12:29 - 06/11/2020
مێژووی سەربڕینی ئەفریقییەکان لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە
١٦ی تشرینی یەکەم رۆژێکی سەخت و تاریکە بۆ فەڕەنسییەکان، کە تێیدا گەنجێکی چیچانی تەمەن ١٨ ساڵ مامۆستایەکی فەڕەنسی سەربڕی، ئەوەش دوای ئەوەی وێنەی کاریکارتێری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ی پیشانی خوێندکارەکانی دابوو، فەڕەنسییەکان ئەم سەربڕینەیان شەرمەزار کرد، ئایا فەڕەنسییەکان لە مێژوودا کەسیان سەرنەبڕیوە؟ لەم راپۆرتەدا دەچینە ناو مێژووە و وەڵامەکەی وەردەگرینەوە.
هێرشکردنە سەر ئیسلام و مسوڵمانان
دوای ئەوەی گەنجە چیچانییەکە ساموێل باتی سەربڕی، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "توندڕەوەیی ئیسلامیی" ناوی برد، بەشێکی گەورەی فەڕەنسییەکانیش کارەکەیان شەرمەزار کرد.
ئەوانەی رەخنەی ئیسلام دەکەن، کارەکەیان بە مێژووی ئیسلام و مسوڵمانانەوە بەستەوە، پێیان وابوو ئەمە بەشێکە لە رابردووی مسوڵمانان و هەڕەشە لە ئەورووپا دەکات، فەڕەنساشیان وەک ناوەندی دیموکراسیی جیهان پیشاندا، بەڵام مێژووی فەڕەنسییەکان شتێکی دیکە دەڵێت.
مێژوویەکی خوێناویی
فەڕەنسییەکان مێژوویەکی دورودرێژییان هەیە لە ئازاردان و ستەمکردن لە ئەفریقییەکان، بەشێکی ئەم مێژووەوەش لێوانلێوە لە خوێنی ئەو ئەفریقییانەی بەدەستی داگیرکارە فەڕەنسییەکان سەربڕدران، بەتایبەت لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠دا.
فەڕەنسییەکان سەرەڕای داگیرکردنی بەشێکی گەورەی ئەفریقا، ستەمێکی گەورەشیان لە ئەفریقییەکان کرد، کردیانن بە چاولەدەستی خۆیان. ئەوانەی ناڕەزایەتییان پیشاندا کوژران و سەربڕدران، دوای داگیرکاریش ئەفریقییەکان ناچار کران باج بە پاریس بدەن.
سولەیمان حەلەبی
لە ناوەڕاستی ساڵی ١٨٠٠، رووداوێکی گرنگ و گەورە روویدا، ئەوەش تیرۆرکردنی جان بابتیست کلیبەر فەرماندەی هەڵمەتی فەڕەنسا بوو دژی میسر لەلایەن بەرگریکاریی سوریی، سولەیمان حەلەبییەوە.
حەلەبی جلوبەرگی خۆی گۆڕیی و بە بیانووی داواکارییەک چووە ناو کۆشکی جەنەراڵە فەڕەنسییەکەوە، هەر کە لێی نزیک بووەوە، بە چەقۆ هێرشی کردە سەری و بە سەختی برینداری کرد، هەر بەهۆی برینەکەوە گیانی لەدەستدا.
حەلەبی دەستگیرکرا، لە ١٥ و ١٦ی حوزەیرانی ١٨٨٠ دادگایەکی سەربازیی لەسەر پێکهێنرا، دادگییکردنی حەلەبی چوار رۆژی خایاند، تۆمەت رووبەڕووی حەلەبی و هاوڕێ ئەزهەرییەکانی کرا، تۆمەتیش ئاڕاستەی مامۆستاکەی کرا کە ناوی مستەفا بوو، دادوەر داوای لە تۆمەتباران کرد کەسێک دیاریبکەن لە دادگادا بەرگرییان لێبکات، بەڵام نەیانتوانی ئەم کارە بکەن، بۆیە داداگا کەسێکی هێنا و وەرگێرانی بۆ دەکردن.
لە ١٧ی حوزەیران دادگا بڕیاریدا دەستی راستی سولەیمان حەلەبی بسوتێنرێت، دواتریش لەسێدارە بدرێت و لەسەر دارێکی تیژ دابنرێت تاکو باڵندە جەستەی دەخوات.
دادگا بڕیاریشیدا بە سەربڕین و سوتاندنی هاوڕێکانی حەلەبی دوای لەسێدارەدانیان، مستەفای مامۆستای حەلەبیش بە بێتاوان دانرا و ئازاد کرا.
خەیرەدین زەرکلی مێژوونووس دەربارەی سزاکە دەنووسێت، لەسێدارەدانەکە لەسەر داری تیژ لە (تل العقارب) جێبەجێکرا، سەری بڕاوی سێ زانای ئەزهەریان لە تەنیشتی جەستەکەی دانا، فەڕەنسییەکان روفاتی حەلەبییان بردەوە بۆ پاریس و لە مۆزەخانەی ئاژەڵ و رووەک دایاننا. چەقۆکەی حەلەبی لە شاری کارکاسون پارێزراوە.
سەبڕین لە کاتی خەودا
لە سییەکانی سەدەی ١٩، داگیرکاریی فەڕەنسا لە ناوچەی مەتیجەی جەزائیر بەردەوامیی هەبوو، فەڕەنسییەکان بە پێویستیان زانی دەست بەسەر خاکی ئەو هۆزانەدا بگیردرێت کە داگیرکەرە فەڕەنسییەکانیان بێزار کردبوو، یەکێک لەو هۆزانەش (العوفية) بوو کە بەشدارییان لە شەڕی (الحراش) کردبوو لە ساڵی ١٨٣١.
لە شەوی حەوتی نیسانی ١٨٣٢، فەرماندەی گشتیی سەر جەزائیر (Anne Jean Marie René Savary) گەمارۆی هۆزی (العوفية)ی دا لە نزیک حەراش، هێزە گەمارۆدەرەکە پێکهاتبوون لە دوو سرییەی ئەسپسوار لە فەیلەقی بیانیی فەڕەنسیی و فەرمانی کرد بە کۆمەڵکوژکردنی هۆزەکە.
بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، ئەندامانی هۆزەکە لە کاتی خەودا سەربڕدراون، ژمارەی ئەوانەی لەم کۆمەڵکوژییەدا سەربڕدران گەیشتە ١٨٠٠ کەس، بەڵام بەشێکی دیکە لە مێژوونووسان پێیان وایە ژمارەی سەربڕدراوەکان ١٢٠٠ کەس بووە.
هۆکاری ئەوەی فەڕەنسییەکان پەنایان بۆ ئەم رێگایە برد ئەوە بوو، پێیان وابوو کۆمەڵکوژیی رێگایەکی باشە بۆ لەدەستدەرهێنانی خاک لە هۆزەکان و داگیرکردنیدا.
کۆمەڵکوژی ئەم هۆزە جەزائیرییە و سەربڕینیان لە کاتی خەودا، بەشێک لە هۆزەکانی دیکەی ترساند و وای لێکردن خۆیان لە دژایەتییکردنی فەڕەنسییەکان بپارێزن.
یەحیاوی مێژوونووس باس لەوە دەکات شێخی هۆزەکە کە رزگاری ببوو، ئەو سەربازە فەڕەنسییانەی ئامادە نەبوون فەرمانی سەربڕینەکە جێبەجێبکەن لە رێگەی دەریاوە بردبوو تاکو هەڵبێن، بەڵام دوای رووداوەکە شێخەکە دەستگیر دەکرێت و سەری دەبڕدرێت، سەری بڕاوی شێخەکە بە دیاری دەنێردرێت بۆ پزیشکێکی فەڕەنسیی تاکو لێکۆڵینەوەی پزیشکیی لەسەر بکات.
سەربڕینی منداڵان
لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩دا، شێخ ئەحمەد بوزیان سەرکردایەتیی راپەڕینێکی نوێی کرد لە دژی داگیرکاریی فەڕەنسا لە ناوچەی (الزعاطشة)ی سەر بە پارێزگای (بسكرة) و شۆڕشەکەش بە ناوی ئەم پارێزگایەوە ناو نرا.
دوای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە پەیوەندییان بە شۆڕشەکەوە کرد، سوپای فەڕەنسا لە ١٧ی تەموزی ١٨٤٩وە ئابڵوقەی خستە سەر ناوچەکە و ئابڵوقەکەش بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو، بەڵام فەڕەنسییەکان لەم ئابڵوقەدانەوە هیچیان بەدەستنەهێنا.
لەم کاتەدا پەتای کۆلێرا بڵاوبووەوە و فەڕەنسییەکانیش لەم پەتایە دەترسان، بۆیە هێزە فەڕەنسییەکان پێنج هەزار سەربازیی دیکەشیان بە سەرکردایەتیی جەنەراڵ ئەمیل هیربیون رەوانەی ناوچەکە کرد، تاکو هێرشی سەربازیی ئەنجام بدرێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا بۆ سەر ناوچە ئابڵوقەدراوەکە نزیکەی ٨٠٠ کەس کوژران، دار و درەختی ناوچەکە بڕدرانەوە و بەروبوومەکانیشیان سوتێنران.
لە راپۆرتێکی مێژوویدا لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ١٨٤٩ باس لەوە کراوە، لەم کۆمەڵکوژییەدا تەنها یەک پیاوی نابینا و چەند ژنێک رزگاریان بوو.
لويس دی بوديكور لە کتێبی (جەنگ و حکومەتی جەزائیر) کە لەساڵی ١٨٥٣دا بڵاویکردووتەوە یەکێک لە رووداوەکانی ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، سەربازێک سنگی ژنێکی بڕی، سەربازێکی دیکە منداڵەکەی لە باوەشی ژنەکە دەرهێنا، بە قاچ رایکێشا و سەری بە زەوییەکەدا کێشا.
دوای ئابڵوقەدانەکە جەنەراڵی هێزە فەڕەنسییەکە فەرمانی کرد شێخ بوزیان لەسێدارەبدرێت و سەری لێبکرێتەوە. لەگەڵ شێخ بوزیاندا کوڕە ١٥ ساڵەکەی و موسا دەرقاوی راوێژکاریشی لەسێدارەدران و سەرەکانیان بە دەروازەی شارەکەدا هەڵواسرا، تاکو ببێت بە وانە بۆ خەباتگێڕەکانی دیکە.
قەمە خوێناوییەکان
لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩دا، خەباتگێڕانی چاد جەنگیان لە دژی داگیرکاریی فەڕەنسیی دەستپێکرد، دواینیان ئەو شەڕە بوو کە تێیدا سەرکردەیەکی فەڕەنسیی کوژرا، لە هەمان شەڕدا دوو سەرکردەی خەباتگێڕەکان کوژران.
کەمال تەیب نووسەری کتێبی (جولات أفريقية) دەڵێت، هێزە فەڕەنسییەکان سەری رابح زوبەیری سەرکردەی خەباتگێڕانیان بڕی و پایتەختی چادیشیان داگیرکرد، بەڵام کوڕەکەی بەردەوام بوو لە شۆڕش دژ بە فەڕەنسییەکان تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٠٩ کوژرا.
لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩١٧، فەرماندەیی داگیرکاریی فەڕەنسیی داوای لە ٤٠٠ ، زانای ئاینیی، سەرۆک هۆز و کەسانی دیاری ناوچەکە کرد کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەرێوەبردنی وڵات لەژێر سایەی حوکمی فەڕەنسادا و چۆنییەتی بەرێوەبردنی کارەکان.
کاتێک هەموان لە شاری (أبشة)ی سەر بە هەرێمی (واداي) کۆبوونەوە، سەربازە فەڕەنسییەکان بە قەمەکانی دەستیانەوە دایان بەسەر ئامادەبواندا و سەریانبڕین، تەرمی سەربڕدراوەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا لە ناوچەی (أم كامل) نیژران.
ئەم رووداوانە بەشێکی کەمن لە مێژووی ستەمکاریی داگیرکاریی فەڕەنسا لە وڵاتانی ئەفریقادا.