ڕاپۆرتی جیهانی

02:17 - 24/10/2020

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی‌

پەیسەر

75 ساڵ بەسەر دروستكردنی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا تێدەپەڕێت، بەرپرسێكی باڵای روسیاش دەڵێت ئەو رێكخراوە رێگری كرد لە دروست بوونی جەنگی جیهانی سێیەم، پێش دروستبوونی نەتەوەیەكگرتووەكان رێكخراوێكی تر هەبوو بەناوی كۆمەڵەی گەلان، بەڵام ئەم رێكخراوە نەیتوانی رێگری بكات لە هەڵگریسانی جەنگی جیهانی دووەم.

 
كۆمەڵەی گەلان
رۆژی  13/ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1918 كۆمەڵەی گەلان لە بەریتانیا دروستكرا، بەمەبەستی هاوكاری نێودەوڵەتی و ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی، بەڵام دوای ماوەیەك دەركەوت كۆمەڵەی گەلان نەیتوانی ئاشتی و سەقامگیری بەدیبهێنێت، كێشەی نێودەوڵەتی لە بیستەكان و سیەكانی سەدەی رابردوو زیادیانكرد، ئیتاڵیا ئەسیوبیای داگیركرد، و جەنگی ناوخۆی لە ئیسپانیا هەڵگریسا و روسیا فنلەندای داگیركرد، هەموو ئەمانە بوونە هۆی لاوازبوونی متمانە بە كۆمەڵەی گەلان، جگە لەوەش ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رەتیكردەوە ببێتە ئەندامی ئەو كۆمەڵەیە و ساڵی 1933 ئەڵمانیا و ژاپۆنیش لەكۆمەڵەی گەلان هاتنە دەرەوە، و ساڵی 1939 یەكێتی سۆڤیەت دەركرا، سەرئەنجام كۆمەڵەكە بێ رۆڵكرا و جەنگی جیهانی دووەم هەڵگریسا، كە لە 1/9/1939 وە تا 2/9/1945 خایاند، دوای جەنگەكە بیر لەدروستكردنی رێكخراوێكی نوێی جیهانی كرایەوە كە جێگرەوەی كۆمەڵەی گەلان بێت و ببێتە جێگەی متمانەی وڵاتانی جیهان.

رێكخراوێك دوای جەنگ
هێشتا دوو مانگ تێنەپەڕیبو بەسەر كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمدا و لە رۆژی 24/10/1945 لەشاری سانفرانسسكۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دامەزرا، لەئێستادا بارەگای سەرەكی رێكخراوەكە لەشاری نیویۆرك ی ئەمریكایە، و زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی و عەرەبی و چینی و روسی و ئیسپانی وەك زمانی فەرمی رێكخراوەكە دیاریكراون، و 193 وڵات ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكانن و 2 وڵاتیش چاودێرن.
سكرتێرەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەدروست بوونیەوە تا ئەمرۆ:

تریگی لی -نەرویجی لە ساڵانی ١٩٤٦تا١٩٥٢
داگ شۆڵد- سویدی لەساڵانی ١٩٥٣تا١٩٦١
یۆ پانت- مینیماری لەساڵانی ١٩٦١تا١٩٧٢
كۆرت ڤاڵدایم- نەمساوی لەساڵانی ١٩٧٢تا١٩٨١
خاڤێر بیلادۆڤ- پیڕۆ لەساڵانی ١٩٨٢تا١٩٩١
بوترس غالی- میسڕی لەساڵانی ١٩٨٢تا١٩٩٦
كۆفی عەنان- غانا لەساڵانی ١٩٩٧تا٢٠٠٦
بان كی مۆن - كۆریای باشور لەساڵانی ٢٠٠٧تا٢٠١٧
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس -پرتوگالی 2017 تا ئەمرۆ

ئامانجەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان
نەتەوەیەكگرتووەكان ئامانجەكانی خۆی بە ئاشتی نێودەوڵەتی و پێشخستنی پەیوەندی وڵاتان و یارمەتیدانی یەكتر و سەركەوتن بەسەر هەژاری و نەخوێندەواری و هاندانی رێزگرتن لەمافی مرۆڤ دیاریكردووە.

ئەندامیەتی لە نەتەوەیەكگرتووەكان
هەر وڵاتێك كە سەربەخۆی بێت و بڕوای بە بنەما وبڕیارەكانی رێكخراوەكە هەبێت دەتوانێت ببێتە ئەندام.

پێكهاتەی نەتەوەیەكگرتووەكان
رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە شەش دەزگای سەرەكی پێكدێت كە بریتین لە " ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمینداریەتی گشتی و دادگای دادی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی گشتی سەرپەرشتی كردن"

پێنج وڵات مافی ڤیتۆی هەیە
پێنج وڵاتی ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ڤیتۆیان هەیە كە بریتین لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و چین و روسیا.

رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان لەكێشەكانی جیهان
نەتەوەیەكگرتووەكان لەرێگەی بڵاوكردنەوەی هێزی ئاشتی پارێز لە 15 شوێن بەشداریكردووە لە چارەسەری كێشەكانی جیهان، و سەرپەرشتی هەڵبژاردنی لە 45 وڵات كردووە، رێگری لەبڵاوبونەوەی زیاتری چەكی ئەتۆمی كردووە، هاوكاری مرۆیی پێشكەشی ناوچە لێقەوماو و ناوچەكانی جەنگ كردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئاڵنگاری گەورەی تری وەك ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و برسیەتی و بڵاوبونەوەی نەخۆشی و نەخوێندەواری و كێشەی سیاسی و سەربازی ئاڵۆزی لەبەردەمە.

روسیا: نەتەوەیەكگرتووەكان رێگری لەهەڵگریسانی جەنگی جیهانی سێیەم كرد
لە 75 مین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوەیەكگرتووەكاندا دیمیتری مێدڤێدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، لە نوسینێكدا بەناوی " كێشە كۆنەكان، ئاڵنگاری نوێ و چارەسەری جیهانی" باس لەوە دەكات كە ئەو میكانزم و رێكارانەی لە پەیماننامەی دروستكردنی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتووە بۆتە هۆی رێگری لە هەڵگریسانی جەنگی جیهانی سێیەم.