01:48 - 27/10/2020
بازاڕی ساغكردنەوەی ئۆتۆمبێلە كۆنەكانی وڵاتان
چۆن وڵاتە دەوڵەمەندەكان
ئۆتۆمبێلە كۆنەكانیان بەسەر وڵاتە هەژارەكاندا ساغ دەكەنەوە؟
وڵاتە دەوڵەمەندەكان
ئۆتۆمبێلە كۆنەكانیان بەسەر وڵاتە هەژارەكاندا ساغ دەكەنەوە، بەشێكی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە
مەرجە ژینگەیەكانیان تێدا نیە و دەبنە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا و پیس بوونی ژینگە.
نیوەی ئۆتۆمبێلە
كۆنەكان بۆ ئەفریقیا
نزیكەی چواریەكی
ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەنێردرێن بۆ نیجیریا تەمەنیان زیاترە لە 20 ساڵ، بەپێی راپۆرتێكی
نەتەوەیەكگرتووەكان ملیۆنان ئۆتۆمبێلی بەكارهاتوو كە ژینگە پیس دەكەن لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانەوە
بەسەر وڵاتە هەژارەكاندا ساغ دەكرێنەوە، بەجۆرێك لەنێوان ساڵانی 2015 تا 2018 ئەوروپا
و ژاپۆن و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا 14 ملیۆن ئۆتۆمبێلی كۆنی كوالێتی خراپیان
رەوانەی وڵاتانی دەرەوە كردووە.
لەو بڕەش لە هەر
پێنج ئۆتۆمبێلێك چواریان بە وڵاتە هەژارەكان فرۆشراون و نیوەی زیاتری ئەو ئۆتۆمبێلانەش
رەوانەی ئەفریقیا كراون، شارەزایان دەڵێن نزیكەی 80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە كەمترین مەرجی
تایبەت بە سەلامەتی و ژینگەییان تێدا نیە، بۆیە سەرباری ئەوەی كە ژینگە پیس دەكەن
دەبنە هۆی ڕوودانی كارەسات و ڕووداوی هاتوچۆیان لێدەكەوێتەوە.
بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان
چەند پارچەیەكیان لێدەكرێتەوە
بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانەی
لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانەوە رەوانەی وڵاتە هەژارەكان دەكرێن، پارچە بە بەهاكانیان لێدەكرێتەوە،
بۆیە شارەزایان داوا دەكەن وڵاتە هەناردەكار و هاوردەكارەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانە مەرجی
زیاتر و رێكاری توندتر بۆ بازرگانی پێوەكردنیان دابنێن.
2 ملیار ئۆتۆمبێل لە 2040 دا
بازاری كڕین و
فرۆشتن و مامەڵەكردن بە ئۆتۆمبێل بەیەكێك لە بازارە زیندووەكان دادەنرێت لەجیهاندا،
بەپێی ئامارەكان لەئێستادا 1،4 ملیار ئۆتۆمبێل لەجیهاندا كاردەكەن و پێشبینی دەكرێت
ئەو ژمارەیە بگاتە 2 ملیار ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2040 دا، پێشبینی دەكرێت لە وڵاتانی
ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتینی بازاری مامەڵەی ئۆتۆمبێل گەشەكردن بەخۆیەوە ببینێت.
رێكارەكان
لاوازن
كەناڵی بی بی سی
بەریتانیا لە راپۆرتێكدا دەڵێت ژمارەیەك لێكۆڵەر لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە سێ ساڵی خایاندووە
و 146 وڵاتی گرتۆتەوە گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی كە مەرجەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل
لاوازن یان زۆر لاوازن.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی
تر كە دەستەی پشكنینی هۆڵەندا كە تایبەتە بە سەلامەتی ژینگە و گواستنەوە ئەنجامیداوە،
دەركەوتووە بەشێكی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلە بچوكانەی لە بەندەرەكانی هۆڵنداوە رەوانەی ئەفریقیا
دەكرێن بەشدارن لە خراپكردنی دۆخی كەش و هەوا و ژینگەی ئەو قارەیە.
لای خۆیەوە روب
دی یونگ لە بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە ژینگە كە یەكێكە لەسەرپەرشتیارانەی
راپۆرتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت" دەتوانین بڵێین 80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە كە
ژمارەیان 14 ئۆتۆمبێلە و لە ئەوروپا و ژاپۆن و ئەمریكاوە رەوانەی وڵاتانی تر
كراون، بۆ رۆیشتن گونجاو نین و ئەو تایبەتمەندیانەیان تێدا نیە كە لەلایەن یەكێتی
ئەوروپاوە بۆ ئۆتۆمبێل دیاریكراون، بەواتای ئەوەی غازی پیسی ئەو ئۆتۆمبێلانە زیاترە
لە 90% بەمەش دەبنە مەترسی و هۆكاری پیسبوونی ژینگە"
زۆربوونی ڕوداوەكانی
ئۆتۆمبێل
سەرپەرشتیارانی
لێكۆڵینەوەكە پێیان وایە زۆربوونی ئەو ئۆتۆمبیڵانە بۆتە هۆی زیادبوونی ئاستی ڕووداوەكانی
هاتوچۆ لەسەر شەقامەكان لە ژمارەیەكی زۆری وڵاتی هەژاری ئاسیایی و ئەفریقی.
لای خۆیەوە جین
ئەكومو كە یەكێكە لە بەشداربووانی راپۆرتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت " لەساڵی
2017 تێكرای تەمەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین كاردەكەن و رەوانەی ئۆگەندا كراون
زیاتر بووە لە 20 ساڵ"
ئەكومو دەشڵێت
" هەمان دۆخ لە زیمبابۆی هەیە، لە راستیدا لە 30 وڵاتی ئەفریقی هیچ تەمەنێك دیاری
نەكراوە بۆ سكرابكردنی ئۆتۆمبێل بۆیە رێگە بە هاوردەكردنی هەموو ئۆتۆمبێلێك دەدرێت
بەبێ رەچاوكردنی تەمەنەكەی"
زۆرینەی ئۆتۆمبێلەكان
لە ئەوروپاوە دەهێندرێن
بەپێی راپۆرتەكە
زیاتر لە 54%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ئەوروپاوە دەهێندرێن و زۆرینەیان لەرێگەی هۆڵنداوە
رەوانە دەكرێن، حكومەتی هۆڵندا نیگەرانە لەو جۆرە بازرگانیە، و خواستی ئەوەشی هەیە
لەسەر ئاستی ئەوروپا رێكاری پێویست بگیردرێتە بەر.
ژمارەیەك وڵاتی
ئەفریقی رێكاری نوێیان گرتۆتە بەر
زیادبوونی مەترسی
ئەو ئۆتۆمبێلانە وایكردووە ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەفریقیا رێكری توندتر بگرنە بەر،
بەنمونە مەغریب رێگە بە هاوردەكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نادات كە تەمەنیان لە پێنج ساڵ
زیاترە، و لە كینیا رێگە بەو ئۆتۆمبێلانە نادرێت كە تەمەنیان لە هەشت ساڵ زیاترە، بەڵام
هێشتا ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی تری ئەفریقی هیچ رێكارێكیان نەگرتۆتەبەر بۆ رێگری لەو
مەترسیانە.
كارێكی بێرەوشتانەیە
روب دی یونگ دەڵێت
" پێم وایە كارێكی بێرەوشتانەیە ئۆتۆمبێلی خراپ و نەشیاو كە بەكەڵكی رۆیشتن و
شەقام ناهێن رەوانەی وڵاتانی هەژار بكرێن، بۆچی وڵاتانی هەناردەكار ئەو هەموو ماوەیە
چاوەڕوان دەكەن و سنورێك بۆ ئەو بازرگانیە دانانێن و پێوەر دیاری ناكەن؟ لەراستیدا
من پێم وایە ئەوە بەرپرسیاریەتی هاوبەشی وڵاتی هەناردەكار و هاوردەكارە"