ڕاپۆرتی جیهانی

09:11 - 15/10/2020

ئه‌و كچه‌ پادشایه‌ى عه‌ره‌ب له‌پێناو عه‌شق دینه‌كه‌ى گۆڕى‌

پەیسەر

سەلیمە، ناوی یەکێک لە ٣٦ منداڵەکەی سوڵتانی کۆنی عومان بوو، لە زنجبار گەورەبوو لەنێو کۆشک و ژیانی شاهانەدا هەموو شتێکی هەبوو جگە لە ئازادی.

ژیان ئاسایی بوو لە کۆشکەکەی باوکیدا، تا لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا چمکی ئابڕوچوونێکی گەورەی لێ دەرکەوت(پەیوەندی نا شەرعی لەگەڵ بازرگانێکی ئەڵمانی و دووگیان بوون) ترس لە ژیانی و ترس لە تەقینەوەی دەنگۆکە بڕیاری قورسی بە سەلیمە دا تا گەیشت بە هەڵاتن و دواتریش دینگۆڕین. 

چیرۆکە تراژیدی و پڕ ڕووداوکانی ژیانی، هانی سەلیمەی دا کتێبی یادەوەرییەکانی خۆی بنوسێتەوە، بەڵام هیشتاش زۆر وردەکاری ژیانی لەژێر پەردەدا ماوەتەوە.

ره‌نگه‌ زۆر كه‌س به‌ وه‌ سه‌رسام نه‌بن، كه‌ كچه‌ پادشایه‌كى عه‌ره‌ب، ده‌كه‌وێته‌ داوى خۆشه‌ویستى بازرگانێكى ئه‌ڵمانى و له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵدێت، به‌ڵام زۆر کەس به‌و به‌شه‌ى چیرۆكى سه‌لیمه سەرسامن، کە ئامادەبوو دینەکەشی بگۆڕێت‌.

یاده‌وه‌رییه‌كانى ئه‌میره‌ى عه‌ره‌بى

پێش ١٥٠ ساڵ، سه‌ڵته‌نه‌تى عومان حوكمى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى تایبه‌تى ده‌كرد له‌ ئه‌فریقا، له‌رووى ده‌رییاوه‌ عومان توانای په‌لكشانى هه‌بوو، یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ى كه‌وتبووه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى عومانه‌وه‌ به‌ (زنجبار) ناسرابوو.

سه‌عید بن سوڵتان البوسعیدى، سوڵتانى ئه‌وكاتى عومان پایته‌خته‌كه‌ى له‌ عومانه‌وه‌ بۆ زنجبار گواسته‌وه‌، بن سوڵتان به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ حه‌زى به‌وه‌یه‌ منداڵى زۆرى هه‌بێت، ٣٦كوڕ و كچى هه‌بوو یه‌كێك لە منداڵه‌كانى ناوى چووه‌ مێژووه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ى مشتومڕى زۆرى له‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا نایه‌وه‌، ئه‌و خاتونه‌ به‌ (ئه‌میره‌ سالیمه‌) ناسرابوو.

سالیمه‌ له‌ ساڵى ١٨٤٤ له‌دایك بوو. دایكى چه‌ركه‌سى بوو كه‌ ده‌كاته‌ باشوورى ئێستاى روسیا، باوكى سه‌لیمه‌ ساڵى ١٩٥٦ كۆچى دواییى كرد له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نى سالیمە ته‌نها ١٢ ساڵ بوو برا گه‌وره‌كه‌ى سوڵتان مه‌جید، بووه‌ میراتگرى عه‌رشى ده‌سه‌ڵاتى لوبنان، ماجید كه‌وته‌ نێو ململانێى توند له‌گه‌ڵ براكانى دیكه‌ى له‌سه‌ر میراتى ده‌سه‌ڵات، ناكۆكى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و برایه‌ى بوو كه‌ ناوى به‌رغه‌ش بوو به‌رغه‌ش ده‌سه‌ڵاتى خۆى له‌ عومان راگه‌یاندبوو ماجدیش ده‌سه‌ڵاتى خۆى له‌ زنجبار راگه‌یاندبوو. 

ناكۆكى توندى نێوان ئه‌م دوو برایه‌ به‌رده‌وام بوو تا سالیمه‌ خۆى بۆ لایه‌نگرى به‌رغه‌ش یه‌كلایى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر حسابى ماجد، به‌ڵام ماجد دواى چه‌ند ساڵێك توانى ناكۆكییه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌و سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر به‌رغه‌شدا، ئه‌م كاره‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى سالیمه‌ هه‌ست به‌ نائومێدییه‌كه‌ى گه‌وره‌ بكات. 

ئه‌م دۆخه‌ پاڵى به‌ سه‌لیمه‌وه‌ نا بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌، به‌ ته‌نهاو به‌سه‌ربه‌خۆ ژیان به‌سه‌ر به‌رێت كاتێك ته‌مه‌نى ته‌نها ٢٢ ساڵ بوو له‌ كۆشكێك له‌ نزیك گه‌ڕه‌كێك كه‌ بیانییه‌كان تێیدا ده‌ژییان به‌ دیاریكراوى بازرگانه‌كان له‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌ژییان، به‌رامبه‌ر كۆشكه‌كه‌ى سالیمه‌ كۆشكى بازرگانێكى ئه‌ڵمانى هه‌بوو. كه‌ ناوى رۆدێلف فانێر رۆدا.

سه‌لیمه‌ له‌ یادوه‌رییه‌كانیدا ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ بازرگانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ زۆرزان بووه‌و له‌رێگه‌ى گۆڕینه‌وه‌ى نیگاى دوولایەنه‌وه‌، هه‌ردوولا یه‌كدییان چووه‌ به‌ دڵدا،  لێره‌دا دوو گێڕانه‌وه‌ى جیاواز هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى روویداوه‌.

به‌پێى گێڕانه‌وه‌ى یه‌كه‌م، سالیمه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌و بازرگانه‌ ئه‌ڵمانییه‌ دروستكردووه‌و دووگیان بووه‌ لێى، هه‌واڵه‌كه‌ له‌ عومان بڵاوبووه‌ته‌وه‌، سوڵتان هه‌وڵى داوه‌ خۆى رزگار بكات له‌ ده‌نگۆ و مشتومڕه‌كان له‌رێگه‌ى زیندانیكردنى سه‌لیمه‌وه‌ له‌ ئاوه‌كانى ناوه‌ڕاست، دواى ئه‌وه‌ى داواى لێكردووه‌ له‌گه‌ڵیدا بڕوات بۆ حیجاز، سالیمه‌ هه‌ست به‌ پیلانى براكه‌ى ده‌كات، هه‌ڵدێت و ده‌چێت بۆ عه‌ده‌ن، له‌م شوێنه‌ منداڵه‌ كوڕه‌كه‌ى به‌ مردوویى له‌دایك بوو له‌ عه‌ده‌ن خۆشه‌ویسته‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ى ده‌بینێت و له‌گه‌ڵى هه‌ڵدێت به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا.

گێڕانه‌وه‌ى دووه‌م له‌ زارى سالیمه‌وه‌یه‌، ده‌ڵێت براكه‌ى به‌ كاره‌كه‌ى زانیوه‌، به‌ڵام فه‌رمانى نه‌كردووه‌ به‌ زیندانیكردن یاخود كوشتنى سالیمه‌، وه‌ ئه‌و بڕیارى بینینى خۆشه‌ویسته‌كه‌ى داوه‌ له‌ یه‌مه‌ن، له‌وێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵى هه‌ڵاتووه‌ به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا. 

هه‌ركام له‌ گێڕانه‌وه‌كان راست بن، ئه‌وه‌ راستییه‌ كه‌ سالیمه‌ خۆسه‌ویسته‌كه‌ى له‌سه‌ر نیشتمانه‌كه‌یه‌وه‌ داناو وڵاتى له‌گه‌ڵ جێهێشت به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا له‌وێ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ده‌كات دواى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ده‌كات به‌ كه‌نیسه‌وه‌ و ناوه‌كه‌شى له‌ سه‌لیمه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ئێلیمى رۆده.

سالیمه‌ بڕواى وابوو به‌ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى ده‌گاته‌ لوتكه‌ى خۆشبه‌ختى، به‌ڵام قه‌ده‌ر تراژیدیایه‌كى دیكه‌ى بۆ سالیمه‌ پێبوو ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو دواى منداڵى سێیه‌مى له‌دایك بوو هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌ رووداوى شه‌مه‌نده‌فه‌ر گیانى له‌ده‌ستدا، سالیمه‌ به‌ ته‌نها سێ منداڵى بۆ جێما بێ ئه‌وه‌ى خۆى و منداڵه‌كانى به‌خێوكه‌رێكیان هه‌بێت. 

زۆر كه‌س دواى مردنى هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌ باره‌ى سه‌لیمه‌وه‌ زانیارییان نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ دواى مردنى خۆى له‌ كتێبى یادوه‌رییه‌كانى جێیهێشتووه‌، له‌ژێر ناوى( یاده‌وه‌رییه‌كانى ئه‌میره‌ى عه‌ره‌بى) كه‌ تێیدا قسه‌ له‌سه‌ر گه‌شته‌كه‌ى بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌كات، وه‌ چۆن به‌ شارستانییه‌تێكى نوێ ئاشنا بووه‌و پێى سه‌رسام بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ سۆزو خۆشه‌ویستى وڵاته‌كه‌ى له‌بیر بباته‌وه‌ خه‌ونى رۆژێك گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ وڵاته‌كه‌ى هه‌ر ماوه‌. 

 هه‌روه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ندێك خۆڵى زنجبارى له‌ گۆزه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ خۆى هه‌ڵگرتووه‌ هێناویه‌تى تا خۆڵى خاكه‌كه‌ى بۆ هه‌میشه‌ لابێت، تا مردنى ئه‌و خۆڵه‌ى پاراستووه‌و پێش مردنى وه‌سێتى كردبوو كه‌ خۆڵه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بنێژن و بیخه‌نه‌ گۆڕه‌كه‌.