10:29 - 31/12/2020
ساڵی ٢٠٢٠؛ ئەو هەلانەی تورکیا لەگەڵ ئەوروپا لەدەستیدان
تورکیا زیاتر لە نیو سەدەیە هەوڵی بەئەندامبوون دەدات لە یەکێتی ئەورووپا، بەڵام ئەم هەوڵە هەمیشە بە شکست کۆتایی هاتووە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی مێرکڵ هەلێک هەبوو تورکیا بەم خەونەی بگات، بەڵام ئەیشی لەدەستچوو، بۆیە ساڵی داهاتوو ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ تورکیا. تورکیا لە ٢٠٢٠ چی لەدەستدا؟
هەوڵە شکسخواردووەکەی ئەڵمانیا
لە ماوەی سەرۆکایەتیی لە سەرۆکایەتیی یەکێتی ئەورووپا، ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا هەوڵی زۆری دا کیشوەرە پیرەکە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا هەوڵ بداتەوە تاکو خەونەک کۆنەکەی ئەنقەرە بەدیبهێنێت، ئەڵمانیا هەموو شتێکی ئەنجامدا تاکو ئاڵۆزیی و ناسەقامگیرییەکانی نێوان تورک و ئەورووپییەکان کەمبکاتەوە.
ئەڵمانیا کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و بۆ ماوەی شەش مانگ سەرۆکایەتیی خولی یەکێتی ئەورووپای کرد، هەوڵەکانی مێرکڵ بۆ نزیکردنەوەی تورکیا و ئەورووپا نەک سەرکەتوو نەبوون، بەڵکو لەم ماوەیەدا گرژییەکان زیاتر بوون، هۆکاری سەرەکیش لێدوان و هەنگاوەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بوون.
هۆکاری شکست
لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا تورکیا هەوڵی زۆری دا ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و لەم پێناوەشدا باجی زۆری دا، بەڵام هەمیشە هۆکاری سەرەکی کە نەیانهێشتووە ئەنقەرە بەم ئاواتە بگات، بریتی بوون لە، کێشەکانی تورکیا لە نەبوونی دیموکراسی، ناسەربەخۆیی دادگا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە لەلایەن تورکیاوە.
لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا و بەهۆی هەنگاوەکانی تورکیاوە چاوەڕوانی پێشکەوتنی گفتوگۆکان نەدەکرا و تورکیاش بێهیوا ببو، بەتایبەت دوای چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕانی بە دوای سەرچاوە سروشتییەکاندا.
هەلێکی دیکە
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا، چەند کاتژمێرێک گفتوگۆ لەبارەی پەیوەدنییەکانی نێوان برۆکسل و ئەنقەرەوە کرا، لە ئەنجامی گفتوگاکاندا، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا پشتگیری خۆیان بۆ یۆنان و قوبرسی نەیاری تورکیا دووپاتکردەوە و داواشیان لە ئەنقەرە کرد هەنگاو بۆ گفتوگۆ بنێت.
یەکێتییەکە داوایان لە ئەردۆغان کرد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوی ئەرێنیی بنێت، لە بەرامبەردا هەردوولا هەماهەنگ بن لە بواری بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییە هاوبەشەکان، نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرگی، سەربەستیی ڤیزا، گفوتگۆی ئاست بەرز، رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و ناڕێکخراو و بابەتی کۆچبەرە سورییەکان.
هەلێکی دیکە لە ئەڵمانیاوە بە تورکیا درا، بەڵام تورکیا دیسان سودی لێنەبینی. لە لوتکەی سەرکردەکانی ئەورووپا لە رۆژانی ١٠ -١١ ی کانونی یەکەمدا وڵاتانی وەک فەڕەنسا، قوبرس و یۆنان هەوڵیاندا سزای قورستر بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت، بەڵام ئەڵمانیا وەک پێدانی هەلێک بە تورکیا رێگری کرد.
بێهیوابوونی مێرکڵ
هەموو هەوڵەکانی ئەڵمانیا، بە هەنگاوە فراوانخوازییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە تۆزی دەم هەوا. چالاکییەکانی تورکیا لەو ناوچەیە بۆ دۆزینەوەی غازی سروشتی، سەردانی ئەردۆغان بۆ ناوچەی ماراشی قوبرس کە دوای ٤٦ ساڵ بوو یەکەم جار بکرێتەوە، رۆڵی تورکیا لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا و گرژییەکان لەگەڵ پاریس، بوونە هۆی بێهیوابوونی بەرلین کە بە دوای کلیلی چارەسەردا دەگەڕا.
مێرکڵ کە وەڵامی ئەرێنی لە ئەنقەرە نەدی بە بێهواییەوە وتی، "بەداخەوە بەو جۆرەی من دەمویست پێشنیارەکەم قبوڵ نەکرا." هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وتی، سەرەڕای ئەوەی هەوڵێكی نائاسایی و زۆریان دا تاکو لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بهێننە ئارا، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشتن."
ساڵی ناکۆکی
لە ساڵی ٢٠٢٠ ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و برۆکسل نەک هەر چارەسەر نەکران، بەڵکو خراپتر و ئاڵۆزتر بوون، نە هەنگاوی پێویست نران و نە نەخشەڕێگای چارەسەریش دانران.
ناکۆییەکانی تورکیا و قوبرس و یۆنان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، خەریک بوو بگات بە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی سەربازیی، بۆ رێگرتن لە خراپتربوونی دۆخەکە، ئەڵمانیا و دواتریش ناتۆ دەستوەردانیان.
ئەڵمانیا توانی ئاستی گرژییەکان لەنێوان لایەنەکاندا کەمبکاتەوە و ناتۆش سەرکەوتوو بوو لە کەمکردنەوەی ناکۆکیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا بۆ ئاستێکی باش کەمبکاتەوە.
سێ مانگی گرنگ بۆ تورکیا
لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە لوتکەی کۆتایی ئەمساڵی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا سزاکان بەسەر تورکیادا بسەپێنرێن، بەڵام هەلێکی دیکە بە تورکیا درایەوە و بڕیاردرا مانگی ئازاری ٢٠٢١ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت.
بەم جۆرە دەرگای گفتوگۆ و چارەسەر لەبەردەم تورکیا بە کراوەیی بەجێهێڵدرا و هەلیکی زێڕین بە ئەنقەرە درا. ئەگەر تورکیا لەم سێ مانگەدا هەنگاوی ئەرێنی بنێت، ئەوا ئەورووپاش هەنگاوی زیاتری ئەرێنی بەرامبەر تورکیا دەنێت.
لەگەڵ ئەم هەلانەشدا، هێشتا سزاکان لەسەر مێزن و لەبیرنەکراون. لە کۆبوونەوەکەی لوتکەی کۆتایی ئەمساڵ ئاماژە بەوە کراوە، بۆ پاراستنی بەرژەوەدنییەکانی ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا و دابینکردنی ئاسایشی هەرێمیی، پێویستە جۆزێپ بۆرێل نوێنەری باڵای سیاسەتی ئاسایش و پەیوەدنییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا راپۆرتێک ئامادە بکات.
لە راپۆرتەکەدا باس لە هەڵبژاردەکانی بەردەم یەکێتی ئەورووپا دەکرێت لەبارەی سزا و پێشنیارەکانەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای پەیوەندییە سیاسیی، ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا.
تورکیا چی دەکات؟
دوای هۆشدارییەکانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ تورکیا، ماوەی مانگێکە رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵ دەدات بەرامبەر تورکیا نەرمی بنوێنێت، ئەورووپاش دەڵێت چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیین نەک لێدوان.
ئەردۆغان لە چەند لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە چارەنووس و شووێنی ئەوان لە ئەورووپایە نەک شوێنێکی دیکە، بەڵام پێشێلکردنی ئازادییەکان و دیموکراسی لە تورکیا، دەستگیرکردنی چالاکوانان و گوێنەگرتن بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کە داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و زیاندانیانی دیکە دەکات، رێگرن لەوەی ئەردۆغان بە لێدوانە نەرمەکانی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا قایل بکات.