ڕاپۆرتی جیهانی

09:31 - 09/01/2019

هێنده‌ نهێنی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ كه‌م وڵات ده‌یگرنه‌ خۆ‌

پەیسەر

ئه‌و پیاوێكی قۆزی شیكپۆشه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ناوداره‌كانی بواری كۆمپیته‌ر، له‌ ساڵی 2006 پێگه‌یه‌كی ترسناك ده‌كاته‌وه‌، كه‌ عه‌رشی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌هێنێته‌ له‌رزه‌. له‌ پێگه‌كه‌یه‌وه‌ چه‌ندین نهێنی مه‌ترسیداری سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانی دونیا بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش هۆكار بووبێت بۆ گۆڕینی نه‌خشه‌ ڕێگای  سیاسی وڵاتان.ئێستا جولیان ئه‌سانج به‌ پیاوی بالیۆزخانه‌كه‌ ناسراوه‌، ماوه‌ی حه‌وت ساڵه‌ له‌ بالیۆزخانه‌ی ئیكۆدار له‌ له‌نده‌ن ده‌ژی، چه‌ندین وڵات له‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا ناتوانن بیگرنه‌ خۆ، جگه‌ له‌ وڵاتی ئیكوادۆر.


جولیان ئه‌سانج كێیه‌؟
له‌ سێی ته‌مموزی 1971 له‌ تاوه‌نسڤیلی ئوسترالیا له‌ دایك ده‌بێت، ئه‌و هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ به‌رده‌وام بره‌وی به‌ بواری كۆمپیته‌ر و ته‌كنۆلۆژیا به‌گشتی داوه‌، تاوه‌كو ساڵی 2006 توانی پێگه‌ی به‌ناوبانگی جیهانی ویكیلیكس دابمه‌زرێنێت. جولیان ئه‌سانج له‌گه‌ڵ دایكی و بیته‌ر ئه‌سانجی زڕباوكی ده‌ژیا، ئه‌وان سه‌رقاڵی ده‌رهێنانی شانۆ بوون. زڕباوكه‌كه‌ی له‌ ستایشی جولیان ده‌ڵێت" ئه‌و منداڵێكی تیژه‌، هه‌میشه‌ شه‌ڕ له‌ پێناو لاوازه‌كان ده‌كات."
ژیانی جولیان ژیانێكی ئاسایی نه‌بووه‌، تا ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی 33 خوێندنگای جیاوازی بینیووه‌، چونكه‌ ‌ ژیانی جولیان ده‌بێته‌ ژیانێكی گه‌ڕۆك. باوكی جولیان هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاربووه‌، كریستنی دایكی پێش له‌ دایكبوونی جولیان له‌ جۆن شیپتۆنی باوكی جولیان ئه‌سانج جیابووه‌وه‌.
جولیان له‌و هه‌موو خوێندنگایه‌ دواجار ده‌ستیكرد به‌ خوێندنی پرۆگرامه‌ری كۆمپیته‌ر و فیزیا  له‌ زانكۆی كویننزلاند له‌ ساڵی 1994 بڕوانامه‌ی به‌ده‌ستهێنا، پاشان ساڵی 2003 په‌یوه‌ندیكرد به‌ زانكۆی ملبۆرن بۆ خوێندنی ماتماتیك نه‌یتوانی خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات بۆیه‌ ساڵی 2006 وازی له‌ خوێندنه‌كه‌ی هێنا.

سه‌رقاڵی هاككردن ده‌بێت
جولیان له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا دایكی كۆمپیته‌رێكی به‌ دیاری بۆ كڕی. سه‌رقاڵی چوونه‌ناوه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانی كۆمپیته‌ر بوو له‌وێوه‌ چه‌ندین ڕێكخراو و كۆمپانیای جیهانی هاككرد. ساڵی 1987 به‌ ناوی مینداكس پێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای چه‌ند جارێك هاك كرد، دواتر پێگه‌ی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكی و ناسا و چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و گواستنه‌وه‌ی ئوسترالیای هاككرد.
له‌و هێرشانه‌ی جولیان هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیاكانی سیتی بانك و لۆكهید مارتن و مۆتۆرولا و پاناسۆنیك و زیرۆكسی هاك كرد، زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا و لاترۆپ و ستانفۆردیش بێبه‌ش نه‌بوون له‌و هاكانه‌. له‌ ساڵی 1994 دادگا تۆمه‌تباری كرد 31 كه‌یسی هاككردنی له‌سه‌ره‌، ئه‌ویش ڕه‌تیكرده‌وه‌ كه‌ 31 هاك بووبێت ته‌نیا دانی به‌ 25 كه‌یسی هاككردندا دانا.

یه‌كه‌مین شه‌ڕی ڕاگه‌ێندراوی جولیان ئه‌سانج
كاتێك ویكیلكس دامه‌زرا به‌ شێوه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ ناوه‌كه‌یان داڕشته‌وه‌، بڕگه‌ی یه‌كه‌می ناوه‌كه‌ی "ویكی" درووشمی كرانه‌وه‌ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌كارهێنه‌رانی پێگه‌ی ویكیپیدیا، بڕگه‌ی دووه‌میش "لیكس" به‌ واتای دزه‌پێكردن دێت. له‌ ساڵی 2006 جولیان ئه‌سانج ئیشی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی پێگه‌ی ویكیلكیس ده‌كرد، ئامانجی ئه‌و له‌م كاره‌ كۆكردنه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری نهێنی بوو ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی. ساڵی 2007 به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پێگه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی سوید كاری پێكرد چونكه‌ سوید وڵاتێكه‌ یاساكانی به‌هێزن و ناهێڵن ناسنامه‌ی هیچ كه‌سێك به‌ نازانراوی بمێنێته‌وه‌. ساڵێك دواتر توانی به‌ڵگه‌یه‌كی نهێنی سه‌ربازی ئه‌مریكا بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ به‌وردی باسی زیندانی گوانتانامۆ بكات، دوای ئه‌وه‌ش ئیملێكی(ساره‌ پالین)ی كاندیدی جێگری سه‌رۆك كۆمار بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ درا سه‌رچاوه‌كه‌ نه‌زانراوه‌.

بڵاوكراوه‌كانی ئاگری له‌ ئه‌مریكا به‌ردا
ساڵی 2010 كاتێك ویكیلیكس ده‌ستیكرد به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ جه‌نگی عێراق و ئه‌فغانستانه‌وه‌ هه‌بوو.چه‌ندین ڤیدیۆی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ بوونی شه‌ڕ خه‌ڵكی ده‌كوژن. ئه‌وه‌ش وایكرد ئه‌مریكا ده‌ست به‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ بكات و داوای له‌ سوید كرد به‌ شوێن ئه‌و ڕووداوه‌ بكه‌وێت، بۆیه‌ جولیان ئه‌سانج فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوو.

كه‌یسی تۆمه‌تی گێچه‌ڵی سێكسی
له‌سه‌ره‌تاكانی كانوونی یه‌كه‌می 2010 جولیان ئه‌سانج بۆی ئاشكرابوو كه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی یاسایی هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌ لایه‌ن سویده‌وه‌ داواكراوه‌ كێشه‌ی تۆمه‌تی گێچه‌ڵی سێكسی و تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی بوو. بۆیه‌ دوای ده‌رچوونی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن سویده‌وه‌.ئه‌سانج ناچاربوو له‌ 6ی كانوونی یه‌كه‌می 2010 خۆی ڕاده‌ستی پۆلیسی له‌نده‌ن بكات.
دوای زنجیره‌یه‌ك له‌ دانیشتنی دادگا له‌ سه‌ره‌تای 2011 جولیان داوای پێداهه‌ڵچونه‌وه‌ی سزاكانی ده‌كات، به‌ڵام دادگای باڵا ڕه‌تیكرده‌وه‌.هه‌میشه‌ به‌ كه‌فاله‌تی مه‌رجدار ئازاد ده‌كرا.

مافی په‌ناهه‌نده‌یی
دوای ئه‌وه‌ی په‌نای برده‌ به‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئیكوادۆر له‌ شاری له‌ندنی پایته‌ختی به‌ریتانیا، ماوه‌ی چه‌ند مانگێك سوید له‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌دابوو ئه‌و كه‌سه‌ ڕاده‌ستیان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ڕه‌تیانكرده‌وه‌. له‌ شه‌شی ئابی 2012 ئیكوادۆر مافی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسی پێی به‌خشی.ترسی ئه‌سانج له‌وه‌بوو كه‌ سوید بیگرن و ڕاده‌ستی ئه‌مریكای بكه‌ن، له‌وێش به‌ تۆمه‌تی دزه‌پێكردنی هه‌واڵه‌كانی ئه‌مریكا دادگای بكرێت.
حكومه‌تی به‌ریتانیا ڕایگه‌یاند كه‌ به‌هیچ جۆرێك ڕێگه‌ ناده‌ن ئه‌سانج بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ته‌نیا به‌و مه‌رجه‌ی ڕاده‌ستی سوید بكرێته‌وه‌. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویدیش بڵاویانكرده‌وه‌ تاكه‌ هۆكار بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی جولیان ئه‌سانج ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆی هه‌ڵبه‌ستراوه‌.وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیكوادۆریش ڕیكاردۆ پاتینۆ ڕایگه‌یاند، ئه‌وان ڕێز له‌ بڕیاری حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌گرن.

دوای حه‌وت ساڵ كارمه‌ندێكی باڵیۆزخانه‌ی ئیكوادۆر باسی جولیان ئه‌سانج ده‌كات
پێگه‌ی  به‌ناوبانگی به‌ریتانی (ئه‌نته‌رناشیناڵ بزنس تایمز) بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ كارمه‌ندێكی باڵوێزخانه‌ی ئیكوادۆر گله‌یی له‌ ڕه‌فتاره‌كانی جولیان ئه‌سانجی دامه‌زرێنه‌ری پێگه‌ی ترسناكی ویكلیكس ده‌كات و ده‌ڵێت " پابه‌ندی پاكو خاوێنی نییه‌" ئه‌و كارمه‌نده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ ئه‌سانج به‌ ده‌گمه‌ن خۆی ده‌شوات و هه‌میشه‌ بۆنێكی ناخۆشی لێدێت.
يه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ هاوڕێكانى ئه‌سانج و به‌ناوی جێرمی زیمرمان  ئه‌و باسى له‌وه‌ كردووه‌، تێبينى كردووه‌، ئه‌سانج به‌ ده‌گمه‌ن خۆى ده‌گۆڕێت و مه‌گه‌ر يه‌كێك ناچارى بكات بچێته‌ گه‌رماو و خۆى بشوات، ئه‌گه‌ر نا نايكات.

له‌ هه‌مان سه‌رچاوه ‌ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، كه‌ له‌ڕێگه‌ی هاوڕێيه‌كى ئه‌سانجه‌وه‌ به‌ ناوى دانيال دومچايت بێرگ، كه‌ له‌ ويكيليكس كارى له‌گه‌ڵ كردووه‌، گوتوويه‌تى" ئه‌سانج به‌ ده‌ست نان ده‌خوات و دواتر ده‌سته‌ چه‌وره‌كه‌ى به‌ پانتۆڵه‌كه‌ى ده‌سڕێت و هه‌رگيز له‌ ژيانمدا پانتۆڵى كه‌سم هێنده‌ى پانتۆڵه‌كه‌ى ئه‌سانج پیسوپۆخڵ نه‌بینووه‌."

كوردستان  له‌ ویكلیكسدا
ویكیلیكس  تاوه‌كو ڕۆژی كاركردنی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو به‌ڵگه‌نامه‌ی زۆری سیاسی وڵاتانی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ دواتر بۆته‌ بۆشایی گه‌وره‌. له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاته‌وه‌ بۆ مێژوو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ شۆڕشی ئه‌یلول به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌و شۆڕشه‌ ده‌ربڕیووه‌ و له‌ژێر فشاری ئێران داوایكردووه‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌ك دابنێن.

به‌ده‌ر له‌وه‌ش په‌نای بردۆته‌ به‌ر ئه‌مریكا تاوه‌كو مافی په‌ناهه‌نده‌ی بده‌ن به‌ خۆی و خێزانه‌كه‌ی.باس له‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ پێش ڕێكه‌وتنی جه‌زائیر مه‌لا مسته‌فا ئاگای له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و به‌ڕاسته‌وخۆ به‌ شای ئێرانی گوتووه‌، چیتر ناتوانن به‌و چه‌كه‌ سوكانه‌ی هه‌یانه‌ دژی عێراق بوه‌ستنه‌وه‌ ده‌بێت ئێران هاوكار بێت بۆ پێدانی چه‌كی قورس به‌ پێشمه‌رگه‌. سه‌دام حوسێنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی عێراق له‌نامه‌یه‌كدا له‌ ڕێگه‌ی ڕاوێژكارێكی ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆكی میسره‌وه‌ داوای له‌ شای ئێران كردووه‌، ئه‌وان ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری یه‌كێتی سۆڤیت ببن به‌ومه‌رجه‌ی هێزی چه‌كداری كورد نه‌مێێنێت.

عێراق له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ویكلیكسدا
سه‌ره‌ڕای ناوهێنانی چه‌ندین به‌رپرسی عێراقی كه‌ تێوه‌گلاوی مه‌سه‌له‌ قێزه‌ونه‌ سیاسیه‌كان به‌ڵام له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ جۆرج بوشی كوڕی به‌رزكردۆته‌وه‌، ده‌زگای هه‌واڵگیری ئیسرائیلی مۆساد به‌ پێدانی گلۆپی سه‌وزی ئه‌مریكا و هاوكاری هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و حكومه‌تی عیراق، ده‌بێت زانایانی ئه‌تۆم و مامۆستایانی زانكۆ كه‌ له‌ بواره‌ زانستیه‌كاندا ئیشده‌كه‌ن، بكوژرێن. له‌ ڕاپۆرتێكی مۆساد باس له‌وه‌كراوه‌ له‌ساڵی 2003ه‌وه‌ 350 زانای ئه‌تۆم و زیاتر له‌ 300 مامۆستای زانكۆ كوژران.
به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی ویكیلیكس ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ زانیان به‌زۆر وایانلێكراوه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا و ئێران ئیش بكه‌ن، هه‌ندێكشیان ڕه‌تیانكردۆته‌وه‌ هاوكاری ئه‌مریكا وئێران بن، بۆیه‌ ڕایانكردووه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌.ئه‌وانه‌شی له‌ عێراق ماونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی نوری مالیكی ئه‌شكه‌نجه‌دراون كه‌ بۆچی هاوكاری وڵاتان نابن له‌ بواری زانستی ئه‌تۆم.