ڕاپۆرتی جیهانی

01:06 - 03/02/2021

ئیخوان موسلمین لە میسر؛ بەجێ ماوی كاروانی سیاسەت و براوەی كایە كۆمەڵایەتییەكان‌

پەیسەر

10 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی میسردا تێدەپەڕێت ، زۆرێک لە چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێیان وایە کە گرووپی ئیسلامی ئیخوان موسلیمین لە ماوەی زیاتر لە نۆ دەیە لە ژیانی سیاسیدا هێشتا لە هەستیارترین بارودۆخدایە .

شۆڕشی میسر بووە هۆی کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەکی سەرۆکی پێشووتر و هاتنە سەركاری محەمەد مورسی کە کەسایەتی ئیسلامی ئیخوان موسلمین بوو لەو وڵاتەدا .

بەڵام ئێستا ئیخوان موسلیمین کە لەلایەن حکومەتی قاهیرەوە بە " گروپێکی تیرۆریستی " ناوزەدكراوەو هەزاران ئەندام و خەمخۆری ئەو وڵاتەی زیندانی کردووە ، زیاتر لەهەموو کات پەراوێزخراوە و حیزبەكەش زیاتر خۆی بە ستەملێكراو وێنا دەكات.

كەوتنە ناو " شیوی سیاسەت " 
ئەگەرچی ناڕەزایەتیەکانی " بەهاری عەرەبی " لە هەمووئەو وڵاتانانەی گرتیەوە ، نەبووە هۆی چەسپاندنی دێموکراسی و تەنانەت هەندێک وڵاتییش بەرەو شەڕی درێژخایەنی ناوخۆیی برد ، بەڵام گروپە لیبراڵ و دێموکراسیخوازەکان لە هەندێک وڵاتدا سەرکەوتنی بنەڕەتیان بەدەست هێنا کە سەرەكیترین نموونەیان وڵاتی تونسە .

لەگەڵ ئەوەشدا گروپە ئیسلامییەکان لەناو ئەو وڵاتانەی كە بەهاری عەرەبی گرتنیەوە لە گروپەکانی تر زیاتر شکستیان هێناوە . نەک هەر نەیانتوانی داخوازییەکانی " بەهاری عەرەبی " جێبەجێ بکەن ، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنەی کە ئێستا بۆ ئەو دۆخە دەکرێت لەبەرزاییەكەی بڵندەوە خۆیان فڕێدایە ناو دۆڵی قووڵی سیاسەتەوە.

هاوکات بارودۆخی ئیخوان موسلیمینی میسر لەگروپە ئیسلامییەکانی تری وڵاتانی عەرەبی خراپترە ، لەبەر ئەوەی  توانی ڕۆژێک لەرۆژان لەڕێگەی بەدەستهێنلانی ڕای جەماوەرەكەیەوە لەسەر ترۆپكی دەسەڵاتی سیاسی میسر دابنشێت .

مستەفا کەمال ئەلسەیید مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاندووە " پێموانییە ئیخوان تەواو بووبن ، بەڵام حکومەتی ئێستای میسربۆ ئەوان دژوارە ، دەرکەوتنەوەیان لە ناو جەماوەردا زەحمەت دەبێت .

ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 1928 دامەزراوە و توانیویەتی بە درێژایی سەدەی بیستەم لایەنگرێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت ، ئیخوان موسلیمین ساڵانێک بووە هێزی سیاسی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن . هەوڵەکانی ئیخوان موسلیمین بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ساڵی 2005 دا هاتە سەر کار و یەکەمین سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە سەردەمی حوسنی موبارەکدا بەدەستهێنا .

چەند ساڵێک دواتر دەسەڵاتی ئەو گروپە ئیسلامیە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی " بەهاری عەرەبی " دا لە پڕێکدا زیادی کرد وموبارەك بۆ یەکەم جار پۆستی سەرۆکایەتی لە دەست دا و محەمەد مورسی لە حوزەیرانی 2012 دا بوو بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر .

سەرکەوتنی محەمەد مورسی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی میسردا لە کاتێکدا هات کە لە خولی یەکەمدا کەمتر لە چارەکێکی کۆی دەنگەکانی بە دەست هێنا و لە خولی دووەمدا کەمێک زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بردیەوە و بووە سەرۆكی شەرعی و هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە .

لە ڕاستیدا سەرکەوتنی مورسی بردنەوەیەکی زۆرهەستیار بوو ، بەڵام لەڕووی  کردارەوە زۆر گرنگی بەو هەستیارییە نەدا، تەنها  دوای ساڵێک ، شەپۆلێکی خۆپیشاندان دژ بە سەرۆکی ئەو هەڵبژێردراوی میسر مانگی تەمموزی 2013 دا سەری هەڵداو سوپای میسر مورسی لە سەر کار لابرد و دواجار ڕاپێچی زیندانیشی كرد .
بەردەوامی فشارەکان لە دژی ئیخوان موسلیمین:
لەوەتەی محەمەد مورسی لەسەر دەسەڵات لابراوە ، جگە لەوەی خۆی لە زینداندا گیانی سپارد ، زۆرێک لە لایەنگرانی ئەو گروپە زیندانی كراون و زۆرێکیشیان وڵاتیان بە جێ هێشتوە و ڕوویانكردووەتە وڵاتانی سودان ، مالیزیا ، قەتەر ، تورکیا و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاواییش ، لەوانە ئیبراهیم مانیر کە ئێستا یەكێكە لە سەرکردە دیارەكانی ئیخوان موسلیمین و لە لەندەن نیشتەجێیە.

هاوکات ڕەوشی ئەمنی میسر لەم چەند ساڵەی دواییدا تێکچوو -گروپی حسم- کە گروپێکی ئیسلامی چەکدارییە ، لە میسر هێرشی تیرۆریستی کوشندەیان کردە سەردام و دەزگاكان و  کە حکومەتی قاهیرەش  وابەستەیان دەكاتەوە  بە ئیخوان موسلیمینەوە .

دوو هەفتە لەمەوبەر دادگایەک لە میسر فەرمانی دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرمایە و سامانانەی کە محەمەد مورسی و 88 ئەندامی دیکەی سەرکردایەتی ئیخوان موسلیمین بەجێیان هێشتبوو تەناەت محەمەد بەدیعی سەرۆکی ئیخوان موسلمینیشی تێدایە . دەستبەسەرداگرتنی سامانەکانیان دوای ئەوە هات، کە یاسایەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە ساڵی 2018دا دەرکراوە و حكومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەش پەسەندیان كردووە.

دۆسیەی ئیخوان موسلیمین هە لەناوخۆی وڵاتدا نەمایەوە، تەنانەت بووە هۆی قەیران لە پەیوەندییەکانی میسر لەگەڵ قەتەردا ، قاهیرەش لە ساڵی 2017 دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوحە و  سێ وڵاتی دیکەی عەرەبی پچڕان، بەوپێیەی -گوایە- قەتەر پشتگیری "گروپە تیرۆریستییەکانی" دەکرد و لە ناویشیاندا ئیخوان موسلمین.
بەڵام بەم دواییانە پەیوەندییەکانیان دەستی پێکردەوە دوای ئەوەی ڕێککەوتنی سەرانی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو لە سعودیە هاتە كایەوە،  بەڵام هێشتا لەم بوارەدا ناڕوونیەك هەیەو نەچووەتە سەر سكەی خۆی. هەندێک پێیان وایە ئەدای قەتەر بەتایبەتی تۆڕی میدیایی قەتەری-  ئەلجەزیرە - سەبارەت بە ئیخوان موسلیمین بێگومان لە ڕێکەوتنەکە دا لەبەرچاو گیراوە.

 

بۆ نموونە مستەفا کەمال ئەلسەیید بە ئاماژەدان بە –ئەلجەزیرە- پێی وایە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی قاهیرە و دەوحە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە " پەنجەرە " ی ئیخوان موسلیمین بە ڕووی جیهان بكرێتەوە و ڕەنگە تۆن و هەڵسوکەوتی میدیاكە سەبارەت بە گروپی ئیسلامی ئیخوان موسلمین لە ڕووی پشتیوانی میدیایی و سیاسییەوە  بگۆڕێت .

لەلایەكی دیكەوە  شرۆڤەكاران لەو بڕوایەدان کە بارودۆخەکە لەو ڕوانگەیەوە ئەوەندە جیاوازیی نابێت . سنزیا بیانکۆ، لە ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی پەیوەندییەكانی ئەوروپا ، پێی وایە لە ڕاستیدا پێویست ناکات دۆحە "سازش بکات لەسەر پشتگیرییەکانی بۆ گروپە ئیلهام بەخشەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمین ".

ئیخوان موسلیمین ، براوەی بێ وێنەی کۆمەڵایەتی :
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو  مێژووەی کە لە ڕابردوودا هەمان گروپ بەسەری بردووە، هێشتا ئیخوان موسلیمین هیوای گەڕانەوەی بۆ سیاسەتكردنیان هەیە .

بۆ نموونە لە دەیەی 1960 دا جەمال عەبدولناسر کۆمەڵەکەی بە توندی سنووردار کرد، بەڵام سەرکردەکانی ئیخوان موسلمین توانییان پەیوەندی لەگەڵ لایەنگرانیان بپارێزێت و دوای دوو دەیە لە زیندان ئازاد بکرێن.

لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونە مێژووییانە ، ئەو گروپە ئیسلامیە دەتوانێت تەنانەت لە دۆخی سەختدا هەوادارەکانی خۆی بپارێزێت . بەڵام ئێستا شتەکان جیاواز دەردەکەون و دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.

عەبدولرحمان عەیاش ، شارەزا لە گروپە ئیسلامییەکان و ئیخوان موسلیمین و دانیشتووی ئەستەمبوڵ ، بە گۆڤاری جون ئەفریک - ی ڕاگەیاندووە ، ئەمە یەکەمجار نییە سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین لەسێدارە دەدرێن و زیندانی و سەرکوت دەکرێن ، بەڵام ئەمە بۆ یەکەمجارە پەیوەندی ئەو گروپە لەگەڵ کۆمەڵگادا کاڵ ببێتەوە .

كاڵبوونەوەی ئەم پەیوەندییە وای لە هەوادارێکی زۆری ئەو گروپە کردووە کە ڕێکخراوەکەوە هەست بە " چۆڵ " بوونی چواردەوریان بکەن و ڕێژەی هەوادارانی گەنجی گروپەکە کەم ببێتەوە .

زۆرێک لەچاودێران لەو بڕوایەدان هیچ ئومێدێك نییە بۆ گەڕانەوەی ئیخوان موسلیمین بۆ سەر شانۆی سیاسی میسر ( لانیکەم لەداهاتویەکی نزیکدا) ، بەڵام ئەگەر وای لێبێت ئازادی سیاسی ڕێژەیی بۆ ئەو گروپە هەبێت ، ئایا میسرییەکان پێشوازی لەو حزبە ئیسلامییە  دەکەنەوە ؟ .

قەیرانی ئایدۆلۆژی و نەبوونی پلانی بەڕێوەبردن:
بەوتەی شرۆڤەکارانی سیاسیی میسر لەوانەش کەمال حەبیب ، پسپۆڕی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ئیخوان موسلیمینی میسر لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا ڕووبەڕووی بێتوانایی و ناکارایی بۆتەوە.
سەرباری ئەو ناکارامەییەی کە ئەو حیزبە ئیسلامیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای وڵات نیشانیداوە ، خواستی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی میسریش ، نیشانیداوە کە ناتوانێت سەرکردایەتی ئەو وڵاتە بکات.

کەمال حەبیب دەڵێت، سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین ناتوانن داواکاری گەنجانی میسر و نەوەی نوێ بەتایبەتی جێبەجێ بکەن.

هەروەها شرۆڤەکاری لوبنانی هادی وەهاب پێی وایە هەرچەندە ماوەی دەسەڵاتی مورسی و ئیخوان موسلیمین کورت بوو ، بەڵام ئەوەی نیشاندا کە ئەو گروپە " پلانێکی ئابوری و سیاسی بەدیلی نییە " .

بەو جۆرە پێشینەیەوە زۆر پێناچێت مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە بۆ ئیخوان موسلیمین ، تەنانەت ناتوانێت سەرکەوتنی پێشووی لە هەڵبژاردنیشدا بۆ خۆی دووبارە بکاتەوە .

لەکاتێکدا بە وتەی تەلعەت فەهمی گوتەبێژی ئیخوان موسلیمین كە ئێستا دوورخراوەتەوەو لەئەستەنبوڵی توركیا نیشتەجێیە ، ئەو وڵاتانەی پێشتر پشتیوانیان لەمحەمەد مورسی کرد ، هێدی هێدی درکیا بەوە کرد کە " ئەو وڵاتە بەرەو لێواری وێرانبوون ئەبات " .

ئەوەی کە بووە هۆی دابەزینی ئیخوان موسلیمین لە سەردەمی ئێستادا لاوازیی فیکری ئەو گروپەیە کە بەردەوام ئیسلام وەک کرۆکی سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی سەیردەکات ، بەڵام چۆن لە کرداردا دەبێت جێبەجێ بکرێت ئەمە  تا ئێستاش بۆ خودی سەرکردەکانی ئەو گروپەش نادیارە .

 

سەرچاوە