ڕاپۆرتی جیهانی

11:08 - 27/11/2020

كروز.. ئەو موشەکەی وەک موگناتیس شوێن ئامانج دەکەوێت‌

پەیسەر


له‌ ئاسماندا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ى ئامانجه‌كه‌ى بدۆزێته‌وه‌ و بیپێكێت، هیتله‌ر له‌ كۆتاییه‌كانى ته‌مه‌نیدا ئه‌م مووشه‌كه‌ى دروستكرد، به‌ڵام بووه‌ موڵكى ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌مریكا بێ ئه‌م مووشه‌كه‌ ده‌ست به‌ هیچ شه‌ڕێك ناكات، روسیاش هۆشدارى به‌ جیهان ده‌دات به‌ په‌ره‌دان به‌م مووشه‌كه‌، ئێرانیش ده‌ڵێت، ئه‌وان به‌ ده‌ستیان هێناوه‌، حوسییه‌كانیش بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن مووشه‌كه‌كه‌یان هه‌یه‌.

مووشه‌كى كروز نرخه‌كه‌ گرانه‌، به‌ڵام هیچ شتێك نییه‌ رایبگرێت و ره‌حم ناكات، له‌ ئاسماندا ده‌فڕێت هاوه‌شێوه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى ئاسایى، به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌وڕووى ئامانجه‌كه‌ى ده‌ڕوات. وه‌ك فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت، له‌ ناوخۆیدا فڕۆكه‌یه‌كى بێفڕۆكه‌وان هه‌یه‌. مووشه‌كه‌كه‌ دوو باڵى بۆ فڕین هه‌یه و باڵه‌كانى ده‌كرێنه‌وه‌‌.

كروز ده‌توانێت قونبه‌له‌یه‌ك هه‌ڵبگرێت كه‌ كێشه‌كه‌ى ٥٠٠ كیلۆگرامه‌، خۆى ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ئامانجه‌كه‌ى جا ئامانجه‌كه‌ى جێگیر بێت یاخود جوڵاو ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كى جیاوازه‌ له‌ مووشه‌كه‌كانى دیكه‌، به‌ تایبه‌ت جیاوازه‌ له‌ مووشه‌كى بالیستى كه‌ ته‌نها ئامانجه‌ جێگیره‌كان ده‌پێكێت.

تایبه‌تمه‌ندییه‌كى دیكه‌ى كروز ئاسانى هه‌ڵدانیه‌تى، به‌جۆرێك له‌ زه‌وى بێت، یاخود له‌ ئاو و ئاسمان، ده‌توانرێت هه‌ڵبدرێت، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ له‌ هیچ كروزێكدا نییه‌ جگه‌ له‌ كروزه‌كانى ئه‌مریكا و روسیا، كروزى وڵاته‌كانى دیكه‌ مووشه‌كى مامناوه‌ند، یاخود مه‌ودا كورتن.

ئه‌مریكا سیسته‌مێكى مووشه‌كى تایبه‌تى كروزى هه‌یه،‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا، هه‌ر ئامانجێك بپێكێت له‌ هه‌ر شوێنێكى سه‌ر زه‌وى بێت، واته‌ جۆرێك له‌ مووشه‌كى كروزى هه‌یه‌ كه‌ كیشوه‌ربڕه‌، تایبه‌تمه‌ندییه‌كى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نزیك زه‌وییه‌وه‌ ده‌فڕێت، ئه‌وه‌ش واته‌ به‌ ئاسانى خۆى ده‌دزێته‌وه‌ له‌ سیسته‌مى رادار. 

یه‌كێك له‌ گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ئاڕاسته‌كردن و كۆنتڕۆڵكردنیه‌تى له‌ رێگه‌ى مانگى ده‌ستكرده‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ى سیسته‌مى (GPS) ه‌وه‌ كار ده‌كات، هه‌روه‌ك سیسته‌مێكى تایبه‌ت له‌ خۆ ده‌گرێت كه‌ به‌ حساباتى بیركارى ورد كار ده‌كات، وا ده‌كات مووشه‌كەکە‌ له‌ ئاسماندا یارى بكات و خۆى بپارێزێت له‌ شاخى به‌رز و هه‌ر به‌رزكه‌ره‌وه‌یه‌كى دیكه‌. 

مووشه‌كه‌كه‌ له‌ خاڵى هه‌ڵدانیه‌وه‌ تا پێكانى ئامانجه‌كه‌ى به‌ سێ قۆناغ ده‌ڕوات، قۆناغى هه‌ڵدان، كه‌ له‌ رێگه‌ى مانگى ده‌ستكرده‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێت، قۆناغى رۆیشتن به‌ره‌و ئامانج 
له‌م قۆناغه‌دا له‌ رێگه‌ى سیسته‌مێكى تایبه‌ت كه‌ له‌ناو مووشه‌كه‌كه‌دایه‌ كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت، قۆناغى سێیه‌میش نزیك بوونه‌وه‌یه‌ له‌ ئامانجه‌كه‌، له‌م قۆناغه‌شدا له‌ رێگه‌ى مانگى ده‌ستكرده‌وه‌ به‌ سه‌رنجێكى ورده‌وه‌ ئامانجه‌كه‌ ده‌پێكێت، ته‌نانه‌ن ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌ جوڵاو بێت.  

تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى مووشه‌كه‌كه‌ ته‌نها له‌م ئاسته‌دا ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌توانێت به‌ ده‌ورى ئامانجه‌كه‌یدا بسوڕێته‌وه‌و وێنه‌ى تۆمار بكات و ره‌وانه‌ى بنكه‌ى كۆنتڕۆڵكردنى بكات، پێش ئه‌وه‌ى به‌ ته‌واوى ئامانجه‌كه‌ تێك و پێك بدات.

زۆرینه‌ى ئه‌و پێشكه‌وتننانه‌ى له‌ مووشه‌كى كروزدا كراون، له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكادا ئه‌نجامدراون، بۆیه‌ش جۆرێكى ده‌گمه‌نى كروزیان به‌رهه‌مهێناوه‌، جۆرێكى پێشكه‌وتووى له‌ كاتى جه‌نگى كه‌نداودا تاقیكرده‌وه‌، دواى تێكشكاندنى سه‌دام له‌ كوه‌یت هاوكارى ئه‌مریكاى كرد له‌ شه‌ڕى ئه‌فغانستان له‌ ساڵى 2001، هه‌روه‌ها هاوكارى ئه‌مریكاى كردووه‌ به‌ پێكانى هه‌موو ئامانجه‌كانى له‌ عێراق له‌ ساڵى 2003. تۆما هۆك شانازى سوپاى ئه‌مریكایه،‌ له‌ جۆرى مووشه‌كه‌كانى كروز. 

به‌م دواییانه‌ روسیا ئاهه‌نگى گێڕا به‌ راگه‌یاندنى دروستكردنى جۆرێكى دیكه‌ له‌ كروز. گوتى كه‌ ئه‌وان جۆرێكى كروزیان دروستكردووه‌ كه‌ هاوشێوه‌ى نییه‌ له‌ جیهاندا، مووشه‌كە‌كه‌ ناوى"ئۆنێكس"ه‌و له‌ خێزانى كروزه‌، ئه‌م مووشه‌كه‌ خێراتره‌ له‌ ده‌نگ، له‌ چوارچێوه‌ى ركابه‌رى نێوان ئه‌مریكا و روسیا، مۆسكا ئه‌م چه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌.

زۆر وڵاتى دیكه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر هێڵ بۆ دروستكردنى ئه‌م مووشه‌كه‌، دیارترینیان چینه‌، كه‌ په‌ره‌ به‌ مووشه‌كى دوور مه‌وداى كروز ده‌دات، به‌م دواییانه‌ش توركیا رایگه‌یاند، جۆرێكى كروزیان به‌رهه‌مهێناوه‌، ئێرانیش بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ جۆرێكى كروزیان هه‌یه‌ كه‌ 1500 كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت، هەروه‌ها ئیسرائیل و ژماره‌یه‌ك وڵاتى دیكه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، وه‌ك میسر و سعودیه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان جۆرێك له‌ كروزیان هه‌یه‌.

ته‌نانه‌ت حوسیه‌كانیش ده‌ڵێن ئه‌م مووشه‌كه‌یان پێگه‌یشتووه‌ به‌ڵام له‌و جۆره‌ى كه‌ ئێران به‌رهه‌مى هێناوه‌ و له‌ واقیعدا چالاك نییه و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى كروز له‌خۆ ناگرێت، سعودیه‌ ده‌توانێت به‌ ئاسانى بیانخاته‌ خواره‌وه‌‌، هه‌روه‌ك ورد نییه‌ له‌ پێكانى ئامانجه‌كه‌شى.

كروز بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵى 1944 به‌كارهێندرا كاتێك شه‌ڕى دووه‌مى جیهانى كۆتایى ده‌هات، ئه‌ڵمانیاى نازییه‌كان سه‌ره‌تا كروزى به‌كارهێنا، له‌نده‌نى پایته‌ختى به‌ریتانیاى به‌ ئامانج گرت، به‌ ده‌ستهێنانى كروز له‌و كاته‌دا خه‌ونى به‌ریتانیا بوو. كات یارمه‌تى ئه‌ڵمانیاى نه‌دا بۆ لێدان له‌ هه‌موو ئامانجه‌كانى به‌ كروز. 

ئه‌مریكا به‌ هێواشى ده‌ستى به‌ هه‌نگاوه‌كانى كرد و به‌ره‌و رووى كروز رۆشت، كروز و بالیستیش به‌ میراتى سه‌رده‌مى هیتله‌ر داده‌نرێن، كه‌ دواتر دابه‌شكران له‌نێوان یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا، هه‌ردوولا ركابه‌رییان كرد له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان به‌ چه‌كه‌كانى ئه‌ڵمانیاى نازى و داهێنان له‌و چه‌كانه‌دا. دیارترین ئه‌و چه‌كانه‌ ئه‌ستێره‌ى شه‌سته‌كان بوو كه‌ تانكى جۆرى ئێم 60ى ئه‌مریكى لێ به‌رهه‌م هێندرا.