ڕاپۆرتی جیهانی

02:45 - 12/11/2020

ئیلیۆت ئەبرامز : سەرۆك هەركێ بێت بۆچونمان بەرامبەر ئێران ناگۆڕێت‌

پەیسەر

ماوەیەكە ئاڕاستەی كاركردنی ئابووری و سیاسی عێراق لە ئێرانەوە بەرەو عەرەبستانی سعودیەیە، بەتایبەتی لە دوای سەرۆكایەتی مستەفا كازمیەوە ، كازمی بەرلەوەی سەردانی ئەمەریكاش بكات چووە تاران، بەڵام دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریكا هێشتا نەچووەتە عەرەبستانی سعودییە، گەرچی بە تەلەفۆنی ئاڵوگۆری بیروڕاكانی خۆیان كردووە، بە پێی هەنگاوە كردەییەكانبێت و نزیكبوونەوەی زیاتری ئەمەریكا و ئیسرائیل لە كەنداوی عەرەبی، ئەوا شانسی ئێران لە ناوچەكەدا ڕووی لە خراپییە، ئەوەی كە ئێرانیەكان پشتیان پێی بەستووە كەوتنی ترەمپ و سەركەوتنی بایدنە بۆسەرۆكایەتی ئەمەریكا، بەڵام نوێنەری ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران لە سەردانێكیدا بۆ عەرەبستانی سعودییە ئەو هیوایەی ڕەتكردووەتەوەو دەڵێت: هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت، سیاسەتی ئەمەریكا لەبەرامبەر ئێراند یەك شتە، ئیتر بایدن سەرۆك بێت یان ترەمپ...

لەئێستا بەدواوە ئەگەربڕایاری یەكلاكەرەوە بۆ جۆبایدن دەربچێت وەك46هەمین سەرۆكایەتی ئەمەریكا، دەكرێت ئەم قۆناغە بە ڕاگوزەر دابنرێت كە بە پێی دەستووری ئەمەریكی لە 19/1 ی ساڵی داهاتوو سەرۆكی پێشوو دەست لە كارەكانی هەڵدەگرێت و لە رۆژی 20 كانوونی دووەم دەست بەكار دەبێت. نوێنەری ئێستای ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران لە واشنتۆن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاو هەنگاوو پلانە سیاسیەكانی بە گۆڕینی سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە ناگۆڕێت و لە هەمان كاتیشدا دژایەتی و نەیارییەكانیشی ناگۆڕێت.


رۆژنامەی -شرق الاوسط- باسی لەوەكردووە كە ئیلیۆت ئەبرامز كە نوێنەری ئەمەریكایە بۆكاروباری ئێران لە واشنتۆن دوای ئەوەی گەشتێكی كرد بە نێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە عەرەبستانی سعودیەش چاوی بە بەرپرسانی دۆستی ئەمەریكا ونەیاری سەرسەختی ئیران كەوت. وەكمیدیاكان باسیانكرد باسیان لە پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوانی هەردوو وڵات كردووە بۆ ئەوەی ئاسایشی گشتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو رۆژنامەیە لە دانیشتنەكەی نێوان ئیلیۆت و ئەمیری عەرەبستانی سعودیە خالد بن سەلمان باس لە ڕۆڵ و هەژموونی ئێران كراوە لە ناوچەكەدا، هەروەها پێداچوونەوەیەكیان بەو كارانەدا كردووە كە ئێران چۆن دەستی وەرداوەتە كاروباری ولاتانی ناوچەكە.

نوێنەرەكەی ئەمەریكا باس لەوە دەكات كە لەدوای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو 2021 ەوە سەرۆكی ئەمەریكا –بایدن بێت یان ترەمپ- سیاسەتی ئەمەریكا لەبەرامبەر ئێراندا گۆڕانی بەسەردا نایەت و حیزبی فەرمانڕەوا دیموكراتەكان بن یان كۆماریی هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت.

ئیلیۆت گوتوویەتی لە گفتوگۆكەی لەگەل خالد بن سەلمان دا بەشێك لە گفتوگۆكانیان تەرخان كردووە بۆ باسی عێراق و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و عەرەبستانی سعودییە بۆ ئەمەریكیەكان گرنگە، بۆ ئەوەی دەستوەردانی ئێران كەمبكرێتەوە لەبەر ئەوەی هەژموونی ئێران لە عێراقدا مەترسیدارە.

هەروەها باسی لەوەشكردووە كە پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودییە و ئەمەریكا لە مێژینەیە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا باشتر بووە ئەوەش بۆلەیەك تێگەشتنی سەركردەكانی هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات زۆرینەی لایەنەكان دەگرێتەوە، لە ڕووی دبلۆماسەت و سەربازییەوە هەردوولا پێویستی زۆریان بەیەكتریی هەیە، لەبەر ئەوەی مەترسیی هاوبەشیان هەیە، ئەویش بوونی چالاكیەكانی ئەم دواییانەی ئێرانە لە ناوچەكەدا، چالاكیەكانی ئێران جگە لە میلشیاكانی عێراق، لە لوبنان هاوكاریی حزبوڵاو لە و فەلەستینیش هاوكاریی حەماس دەكات و لەیەمەنیش پشتیوانی حوسیەكان دەكات، هەردوو وڵاتیش كۆكن لەسەر ئەوەی كە جموجوڵەكانی ئێران لەناوچەكەدا مەترسیدارەو پێكەوە بەرەو ڕوویان دەبنەوەو ئامانجیشیان ئارامی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

نوینەرەكەی ئەمەریكا باسی لەوەش كردووە كە ئەوان زانیاری یەكلاكەرەوەیان لە بەردەستدایە كە حوسیەكانی یەمەن چەكی ئێرنییان بەدەستەوەیە. بۆئەو مەبەستە باسیان لە ڕێڕەوی گواستنەوەی ئەو چەكانەیان كرد بۆ یەمەن و جەخیتان لەسەر ئەوە كردەوە كە سەڵتەنەتی عومان یەكێكە لەو ڕێگایانەی كە چەكە ئێرانیەكانی پێدا دەگاتە دەستی حوسیەكان و باسیشیان لەوەش كردووە كە تا ئێستا نەیانتوانیوە چارەسەری تەواوەتی ئەو كێشەیەیان بۆ نەكراوە.

لەبارەی درێژكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران لە بارەی كرین و فرۆشی چەكی ئێران ئەبرامز ئاماژەی داوە بەنامەیەكی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو كە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكانیان كردووە، لەو روانگەیەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سزای بواری چەك و تەقەمەنی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، جەختیشی كردووەتەوە كە ئەو سزایە زۆرچالاكەو ئامانجەكانی بە باشی پێكاوە، بەو پێیەی دەیان هەزار بانك و كۆمپانیا كار بۆ ئەوە دەكەن پابەند بن بەو سزایانەوە.

نوێنەرەكەی ئەمەریكا باس لەوە دەكات ئامانجی سزاكانی ئەمەریكا دژایەتی خەڵك و گەلی ئێران نیە، بەڵكو بۆئەوەیە كە ئێران ڕەفتارو كردارەكانی ڕیك بكاتەوەو گۆڕانكاریی بەسەر خۆیدا بهێنێت، جەختیشی كردووەتەوە كە فشار خستنە سەر ئێران بۆ ئەوەیە كە ڕەفتاری ئێران بگۆڕین، ئەگەر ئەوەشی نەكرد، ئەوا ئارامی ناوخۆیی تێكدەچێت، بەو پێیەی كە سزاكانی سەر ئێران پەیوەندی ڕاستەخۆیان هەیە بە چەكی ئەتۆمی و مافەكانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە كە سیاسەتی دوژمنكارانەی تاران لەبەرامبەر وڵاتانی دراوسێدا بووەتە كێشەیەكی گەورە، هەروەها باسی لە گرنگی هاوكارییەكانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو كردووەو لە پەیوەندیی و نزیكبوونەوەی ئیسرائیل لە ئیمارات و بەحرەین و سوداندا، بۆیە ئەو ڕێكخراوە لە ئێستادا بووەتە ئامانجی ئێرانیەكان و هێرشی دەكەنە سەر، هەروەها باسی لەوەش كردووە هەرچەندە ئەو ڕێكخراوە كاری لەو جۆرانە ئەنجام بدات مەترسیەكانی ئێران بۆ سەریی ڕووی لە زیادبوون دەكات.

لەبارەی ئەو قسانەشەوە كە بەرپرسانی ئێرانی باسی دەكەن ڤایە ئامادەییان هەیە بۆگفتوگۆ، یەبرامز گوتوویەتی: ئێمە باوەڕمان بەو قسانە نیە، ئێمە سەیری رەفتارەكانیان دەكەین نەك قسەكانیان، قسەكانیان لەگەڵ كارە دوژمنكارەكانیان نایەنەوە كە لە ناوچەكەدا ئەنجامی دەدەن، هەروەها گوتوویەتی ئەو قسانە بۆ ئەو كەسانە باشە كە ئاگایان لە دۆخی ئێران نییەو بۆ سەر لێتێكدانی ئەوانەیە.

لەبارەی كارە ئەتۆمیەكانی ئێرانیشەوە  نوێنەرەكەی ئەمەریكا باسی لەوەكردووە كە ئاژانسی وەزەی ئەتۆم لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا داوای لە ئێرانیەكان كردووە كە ڕێگەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی سەردانی وێستگەیەك بكەن، بەڵام ئەوە نزیكەی نۆ مانگ تێدەپەڕیت و هێشتا ڕەزامەندییان نەنواندووە. ئەو بەرپرسە ئەمەریكیە باس لەوە دەكات ئێرانیەكان خەریكی گواستنەوەو خاوێن كردنەوەی شوێنەكەن، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێران چی دەشارێتەوە؟...