ڕاپۆرتی جیهانی

01:07 - 17/11/2020

تایمز: پێش لە تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتی ترامپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان دەدات‌

پەیسەر

پرسی مانەوەو نەمانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان بۆ هەر سەرۆكێكی ئەو وڵاتە جێگەی مشتومڕەو بڕیارێكی چارەنووس سازە، هەر سەرۆكێك بە ترسەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكات، ترامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 2016 دا ڕایگەیاند ڕۆڵەكانی وڵاتەكەی لەسەر ئەو شەڕانە بەكوشت نادات كە كۆتاییان نایەت و پەیمانی بە كەس و كارەكانیان دا كە بە زووترین كات بیانگێڕێتەوە، بەڵام وادەی سەرۆكایەتیەكەی بەرەو كۆتایی دەڕوات و هێشتا ئەو پەیمانەی نەبردووەتە سەر، پرسیار ئەوەیە: ئایا لە كۆتا هەفتەكانی سەرۆكایەتیدا ئەو بڕیارە دەخاتە بواری جێەبجێكردنەوە؟ ئاخۆ پنتاگۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی ئەمەریكا ئەو بڕیارە پەسەند دەكەن؟

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوەو باس لەوە دەكات كە ئەگەری ئەوەهەیە ترامپ پێش لەوەی وادەی سەرۆكایەتیەكەی كۆتایی بێت، كە دەكەوێتە رۆژی 20/1/2021 بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان دەربكات، لەبەر ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیدا پەیمانی بە هاوڵاتیانی ئەمەریكی دابوو كە نەوەكانیان بۆبگەڕینێتەوە بۆنێو وڵات و چیتر نەبێتە پاسەوانی ئەو شەڕامەی كە كۆتاییان نایەت، وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە هەندێك بڕیاری پنتاگۆن هەمواردەكاتەوەوپێدەچێت یەكێك لەو بڕیارانە پەیوەندی بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكابێت لە عێراق و ئەفغانستان.
كریستۆڤەر میلەر، كە كارپێسپێردراوی وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمەریكا بووەو پێشتریش ئەفسەری پلە باڵا بووە لە 2001 دا كاتێك هێرش كراوەتە سەر تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەكردووە بەلای ئەوەوە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕیزبەندی كارە گرنگەكاندایە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە : بەرپرسانی پێشووی پنتاگۆن نیگەرانی خۆیان نەشاردووەتەوە لەوەی كە میلەر لەسەر ئەوەی پێداگریی كردووە لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان لە كارەكەی دوور خراوەتەوە، مارك ئیسبەر كە پێشتر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بوو، ڕایگەیاندبوو: كشانەوەی پەلەپڕوزە و بێ بەرنامە بۆچونێكی زۆر خراپە، هەروەها تایمز لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكیەوە بڵاویكردووەتەوە: ترامپ مارك ئسبیری ڕاسپاردووە كە سوورە لەسەر كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق و ئەفغانستان بەرلەوادەی تەواوبوونی سەرۆكایەتییەكەی لە 20/1/2021 ، بەڵام تا ئێستا پنتاگۆن ڕەزامەندی لەسەر ئەو پلانە دەرنەبڕیوە. هەروەها تامیز نوسیویەتی دوای دوو رۆژ لە هەلبژاردنەكانی ئەمەریكا ترامپ كریستۆڤەر میلەری بەڕیوەبەری ناوەندی نیشتیمانی لەناوبردنی تیرۆری داناوە بە بریكاری وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی.
وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاندووەكە زیاتر لە هەشت هەزار سەربازی ئەمەریكی لە ئەفغانستان بوونە هەیە، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان باس لەوەش دەكەن نزیكەی  11 هەزار سەربازی  لەو وڵاتەدا بوونیان هەیە.
گەرچی ئەمەریكا لەگەڵ تاڵیبان گەشتوونەتە ڕیككەوتنی سەرەتایی و لە قەتەر نوێنەرانی ئەو بزووتنەوەیان لە نزیكەوە بینیوە و كار ئاسانیشیان بۆ كردوون تا لە گەڵ حكومەتی ئەفغانستان بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی، بەڵام تا ئێستا كاری توندوتیژیی و تەقینەوەو هیرشكردنە سەر دامەزراوەكانی وڵات و هیزەكانی ئەمەریكاش بوونی هەیە، ماوەیەكی زۆریشە قسە لەسەر ئەوە هەیە كە هێزەكانیان بگەڕیننەوە وڵاتی خۆیان بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جیبەجێكردنەوە.
هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراقیش زیاترە لە پێنج هەزار سەربازو دوای سەردانی ئەم دواییەی مستەفا كازمی بۆ واشنتۆن و ڕێكەوتن لەسەر ئەوەی لە ماوەی 3 ساڵدا سەرجەم هێزەكانیان لە عێراق بكشێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەكی زۆریان پاشكەكشەیان كرد، هەرچەندە شارەزایانی سەربازیی باس لەوە دەكەن بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا و ڕووكردنە خۆرئاوای عێراق و ناوچەی سەربازیی –عین الاسد- ژمارەی ڕاستەقینەی هێزەكانی ئەمەریكا ڕاستەقینە نییە.
سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوای كوشتنی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری دەركردنی هەموو هێزە بیانیەكانی لە عێراق دەركردووە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەكەی تایمز، پێش لە كۆتایی هاتنی وادەی سەرۆكایەتی ترامپ پێدەچێت بڕیاری كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان دەربكات، بەوەش ئەگەر سەركەوتوو بوو كۆتا كاری خۆری دەكات و ئەگەر سەركەوتووش نەبوو كێشەیەك بۆ جۆبایدن بەجێدەهێڵێت. ئەڵبەتە ئەوەش لە كاتێكدایە ئەگەر وەزارەتی بەرگری و دامەزراوە بڕیاربەدەستەكانی دیكەی ئەمەریكا پشتگیریی ئەو كشانەوەیە پەسەند بكەن. ئەوە لە كاتێكدا بۆچوونی كۆمارییەكان بۆچونیان جیاوازترە.

میتچ ماکۆنێڵ، سەرکردەی زۆرینەی کۆمارییەکان لە گوتارێکیدا لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاند، لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، خراپتر دەبێت لە بڕیارەکەی باراک ئۆباما بە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق.


ئاماژەی بەوەشدا، رووسیا و تیرۆرستان دڵخۆش دەبن، بۆ ئەوەی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا شوێنی خۆیان لەو ناوچانە بکەنەوە.


سەرکردەی زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات، گوتی: "رۆڵی ئەمەریکا سنووردارە، بەڵام رۆڵێکی گرنگ لە بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی لە دژی تیرۆرستان دەکات. تیرۆرستان دەیانەوێت و حەز دەکەن، بەهێزترین هێزی جیهان تۆپەکانی هەڵبگرێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵەوە. هەر بۆیە ساڵی رابردوو 70 ئەندامی ئەنجومەنی سینات دەنگیان بە دەستکاریکردنی یاسایەک دا، دواتر دانیان بە پێشکەوتنە ئەمنییەکان لە سووریا و ئەفغانستان دانا. ئەو کاتە باسم لە مەترسییەکان کرد و هۆشداریم لە کشانەوەی هێزەکاندا، چونکە بۆشاییەک دروست دەبێت. ئەو کاتە ئێران، رووسیا و تیرۆرستان دڵخۆش دەبن، بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لەو ناوچانە بکەنەوە".


گوتیشی: "کشانەوەی خێرای هێزەکان لە ئەفغانستان تەنیا هاوپەیمانەکانمان نیگەران ناکات، بەڵکو ئەوانەی دەیانەوێت زیانمان پێبگەینن دڵخۆش دەکات. لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانمان خراپتر دەبێت، لە بڕیارەکەی باراک ئۆباما بە کشاندنەوەی هێزەکانمان لە عێراق، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی تیرۆری جیهانی".


ئەمە دوای ئەوەدێت ئاژانسی ھەواڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، سوپای ئەمەریكا چاوه‌ڕێی فەرمانی ترەمپ دەكات، بۆ كشانەوەی ھێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان.