ڕاپۆرتی جیهانی

02:12 - 30/10/2020

گه‌شتكردن یا بازاڕكردن كامیان له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا مه‌ترسیدارترن؟‌

پەیسەر


به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ زانكۆی هارڤاردی ئه‌مریكی ئه‌نجامیداوه‌، ئه‌نجامی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌ركه‌وتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسیدارترین رێگای گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر و لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ گرنگی به‌ بواره‌كانی گه‌شتكردن و بازاڕكردن داوه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی بواری گه‌شتیاری فرۆكه‌وانی و دروستكردنی فرۆكه‌وه‌ خه‌رجییه‌كه‌ی دابینكراوه‌، كه‌ناڵی سی ئێن ئێن ئه‌نجامه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و سیستمه‌ هه‌واییه‌ی له‌ناو فڕۆكه‌ هه‌یه‌ به‌رێژه‌ی 99% ئه‌و ڤایرۆسانه‌ له‌ناو ده‌بات كه‌ له‌ناو هه‌وادا هه‌ن.

لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه، هه‌وای ناو فڕۆكه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ و له‌رێگه‌ی ئامێری كوالێتی به‌رزه‌وه‌ هه‌واكه‌ ده‌پاڵێورێت و به‌هۆیه‌وه‌ پێناچێت ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌رنشینێكه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رنشینێكی تر.

مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ له‌ناو فڕۆكه‌ كه‌مه‌

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت، سیستمی هه‌واگۆڕكێ له‌ناو فڕۆكه‌ به‌م رێگه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر مه‌ترسییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆس له‌ سه‌رنشینێكه‌وه‌ بۆ سه‌رنشینێكی تر كه‌مده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له ‌كاتێكدایه‌ گه‌شتیاران ناتوانن له‌كاتی گه‌شتكردندا له‌ دووریی یه‌كتر دابنیشن.

ده‌مامك كاریگه‌ری هه‌یه‌

لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی زانكۆی هارڤار جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ته‌نها سیستمی ئاڵوگۆڕی هه‌وا كاریگه‌ری نیه‌ له‌رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ڵكو به‌ستنی ده‌مامكیش كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ پارێزگاریكردن له‌ ته‌ندروستی گه‌شتیاران، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ده‌رمانی پاككه‌ره‌وه‌ و پشكنینی سه‌رنشینان.

بازار مه‌ترسیدارتره‌

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و رێكاره‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی كه‌ كۆمپانیاكانی بواری فرۆكه‌وانی ده‌یگرنه‌ به‌ر كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ناو فرۆكه،‌ به‌راورد به ‌چه‌ند  كارێكی رۆتینی تری وه‌ك بازاڕكردن، یان خواردنی ده‌ره‌وه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوشێوه‌

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی زانكۆی هارڤار، ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا ئه‌نجامیداوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆس له‌ناو فرۆكه‌ كه‌مه‌ به‌هۆی به‌ستنی ده‌مامك و بوونی سیستمی ئاڵوگۆڕی هه‌وا و پاڵاوتنی.

لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا ئامۆژگاری گه‌شتیاران ده‌كه‌ن كه‌ كه‌مترین ماوه‌ ده‌مامك لابه‌رن، ئه‌ویش له‌كاتی خواردن یان خواردنه‌وه‌، و له‌كاته‌كانی تردا ده‌مامكه‌كانیان لانه‌بن له‌كاتی گه‌شتكردن به‌ فرۆكه‌.

كه‌رتی گه‌شتیاری زیانمه‌ندی گه‌وره‌

به‌پێی راپۆرتی رێكخراوی گه‌شتیاری جیهانی له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵدا كه‌رتی گشتیاری 460 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌، رێكخراوه‌كه‌ پێشبینی كردووه‌ گه‌رانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری بۆ دۆخی پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پێویستی به‌ دوو تا چوار ساڵ هه‌یه‌.