02:23 - 19/10/2020
ئابوری، سەربازی، هەڵبژاردن و كۆچبەران لە بنهەنگڵی كازمیدا
گەشتە سیاسی و ئابوریی و دیبلۆماسییەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكردووە كە یەكەم وێستگەی لە پاریسەوە دەستپێدەكات، بەپێی زانیارییەكانیش لەو گەشتەیدا كازمی ژمارەیەك دۆسێی لە بن هەنگڵدایە هەر لە پرسی رێككەوتننامەی ئابوری و نەوتەوە، تا دۆسێی هاوكاری سەربازی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەگەڵ پرسی كۆچبەران و پرسی هەڵبژاردن و داهاتووی سیاسی و دیبلۆماسی عێراق.
گەشتەكە چۆن دەستیپێكرد؟
دوای سەردانی ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغداد لە سەرەتای مانگی رابردوودا، داوای لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە گەشتێك بە وڵاتانی ئەوروپادا ئەنجام بدات، پێشتریش لەدوای سەردانەكەی بۆ واشنتۆن، كازمی ئاماژەی بەوەدا كە لە ئایندەدا سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەكات، بەپێی سەرچاوەكانیش لە تیمی پرۆتۆكۆل، لەم سەردانەیدا كازمی وڵاتانی فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا دەگەڕێت.
ئەجێندای سەردانەكە؟
ئەگەرچی وردەكاریی سەردانەكە بە شێوەیەكی گشتی بە وردی بەیان نەكراوە، بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە لەم سەردانەیدا مستەفا كازمی چوار دۆسێی سەرەكی لە بن هەنگڵدایە و گفتوگۆ لاوەكییەكان لە دەوری ئەو چوار دۆسێ سەرەكییە دەسوڕێنەوە لە كۆبوونەوەكاندا.
دۆسێی ئابوری
دەشێ دۆسێی ئابوری گەورەترین و هەستیارترین دۆسێی ناو جانتا دەستییەكەی كازمی بێت، بەوپێیەی هەنوكە جیهان بە گشتی و وڵاتانی هەناردەكاری نەوت بە تایبەت تووشی داڕمانی ئابوری بوون وەك یەكێك لە لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، لەناو وڵاتانی فرۆشیاری نەوتیشدا عێراق یەكێكە لەو دەوڵەتانەی سەروو لەسەدا 95ی داهاتەكەی پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت و سەرچاوە داراییەكانی دیكەی تا ئاستی پوكانەوە بێ ئەنجامن، هەربۆیە لێكدانەوەكان وان كە لەم سەردانەیدا مستەفا كازمی دەیەوێت ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەیش بێت تا رادەیەك گرەنتی گرێبەستەكانی لانی كەم چەند ساڵی داهاتووی نەوتی عێراق بكات لەكاتێكدا حكومەتەكە لەرووی داراییەوە بە ئەندازەیەك تەنگەتاو بووە، بە ئاستەم و قەرز دەتوانێت مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەكانی دابین بكات.
دۆسێی سەربازی و هێزەكانی هاوپەیمانان
بەپێی زانیارییەكان، یەكێكی دیكە لەو دۆسێ هەستیارانەی كە كازمی دەیەوێت لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەی سەردانیان دەكات تاوتوێی بكات، پرسی مانەوەی هێز و راهێنەرە سەربازییەكانیانە لە عێراق، بەتایبەت دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چوونە دەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق.
ئەوەی ئێستا هەیە كازمی كەوتووەتە دوڕیانەوە لەم دۆسێیەدا، لەلایەك ناتوانێت پێچەوانەی بڕیاری زۆرینەیەكی پەرلەمانی كاربكات كە بڕیارەكە بە ئاراستەی دەركردنی هێزە بیانییەكانە بەتایبەت لەناو ماڵی شیعەدا و لە لایەكی دیكەشەوە ناتوانێت بە ئاسانی روو لەو گرێبەست و رێككەوتنانە وەربگێڕێت كە بەتایبەت لە سەروبەندی شەڕی روبەروو بوونەوەی گروپی تیرۆریستانی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دراون.
جگە لەوەش لە چەند بۆنەیەكدا كازمی ئەوەی نەشاردووەتەوە كە هێشتا سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێویستیان بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانانە چ لەرووی چەك و پێداویستی سەربازی بێت یان لەرێگەی راهێنان و لۆجستی سەربازی بێت.
دۆسێی هەڵبژاردن
دۆسێی هەڵبژاردن یەكێكە لە گرنگترین دۆسێكان لە ناوخۆی عێراق، گرنگییەكەی تەنها لە ناوخۆدا قەتیس نەماوە، بەڵكو سنوورەكانیشی بڕیوە، بەوپێیەی دەستوەردان و هەیمنەی دەرەكی لە عێراق رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە لە هەر بڕیارێكی ستراتیژی ناوخۆیدا.
هەنوكە هەڵبژاردن گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەمی كازمییە، گەورەترین بە ئەندازەیەك كە ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی پرۆسەكە بووەتە سەنگ و پێوەری سەركەوتن یان شكستی كازمی، سەركەوتن و شكست لەبەرئەوە نا كە چاوەڕوان دەكرێت خودی مستەفا كازمی لیستی بۆ هەڵبژاردنەكە هەبێت، بەڵكو پێوەری سەركەوتن و شكستەكە لە خودی ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكەدا خۆی مەڵاس داوە، هەربۆیە دەوترێت كە ئێستا یەكێك لەو دۆسێیانەی كازمی دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی یەكلایی بكاتەوە دۆسێی پشتیوانی و لەمپەڕ دروستنەكردنە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیاردراوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
دۆسێی كۆچبەران
لەپاڵ ئەوەی كە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی گیرۆدەی پرسی كۆچبەرانن، بەڵام بە دیاریكراوی ئەو وڵاتانەی كازمی سەردانیان دەكات پشكی شێری كۆچبەری نایاسایی جیهانیان بەردەكەوێت، لەو نێوەندەشدا كۆچبەرانی عێراقی كە بەهۆی ناهەمواری رەوشی ئەمنی و ئابورییەوە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین كۆچبەری جیهان پێكدەهێنێت، هەربۆیە یەكێك لە دۆسێیەكانی بن هەنگڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێكردنی رەوشی كۆچبەرانی وڵاتەكەیەتی لەو وڵاتانەی كە روویان تێكردووە، بەتایبەت دۆسێی رەوشی كۆچبەرانی عێراقی لە كامپەكانی داڵدەدانی كۆچبەراندا.
بە گشتی ئەم دۆسێیانە دۆسێ سەرەكییەكانی ناو جانتا دەستییەكەی مستەفا كازمی بوون كە لە وڵاتانی ئەوروپا دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام هێشتا ناتوانرێت گرەنتی ئەوە بكرێت كە سەردانێكی سەركەوتوو دەبێت، یاخود تەنها ئەنجامدانی سەردان دەبێت بۆ راگرتنی دڵی جەمسەرەكانی هێز و لەو سەرەوە بە دەستی بەتاڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد.