ڕاپۆرتی جیهانی

03:13 - 25/01/2021

ئایا پێکوتەی کۆرۆنا دەکرێت ببێتە هۆی مردن؟‌

پەیسەر

تائێستا چەندین کەس دوای کوتان بە پێکوتەکان مردوون و لە ئێستادا ئەو پرسیارە دەکرێت ئایا مردنی ئەو کەسانە بەهۆی پێکوتەکانەوە بووە؟ پزیشکێکی  پسپۆڕیش دەڵێت سودی پێکوتەکان زۆر  زۆر لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی زیاترە.

وڵاتانی جیهان دەستیان کرد بە کوتانی هاووڵاتییەکانیان بە پێکوتەی دژە کۆرۆنا و بەو هیوایەی ئەم کوتانە ببێتە هۆی کۆتای هێنان بەم پەتا و بەڵا جیهانییە، بەڵام چەندین پرسیار لەسەر پێکوتەکان و کاریگەرییە لاوەکییەکانیان دەکرێت.

کریستۆف ئاشپشت، پزیشک و پسپۆڕی پەتا گەرمەسێریەکان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ntv) وەڵامی پرسیارەکانی دەربارەی واقیعیەت و  ئەفسانەیی هەندێک لە گومانەکان لەسەر پێکوتەکان، دایەوە.

مردن لە ئەڵمانیا و نەرویج دوای کوتان
لە ئەڵمانیا، لە  26/12/2020، یەکەمین هاووڵاتی کە ژنێکی 101 ساڵەبوو بە پێکوتەی فایزەر بیۆنتیک کوترا ، تاوەکو 23/1/2021، 21 کەس لەوانەی بە پێکوتەکان کوتراون گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگای پاوڵ ئێرلیچ، کە بەرپرسن لە دۆزینەوەی ڤاکسینێکی ئەڵمانی دژی کۆرۆنا، مردنی ئەم کەسانە دوای سەعاتێک بۆ 16 رۆژ پاش کوتان بە پێکوتەکان رویانداوە.
لەهەمان کاتدا، بەپرسانی تەندروستی نەرویج جەخت لەوە دەکەنەوە 23 هاووڵاتی ئەم وڵاتە دوای کوتان بە پێکوتەی دژە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

ئایا  پێکوتەکان دەبنە هۆی مردنی کەسەکان؟
دکتۆر ئاشپشت دەڵێت، پێکوتەکان وەک هەر رێگەچارەیەکی دیکەی پزیشکی کاریگەری لاوەکیان هەیە و دەبێت بەگوێرەی سود و کاریگەرییە لاوەکییەکان لێکۆڵینەوە لە هەر رێگاچارەیەکی پزیشکی بکرێت.
پسپۆڕی پەتا گەرمەسێریەکان جەخت لەوە دەکاتەوە،  رێژەی سودی کوتان بە پێکوتەکان "زۆر زۆر زیاترە" لە مەترسی و کاریگەرییە لاوەکییەکانی.
دکتۆر ئاماژە بەوەدەکات، تەواوی داتاکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی پێکوتەکانی فایزەر-بیۆنتیک و مۆدێرنا لە ئەڵمانیادا تاوەکو ئێستا سودمەندیی و کاریگەرییە زۆرەکانی ئەم پێکوتانە نیشاندەدەن.

کاریگەری لاوەکی وەک تەواوی پێکوتەکانی دیکە
لەهەمان کاتدا، بەگوێرەی راپۆرتەکان لەنێوان ئەوکەسانەی کە کوتراون، کاریگەری لاوەکی پێکوتەکان دەرکەوتوون.
کاریگەرییە لاوەکییەکانیش بریتین لە ئازار لە شوێنی کوتانەکە، تا یان سەرئێشەی سووک، هەستکردن بە ماندوێتی و ئازار لە ماسولکەکاندا.
کاریگەرییە لاوەکییەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئاماژەیە بۆ چالاکبوونی سیستمی بەرگری لەش و کاریگەری پێکوتەکە. لە قۆناغی پشکنین و لێكۆڵینەوەدا، پێکوتەی فایزەر-بیۆنتیک لەسەر 44 هەزار کەس تاقیکرایەوە و کاریگەری لاوەکی زۆر لاواز و لاوزی هەبوو لەسەریان و لەماوەیەکی کەمدا نەمان.
لە پشکنینی ئەم پێکوتەیەدا، کوتان بە دۆزی دووەم کاریگەری لاوەکی زیاتری هەبووە بە رێژەیەکی کەم، کەمتر لە 4٪ ئەوانەی کوتراون هەستیان بە ماندوێتی کردووە و 2٪ کەسەکان توشی سەرئێشە بوون.
بەگوتەی دکتۆر ئاشپشت، هەر ئەم کاریگەریە لاوەکیانە وادەکات حاڵەتێکی ناجۆر لە کەسانی بەتەمەن یان ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان بەهۆی پەتای جیاوازەوە لاوازبووە، دروست بکات و لە حاڵەتی هەڵاواردندا ببێتە هۆی مردنیان.

پێشینەی نەخۆشی کوشندە لەنێوان مردووەکاندا
پەیمانگای پاوڵ ئێرلیچ لە ئەڵمانیا جەختی لەوەکردووەتەوە، تەواوی ئەو 21 کەسەی دوای کوتان بە پێکوتەکانی دژە کۆرۆنا مردوون، نەخۆشی کوشندەی دیکەیان هەبووە و رەنگە هۆکاری مردنیان ئەوە بووبێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی پاوڵ ئێڕلیچ جگە لە 9 حاڵەت کە هۆکاری مردنەکەیان نادیاربووە،  حاڵەتکانی  دیکە بە مردن بەهۆکاری دیکە تۆمارکراوە نەک کوتان بە پێکوتەکان.
بەرپرسانی تەندروستی نەرویج دوای 23 حاڵەتی مردن لەم وڵاتەدا پاش کوترانیان بە پێکوتەکان، بەرنامەی کوتانی خۆیانیان کەمێک گۆڕی و دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوکەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە، یان توشی پەتای بێدەرمان بوون، تاوەکو بتوانن بە وردیەکی زیاترەوە لەسەر سود و زیانی پێکوتەکان بۆ ئەم کەسانە بڕیاربدەن.
دکتۆر کریستۆف ئاشپشت جەخت لەوە دەکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئامارەکان و ئەگەرەکانی مەرگی بەساڵاچووان دوای کوتانیان بە پێکوتەکان، دەکرێت پێکوتەکان یەکێک لەهۆکاری مەرگیان بێت.

ئەگەری رودانی مردن دوای کوتان بە پێکوتەکان
دکتۆر دەڵێت، بۆ نموونە لە نەرویج هەر هەفتەیەک نزیکەی 400 کەس لە خانەی بەساڵاچووان، بەتەواوی و بێئەوەی پەیوەندیان بە کۆرۆناوە هەبێت دەمرن. بەم پێیەش چاوەروانکراوە هەندێک لەم کەسانە چەند رۆژ یان چەند هەفتە دواتر بمرن.
راپۆرتەکەی پەیمانگای پاوڵ ئێرلیچ ئەوە دەردەخات، تەمەنی ناوەندی ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیاد مردوون 83 ساڵ و نیو بووە و گەنجترینیان 56 ساڵ بووە.
لەهەمان کاتدا، حاڵەتێکی دیکە هەیە، لانیکەم وەک ئەگەرێک، کوتان بە پێکوتەکانی دژە کۆرۆنا هۆکاری مردنەکەی دانراوە. لە هەندیك حاڵەتدا کوتان بە پێوتەکان دەبێتە هۆی حەساسێتێکی توند لە کەسەکەدا و ئەمەش بە "شۆکی ئانافیلاکتیک" ناودەبرێت.
ئەم شۆک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەلمانیادا تۆمارکراوە. دکتۆر ئاشپشت دەڵێت، ئەوکەسانەی پێشینەی خورانیان هەیە، دوای کوتانیان 15 خولەک یان لە هەندێک حاڵەتدا 30 خولەک لەژێر چاودێریدا دەبێت.
 دکتۆر باسی لەوەش کرد ، "شۆکی ئانافیلاکتیک" دەکرێت بەدەرمان چارەسەر بکرێت و زیان بە لەش نەگەیەنێت.