ڕاپۆرتی جیهانی

02:13 - 09/10/2020

ئایا‌ كوردانی سوریا له‌بری واشنتۆن ڕوو له‌مۆسكۆ ده‌كه‌ن؟‌

پەیسەر


له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی كورد له‌ مانه‌وه‌ی ڕوسیا له‌ سوریا، وا ده‌رده‌كه‌وێت كورد ئاڕاسته‌یه‌كی نوێی گرتووه‌، له‌هه‌مان كاتدا پێده‌چێت مامه‌ڵه‌ی ته‌كتیكی روسیا له‌گه‌ڵ كوری سوریا به‌ره‌وپێش چووبێت.

گۆڕانكاری له‌ ستراتیژدا

دوای تویته‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 2018، كه‌ تێیدا نیازی وڵاته‌كه‌ی بۆ كشانه‌وه‌ له‌ باكووری سووریا پیشاندا، كورد به‌ره‌و مۆسكۆ به‌ڕێكه‌وت بۆ په‌یداكردنی هاوپه‌یمانێكی نوێ.

له‌ هه‌مان مانگدا ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات چووه‌ روسیا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی روسیا هان بدات كار بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكردن بە دانوستانی نێوان ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات و حكومه‌تی سوریا، به‌كرده‌وه‌ش گفتوگۆكان له‌ مانگی ته‌موزی ساڵی 2018 ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام دوای یه‌ك مانگ وه‌ستان، وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی(الشر‌ق الاوسگ) له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2019 بڵاویكرده‌وه‌.

هه‌نگاوه‌كه‌ی ستراتیژیه‌كه‌ی كورد به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بوو كه‌ متمانه‌یان به‌ هه‌ڵوێسته‌ گۆڕاوه‌كانی ئه‌مریكا نه‌بوو، به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد پێیان وابوو راگه‌یاندنه‌كه‌ی تره‌مپ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌ستبه‌رداریان بووه‌.

ئه‌وه‌ی كورد لێی ده‌ترسا له‌ دواجاردا ڕوویدا، كاتێك تره‌مپ رایگه‌یاند هێزه‌كانیان له‌ باكووری سوریا ده‌كێشنه‌وه‌، به‌كرده‌وه‌ش ئه‌وه‌  له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2019 ڕوویدا، به‌مه‌ش ده‌رگا له‌به‌رده‌م توركیا كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی ژێر ده‌ستی كورد داگیربكات.

له‌و كاته‌وه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت مامه‌ڵه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هێزی روسیا ده‌كه‌ن، له‌و ناوچانه‌ی كۆنتڕۆڵیان كردووه‌، به‌وپێیه‌ی هێزه‌كانی روسیا له‌ سنووره‌كانی روسیا و توركیا هاتوچۆ ده‌كه‌ن.

له‌ كۆتایی ساڵی 2019 مۆسكۆ نێرده‌ی تایبه‌تی خۆی ره‌وانه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كانی كورد و كه‌سایه‌تیه‌ عه‌ره‌بی و مه‌سیحیه‌كان بكات له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنیان و نێوه‌ندگیری له‌نێوان ئه‌وان و حكومه‌تی سوریا.
رۆژنامه‌ی (الشر‌ق الاوسگ) له‌مانگی شوبات له‌ به‌رپرسێكی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتی گواسته‌وه‌ كه‌"هه‌وڵێكی روسی گرنگ هه‌یه‌، بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر دیمه‌شق به ‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر".

به‌ڵام ئه‌مه‌ جێگه‌ی گومانه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ به‌ڕوونی دیاره‌، روسیا به‌چڕی كار ده‌كات له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی ئیداره‌ی كورد كه‌ بریتین له‌ ئێران و توركیا.

مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له‌ 23ی ئایار به‌ ماڵپه‌ڕی روناهی راگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی روسیا رۆڵی هه‌یه‌ له‌ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی سوریا ئه‌و پرسه‌ به‌جدی وه‌رناگرێت.

په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی

له‌ پێشهاتێكی نوێدا وه‌فدێكی باڵای كورد 31ی ئابی رابردوو رێككه‌وتنێكی گرنگی له‌گه‌ڵ حزبێكی سوری به‌ناوی"حزبی ئیراده‌ی گه‌ل" به‌سه‌رۆكایه‌تی قه‌دری جمیل له‌ مۆسكۆ واژۆكرد.
جمیل به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ روسیا هه‌یه‌ و به‌شداربووه‌ له‌ڕووداوه‌ سیاسیه‌كان، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ رێگه‌ به‌كورد ده‌درێت حوكمی زاتی هه‌بێت له‌ ناوچه‌كانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، به‌ڵام پرسه‌كانی سیاسه‌تی وڵات و ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری و دارایی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شق ده‌مێننه‌وه‌، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 2254 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی.

نه‌خشه‌ڕێگای ئاینده‌ی سوریا

به‌ به‌رده‌وامی روسیا پشتیوانی بڕیاری 2254ی  نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كانی كردووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له‌ باكووری سوریا و رۆژهه‌ڵاتی وڵاتیش به‌ئه‌رێنیه‌وه‌ لێی ده‌ڕواندرێت.

بڕیاره‌كه‌ پێشنیاری نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی كردووه‌ بۆ داهاتووی سوریا و كوردی لێ جیانه‌كردۆته‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی گروپه‌ جیهادیه‌كانی وه‌ك داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ و ئه‌و لقانه‌ی لێیان بۆته‌وه‌، كه‌ به‌ ئاشكرا ناویان هاتووه‌ و جیاكراونه‌ته‌وه‌.

له‌دوای رێككه‌وتنی كورد و حزبی ئیراده‌ی گه‌ل ی سوریا، سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا پێشوازی له‌هه‌ردوو لایه‌ن كرد وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی ڕوون كه‌ مۆسكۆ به‌و رێككه‌وتنه‌ رازییه‌.

لای خۆیه‌وه‌ ئیلهام ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤ زیاتر باسی چۆنێتی ‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌نێوان دوولایه‌نی سوری واژۆكراوه‌.
لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پشتیوانی ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ ده‌كات، چونكه‌ زۆر له‌ خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی مۆسكۆ ده‌رباره‌ی سوریا ده‌گونجێن.

هه‌ڵوێستی حكومه‌تی سوریا

میدیاكانی سه‌ر به‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، له ‌به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌شاری دیمه‌شق به‌سترا، وه‌لید موعه‌لیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا به‌ ئاماده‌بوونی سێرگی لاڤرۆڤ رایگه‌یاند، دیمه‌شق پشتیوانی هیچ رێككه‌وتنێك ناكات كه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌كه‌ی بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی میدیاكان باس له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ دوو هاوپه‌یمانه‌كه‌ ناكۆكییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر چاره‌نوسی باكوری سوریا.

له‌كاتێكدا مۆسكۆ هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد و ئه‌نكه‌ره‌ بگاته‌ رێككه‌وتن، له‌به‌رامبه‌ردا میدیاكانی رژێمی سوریا جه‌خت له‌ كۆتایی هاتنی داگیركاری ئه‌مریكا و توركیا ده‌كه‌نه‌وه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئامانجی ئاشكراكراوی حكومه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خاكه‌یه‌ كه‌ له‌ژێرده‌ستی نه‌ماوه‌.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌كه‌ناڵی بی بی سی به‌ ده‌ستكاریه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌یسه‌ر پرێسه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی.