ڕاپۆرتی جیهانی

01:52 - 30/10/2020

ئه‌و بیره‌ ترسناكه‌ى كه‌س ناتوانێت نهێنییه‌كه‌ى ئاشكرا بكات‌‌

پەیسەر

بیرى جنه‌كانه‌ و كردویانه‌ به‌ نیشتمانى خۆیان، شوێنى رۆحه‌ خراپه‌كانە و فڕێده‌درێنه‌ ئه‌و بیره‌، ده‌ستكردى پادشایه‌كى كۆنه‌ كه‌ جن بۆیان دروستكردووه‌، خواره‌وه‌ى بیره‌كه‌ سه‌ر زه‌مینێكى دیكه‌یه‌، رووبارێكى خوڕ له‌ خواره‌وه‌ى بیره‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌ى خۆى بخزێنێته‌ خواره‌وه‌ به‌ ساغى نایه‌ته‌وه‌..ئه‌مانه‌ چه‌ندین ئه‌فسانه ‌و گێڕانه‌وه‌ى جیاوازن سه‌باره‌ت به‌ بیرێكى پڕ نهێنى و سامناك له‌ یه‌مه‌ن، تا ئێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ ناوه‌وه‌ى ئه‌م بیره‌ پڕ نهێنییه‌ ئاشكرا بكات، ته‌نانه‌ت كامێرا پێشكه‌وتووه‌كانیش تێیدا له‌كار ده‌وه‌ستن.

بیرى به‌رهوت، بیرێكى مێژوویى كۆنه‌، ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى شه‌حن له‌ حه‌زره‌مه‌وت له پارێزگاى میهره‌ له‌‌ یه‌مه‌ن، له‌نێو دۆڵى به‌رهوت-دایه‌، هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان كه‌ له‌ناویاندا هه‌ندێكیان حه‌دیسى نه‌به‌وین، ده‌ڵێن، كه‌ ئه‌وه‌ بیره‌ بیرى شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر رووى ‌زەوى.

بیرێكى قوڵ و ترسناكه‌، هه‌ندێك هه‌وڵى تاكه‌كه‌سى هه‌بوون بۆ ئاشكراكردنى نهێنییه‌كانى بیره‌كه‌، به‌ڵام تا ئێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ نهێنى ئه‌م بیره‌ بخاته‌ سه‌ر به‌ڕه‌، قوڵیى بیره‌كه‌ به‌ مه‌زه‌نده‌یى نزیكه‌ى 250 مه‌تره‌، ناو بیره‌كه‌ نابینرێت مه‌گه‌ر له‌رێگه‌ى به‌كارهێنانى تیشكى خۆره‌وه‌ تا مه‌ودایه‌كى كه‌م نه‌بێت، ده‌وترێت له‌ناو بیره‌كه‌دا كۆتری سپى و مارى گه‌وره‌ هه‌یه‌، و ده‌نگى خوڕه‌ى ئاو ده‌بیسترێت.

خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ چیرۆكى سه‌یر له‌باره‌ى بیره‌كه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، ئه‌و چیرۆكانه‌ش به‌ته‌واوى بیره‌كه‌ى كردووه‌ته‌وه‌ بیرێكى تۆقێنه‌ر و پڕنهێنى، به‌پێى گێڕانه‌وه‌یه‌ك كاتێك دانیشتووانى ناوچه‌كه‌ پیاوێكیان به‌ حه‌بل شۆڕ كردۆته‌وه‌ تا ئاو بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، پیاوه‌كه‌‌ هاوارى كردووه‌ كه‌ هه‌ڵبكێشرێته‌ سه‌ره‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها نیوه‌ى لاشه‌ى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، واته‌ ته‌نها نیو ته‌رم هه‌ڵكێشراوه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌وه‌. 

گێڕانه‌وه‌ى زۆر هه‌ن له‌باره‌ى بیره‌كه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ندێك راست و هه‌ندێكیش ئه‌فسانه‌، مێژووى بیره‌كه‌ هێنده‌ كۆنه‌ شاره‌زایان به‌و جۆره‌ وه‌سفى ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ پێش مێژووه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ش هه‌ن، كه‌ له‌ بنه‌وه‌ى بیره‌كه‌ سه‌وزایى چڕوپڕ و رووبارێكى ئاوى خوڕ هه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رزه‌مینێكى دیكه‌ بێت. 

سونه‌تى نه‌به‌وى

حه‌دیسێكى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت، بیرێكى ئاسایى قوڵه‌، رۆحه‌ كافره‌كان و مونافیقه‌كانى تێدایه‌، بیرێكى كۆنى قوڵه‌ له‌ كونێكى تاریكدا. ‏هه‌روه‌ها له‌ عه‌لى كوڕى ئه‌بو تالیبه‌وه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ كه‌ گوتویه‌تى:"رقم له‌ بیرێكه‌ له‌ دۆڵى به‌رهوت له‌ حه‌زره‌مه‌وت، بیرێكه‌ كه‌ رۆحه‌ كافره‌كان داڵده‌ده‌دات". 

ئیبن ئه‌بى حاته‌م له‌ عه‌لى كوڕى ئه‌بی تالیبه‌وه‌ (خوداى لێ رازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ فه‌رموویه‌تى، باشترین دوو دۆڵ له‌ جیهاندا دۆڵى مه‌كه‌ و دۆڵى ئارمه‌ له‌ هیند، خراپترین دوو دۆڵ دۆڵى ئه‌حقاف و دۆڵێكه‌ له‌ حه‌زره‌مه‌وت كه‌ ناسراوه‌ به‌ به‌رهوت كه‌ رۆحه‌ كافره‌كانى تێفڕێده‌درێت، باشترین بیر زه‌مزه‌مه‌ و خراتپرین بیر به‌رهوته‌.

هه‌روه‌ها ئیمامى شافیعى ده‌ڵێت، ئاوى بێزراو هه‌شت جۆره‌، ئاوى به‌رهه‌تاو، ئاوى زۆر گه‌رم، ئاوى زۆر سارد، هه‌موو ئاوه‌كانى ناوچه‌ى سه‌مود جگه‌ له‌ بیرى ناقه‌، ئاوى ناوچه‌ى قه‌ومى لوت، ئاوى زه‌مینى بابل، بیرى به‌رهوت و بیرى زه‌روان. 

ئه‌فسانه‌كانى بیرى به‌رهوت

یه‌كێك له‌ ئه‌فسانه‌كانى بیرى به‌رهوت كه‌ باس ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌م بیره‌ هی پادشاى جنه‌كانه‌و له‌پێناو زیندانیكردنى ئه‌وانه‌یه‌ لێى یاخى ده‌بن، یاخود پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بیر ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ندێك جار له‌ بنه‌وه‌ى بیره‌كه‌وه‌، دووكه‌ڵ و گازى نامۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌. 

ئه‌فسانه‌ى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌وترێت یه‌كێك له‌ پادشاكانى ده‌وڵه‌تى حه‌میرییه‌ى مێژوویى جنۆكه‌ى به‌كارهێناوه‌ بۆ هه‌ڵكه‌ندنى ئه‌م بیره‌، بۆ شاردنه‌وه‌ى كه‌نزه‌كانى، به‌ڵام كاتێك مردووه‌ ئیدى بیره‌كه‌ بووه‌ بیرى جنه‌كان و تێدا نیشته‌جێبوون، بۆیه‌ش ناوى به‌رهوت-ى به‌سه‌ردا بڕاوه‌، ناوى به‌رهوت له‌ زمانى كۆنى حه‌میریدا واته‌ سه‌رزه‌مینى جن یاخود شارى جن.

به‌ڵگه‌و راستییه‌كان 

له‌ واقیعدا چه‌ندین هه‌وڵى تاكه‌كه‌سى و تیمیش هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى نهێنى بیره‌كه‌ ئاشكرا بكرێت، یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌ كۆمپانیاى هێڵى بیایان پێى هه‌ستا، یه‌كێك له‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانى كۆمپانیاكه‌ ئاماده‌كرا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌و قوڵایى بیره‌كه‌ شۆڕبكرێته‌وه‌، كامێرایه‌كى پێشكه‌وتووى له‌گه‌ڵدا شۆڕكرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى دابه‌زینه‌كه‌ وێنه‌ى دیمه‌نه‌كان بگرێت و ناوه‌وه‌ى بیره‌كه‌ تۆمار بكات.

پرۆسه‌ى دابه‌زاندنه‌كه‌ زۆر به‌ رێكخراو و پله‌ به‌پله‌ به‌ڕێوه‌چوو تا دابه‌زینى بۆ نزیكه‌ى ١٠٠ مه‌تر، فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ فه‌رمانیكرد به‌ خێرایى به‌رز بكرێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى هێندرایه‌ سه‌ره‌وه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ى لێكرا كه‌ بۆچى هاواریكرد و داواى به‌رزكردنه‌وه‌ى كرد، گوتی"بازنه‌ى بیره‌كه‌ وا هاته‌ پێش چاوم کە له‌سه‌رم دادەخرێت".

كاتێك سه‌یرى گرته‌ ڤیدۆیییه‌كه‌یان كرده‌وه‌، توشى شۆك بوون کە بینیان ئه‌وه‌ى كه‌ وێنه‌ى گرتووه‌ هه‌مووى تاریكییه‌، ئه‌گه‌رچى رووناكى پێوه‌ په‌یوه‌ست كرابوو.  ئه‌فسانه‌و گێڕانه‌وه‌كان هه‌رچۆن بن، بیره‌كه‌ بیرێكى ترسناك و  پڕ نهێنییه‌و كه‌سیش په‌یى به‌ نهێنییه‌كانى نه‌بردووه‌. 

ڤیدیۆیەکی مەیدانی سەبارەت بە بیرەکە