ڕاپۆرتی جیهانی

03:31 - 31/01/2021

ئەشكەنجە جۆراوجۆرەكانی گرتووخانەی گوانتانامۆ‌

پەیسەر

گرتووخانەی گوانتانامۆ بە ترسناكترین زیندانی سەرزەوی دادەنرێت، گەرچی هەموو گیراوەكانی ئەو زیندانە لە هەڵگرانی بیروباوەڕی ئیسلامی سونە مەزهەبن و دەستیان هەبووە لە دژایەتی ئەمەریكادا بەڵام سیاسەتی ئەمەریكای كردووە بە دوو بەشەوە، هەندێك پێیان وایە ئەو گرتووخانەیە پەڵەی سەرجەستەی دیموكراسیەتەكەی ئەمەریكا و هەندێكی دیكەش پێیان وایە زیندانێكی لەو شێوەیە پێویستیەكی سەرەكی لێكۆڵینەوەكانی ئەمەریكایە بۆ ئەوەی لەبەردەم تیرۆرزمدا بوەستێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا لەسەردەمی جۆ بایدن دا دەتوانرێت ئەو زیندانە دابخرێت؟

لە 4 ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ دا گیراوەکانی گوانتانامۆ هاواریان دەکرد (ئۆباما، ئۆباما، ئۆباما) ، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بە سەرۆکایەتی دا کە باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوو بردیەوە ، هەروەها گیراوەکان بەبەڵێنەکانی هەڵبژاردنی ئۆبامایان دەزانی کە بریتی بوو لەداخستنی گوانتانامۆ بۆ هەمیشە و دەیانزانی ڕاگەیەنراوە بەناوبانگەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧: دەیگوت " لەژوورە تاریکەکانی زیندانی ئەبوغرێب و گرتوخانەی گوانتانامۆ دا، بەهاکانی خۆمان لەناودا".

لە دووەم رۆژی دەستبەكاربوونی لە كۆشیكی سپیدا، باراك ئۆباما بڕیارێكی دەركرد كە دەبێت لەماوەی یەك ساڵدا گرتوخانەی گوانتانامۆ دابخرێت، بەڵام ئەوەی سەیرە دوای ئەو بڕیارە تا ئێستاش گرتوخانەكە ماوەو دانەخراوە، وەك شارەزایان باسی دەكەن هۆكەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە لەنێو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەراندا ناڕەزایەتی لەسەرداخستنی هەیە، هەر كاتێكیش ئۆباما ویستبێتی هەنگاوێك لەو بارەیەوە بهاوێژێت لەمپەری لەبەردەمدا قوتكراوەتەوە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئەگەر ئۆباما سەركەوتووش نەبووبێت لە داخستن و كۆتایی هێنان بەو گرتووخانە ترسناكەدا ئەوا توانیویەتی ژمارەی گیراوەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە.

كاتێك ئۆباما بووە سەرۆك ژمارەی گیراوەكانی گرتوخانەكە ٧٧٩ كەس بوو، لە رۆژی كۆتایی دەسەڵاتی هەشت ساڵەیدا ژمارەی گیراوەكانی دابەزیی بۆ ٥٥ كەس، لەو ژمارەیەش تەنها ١٠ كەسیان بریاری یەكلایی كراوەیان لە بارەوە درابوو، شەشە كەسی دیكەشیان (بە پێی گێڕانەوە ئەمەریكیەكان)بەشداریی فەرمی هێرشەكانی ١١ سێبتەمبەری ٢٠٠١ی سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوون.

هەموو ئەوانەی كە لەو گرتووخانەیە هاتوونەتە دەرەوە ئەوانەبوون كەلە لێكۆڵینەوەكاندا هیچ بەڵگەیەكیان لەسەرتۆمارنەكراوە، یەكێك لەوانە گیراوێكی كوەیتی بوو بەناوی –فایز الكندری-ئەو بۆبابەتی كاری ئاوەدانكردنەوەی وڵاتی ئەفغانستان پێش لە ١١ سێبتەمبەر و هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە چووەتە ئەو وڵاتەو كاتێكیش دەستگیركراوە، تەنها لەبەر ئەوە بووە كە بەڕەگەز عەرەب بووەو پاش دەستگیركردنیشی براوەتە گرتوخانەی گوانتانامۆ.

دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ كوەیت لەچەند بەرنامەیەكی دیكۆمێنتارییدا ئەزموونەكانی خۆی بەناونیشانی (التعذیب النفسی)دا گێڕایەوە، ئەولەو زنجیرە بەرنامەیەدا باسی لەجۆرەها ئەشكەنجە كرد كە لەنێو گرتوخانەی گوانتانامۆدا ڕووبەڕووی بەندییەكان دەبێتەوە، هەروەها باسی لەوەش كردووە كە ئەشكەنجەكان تەنها جەستەیی نین، لەوێ بە پێچەوانەی سزای كاتی لێكۆڵینەوە، یان لە شوێنەكانی تر دەكرێت، هەموو شتێك لە شوێن و جێگەی مانەوەی گیراوەكەدا ئامادەكرابێت، لە خواردن و خواردنەوەو تەنانەت دەستەسڕی كلێنسیش، بۆ ئەوەی ژینگەی گیراوەكان لە ڕووی دەرونییەوە زۆرتر كاریگەریی هەبێت. بە پێی سەرچاوەكان دوو پسپۆڕی دەروونی دیزاینی گرتووخانەی گوانتانمۆیان كردووە.

ئەو دوو زانا دەرونناسەی گوانتانامۆیان دیزانین كردووە كێن؟
ساڵی ٢٠٠٢ دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (CIA) هەریەك لە (جیمس میشیل و برۆس جیسین)یان بانگهێشت كردووە، بۆئەوەی بتوانن كارێكی تایبەتیان بۆبكەن، بەپێی سەرچاوە ئەمەریكیەكان هەردووكیان لە نێو سوپای ئاسمانی ئەمەریكادا وەك پسپۆڕی دەروونی كاریان كردووە، داوایان لێكردوون لەدەرەوەی سنوورەكانی ئەمەریكا دیزانی زیندانێك بكەن كە بۆ ئەشكەنجەدانی گیراوەكان گونجاوبێت، ئەو كات دوو جێگەیان هەڵبژاردبوو كە یەكێكیانلە ناوچەكانی شاری (باگرام)ی ئەفغانستان و ئەوی تریشیان لە دوورگەی (گوانتانامۆ)، چوون ئیدارەی ئەو كاتەی ئەمەریكا دەیویست تایبەتی بكات بەو كەسانەوە كە گومانی ئەوەیان لێبكرێت كە دەستیان هەبێت لە هێرشەكانی ١١ سێبتەمبەردا.

پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم كارە تایبەت و نهێنییەیان بەو دووكەسە سپارد؟
جەیمس و برۆس خاوەنی كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاریین كە زۆرینەی كارەكانیان بۆ دوو دەزگای فەرمی ئەمەریكا (وەزراەتی بەرگریی و ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكی) دەكەن، بەشێك لە بەرنامەكانیان و ڕاوێژەكانی ئیدارەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا لە بواری زیندان و سزاو ئەشكەنجەداندایە، بەتایبەتی لەنێو گۆتوخانە سەربازیی و تایبەتیەكانی ناوخۆی ئەمەریكادا، بەتایبەتی تر ئەوانەیان كە لە دەرەوەی سنوورەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و لەنێویاندا جۆرەها سزا جێبەجێ دەرێتو بە پیێی یاسای ئەو وڵاتەش هیچ یاسایەكی ئەمەریكا نایانگرێتەوەو ، ئیتر ئەو كەسانە هەڵگری هەر ڕەگەزنامەیەك بن، گرنگ نییە تەنانەت هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریكیش بن هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت.

وەكلە پێشەوەش باسمان كرد، ئەو دوو پسپۆڕە دەروونییە كە لەنێو سوپای ئاسمانی ئەمەریكیدا كاریان دەكرد، ژمارەیەك بەرنامەو ڕاهینانی دەروونییان بەناوی (SERE) پێشكەش كردبوو بەژمارەیەك ئەفسەرو سەرباز بۆ ئەوەی ئەگەر رۆژێك بە دیل گیران چۆن ڕەفتار بكەن و ئەو بەرنامەیە چۆن هاوكارییان دەكات، بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو سزایانە بگرن كە دوژمنان دەیاندەن تا لەو ڕێگەیەوە نهێنیەسەربازییەكانی وڵاتەكەیان نەدركێنن.

ڕاهێنانی ئەو كەسانە لەسەر چوار تەوەری سەرەكی بووە ئەوانیش:
١-چۆنیەتی خۆ دەربازكردن و كەمكردنەوەی كاریگەریی ئەشكەنجدان.
٢-خۆدزیینەوە لەو پرسیارانەی كە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا لێیان دەكرێت.
٣-بەرگەگرتنی شوێنەوارە دەرونییەكان لەبەرامبەر ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونیدا.
٤- چۆنیەتی پلاندانان بۆ خۆ دەربازكردن و هونەرەكانی خۆشاردنەوە.

بە پێی توێژینەوەكان بەرنامەی (SERE) باشترین كارامەیی دەداتە ئەو كەسانەی كە كاری لێكۆلینەوە دەكەن لەگەڵ تاوانبار و گومانلێكراواندا، لە هەمان كاتیشدا پلانی ئەوەی تێدایە كە ئەگەر كەسێك بیەوێت لێكۆڵینەوە بكات و قسەیەك لە ژێر سەری كەسێك بێنێتە دەرەوە چی بكات؟ بە پێی توێژینەوەكان ئەم پلانە لە بیردۆزەیەكی دەروونیی وەرگیراوە بەناوی (ئەندازەی پێچەوانەیی) و تیایدا سوود لە تەكنیكەكانی بەرنامەی (Enhanced Interrogation Techniques) وەرگیراوەو هێزی ئاسمانی ئەمەریكی كاری زۆریان لەسەر كردووە.

بەرنامەكە چییە؟
بە پێی توێژینەوە دەروونیەكان بەرنامەی (Enhanced Interrogation Techniques) دابەش دەبێت بۆ دوو بەش:

١-تەكنیك و ڕێگەكانی سزادان، كەبەڕێگەی ڕاستەوخۆو فیزیكی ئەنجام دەدرێت.لەم جۆرەدا هەموو جۆرە ئازارێكی جەستەیی دەگرێتەوە، بەجۆرێك ئەنجام دەدرێت كە شوێنەوار بەجێ نەهێڵێت، هەموو جۆرە سزا تەقلیدییەكان لەخۆ دەگرێت، بەڵام بە شێوەیەكی شارەزانەتر.

١-ڕێگەی ناڕاستەوخۆی سزادان كە بەناڕاستەوخۆ گیراوەكە دەخرێتە ژێرفشارەوە، وەك دانانی لەناو سندوق یان قەفەزی ئاسنی تەسك، دانانی تیشك و رۆشنایی توند و تیژ لەسەریان، بۆ ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە كێشە دروست بكات و لە هەمان كاتیشدا نەتوانن بخەون، پێشكەش كردنی ئەو خۆراكانەی كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس دروست دەكات، یان بەرزكردنەوەو نزمكردنەوەی پلەكانی گەرما، لەو ڕۆژانەی كە ساردە زۆر سارد بكرێت تا پلەكانی خواری بەستن و لەو ڕۆژانەش كە گەرمە گەرمتر بكرێن تا ڕادەی سوتان.

بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكان ئەشكەنجەدان لەو گرتوخانەیەدا شێوازی زۆری هەیە لە خوارەوە بەناوبانگترینیان بە كورتی دەخەینە ڕوو.

١-وەهمی خنكان:
وەهمی خنكان مێژوویەكی دوورو دێژی هەیە، بەشێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن یەكەم بەكارهێنانی ئەم شێوازە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی ناوەڕاست و پاشان لە دادگاكانی سەدەی شانزەیەمیشدا پشكنینی ئیسپانیا و ئیتاڵیادا بەكار هاتووە، تەكنیكی ئەم جۆرە سزایە بەشێوەیەكە گیراوەكە لەسەر زەوی یان لەسەر كورسییەك دادەنێن و دەست و قاچیشی بەستراوەتەوەو توانای جوڵانی نییە و چاوەكانی بە پەڕۆی ڕەش دادەپێچن یان تورەكەیەكی ڕەشی ئەستوور دەكەن بەسەریدا و لەسەرەوە بە خوڕ ئاو دەكەن بەسەریدا، تا ئاوەكە بەرەو سەرەوە بڕوات سزا دراو پێی وایە كەمێكی تر بە هێواشی دەخنكێت .

ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن پرۆسەی وەهم و ترس لە خنكان دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕووی دەرونییەوە مرۆڤ تووشی ڕەقبوونی دەمارەكانی باڵ و سنگ دەكات، لە هەمان كاتدا تووشی سەرسوڕان دەبێت و دواجار دەڕشێتەوە،  ئەم كارەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی وڕێنەكردن ببێت و لەبەر خۆیەوە قسەبكات و ئەم حاڵەتەش بۆ كێشانەوەی قسە لە بەندكراو ڕێگەیەكی ئاسانە.

٢-نەخەوتن:
بە پێی پلانەكان تێكدانی خەوی بەندكراو بەیەكێك لە سزا سەختەكان دادەنرێت و بەندكراو دەخاتە دۆخێكیخراپی دەروونییەوە، بە پێی توێژینەوەكان نابێت مرۆڤ زیاتر لە ٢٠ كاتژمێر نەخەوێت، بەڵام بە پێی توێژینەوەكانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا نەك ٢٠ كاتژمیربەڵكو بەندكراوی وای تێدا بووە ١٨٠ كاتژمێر ڕیگەی پێنەدراوە بخەوێت.
بە پێی توێژینەوەكان بەندكراوەكان ناچار كراون بە نەخەوتن و لەگەڵ ئەوەشدا نەیانهێشتووە پاڵ بكەون یان دابنیشن و بۆ هەموو ئەو ماوەیە ناچاریانكردوون بە پێوە بمێننەوە، هەندێك جاریش ناچاریان كردوون دەستیشیان بۆ سەرەوە بەرزبكەنەوەو تاو ناتاوێك ئاویان پێداكردوون  بۆ ئەووەی خەو بەریان بدات و بە هۆش بێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەوانی یەكێك لە گیراوەكان ناوی –ئەرسەلان خان-بووە، لەبەر ئەوەی ڕێگەی پێنەدراوە بۆ ماوەی ٥٦ كاتژمێر بخەوێت و هەر بە پێوە هێشتویانەتەوە، تووشی وڕاوە –هلوسە-بووە، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئەمەریكا ئەو كەسە یەكێك بووە لەوانەی كە دژی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە بووە، لە ماوەی یەك مانگی لێكۆڵینەوەكەیدا دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا لە زیندان ئازادی كردووەو گەڕاوەتەوە ناو ماڵ و منداڵەكەی و دواتر لە ڕیگەی لێكۆڵەرەكانەوە دەستگیر كراوەتەوەو ڕادەستی هێزی ئەمەریكا كراوەو بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆ هێشتوویانەتەوە.

3-دەستدرێژیی سێكسی:
ڕێگەی سزادان بە ڕێگەی دەستدرێژی سێكسی زۆرتر لەگەڵ ئەوانەدا بەكاردەهێنرێت كە لە ڕووی ئاكاریی و ئاینەوە بە تاوانی بزانن، بە پێی ڕاپۆرتەكان هەموو گەل و نەتەوەو ئاینێك وەك یەك ناڕواننە بابەتە سێكسییەكان، بەڵام ئەوانەی كە هەلگری بیروباوەڕی ئیسلامین سێكس بە كارێكی زۆر تایبەت دەبینن و ڕێگەی خۆی بۆ دیاری كراوە، گیراوەكانی گوانتانامۆش هەموویان موسڵمانی سونی مەزهەب بوون، بۆیە وەها سزادانێكیان بەلاوە سەخت و ناهەموار بووە، بە پێی توێژینەوەكان ئەمڕێگایە پێشتر ڕوسیا لەدژی موسڵمانەكانی سنووری خۆی تاقی كردووەتەوەو وەڵامدەرەوەیەكی سەركەوتوو بووە، لەنێو هۆڵەكانی گوانتانامۆشدا بەئاشكرا ئەو كارە لە دژی بەندكراوەكان گیراوەتەبەر، بەندكراو بەڕووتی ڕاگیراوە لەبەرامبەر لێكۆڵەرانی ژن و پاسەوانە ژنەكاندا، یان وێنەگرتنی كۆئەندامی زاوزێیان بەشێوەی سوكایەتی و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیان، یان دەستدرێژیی لێكۆڵەرەكان بۆ سەر بەندكراوەكان، لەڕێگەی ژنە ئەفسەرەكانەوە و هەندێك جاریش بەزۆر چوونەتە لای پیاوەكان كە ئەوەش وەك تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناسێنراوە.

به‌ندینخانه‌ی گوانتانامۆ له ٢٣ شوباتی ١٩٠٣ له‌سه‌رده‌می (تیۆدۆر ڕۆزفێڵت)ی ٢٦هه‌مین سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا دامه‌زراوە. دەکەوێتە دوورگه‌ی گوانتانامۆ له باشوری خۆرهه‌ڵاتی ووڵاتی (کوبا)٩٠ میل لە فلۆریداوە دوورە و لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.

 لە جەنگی ئیسپانیا و ئەمریکا لە ساڵی ١٨٩٨ کوبا لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادا دەبێت و ئەمریکاش ئەم شوێنە ئەکاتە بنکەی سەربازی دژی ئیسپانیا. لە ساڵی ١٩٠٣دا ئەمریکا کوبا دەگرێت و ئەم ناوچەیە بەڕێککەوتن لەکوبا وەردەگرێت و دەڵێت کە بەکاریدەهێنێت بۆ بنکەی سەربازی و کاری ئامادەكردنی خەڵووز.

لە ٢٠٠٣ لە مانگی ٧دا زۆرترین ڕێژەی زیندانیی تێدابو، لە ساڵ ٢٠٠٩ ئۆباما گوتی بە ١ ساڵ گوانتانامۆ دادەخەین، به‌ڵام تائێستا دانه‌خراوه.

منداڵترین زیندانی لە گوانتانامۆ تەمەنی ١٤ ساڵ بوو کە ئەفغانی بوو، لە ساڵی ٢٠٠٢ دا و دوای هێرشی ئەمەریكا لە تۆڵەی هێرشەكانی ١١ سێبتەمبەردا دەستگیرکرابوو.
بەتەمەنترینیش پیاوێکی پیر بوو بەناوی محەممەد کە ٨٩ ساڵ بوو. لە ساڵی ٢٠٠٢ دەستگیرکرابوو، ئەمیش ئەفغانی بوو بەڵام دوای چەند مانگێک ئازاد کرا.

زیندانییەکان لە خەڵکانی ٣٥ وڵاتی جیاواز پێکهاتبوون:- [ ئازه‌ربێجان - ئوردن - ئوسترالیا - ئه‌فغانستان - ئیمارات - ئۆزبه‌کستان - ئۆگه‌ندا - ئه‌ندۆنیسیان - ئێران - به‌حره‌ین - به‌لجیکا - بۆسنه‌وهه‌رسك - تونس - جه‌زائیر -دانیمارك - ڕووسیا - زامبیا - سعودیه - سودان - سوریا - سوید - سۆماڵ - تاجیکستان -عێراق - فه‌ڵه‌ستین - قه‌ته‌ر - کوێت - لوبنان - لیبیا - مالیزیا - میسر - مه‌غریب - مۆریتانیا - ویلایه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا - یه‌مه‌ن].

تەنها ٩ زیندانی لەگوانتانامۆ مردوون و ٣ دانەش خۆیان کوشتووە

سەبارەت بە داخستنی گوانتانامۆ ئەمریکا بووەتە بە دوو بەشەوە. دیمووکراسییەکانن پێیان وایە دەبێت دایبخەن، بەڵام کۆماریەکان و سەردەمی ترەمپ  دەڵێن کە ئەم بەندینخانەیە پێویستە و نابێت دابخرێت. بەپێی توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٧٠٪ی ئەمریکییەکان لەگەڵ داخستنی گوانتانامۆ نین.

سزادان لە گوانتانامۆ زۆر بێویژدانانە و نامرۆڤانەیە و چەندەها سزای قورس لێرە هەیە وەک: -سزای دەروونی -لێدان -ساردکردن و گەرمکردنی خانەکان -خواردن لێگرتنەوە -زیندانی تاکەکەسی -ڕێگەنەدان بەخەوتن -خواردن بەزۆر پێدان -ژاوەژاو بۆ ئازاردانی مێشک -پێدانی ئاوی دەریا یان سوێر بەزۆر لە ١٦\٨\٢٠١٦ دا بڵاوکرایەوە کە لەسەرەتای کردنەوەی گوانتانامۆ ٧٧٩ کەس زیندانی کراون تا ئێستا.

ئێستا ٦١ زیندانی لە گوانتانامۆن کە ٢٠ کەسیان دەگوێزرێنەوە و ٧ کەسیان دۆسییەکانیان لەبەردەم دادگادایە و ٣٤ کەسیش دەهێڵرێنەوە.

گوانتانامۆ ٤ کامپی سەرەکی تێدایه كە بریتین لە:

١-کامپى دەلتا .
٢-كامپى ئيكۆ .
٣-كامپى ئيگوانا
٤-كامپى ئێكس ڕاى.

بێجگە لەم چوارە کەمپێک هەیە بەناوی (کەمپی ٧) کە زۆر نهێنییە و شوێنی کەسە گەورەو دیارەکانە. کەمپی ئێکس ڕای زۆرترین زیندانیی لەخۆگرتبوو بەڵام دواتر داخرا. کەمپی دەلتا ئێستا بەتاڵە و لەوانەیە دابخرێت. کامپی ئیکۆ ٢٤ کاتژمێر چاودێری ئەکرێت و کامپی ئیگواناش شوێنی کەسە منداڵەکانە و زستانی ساڵی ٢٠٠٤ داخرا لەبەر چۆڵی و ساڵی ٢٠٠٥ دووبارە ٣٨ کەسی تێدا دەستبەسەر کرا و کردیانەوە.

گوانتانامۆ لە ساڵی ٢٠٠٢ بە گرتوخانەی تۆمەتبارانی تیرۆر. لەوساتەوە تا ئێستا  بە مەترسیدارترین زیندان و ناوبانگی خراپی لەهەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. سێ سەرۆکی ئەمریکا گۆران و نەتوانرا زیندانەکە دابخرێت، بایدن چوارەمین سەرۆکی تەمەنی ئەم زیندانەیە و کاتێک جێگری ئۆباما بوو هەوڵەکانیان بۆ داخستنی گوانتانامۆ تەنانەت بە پەنا بردنە بەر ڤاتیکانیش شکستیان هێنا، پرسیار ئەوەیە ئایا دەتوانێت لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم گرتوخانەیە دابخات؟