03:48 - 23/10/2020
كۆرۆنا چ كاریگەریەكی كردۆتە سەر تێكەڵاوبونی كۆچبەر بە كۆمەڵگە رۆژئاوییەكان؟
كۆرۆنا كاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی بەشێوەیەكی گشتی
دروستكردووە، لەناو ئەو كەسانەش كە بڵاوبونەوەی ئەو پەتایە كاریگەری كردۆتە
سەرژیان و داهاتوویان كۆچبەرانن، بۆ ئەمەش ترس هەیە پرۆسەی تێكەڵاوبوونی كۆچبەران
بە كۆمەڵگە ئەوروپیەكان وەك ئەوەی بەرنامەی بۆ دانراوە بەرەوپێش نەچێت.
رێكخراوێكی
ئەوروپی هۆشداری دەدات.
رێكخراوەی هاوكاری
وگەشەپێدانی ئابووری ئەوروپی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی كەپەتای كۆرۆنا لەوانەیە
ببێتە هۆی شكستپێهێنانی پرۆسەی تێكەڵاوبونی كۆچبەران بە كۆمەڵگە ئەوروپیەكان وەك
ئەوەی پێش ڤایرۆسەكە بەرنامەی بۆ دانرابوو.
هاوكات توماس لیبیگ
شارەزای بواری كۆچ لە رێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەپێدان رایگەیاند ئەو
بەرەوپێشچوونانەی بەدەست هاتوون بەهۆی كۆرۆناوە مەترسیان لەسەرە.
رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا
دەڵێت بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر كۆچبەران و جیاكاری
زیاد دەكات لەو كاتانەی كە بازاڕی كاركردن لاواز دەبێت، راپۆرتەكە ئاماژەی
بەوەكردووە كەلێنی نێوان كۆچبەران و دانیشتوانی رەسەن لەبواری خوێندنی منداڵانی
كۆچبەران گەورەتردەبێت كە چەندین ساڵە كەم بۆتەوە، بەهۆی ئەوەی خوێندنی ئۆنلایەن
بۆ منداڵانی ئەو كۆچبەرانە ئاسان نیە كە لەماڵەوە بەزمانی وڵاتی خانەخوێ قسەناكەن.
راپۆرتەكە ئاماژەی
بەوەشكردووە كۆچبەران لەو وڵاتانەی ئەندامی رێكخراوی هاوكاری ئابوری و گەشەپێدانن
مەترسی ئەوەیان لەسەرە ڕووبەڕووی هەژاری ببنەوە، و بازاری كاركردن و دەستخستنی كار
بۆ كۆچبەران قورس دەبێت.
تێكەڵاوبونی كۆچبەران چیە؟
لە كۆمەڵگە
ئەوروپیەكاندا هەوڵ دەدەرێت لەرێگەی فێربوونی زمانی وڵاتەكە و یارمەتیدانی
كۆچبەرەكە بۆ ئەوەی توانا كەسیەكانی بەرەوپێش بەرێت و كار بكات، هەروەها گرنگی بە
خوێندنی منداڵەكەی بدات، و شارەزای لە مێژوو و كلتور و شارستانیەتی وڵاتی پەناگە
وەربگرێت و رێزی لێبگرێت، بەم پرۆسەیە دەگوترێت تێكەڵاوبونی كۆچبەران.
مێركڵ
داواكاری هەیە
ئەنگێلا مێركڵ
راوێژكاری ئەڵمانیا لەمیانی دەستپێكردنی كۆبونەوەی دوانزەیەمی تایبەت
بەتێكەڵاوبوونی كۆچبەران كە رۆژی دووشەممە 19ی تشرینی یەكەم لەشاری بەرلین دەستی
پێكرد رایگەیاند" بەقەدەر ئەوەی كە پێویستە ئاگاداری دۆخی تەندروستی و ژیانی
برا مرۆڤەكانمان بین، پێویستە هەروەها لەهەمان كاتدا ئاگامان لە هەمەهەنگی و
هاوكاری بەهێز بێت لە دۆخە قورسەكاندا" راوێژكاری ئەڵمانیا راشیگەیاند "
ئەوانەی بەم دوایانە لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوون قۆناغی داهاتوو یەكلایی كەرەوە دەبێت
بۆ تێكەڵ بوونیان بە كۆمەڵگەی ئەڵمانی"
مێركڵ كار بۆ پرۆسەی تێكەڵاوبون دەكات
ئەنگێلا مێركڵ
لەئێستا ڕاوێژ لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی تایبەت بەكۆچبەران و ، رێكخراوە
ئاینیەكان و پارتە سیاسیەكان و ،دامەزراوە ئابووری و وەرزشییەكان دەكات، دەربارەی
پرۆسەی تێكەڵابونی كۆچبەران بە كۆمەڵگەی ئەڵمانی.