04:00 - 08/01/2019
بکوژی ١٣٠ هەزار جولەکە ٦٠ ساڵ لە پەناگوێی ئیسرائیلدا ژیا
دواین جار کە بینراوە لە ساڵی ١٩٧٨دا بە رۆژنامەنووسێکی نەمسایی وتووە:
" هەڤاڵ کە گەڕایەوە بۆ نەمسا سڵاوی من بگەیەنە بە شارە جوانەکەی ڤییەنا،
دڵخۆش بن بەوەی من ئەو شارە جوانەم بۆ ئێوە لە پێ و قەدەمی شومی جولەکەکان خاوێن
کردووەتەوە." دوای ئەم قسەیە بۆ هەمیشە لەبەر چاو ون بوو، تا ئەو کاتەی لە
ساڵی ٢٠١٤دا سەنتەری سیمۆن ڤیزنتاڵ کە رێکخراوێکی ناحکومی جولەکەکانە پشتڕاستی
کردەوە کە ئەلۆیس برەنەر لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە، هەندێک
لە سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن ساڵی ٢٠١٠ لە تەمەنی ٩٨ سالیدا لە دیمەشق کۆچی
دوایی کردووە.
ئەلۆیس برەنەر کێ بوو؟
کوڕە جوتیارێکی هەژاری نەمسایی بوو، ساڵی ١٩١٢ لە گوندێکی هەرێمی بورگەن
لاندی نەمسا لە دایکبووە، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانیدا
روویدا کاتێک لەڕێی ئەفسەرێکی ناسیاویەوە بووە ئەندامی حیزبی نازی واتە حیزبەکەی
هیتلەر.
ئەدۆلف ئایشمان کە ئەفسەرێکی نزیک و متمانەپێکراوی هیتلەر بوو و رێکخەری
سەرەکی کۆمەڵکوژی جولەکەکان بوو، لە ساڵی ١٩٣٨دا برەنەری ناردە نەمسا بۆ
بەڕێوەبردنی سەنتەری دەرکردنی جولەکەکانی ڤییەنا، لەو قۆناغەدا ئەرکی ئەم سەنتەرە دەستگیرکردن
و تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی سامان و دارایی جولەکەکانی نەمسا بوو.
برەنەر شارەزاییەکی زۆر باشی هەبوو لە شێوازەکانی ئەشکەنجەدان و تەنانەت
داهێنەری چەند شێوازێکی ئەشکەنجەدانیش بوو، یەکێک لە داهێنانەکانی دروستکردنی
کورسییەک بوو کە بە کورسی ئەڵمانی ناسراوە، کاتێک کەسی دەستگیرکراو لەسەر
کورسییەکە دادەنیشت، کورسییەکە بە جۆرێک دەکەوتە جووڵە کە فەقەراتی کەسەکەی
دەشکاند.
دوایی ئەوەی پڕۆسەی جینۆسایدی جولەکەکان دەستی پێکرد کە بە هۆلۆکۆست
ناسراوە، برەنەر بەرپرسیارەتی گەورەی پێ سپێردرا، بەرپرسیاربوو لە کۆکردنەوەی
جولەکەکانی فەڕەنسا و نەمسا و یۆنان و چیکۆسلۆڤاکیا و رەوانەکردنیان بۆ کەمپەکانی
ئەشۆڤیتس، کە لەو کەمپانەدا نزیکەی شەش ملیۆن جولەکە کۆمەڵکوژ کراون.
برەنەر بەرپرسیار بووە لە کوشتنی ١٢٨ هەزار جولەکە بەم شێوەیە: ٤٧ هەزار
جولەکەی نەمسایی، ٤٤ هەزار جولەکەی یۆنانی، ٢٣ هەزار جولەکەی فەڕەنسی و ١٤ هەزار
جولەکەی چیکۆسلۆڤاکیا.
برەنەر بەر لە دەستگیرکردنی جولەکەکان دەستی بەسەر سامان و دارایی ئەواندا
دەگرت و بەسەر ئەندامانی حیزبی نازیدا دابەشی دەکرد.
ڕاکردنی تاوانبارانی جەنگ
لە دوای شکستی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەم، دادگای نورمبۆرگ پێکهات بۆ
سزادانی تاوانبارانی جەنگ، بەڵام دادگای نورمبۆرگ تەنیا ٢٢ بەرپرسی باڵای حیزبی
نازی سزادا، زۆربەی تاوانبارە سەرەکییەکانی هۆلۆکۆست توانیبوویان رابکەن بۆ
وڵاتانی دیکە.
هەندێک لە تاوانباران لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین وەک ئەرجەنتین و برازیل و
ئۆرۆگوای بە ناسنامەی ساختەوە خۆیان شاردبووەوە، یەکێک لەو تاوانبارانە ئەدۆلف
ئایشمان بوو کە رێکخەرەکی سەرەکی تاوانی هۆلۆکۆست بوو، ئایشمان لە ئەرجەنتین خۆی
شاردبووەوە و بە ناوێکی خوازراوەوە لە لقی ئەرجەنتینی کارگەی مێرسدس بێنز کاری
دەکرد، بەڵام موساد کە وڵات بە وڵات بە
دوای تاوانبارانی هۆلۆکۆست دەگەڕا، ساڵی ١٩٦٠ شوێنپێی ئایشمانیان لە ئەرجەنتن
هەڵگرت و لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا دەستگیریان کرد و فڕاندیان بۆ ئیسرائیل،
ئایشمان لە ساڵی ١٩٦١ لە ئیسرائیل لەسێدارەدرا.
بەشێکی دیکەی تاوانبارانی هۆلۆکۆست رایانکردبوو بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بەو هیوایەی بەهۆی دوژمنایەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل،
لەژێر سێبەری وڵاتانی ئیسلامیدا ژیانیان پارێزراو بێت، زۆربەیان روویان کردبووە
میسر و سوریا.
فرانتز ستنگڵ یەکێک لەو تاوانبارانە بوو کە بەرپرس بوو لە کوشتنی ٨٠ هەزار
جولەکە، ناوبراو لەڕێی ئەسقۆفێکی کەتۆلیکەوە خۆی گەیاندبووە دیمەشق، فێردیناند هیم
کە بە دکتۆری مەرگ ناسراوە، یەكێکیترە لە تاوانبارانی هۆلۆکۆست، نزیکەی نیو سەدە
بە ناوی خوازراوی " تاریق فەرید حسێن" لە میسر بە ئازادی دەسوڕایەوە،
بەر لە هەشت ساڵ یەکێک لە منداڵەکانی ئاشکرای کرد کە باوکی لە ساڵی ١٩٩٢دا بەهۆی
شێرپەنجەوە لە میسر کۆچی دوایی کردووە.
کاتێک جەمال عەبدولناسر دەسەڵاتی لە میسر بە دەستەوە گرت، یوئاخیم دۆملینگی
راسپارد بۆ دروستکردنی دەزگای ئیستخباراتی میسر، یوئاخیم تاوانبارێکی گەورەی جەنگ بوو و لەسەردەمی
هیتلەردا سەرۆکی پۆلیسی نهێنی دۆسلدرۆف بوو و بە ناوی خوازراوەوە لە میسر دەژیا.
ئەلۆیس برەنەر ٦٠ ساڵ لە پەناگوێی ئیسرائیلدا بوو
لە دوای شکستی ئەڵمانیا برەنەر پێچەوانەی زۆربەی تاوانباران هەر زوو
ڕاینەکرد، بەڵکو تا ساڵی ١٩٥٠ بە نهێنی لە ئەڵمانیا و نەمسا ژیا، بەڵام ساڵی ١٩٥٠
پاسپۆرتی هاوڕێیەکی بەناوی جۆرج فیشەری بەکارهێنا و چووە سوریا، جۆرج فیشەر
سالانێک دواتر وتبووی برەنەر پاسپۆرتەکەی لێ دزیوە، بەڵام بەهۆی پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی دوورودرێژی
نێوانیان زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە فیشەر خۆی پاسپۆرتەکەی دابێت بە برەنەر، تەنیا بۆ
خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە وتوویەتی برەنەر پاسپۆرتەکی دزیوە.
برەنەر تا کۆتایی ژیانی هەر بە ناوی جۆرج فیشەر لە دیمەشق بوو، بەپێی
راپۆرتێکی گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانی دوای ئەوەی کە چووەتە سوریا هەر بە ناوی جۆرج
فیشەرەوە بووە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی دەرمانسازی ئەڵمانی لە سوریا، کە
کۆمپانیاکە لقێکی کۆمپانیای تامکۆ بوو، ماوەیەکیش لە کارگەیەکی دروستکردنی بیرە و
شەراب کاری کردووە، بەپێی راپۆرتەکە بۆ ماوەیەکیش سەرقاڵی بازرگانی چەک بووە.
سوریا وڵاتێکی ئارام بوو بۆ ئەو ئەفسەرانەی ئەڵمانیای نازی کە تاوانباری
جەنگ بوون، لەناو ناسیۆنالیستە عەرەبەکانی سوریادا لە چلەکاندا کاتێک سوریا هێشتا
کۆلۆنی فەڕەنسا بوو هاوسۆزییەکی زۆر بۆ هیتلەر و حیزبی نازی ئەڵمانیا هەبوو و
پێیانوابوو تەنیا بە یارمەتی ئەڵمانیا دەتوانن لەژێر دەستەیی فەڕەنسا رزگاریان
ببێت، هەربۆیە بەرپرسانی حکومی سوریا لە پەنجاکاندا یارمەتی ئەفسەرە راکردووەکانی
ئەڵمانیایان دەکرد، هەندێک لەو ئەفسەرانە لە سوپای سوریادا وەک راهێنەر و راوێژکار
کاریان دەکرد، باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاش ئاگاداری ئەو رووداوەبوو.
کۆنسوڵی ئەوکاتی ئەڵمانیا لە دیمەش خۆی بەشداربووە لە کوشتنی جولەکەکانی
چیکۆسلۆڤاکیا و باڵیۆزی ئەو کاتی ئەڵمانیاش لە لوبنان پێشتر لە ژێر دەستی برەنەردا
رۆڵی هەبوو لە کۆکردنەوەی جولەکەکانی مۆناکۆدا، هەم باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە
دیمەشق و هەم باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە لوبنان ئاگاداربوو کە ئەلۆیس برەنەر لە
دیمەشقە، بەڵام برەنەر نیگەران نەبوو لەوەی کە حکومەتی ئەڵمانیا ئاگاداری
ناوبراون.
بەپێی راپۆرتەکەی شپیگڵ بە درێژایی ئەو ساڵانە تۆڕێکی گەورە لە بەرپرسانی
حکومی و رۆژنامەوان و پەرلەمانتاری ئەڵمانی بە نهێنی یارمەتی برەنەر و هەندێک لە ئەفسەرە تاوانبارەکانی دیکەیان کردووە
بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چەند رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی بەردەوام لە
پەیوەندیدابوون لەگەڵ برەنەر.
برەنەر لە دیمەشقەوە پارەی دەناردەوە بۆ کچەکەی و ژنەکەی لە ڤییەنا، لە
ساڵی ١٩٦٠ موساد شوێنپێی برەنەر هەڵگرت لە دیمەشق، لە ساڵی ١٩٦١دا موساد ویستی
لەڕێی تەقینەوەیەکەوە بیکوژێت، بەڵام لە تەقینەوەکەدا تەنیا چاوێکی لە دەستدا،
بیست ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٩٨٠شدا موساد جارێکی دیکە هەوڵی تیرۆرکردنیدا بەڵام
ئەمجارەشیان لە هەوڵەکەدا سەرکەوتوو نەبوو.
هەرچەندە بەپێی راپۆرتەکەی شپیگڵ دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا هەر لەسەرەتاوە
ئاگاداری ئەوەبوو کە ئەلۆیس برەنەر لە دیمەشقە بەڵام چاوی لێ نووقاندبوو، تا ئەو
کاتەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، دوای ئەوە حکومەتی ئەڵمانیا داوای لە حکومەتی سوریا
کرد کە برەنەر رادەست بکاتەوە، بەڵام حکومەتی سوریا حاشای لەوەکرد ناوبراو لە
وڵاتەکەیاندابێت.
برەنەر تا ساڵی ١٩٨٧ لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ خێزانەکەی و چەند
هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسی لە ئەڵمانیا و نەمسا، بەلام لە ١٩٨٧ بە دواوە هەموو
پەیوەندییەکانی پچڕاندووە، بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی برەنەر تا ساڵی ٢٠١٠ کە کۆچی
دوایی کردووە وەک راوێژکاری دەزگای هەواڵگری سوریا کاری کردووە و بە تایبەتیش
سورییەکانی فێری شێوازەکانی ئەشکەنجەدان کردووە.
هەر بەپێی راپۆرتەکەی بی بی سی وادیارە لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانی لە
دەرونییەوە تێکچووە، بەردەوام گریاوە و دراوسێکانی گوێیان لێ بووە کە بەردەوام
گریاوە.