە ئەوا دەبێت، سەرەڕای ئەوەی ئەبوبەكر كاراونی و محەمەد نەزیف خۆیان بۆ ئەمینداری یەكگرتوو پاڵاوتووە بەڵام لە كۆنگرەدا دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێناوە و ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە هێشتا بەدیلی مامۆستا سەڵاحەدین پەیدا نەبووە.

هۆكارەكانی پاشەكشە:
بۆ هۆکارەکانی پاشکەشە و چەقبەستنی یەکگرتوو چەند هۆکاری سەرەکی هەبوون :
1-یەکگرتوو هەموو قورسایی خۆی خستە سەر سیاسەت و کاری پەرەوەردە و بانگەوازی پشتگوێخست، بەڵام لەو بوارەشدا لە ڕووی جەماوەرییەوە سەركەوتوو نەبوون، بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆر لە كەسە دیارەكانی ئەو حیزبە كاتێك چوونە پەرلەمان و حكومەت وەك ئەوە نەبوون كە جەماوەرەكەیان چاوەڕێیان دەكردن و تەنانەت دوای تەواو بوونی كارەكانیان چوونە ماڵەوەو خەریكی ژیان و گوزەرانی خۆیان بوون، كە تێیاندایە بەرپرس بووە لە مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەدا.

2-گەرچی سەرکردایەتی ئەم حزبە، سیاسەتیان دەکرد بەڵام جورئەت و ئازایی سەرکێشییان تێدا نەبوو لە بەرامبەر پارتی و یەکێتیدا، دەستیانبۆ ئەو بابەتانە نەدەبرد كە كێشەی سەرەكی بوون لەوانەش سەرۆكایەتی هەرێم. بۆیە تادەهات هیوا و ئومێد لەسەر بەدیلبوونی ئەو حزبە کەم دەبووەوە، بەڵام ناشكرێت رۆڵی چەند پەرلەمانتارێكیان لە یاد بكرێت كەبەردەوام قسەی خۆیان هەبووە، بەڵام پێناچێت ئەو چالاكییانە ئاوی دڵی جەماوەرەكەی دابێت بۆیە بەردەوام دەنگیان لە پاشە كشەی داوە.

3-نەبوونی میدیایەكی بەهێز و چالاك نەبوونی ئەو حیزبە لە سۆشیال میدیادا، بە جۆرێك هیچ میدیایەكی ئەو حیزبە بۆ تەنها یەك رۆژیش نەبووەتە جێگەی قسەو باس و سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریی، ئەوە لە كاتێكدایە كە لەشكرێك میدیا كاری هەیە، سەرەڕای ئەوەی بەهەر هۆكارێك بێت بەشێكیان لە میدیاكانی تردا كاردەكەن.

4-نەمانی هاوكارییە نێو دەوڵەتیەكان بۆ ئەو حیزبە بە تایبەتی لە دوای 2001 و گۆڕانی بۆچوونی نێو دەوڵەتی بەرامبەر تیرۆرو چاودێریكردنی ڕێكخراوەكان و ئەو لایەنە خێرخوازییانەی هاوكاریی ڕێكخراوە ئیسلامیەكان دەكەن، بەتایبەتی لەدەستدانی دەزكای خیرخوازیی فریاكەوتنی ئیسلامی لە لایەن حیزبێكی كوردستانییەوە.

شایەتی پاشەكشێ:
ئەوەی كە تا ئێستا تێبینی دەكرێت یەكگرتوو لە بواری پەروەردەی تاك و خێزانیش دا پاشەكشەی كردووە، تەنانەت لەناو سەدان خێزانی دیاری یەكگرتووە دا دیاردەی دووركەوتنەوەو وەرنەگرتنی پەروەردەی یەكگرتوو هەیە، لە ئەمینداری حیزبەكەوە بیگرە تا دەگاتە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەوانی تریش، هاوسەرو منداڵەكانیان هەڵگری هەمان ئەو بۆچوونە نین كە كادرەكانیان هەیانە، ئەبوبەكر عەلی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكگرتوو لە بە شێكی وتارێكدا (كە پەیسەر وەك خۆی بڵاوی كردووەتەوە ) دەڵێت: (یەكگرتوو) لە نەوەتەکاندا گەشەیەکی چۆنایەتی گەورەی کرد و بوبووە جێی سڵلێکردنەوەی ھەندێك و سەرسورمانی چاودێرانی دۆخی ھەرێم.

ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەوەی دەکرد کە پێویستی خەڵك و واقیعەکە بوو، وە ھێشتا لە قۆناغی پەخشکردنەوەی موژدەکانی خۆیدابوو. لە چوارچێوەی کاری ھاوبەشی ئۆپۆزیسۆنیش، جەماوەرەکەی دەرفەتێکی گرنگی پێداو دەنگەکانی لە ٢٥٠ ھەزار دەنگ نزیکبۆوە.

بەڵام بەداخەوە، ئەم دۆخە تاسەر درێژەی نەکێشاو لەبەر چەندین ھۆکاری خودی و بابەتی، قۆناغی پاشەکشەی دەستی پێکرد و گەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا دەیبینن. هەربۆیە دان نانی ئەو ئەندامەی دامەزرێنەرو ئەمینداری دەنگ پێنەدراوی یەكگرتوو ڕەنگە لە دەیان ڕەخنەی دیكە بەهێزتر بێت كە لەدەرەوەی ئەو حیزبە ئاراستەی دەكەن.

نەمانی ئومێد:
ئەوەی كە هەیە نەمانی ئاسۆیەكە بۆ داهاتووی ئەو حیزبە، لەوانەیە چەند ساڵێكی دیكە بەو شێوەیە بڕوات بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر لەسەر ئەم ڕیتمە بڕوات ئەوا دەبێت بە دەستی خۆیان دوا بزمار لە تابووتی خۆیان بدەن و ئەوانیش ببنە مێژوو.
لەماوەی ئەم 27 ساڵەی تەمەنی ئەو حیزبەدا كێشەی ئەندام و كادریی خوارەوە زۆر كەم بووە، بە جۆرێك هیچ حیزبێك لە كوردستاندا بۆ پەروەردەی تاك شێوازی یەكگرتووی نەبووە، بەڵام سەرکردایەتی یەکگرتوو، خۆی بە دەستی خۆی، هەموو ئەو دەسکەوتانەی دابە دەم ئاوەوە کە ساڵانێک لەناو شەڕی ناوخۆ و قاتوقڕی و گرانیدا بەدەستیانهێنابوو ، چاودێرانی ئەم حزبەش دەڵێن: هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە یەکگرتوو بگاتەوە ئەو ئاستەی جارانی (كە خۆیان ناویان لێناوە سەردەمی زێڕین)، چونکە ئەمیندار وسەرکردایەتییەکەی هەمان ئەو ئەمیندار و سەرکردایەتییەن کە دەرفەتە ئاڵتوونییەکانیان لە دەستدا تا ببنە هێزی بەدیلی راستەقینە.
بۆیە پێناچێ بەمنزیکانە نەک خەونەکانیان بێتەدی، بەڵکو نزیکیش نابنەوە لەو گەشەیەی ساڵانی ناوەڕاست و کۆتایی نەوەدەکان تێیدا درەوشانەوە ، مەگەر هەربڵێن ڕۆژانێك یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان دووەم حیزب بوو...