ڕاپۆرتی جیهانی

02:36 - 24/11/2020

ده‌وڵه‌تێكى مافیا له‌نێو هه‌ناوى روسیادا‌

پەیسەر

له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌تدا درووستبوون، به‌ تێپه‌ڕینى ساڵه‌كان گه‌وره‌بوون، ئه‌و گروپه‌ مافیاییه‌ى به‌ شه‌ریعه‌تى پاره‌ جوڵه‌ ده‌كه‌ن، له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین گروپى مافیایى جیهانن، بازرگانى ده‌كه‌ن به‌چه‌ك، مادده‌ى هۆشبه‌ر و مرۆڤ، له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهان هه‌ژموونى خۆیان هه‌یه‌. 

ئه‌نجومه‌نێك گروپى مافیایى "برایانى خۆر" هه‌ڵده‌سوڕێنێت و سه‌رپه‌رشتى ملیاران دۆلارى داهاتى ساڵانه‌ى گرووپه‌كه‌ ده‌كات.

مافیاكانى برایانى خۆر
كۆمه‌ڵه‌ى مافیایى روسى 

كۆمه‌ڵه‌یه‌كى په‌ڕگیرن و له‌ یه‌ك ئه‌نجوومه‌ندا كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كانیان و دابه‌شكردنى ئه‌ركه‌كانیان. مێژووى گه‌شه‌كردنى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى 20 كاتێك یه‌كێتى سۆڤیه‌ت له‌ناو كێشه‌ و ناكۆكى قوڵدابوو. به‌پێى چه‌ند راپۆرتێك گرووپه‌كه‌ 300 هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌بووه‌ كه‌ به‌ گروپى"مافیاى سوور"ناویان ده‌ركردبوو.

له‌سه‌ره‌تادا گرووپه‌كه‌ كاریان سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌ بوو. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى ستالین به‌ ته‌ختى ده‌سه‌ڵات ئاستێكى دانا بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى گروپه‌ مافیاكان و رووبه‌ڕوویان بووه‌وه‌، گروپه‌ مافیاییه‌كان كه‌وتنه‌ نێو كێشه‌ى زۆره‌وه‌. ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بوو تا سه‌ركرده‌ سۆڤیه‌تییه‌كه‌ مرد. 

مافیاكان له‌ دواى ستالینه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى خێرا گه‌شه‌یان كرد، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌مى شه‌ڕى ساردى روسیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له‌ماوه‌ى حوكمى بریجینیف-دا به‌رده‌وام له‌ گه‌وره‌بووندابوون، له ‌ماوه‌ى حوكمى گۆرباچۆف-دا هه‌ژموونیان زۆر زیاتر بوو له‌ دوایین رۆژه‌كانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت، گروپه‌ مافییه‌كه‌ چه‌ندین زاناى برده‌ نێو ریزه‌كانى خۆیه‌وه‌، زاناكان بوون به‌ ده‌یان مافیاى په‌ڕگیر چه‌ندین ئه‌فسه‌رى هه‌واڵگریش كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كرد.

 له‌نێو ئه‌و زانایانه‌دا پسپۆرى سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌، زاناى ئه‌تۆمى و كیمیایى تێدا بوو. ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئه‌ندامى حزبى شیوعیش چوونه‌ نێو ئه‌م گروپه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ هێزێكى زۆریان به‌م گرووپه‌ مافیاییه‌ به‌خشى و په‌لیان كێشا بۆ هه‌موو سوچێكى جیهان. له‌گه‌ڵ رووخانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت ئه‌م گروپه‌ مافیاییه‌ بۆ چه‌ند وڵاتێك كۆچیان كرد له‌وانه‌ ئیسرائیل و ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ى به‌كارهێنانى به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته‌وه‌ كه‌ كه‌سانى پسپۆریان هه‌بوو بۆ دروستكردنى.

به‌م كۆچكردنه‌،‌ وایان لێهات كه‌ ببنه‌ گروپێكى مافیایى جیهانى و له‌نێوان كیشوه‌ره‌كاندا بازاڕى ره‌شى خۆیان گه‌رم بكه‌ن، پێشتر کارى سه‌ره‌كییان شۆردنه‌وه‌ى پاره‌، بازرگانى به‌ مرۆڤ و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوو. پێش چه‌ند ساڵێك بوون به‌ 10 گروپى جیاوازه‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌وى دیكه‌، به‌ڵام هه‌موو كۆمه‌ڵه‌یه‌ك‌ له‌ ئه‌نجومه‌نێكدا كۆبوونه‌ته‌وه‌و پابه‌ندن بۆ فه‌رمانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كه‌ له‌ 12 كه‌س پێكدێت ناوه‌كه‌شیان گۆڕى بۆ"برایانى خۆر".

كاره‌كانى ئه‌م گروپانه‌ ئێستا زۆر خێراو فراوان بووه‌، له‌ فڕاندن و كوشتن و بازرگانى بازاڕى ره‌ش و دزى ئه‌لیكترۆنیى. به‌م دواییان له‌ بازرگانى سێكسدا كاریان زۆر بووه‌، داهاته‌كانیان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو زیادیكردووه‌، سه‌رچاوه‌ى گه‌وره‌ى داهاتیان له‌ ئیسرائیل و به‌ریتانیایه‌. مانگانه‌ نزیك له‌ ملیارێك دۆلار داهاتیان هه‌یه‌.

هه‌موو پاره‌كان لاى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ ته‌نها جارێك كۆده‌بێته‌وه‌، هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش له‌ وڵاتێكى جیاواز ده‌كات، راپۆرته‌كانى روسیا ده‌ڵێن، ئه‌و داهاته‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ستى ده‌كه‌وێت زۆرینه‌ى له‌ بازرگانى مادده‌ى هۆشبه‌ره‌ له‌ روسیا، به‌ تایبه‌ت مادده‌ى هێرۆیین، زۆرترین خواستى له‌سه‌ره‌ له‌ روسیا له‌نێو مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانى دیكه.

به‌پێى چه‌ند راپۆرتێكى دیكه‌، گروپه‌كان خاوه‌ندارێتى چه‌ندین كارگه‌ ده‌كه‌ن له‌ ئه‌فغانستان بۆ به‌رهه‌مهێنانى هێرۆیین و مادده‌كانى دیكه‌ و ده‌یهێننه‌ ناو زه‌وى روسیا، داهات و هێزى ئه‌م گروپه‌ ساڵ دواى ساڵ زیاد ده‌كات، به‌ جۆرێك وه‌ك ده‌وڵه‌تێكیان لێهاتووه‌ له‌نێو ده‌وڵه‌ت، دووه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین گروپى مافیایى جیهانن له‌ دواى گروپى یاكۆزا.