12:25 - 05/02/2021
بوزورگی عەلەوی و عەشق؛ دووانەیەکی لێکدانەبڕاو
بوزورگی عەلەوی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێران. هەر لە کورتە چیرۆک، چیرۆک و ڕۆماننووسینەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە وەرگێرانی بەرهەمی ئەستێرە بەناوبانگەکانی دنیای ئەدەب جێپەنجەی دیارە. هەروەها، درێغی نەکردووە لە وەرگێرانی بەرهەمی کەڵە شاعیرەکانی وەک خیام و نیازمی گەنجوری بۆ زمانەکانی دیکە و لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە سەرەڕای چالاکییە سیاسییەکانی نووسەر هەرگیز لە عەشق دانەبڕاوە و عەشق چەقی ئەندێشە و کارەکانێتی.
عەلەوی یەکێکە لە بەناوبانگترین نووسەرانی مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێران و چیرۆکنووسێكی بلیمەتی ئەو شێوازەی چیرۆک بوو کە زیاتر لە نیو سەدە لەسەر شانۆی ئەدەبیاتی ئێران باوبوو. عەلەوی لەم مەیدانەدا خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگ و ئەدەبی ئێران کردووە و چەندین بەرهەمی بەپێزی پێشکەش کردووە.
لە ئەندێشەی بوزورگی عەلەویدا، ژیانێکی زوڵاڵ و پاک هەیە و تەنها ئامانجی نووسەر مرۆڤدۆستی و زوڵاڵی ژیانە. بەرهەمەکانی عەلەوی گەواهیدەری هەوڵی مرۆڤایەتییە بۆ دەستگەشتن بە ژیان و مانای رەنجكێشان دژی رێگرییەکانی بەردەم مرۆڤ. ئومێد لەهەموو شتێک زیاتر لە بەرهەمەکانیدا رەنگ دەداتەوە و خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ ژیانکردن و هەوڵدان بۆ رووبەرووبوونەوەی کێشەکان.
بەرهەمەکانی تەنها باسکردن نییە لە دواکەوتووی و لاوازیەکانی کۆمەڵگا، بەڵکو خوێنەر هاندەدات بۆ ئازایەتی بێداربوونەوە.هەروەها، هەوڵ و ئازارەکانی تێکۆشەران و رۆشنبیرانی کۆمەڵگاش دەخاتە بەردەم ویژدانی خوینەر.نووسەر خۆشی ئەندامێکی چالاکی کۆمەلگەیە و چالاکوان و روناکبیرێکی کۆمەڵایەتییە. ئەو ژیان لە هەموو جوانییە خوازراوەکاندا دەبینێت و رێگای گەشتن بەو جوانیانە دەخاتەڕوو، لە ئەنجامدا ژیان لە گۆشەنیگای عەلەویەوە ئەگەرچی زوڵاڵە، بەڵام بۆ گەشتن پێی دەبێت بە چەندین ئازار، تاریکی و ناپاکیدا تێپەڕێت.
ژیان و دەستپێکی چالاکییە فەرهەنگییەکانی
سەید موجتەبا ئاغابوزورگ عەلەوی لە " 2ی شوباتی 1904" لە تاران لە خێزانێکی بازرگان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. باوکی "حاجی سەید ئەبولحەسەن" ە و باپیری "حاجی سەید محمد سەراف"ە و لە ئەندام پەرلەمانە سەرەتاییەکانی ئێران بووە. باوکی و خەدیجە قەمەر ساداتی دایکی لایەنگری مەشرووتە بوون. عەلەوی سێ خوشک و دوو برای کەشی هەبوو و خۆی سێیەمین منداڵی خێزانەکەی بوو.
لە ساڵی 1923 لەگەڵ باوکیدا رویکردە ئەڵمانیا و دەستیکرد بە خوێند لە زانستی پەروەردەیی و دەرونزانی، دوای تەواوکردنی خوێندن گەڕایەوە بۆ ئێران و سەرقاڵی وانە وتنەوەبوو لە شیراز و پاشان لە تاران. لەماوەی مانەوەیدا لە ئەڵمانیادا ئاشنای بەرهەمی نووسەرانی ئەوروپایی بوو و کەوتەژێر کاریگەری ئەدەبیاتی ئەوروپاوە.
تێکەڵبوونی لەگەڵ ئەدەبی ئەوروپا ، توانای نوسین و زانینی زمانی ئەڵمانی زەمینەیەکی وای بۆ عەلەوی رەخساند کە دوای نزیکەی ساڵێک لە گەڕانەوەی بۆ ئێران، دەستیکرد بە وەرگێرانی کتێبەکانی وەک "دووشیزە ئۆرلان"ی فریدریش شیلەر و "کار و کاسپی خاتوو وارن"ی بێرنارد شۆ وەک هەنگاوێک بۆ ناساندنی ئەو نووسەرانە بە خوێنەری ئێرانی. عەلەوی لە وەرگێراندا پەنای بردووەتە بەر نوسینێکی سادە و ڕەوانی فارسی و وەرگێرانەکانی لە دیدی شارەزایانەوە، وردن و بە زمانێکی پارا و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراون.
ناسینی سادقی هیدایەت
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی عەلەوی نزیکی و هاوڕێیەتییەتی لەگەڵ نوسەری بەناوبانگ سادقی هیدایەت. دوای گەرانەوەی لە ئەڵمانیا هەردوو نووسەر بڕیاریاندا دژی ئەو هێرش و زیانانەی کراوەتە سەر فەرهەنگی ئێران، دەست بە نووسینی چیرۆک بکەن. کاتێک "شین پەرتۆ"ش هاتە پاڵیان و کتێبی "ئەنیران"یان لە ساڵی 1931 نووسی کە لە سێ چیرۆک پێکهاتبوو. هیدایەت "سێبەری مەغۆل"، عەلەوەی "دێوی ڕێگا" و شین پەرتۆ چیرۆکی هێرشی ئەسکەندەر بۆسەر ئێرانی نووسی. هەر لەو ڕۆژانەدا، موجتەبا مینەوی، مەسعود فەرزاد و عەبدولحسەین نوشین هاتنەپاڵیان، هەریەکەیان لە بوارێکی کلتوری و هونەریدا دەستبەکاربوون. لەوکاتەدا بەم گرووپە دەوترا گرووپی رەبعە.
عەلەوەی لەو رۆژانەدا، چیرۆکی "بای سام" نووسی. گرووپی رەبعە رۆڵێکی زۆر گرنگ و بەرهەمداری هەبوو لە ئەدەبیات و چیرۆکنووسی ئەو سەردەمەدا. رەبعەیەکان هەوڵیاندا شێوازێکی نوێ لە ڕێگەی تێکەڵکردنی فەرهەنگی کۆن و نوێی ئێران بە سود وەرگرتن لە فرەهەنگ و ئەدەبی ئەوروپا سەرپێ بخەن.
ساڵێک زیاتر بەسەر کارو چالاکیییەکانی ئەم گرووپەدا تێنەپەڕی بوو، عەلەوی چاوی بە "تەقی ئاران"ی کەسەیاتی زانستی، فەرهەنگی و سیاسی ئەوکات لە تاران کەوت و دوستێکی نوێی پەیداکرد. پێشینەی ئەم یەکترناسینە دەگەڕێتەوە بۆ هاوڕێیەتی و چالاکی فیکری و سیاسی ئارانی لەگەڵ ئەبولحەسەن و مورتەزا "باوک و براگەورەکەی عەلەوەی " لە ئەڵمانیا.
پاشان ئارانی کە ویستی گۆڤاری دونیا دەربکات، بوزورگی عەلەوی ناسراوترین کەس بوو کە ئارانی هەڵیبژێرێت بۆ بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە ، نزیکەی سێ ساڵ لە دیدار و یەکترناسینیا تێپەڕی بوو ، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری دونیا لە 21/1/1934 لە تاران بڵاوکرایەوە.
عەلەوەی یەکێک بوو لە سێ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە. ئامانجی سەرەکی گۆڤاری دونیا کە بەشێوەی یاسایی و ئاشکرا بڵاودەکرایەوە، رۆشنگەری و ئاشناکردنی خوێندکارانی زانکۆ و گەنجانی ئێرانی بوو بە دواین دۆزراوە زانستی، پیشەسازی، هونەری و هونەری جیهانی بوو لەوکاتەدا. عەلەوی لەساڵی 1934دا 6 کورتە چیرۆکی بەناوی "جانتا" بڵاوکردەوە.
لە کۆمەڵە چیرۆکی "جانتا"دا، نووسەر پشتی کردە ڕابردوو و دەرونزانی کەسێتی، پلەوپایەی کۆمەلایەتی و کۆمەڵناسی تێکەڵکردوو بوون بە هوێنی چیرۆکەکانی.
بزورگی عەلەوی ماوەیەکیش زیندانی کرا. ساڵانی زیاندانی ئەگەر چی زەبرێکی قورس بوو بۆ خۆی و خێزانەکەی، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەم ماوەیەی زیندان بوو بە ئەزموونێک بۆ داهێنانەکانی ئەم نووسەرە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێراندا، لە ساڵی 1941دا کتێبی کۆمەڵە چیرۆکی "کاغەزە دڕاوەکانی زیندان"ی چاپ کرد.
ئەم کۆمەڵە چیرۆکە نیشانیدا، زیندانیکردنی عەلەوەی نەک تەنها توانای نووسەری لە بواری چیرۆکنووسیدا لاواز نەکردووە، بەڵکو چالاکتر و درەوشاوەتری کردووە. دوای تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر چاپی یەکەمی ئەم کتێبەدا لە ئێران لە ساڵی 1985دا لەلایەن زانکۆی سیراکۆسی ئەمریکاوە چاپکرا و بڵاوکرایەوە.
کاغەزە دڕاوەکانی زیندان، یادەوەری و یادگارییەکانی ڕۆژانی زیندانیکردنی عەلەوی بوو. ئەو یادەوەرییەکانی لە پەڕە دڕاوەکانی پاکەتی جگەرە، میوە و شەکری کڵۆ و...دەنوسی و دەیناردنە دەرەوەی زیندان. ئەم چیرۆکانە واقیعی سەرکوتکردنی حکومەتی ئەوکات و کەشوهەوای زیندان بوون، کە بە شێوەیەکی سۆزداری یان بەشێوەی گێرانەوە و چیرۆک دەری بڕیبوون.
دوو ساڵ دوای چاپی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە تاران، کتێبی "پەنجا و سێ کەس"ی نووسی کە پیشاندانی رووداوەکانی گرتووخانەکە بوون، ئەگەرچی بەشێکی ئەم کتێبە تاڕادەیەک لە چیرۆک نزیک دەبێتەوە، بەڵام بەشی سەرەکی رووداوەکانی ئەو ساڵانەی زیندان بوون بە زمانێکی سادە و روون. بەرهەمی دیکەی پاش ئازادبوونی لە زیندان، کۆمەڵە چیرۆکی "نامەکان" بوون.
ڕۆمانی "چاوەکانی" هەندێک کەس بە باشترین بەرهەمی عەلەوی دادەنێن، چاوەکانی چیرۆکێکی باڵایە. ئەم کتێبە وەرگێڕدرا بۆ زمانی ئەڵمانی و چاپکرا. ساڵانی 1941 بۆ 1953 لوتکەی درەوشانەوەی نووسین و داهێنانە ئەدەبییەکانی عەلەوییە. لەو ساڵانەدا نووسەر لە نوسین لە بواری فەرهەنگیشدا بەشداری دەکرد و یارمەتی سازدانی یەکەمین کۆنگەرەی نووسەرانی ئێرانیشیدا.
کۆچی عەلەوی بۆ ئەوروپا
عەلەوی لە نیسانی 1953 سەردانی ئەوروپا دەکات. لە هەمان ساڵدا و لە 23ی تەموزی 1953 کودەتا روودەدات و بەناچاری لە غوربەتدا دەمێنێتەوە. دوای ماوەیەک لەزانکۆ هەمبۆڵتی ئەڵمانیای خۆرهەڵات دەست بە لێکۆڵینەوە و وانە وتنەوە دەکات. عەلەوەی لەماوەی مانەوەیدا لە ئەوروپا کۆمەڵە چیرۆکی "میرزا"ی نووسی کە لە پێنج کورتە چیرۆک پێکهاتبوو. یەکەمین کتێبی عەلەوی پاش بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی "میرزا" هەشت ساڵی خایاند و پاشان کتێبی "سالارییەکان"ی بڵاوکردەوە. دواین کتێبی ئەم نووسەرە بەناوی "مۆریانە"ەوەیە، مۆریانە چوار ساڵ دواکەوت، پاشان بڵاوکرایەوە.
لەماوەی مانەوەیدا لە ئەڵمانیا سەرەڕای چیرۆکنووسی و لێکۆڵینەوە و وانە وتنەوە، عەلوەی هەندێک بەرهەمی وەک شیعرەکانی خیام و حەوت پەیکەری نیزامی گەنجوری بۆ ئەڵمانی وەرگێڕا. هەروەها بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە کارێکی گرووپیدا بۆ نووسینی فەرهەنگی فارسی-ئەڵمانی بەشداری کرد. کتێبێکیشی بەزمانی ئەڵمانی سەبارەت بە مێژووی هاوچەرخی ئێران نووسی و دواین کاریشی دانانی کتێبی فێرکاری زمانی فارسی بۆ زمانی ئەڵمانی بوو.
عەشق؛ چەقی ئەندێشەی عەلەوی بوو
لە ئەندێشەی عەلەویدا، عەشق جێگایەکەی تایبەتی هەیە، ئەگەر عەشق لابەرین ئەوا ژیان، تێکۆشان و چالاکییە مرۆڤدۆستەکانی ئەم نووسەرە هەمووی بێمانا دەبن. عەشق، کۆڵەکە و بنچینەی ژیانی عەلەوییە و بابەتەکانی دیکە هەموویان دەکەونە پەراوێزی ئەم چەمکە بنەڕەتیەوە. لە تەواوی بەرهەمکانیدا جگە لە "پەنجاو سێ کەس" کە لە راستیدا باسکردنی واقیع و روداوەکانی ماوەی دەستگیرکرنیەتی، عەشق بەشێوەیەکی دیار دەبینرێت و تاکە سەرمایەی کەسایەتیی چیرۆکەکانی عەلەوەی تەنها عەشقە.
بەرهەمەکانی عەلەوی لە کاتێکدا لەدایک بوون کە ژدانۆڤ" ئەندرێ ئەلیکساندرۆڤیچ ژدانۆڤ، رابەری حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت و ئایدۆلۆجیستێکی فەرهەنگی بوو. لە ساڵی 1869 لە دایک بووە و لە 1948 دا مردووە" لەوباوەرەدابوو، قسەکردن لەسەر عەشق و لایەنی سۆزدارێتی مرۆڤ کارێکی بێهودەیە و تەنها ئامانجی نووسینی بۆ بەرنگاربوونەوە لە چوارچێوەی بەرنامە حزبیەکاندا کورت کردبوەوە، بەڵام عەلەوەی لەپاڵ کاروبارە حزبیەکانیدا هیچکاتێک نەیتوانیوە عەشق لە ژیان و بەرهەمەکانیدا بکاتە دەرەوە تا دواجار دژی بیرکردنەوەکانی ژدانۆڤ دەوەستێتەوە و دەڵێت " ژدانۆڤ ئەو فەلسەفەیەی راگەیاندووە کە دەبێت هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی هاندانی گەنجان بێت بۆ بەرنگاربوونەوە و هەوڵدان بۆ گەشتن بە ئارەزووەکانیان، نەک بۆ ئامانجی ئینسانی و ئەزەلی بێت، عەشق و عاشقی ئیتر کۆن بووە و دەبێت عەشقی دژە گەندەڵی شوێنی بگرێتەوە"، بەڵام بزورگی عەلەوی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵایەتی بە تاکە ڕێگەی گەشتن بە عەشق و ژیان دادەنا و لەکاتێکدا عەشق نەبێت، ژیان و لە ئەنجامیشدا رووبەڕووبوونەوە بێمانا دەبێت.
نووسەری عەشق، دوای شۆڕشی ئیسلامی گەڕایەوە بۆ ئێران و ماوەیەک دواتر ئێرانی جێهێشتەوە بەرەوە ئەڵمانیا، عەلەوەی لە "16ی شوباتی 1997"دا بۆ دواجار ماڵئاوای لە ژیان کرد.
سەرچاوەکان:
1-احمدی، حمید،خاطرات بزرگ علوی، تهران، دنیای کتاب، ۱۳۷۷
2-دستغیب، عبدالعلی، نقد، آثار بزرگ علوی، تهران، انتشارات فرزانه، ۱۳۵۸
٣-علوی، بزرگ، چشم هایش، تهران، بی نا، ۱۳۳۱