01:11 - 23/12/2020
ناگۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان جەنگ و ململانێی بەردەوامدا
نا گۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان جەنگ و ململانێێ بەردەوامدا: ناونیشانی نوێترین توێژینەوەی ژوری توێژینهوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان- گۆشەی سیاسیە. توێژینەوەکە لەلایەن "گەیلان عەباس- ئەندامی ژوری توێژینەوەکان" نوسراو ئامادەکراوەو لەدوتوێی (٤٠) لاپەرەدا بڵاویانکردوەتەوە.
لەتوێژینەوەکەی ژورى توێژینەوەکانى بزوتنەوەى گۆڕاندا تیشک خراوەتەوە سەر كێشەو قەیرانەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، لەپێشەکی توێژینەوەکەدا ئەوە خراوەتەرو کە كێشەو قەیرانەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، هاوشێوەی زۆربەی كێشەكانی دیکەی ناوچەی قەوقاز، لەئەنجامی دروستبون و لێکهەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤییەت هاتوەتە ئاراوە. چارەسەرنەکردنی ئەم کێشانەش، بەردەوام بونەتە هۆکاری دروستبونی قەیرانی نوێ، بۆ ناوچەكەو ئەوروپاو جیهان.
لەتوێژینەوەکەدا باسی ئەوە کراوە کەناکۆکی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان لەوە دەرچوە کەپەیوەست بێت بەدۆخی ئێستاوە، بەڵکو کێشەکە رەگێکی ریشەیی مێژویی و ئیتنی و دینی قوڵی هەیە.
ئەوەی ئاستی کێشەی قەرەباغی لەنێوان ئەرمینیاو ئازەربایجاندا ئاڵۆزترکردوە، بریتییە لەدەستێوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەکان و کردنی ئەم پرسە بە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی، بەجۆرێک هەر دەوڵەتێک لەبەرژەوەندی لایەنێکیان دەستێوەردان لەم کێشەیەدا دەکات، تەنانەت زۆرجار سنوری ئەم دو دەوڵەتە تێدەپەرێنێت، تورکیا، روسیا، ئەمەریکا، ئێران و یەکێتی ئەوروپا راستەخۆ دێنە نێو ململاێکەوە، وەک ئەوەی ئێستا لەسەر ئەرزی واقیعی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ رودەدات.
بەڵام ئەم دەستێوەردانە نێودەوڵەتیانە، نەک کێشەکەی چارەسەر نەکردوە، بەڵکو بوەتە فاکتەرێک بۆ بەردەوامبونی ململانێ و ناوەناوە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەنێوان ئەرمینیاو ئازەربایجاندا. ئەنجامەکەشی بریتییە لە هێشتنەوەی کێشەکە بەبێ چارەسەرو کوژرانی هەزاران کەس و ماڵوێران بون و ئاوارەبونی سەدان هەزار کەس لەسەر خاک و زێدی خۆیان.
هەر لەتوێژینەوەکەدا هاتوە کە لەئێستادا جەنگ و پێکدادانی سەربازی لەنێوان هێزەکانی سوپای ئازەربایجان و ئەرمینییەکانی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ، بەنێوەندگیری روسیا راوەستاوە.
بەڵام ئاگربەست و راگەیاندنی ئاشتی لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، شتێکی نوێ نییەو لەماوەی نزیکەی ٢٨ ساڵی رابردودا چەند جارێک تاقیکراوەتەوە، بەڵام بەردەوام ئاگربەست و راگەیاندنی ئاشتی بوەتە چارەسەرێکی کاتی.
بەجۆرێک ئەو دۆخە دەرفەتی بەخشیوەتە یەکێک لەلایەنەکان، بۆ خۆرێکخستنەوەو نوێکردنەوەی کێشەکە، دواتریش دۆخەکە جارێکی دیکە لەنێوانیاندا تەقیوەتەوە. وەک ئەوەی ئەمجارە رویدا.
بەگشتی لەتوێژینەوە شیکاریەکەی ژوری توێژینەوەکاندا تیشک خراوەتە سەر کۆمەڵێک تەوەر پەیوەست بەم پرسە لەوانەش (ناوەرۆکی کێشەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ، لەگەڵ ناساندنی ئەم هەرێمە، کەبوەتە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی ئێستاو رابردوی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان، لەگەڵ شیکردنەوەی هۆکارو مێژوی ململانێکانێ نێوان هەردو وڵات و رۆڵی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەکێشەکەدا، هاوکات نەدۆزینەوەی میکانیزمی چارەسەرو خاڵی هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیە کەزیاتر لەسەدەیەکە بەردەوامی هەیە. لەگەڵ باسکردنی جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیاو لێکەوتەو ئاسەوارەکانی جەنگەکە. لەگەڵ خستنەروی سیناریۆ و پێشبینی و ئەگەرە چاوەروانکراوەکانی ئەم کێشەیە ..).
بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەكە:
کلیک لێرە بکە