ڕاپۆرتی جیهانی

10:39 - 31/12/2020

ڕۆژژمێری زاینی،پادشایی ڕۆژژمێرەکانی جیهان‌

پەیسەر

ڕۆژژمێری زاینی لە ئێستادا وەک ڕۆژژمێرێکی رەسمی لە زیاتر لە 95٪ی وڵاتانی جیهاندا بەکاردەهێنرێت و بووەتە ڕۆژژمێرێکی نێودەوڵەتی.دوای پەسەندکردنی گۆڕانکاری لەم ڕۆژژمێرەدا لەلایەن پاپا گریگۆری سیازدەیەمبە رۆژژمێری گریگۆری، بەڵام لە کوردستاندا بە ڕۆژژمـێری زاینی ناسراوە.

دروستبوونی ڕۆژژمێری زاینی
کەنیستانتینۆس یان قەستەنتین لە "274 تاوەکو 337 زاینی" یەکەمین ئیمپراتۆری مەسیحی بوو، کە لە ڕۆمدا حوکمی کردووە. لە ساڵی 313 پاش لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا ئایینی مەسیحی کرد بە ئاینی فەرمی ئەوکاتە. قەستەنتین  ڕۆژی یەکشەممەی کرد بە یەکەمین ڕۆژی هەفتە و وەک ڕۆژی پەرستشی مەسیحییەکانی دانرا. لە ساڵی325 زاینی، ئەنجوومەنی گشتی کڵێسای شاری نیقییە"بە شاری نایسیاش ناسراوە و دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا" بە ئامادەبوونی قەستەنتن  و318 زانای ئاینی مەسیحی پێکهێنرا. ئەم ئەنجوومەنە، شەریعەتی مەسیحی پەسەندکرد. یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە بریتی بوو لەوەی کە ساڵی هەتاوی بۆ کاروبار و بابەتی گشتی و ساڵی مانگی"قەمەری" بۆ دیاریکردنی هەندێک لە جەژن و بەرێوەچوونی کاروباریئاینی وەک جەژنی پاکبوونەوەو ئەوانی دیکە بە فەرمی ناساند. لە ساڵی 325 زاینیش، بە گوێرەی زانیارییە فەلەکناسییەکانیش، دەستپێکی بەهار بە 21 ی ئازار جێگیرکرا.
دروستبوونی ڕۆژژمێری زاینی لە ئەنجامی ساڵەها ناکۆکی لە بارەی دروستی دیاریکردنی رۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا و جەژنی پاکبوونەوە" گرنگترین و کۆنترین ئاهەنگی کڵێسای مەسیحی. جەژنی هەستانەوەی حەزرەتی عیسایە"لە کڵێسای ڕۆژئاوا" لە نێوان 21ی مانگی ئازار و 25 ی نیساندا، لە یەکەمین یەکشەممەی دوای یەکەمین پربوونی مانگ لە وەرزی بەهاردا بەڕێوەدەچێت." لە نێوان کڵێساکاندا دروستدەبوو، هاتەکایەوە.
لە ساڵی ی525 دوای لە دایک بوونی حەزەرەتی عیسا، راهیبێکی ڕۆمی بەناوی "دیونی سویس ئیگزیگیۆس" لەسەر داوای پاپا جانی یەکەم، خشتەیەکی نوێی دیاریکردنی ڕۆژی جەژنی پاکبوونەوەی دانا و پێشنیاریکرد ڕۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا بکرێتە یەکەمین رۆژ لە ڕۆژژمێری مەسیحییەکاندا. دیونی سویس رۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسای بە 25 ی کانوونی یەکەم دیاریکرد. 
رۆژژمێری زاینی لە سەدەی حەوتەمدا لە ئیتالیا و بەریتانیا و بەشیک لە ئیسپانیا بەکارهێنرا. لە سەدەی یازدەی زاینیشدا، ڕۆژژمێرەکە لە بەشێکی سەرەکی ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی بەکارهێنرا. لەم سەدانەی دوایشدا لە زۆرێک لە کتێبە مێژووی، فەلەکناسیەکانیشدا ڕۆژژمێری زاینی بەناوی "ڕۆژژمێری ژولیان" ، "ڕۆژژمێری ژولیوس" یان "ڕۆژژمێری ژولی" ناوی هێنراوە.

گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێری زاینی
لە ساڵی 1576ی زاینی، پاپا گریگۆری سیانزەیەم کۆمسیۆنێکی تایبەتی بە سەرپەرشتی کریستۆفەر کلاڤیوس، ئەستێرەناس و پڕۆفیسۆری بیرکاری زانکۆی یەسوعیانی ڕۆم، بە بەرپرسی گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێری زاینی دیاریکرد.
لەهەمان کاتدا، ئێلی سیوس لیلیوس، پرۆفیسۆری زانکۆی پروجیا، چەند ساڵ لەوەوپێش، پێشنیارێکی بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێری زاینی ئامادە کردبوو، رەوانەی پاپای کرد. ئەم پێشنیازە لەلایەن کۆمسیۆنی گۆرانکاریی ڕۆژژمێرەوە بەهەند وەرگیرا. لە کۆتایدا ڕۆژژمێری زانینی گۆڕانکاری تێداکرا و لە 24ی شوباتی 1582 بە فەرمانی رەسمی پاپا گریگۆری سیانزەیەم پەسەند کرا.
ڕۆژژمێری گۆڕانکاری تیاکراو کە بە "ڕۆژژمێری گریگۆری" ناسراوە، هەمان ئەم ڕۆژژمێرەی ئێستایە.

وڵاتان و داننان بە ڕۆژژمێری گریگۆری
ڕۆژژمێری گریگۆری لە سەرەتادا لە نیوان وڵاتانی کاسۆلیکی ئەوروپا و پاشان لە نێوان پرۆتستانت و  ئەرسەدۆکسەکاندا پەسەندکرا. لەناو وڵاتە ئەوروپییەکاندا، یۆنان دواین وڵات بوو ئەم ڕۆژژمێرەی لە ساڵی 1923 پەسەند کرد.
 ژاپۆن، کۆریا و چین لە ساڵەکانی 1895، 1872 و 1912 پێشوازیان لەم ڕۆژژمێرەکرد.
ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، هەروەها لە زۆرێک لە وڵاتە ئیسلامییەکانیشدا، ڕۆژژمێری زاینی بەرەسمی ناسێنراوە. میسر لە ساڵی 1875 و تورکیا لە 26ی کانوونی یەکەم 1920پەسەندی کرد و لە 1ی کانوونی دووەم 1926ەوە کاری پێدەکات.سعودیە دواین وڵاتی ئیسلامییە کە لە ساڵی 2016 ئەم ڕۆژژمـێرەی بە فەرمی ناساند و لەبری ڕۆژژمێری ئوملقورا"پشت بە ڕۆژژمێری مانگی دەبەستێت" بەکاری دەهێنێت.

ئەو وڵاتانەی دانیان بەم ڕۆژژمێرەدا نەناوە
بە گوێرەی رێکخراوی ئاماری جیهانی لە مانگی ئابی 2020، وڵاتی ئێران بە 83 ملیۆن دانیشتوو . ئەفغانستان بە 38 ملیۆن کەس، ئەسیوپیا بە 112 ملیۆن کەسو نیپاڵ بە 29 ملیۆن دانیشتوو، ئەو وڵاتانەی جیهانن کە بە رەسمی دانیان بەم رۆژژمێرە دا نەناوە، ئێران و ئەفغانستان ڕۆژژمێری هەتاوی کۆچی و دوو وڵاتەکەی دیکە رۆژژمێری جیاوازتریان هەیە و بەکاریدەهێنن، هیچکام لەو ڕۆژژمێرانە نەبوونەتە جیهانی و لەدەرەوەی ئەم وڵاتانە بەکارناهێنرێن.
گۆڕینی ڕۆژژمێری زاینی
هەنێک لایەن بیریان لە گۆڕینی ئەم ڕۆژژمێرە کردەوە و لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش  پێشنیازکرا رۆژژمێرێکی جیهانی شوێنی بگرێتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. لە رابردووشدا دوای شۆڕشی فەرەنسا بیریان لە گۆڕینی ئەم ڕۆژژمێرە کردەوە و ڕۆژژمێری کۆماری فەرەنسایان لەبری ئەم ڕۆژژمێرە دانا.  ڕۆژژمێری کۆماری فەرەنسا لەلایەن ئەنجوومەنی بیرکاریناسان وکۆنگرەی نیشتیمانی فەرەنساوە دانیپێدانرا. دەستپێکی ئەم ڕۆژژمێرە دەستپێکی وەزری پایز و ساڵی 1787"ساڵی شۆڕشی فەرەنسا"بوو، ئەڵبەتە دواتر کارکردن بەم رۆژژمێرە هەڵوەشایەوە.

ڕۆژژمێرەکانی دیکە
ناسراوترین و جیهانیترین روۆژژمێر لە ئێستادا ڕۆژژمێری زاینییە، بەڵام چەندین ڕۆژژمێری دیکە هەن و ناسراوترینیان ئەمانەن
رۆژژمێری کۆچی 
هەردوو جۆری رۆژژمێری کۆچی مانگی و هەتاوی دەگرێتەوە.
هەروەها ڕۆژژمێرەکانی دیکەی وەک " ئێرانی، چینی، هندی، کۆری، بودای، ئاژەڵی، قوتبی، بەربەری، عیبری، ئەرمەنی، کوردی و کوردی گەرمەسێری سوڵتانیش هەن.