ڕاپۆرتی جیهانی

05:36 - 25/10/2020

ئیسرائیل چۆن فڕۆكه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ى عێراقى فڕاند؟‌

پەیسەر


له‌ ئه‌پرێلى 1965 فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانى ئیسرائیل (عازر وایزمان)، داواى له‌ سه‌رۆكى مۆساد (مائیر عه‌مید) كرد، كه‌ به‌ هه‌ر نرخێك بێت فڕۆكه‌یه‌كى میك 21 به‌ده‌ستبهێنێت‌، لێره‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ میسر، سوریا و عێراق، فڕۆكه‌ى مێك 21 ى سۆڤیه‌تییان به‌ده‌ستهێنا، كه‌ باشترین فڕۆكه‌ى شه‌ڕكه‌رى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو. ئیسرائیل هه‌وڵى زۆرى ده‌دا به‌ده‌ستیبهێنێت بۆ زانینى نهێنییه‌كانى و شێوازى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى بۆیه‌ش پلانى فڕاندنى یه‌كێك له‌و فڕۆكانه‌ى دانا. 

هه‌واڵگرى ئه‌مریكى و مۆساد، به‌ هاوبه‌شى چه‌ندین پلانیان دانا بۆ به‌ده‌ستهێنانى فڕۆكه‌كه‌،  یه‌كه‌م پلان بریتیبوو له‌ ناچاركردنى یه‌كێك له‌و فڕۆكانه‌ تا له‌ ئیسرائیل بنیشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ پێش جێبه‌جێكردنى شكستى هێنا.

پلانى دووه‌م بریتى بوو له‌ چاندنى سیخوڕێكى فڕۆكه‌وان له‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌ ئاسمانییه‌كانى ئه‌و وڵاتانه‌ى فڕۆكه‌كه‌یان هه‌یه‌، ئه‌م پلانه‌ش ره‌تكرایه‌وه‌، به‌ڵام پلانى سێیه‌م به‌و جۆره‌ بوو كه‌ فڕۆكه‌وانێكى عه‌ره‌بى ناچار بكه‌ن فڕۆكه‌كه‌یان بۆ بڕفێنێت، ئه‌مه‌یان روویدا و عێراق بووه‌ ئه‌و وڵاته‌ى پلانه‌كه‌ى تێدا جێبه‌جێكرا.

مۆسادى ئیسرائیلى ورده‌كاریى پلانه‌كه‌ى داڕشت، چوار فڕۆكه‌وانى عێراقى هه‌ڵبژارد تا له‌ كۆتاییدا یه‌كێكیان ئاماده‌ بكات بۆ كاره‌كه‌، له‌ كۆتاییدا فڕۆكه‌وان(منیر روفا) په‌سه‌ندكرا كه‌ پلانه‌كه‌ى پێ جێبه‌جێبكرێت، منیر فڕۆكه‌وانێكى مه‌سیحى عێراقى بوو.

له‌ یه‌كێك له‌ ئاهه‌نگه‌ هونه‌رییه‌كان روفا خانمێكى ئینگلیز ده‌ناسێت كه‌ ژنى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى نه‌وتى عێراقى ده‌بێت، ئه‌م ژنه‌ شاره‌زاى وردى كارى سیخوڕى بوو له‌ عێراق، هاوكات مۆساد زانیارى هه‌بوو له‌سه‌ر منیر كه‌ هه‌وڵى داوه‌ عێراق جێبهێلێت و هه‌ڵبێت. په‌یوه‌ندییه‌كى سۆزدارى به‌هێز له‌نێوان ئه‌م دووانه‌دا دروست بوو. 

منیر لاى ئه‌م ژنه‌ نیازى خۆى بۆ جێهێشتنى عێراق و چوون به‌ره‌و ئه‌مریكا خسته‌ڕوو، ژنه‌كه‌ پلانه‌كه‌ى بۆ داده‌رێژێت سه‌ره‌تاى پلانه‌كه‌ به‌ وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى نه‌خۆشى ده‌ستیپێكرد، وه‌گواستنه‌وه‌ى منیر و خێزانه‌كه‌ى بۆ پارێزگاكانى باكوورى عێراق و دواتر ئێران و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا و ئه‌مریكا، پلانى دووه‌مى بریتبوو له‌وه‌ى مونیر به‌ نهێنى بۆ به‌سره‌ بگوازرێنه‌وه‌ دواتر له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا، مونیر راسته‌وخۆ رازى ده‌بێت. 

دواى به‌ ده‌ستهێنانى مۆڵه‌ت، مونیر به‌ره‌و به‌سره‌ به‌ڕێده‌كه‌وێت، به‌ پاپۆڕێكى ساخته‌وه‌ سوارى كه‌شتییه‌كى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت ده‌بێت، دواى چه‌ند كاتژمێرێك له‌ نوستنى قوڵ، مونیر له‌ ته‌ل ئه‌بیب به‌خه‌به‌ر هات، مۆساد ده‌ستى كرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ منیر، دوو بژارده‌یان خسته‌ به‌رده‌مى، ده‌بێت كاریان له‌گه‌ڵ بكات، یاخود ئابڕووى ده‌به‌ن به‌و وێنه‌و ڤیدۆیانه‌ى له‌سه‌ریان گرتبوو. 

دواى دانوستان رۆفا رێكده‌كه‌وێت كه‌ پرۆسه‌ى 007 جێبه‌جێبكات، دواتر به‌ ئارامى گه‌ڕایه‌وه‌ عێراق، دواى چه‌ند مانگێك خێزانه‌كه‌ى گواسته‌وه‌ بۆ ئێران، له‌وێشه‌وه‌ بۆ له‌نده‌ن، بۆ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى فڕاندنى فڕۆكه‌كه‌ له‌ كاتژمێرى سفردا، كاتژمێر 08:15 خوله‌كى به‌یانى رۆژى 16ى 8ى 1996 له‌ بنكه‌ى ئاسمانى ره‌شید سێ فڕۆكه‌ى مێك 21 به‌ ریز وه‌ستێنرابوون بۆ جێبه‌جێكردنى راهێنانى ئاسایى فڕۆكه‌وانه‌كان، یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كان منیر روفا بوو.

فڕۆكه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ فڕین كرد، فڕۆكه‌كه‌ى منیر تا ده‌هات زیاتر دوور ده‌كه‌وته‌وه‌، دواى چه‌ند خوله‌كێك عێراقییه‌كان هه‌ستیان كرد فڕۆكه‌كه‌ هه‌ڵدێت به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى سنوور به‌رگرى ئاسمانیى عێراق نه‌یتوانى رێگه‌ له‌ منیر بگرێت، فڕۆكه‌كانى ئوردن ویستیان رێگه‌ى لێبگرن، به‌ڵام به‌هۆى خێرایى زۆرى فڕۆكه‌ سۆڤیه‌تییه‌كه‌ شكستیان هێنا له‌ ناچاركردنى به‌ گه‌ڕانه‌وه‌.

له‌ ئاسمانى ده‌ریاى مردووه‌وه‌ سنورى ئیسرائیلى بڕى، راداره‌كانى ئیسرائیل هۆشدارییان پێدا، وه‌ك ئاماده‌كاریى بۆ هێرشى ئاسمانى و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى، هه‌ندێك چاوه‌ڕوانییان كرد چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى بۆ راوكردنى فڕۆكه‌كه‌ هه‌ستان به‌ڵام بینییان منیر سات دواى سات نزم ده‌بێته‌وه‌و ده‌یه‌وێت بنیشێته‌وه‌، دواى ته‌قاندنى گوله‌ به‌سه‌ر فڕۆكه‌كه‌دا فه‌رمان گه‌یشت‌ كه‌ رێگه‌ به‌ نیشتنه‌وه‌ى بدرێت. 

به‌م جۆره‌ ئیسرائیل سه‌ركه‌وتووبوو له‌ فڕاندنى یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌كانى عه‌ره‌ب، له‌ شه‌ڕى ئۆكتۆبه‌ردا توانى زۆرێك له‌م فڕۆكانه‌ بخاته‌ خواره‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى فڕۆكه‌ فڕێندراوه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاند و زۆربه‌ى نهێنییه‌كانیان زانى.

منیر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى له‌ ئیسرائیل ژیان، تا له‌ ساڵى 1998 مرد، ئیسرائیل نازناوى "پاڵه‌وانى ئاسمان"ى پێبه‌خشى، له‌ دادگاكانى عێراق  به‌ نا ئاماده‌یى سزاى له‌سێداره‌دانى به‌ ده‌رچووبه‌ تۆمه‌تى "خیانه‌تى گه‌وره‌"، له‌نێوان نازناوى "خائین" و "پاڵه‌وان"، رۆفا فڕۆكه‌یه‌كى میك 21ى وه‌ك دیارییه‌كى زێڕین پێشكه‌ش به‌ ئیسرائیل كرد.