ڕاپۆرتی جیهانی

03:00 - 07/10/2020

دادگای لاهای نێو دەوڵەتی و كام وڵات سودمەندی سەرەكییە تیایدا؟‌

پەیسەر

دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک باڵاترین مەرجەعی دادوەری نێودەوڵەتی لە نێوان دادگاکانی دادوەریدا، ئیعتیبارێکی باڵای یاسایی و ئەخلاقی هەیە. دادوەرانی دادگا نوێنەری سیستمی یاسای و بنەما دادوەریەکانی شارستانیەتی مرۆڤن. هەریەک لە دادوەرەکانی دادگا، دەبێت لە وڵاتێکی جیاوازەوە هەڵبژێردرێت. دادوەرانی هەمیشەیی نوێنەری وڵاتەکانیان نین لە دادگادا و دەبێت سەربەخۆیانە کاربکەن.

دادگای لاهای چییە؟
دادگای نادی نێودەوڵەتی بریتیە لە پایەیەکی دادوەری نەتەوەیەکگرتوەکان. ئەم دادگایە دەکەوێتە شاری لاهای و بەهەمان هۆکار لەنێوان خەڵکی ئاسایدا بە "دادگای لاهای"ناسراوە. دادگای دادی نیودەوڵەتی تاکە پایەی سەرەکی نەتەوەیەکگرتوەکانە کە سەنتەری کارکردنی ناکەوێتە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا و بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاری ناکات لە کاروباری ڕۆژانەیدا.

چالاکیەکانی دادگا بە ناونیشانی بەرزترین دامەزراوەی دادوەری نێودەوڵەتی، تەواو سەربەخۆیە. دادگای دادی نێودەوڵەتی دادگایەکی تاوانی نییە کە لەوێدا خەڵك یان کەسێک دادگای بکرێت.

ئەو وڵاتانە کامانەن دەتوانن لەم دادگایە سودمەند بن؟
سیستمی بنەڕەتی دادگای دادی نێودەوڵەتی پەیوەستە بە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، واتە هەر وڵاتێک کە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکانی قبوڵکردوە وئەندامە لە نەتەوە یەکگرتوەکان، دانی بەم دادگایەدا ناوە ئەتوانێت سود لە خزمەتگوزاریەکانی ئەم دادگایە ببینێت. 

لەگەڵ دروستبونی نەتەوە یەکگرتوەکان پاش جەنگی جیهانی دووەم و شوێنگرتنەوەی کۆمەڵەی گەلان، دادگای دادی نیودەوڵەتیش لە ساڵی 1946 جێگەی دادگای دادی هەمیشەی نێودەوڵەتی گرتەوە، کە هەڵوەشابوەوە، بەڵام زۆربەی شێوە و بنەماکانی دادوەری، بڕیارە ناوخۆیەکانی ئەوەی بە میرات بۆ مایەوە. 

لە ئێستادا 193 دەوڵەت ئەندامی نەتەوەیەکگرتوەکانن، لە ئەنجامدا ئەم ژمارەیە لە وڵاتان دەتوانن سود لەخزمەتگوزاریەکانی ئەم دادگایە ببینن.

دادوەرەکانی دادگا چۆن هەڵدەبژێردرێن؟ 
دادگای دادی نێودەوڵەتی 15 ئەندامی هەمیشەیی هەیە، کە یەکێک لەم دادوەرانە سەرۆکی دیوانە و دانیشتنەکانی دادگا بەڕێوەدەبات. سەرۆکی دیوان کە جێبەجێکار و بەڕێوبەری ئەم دامەزراوەیە، ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش دەکات بە جڤاتی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیۆرک. 

لە کاتێکدا دەرگیری لە نێوان دوو وڵاتدا هەبێت لەم دادگایە و هیچ کام لە دادوەرانی هەمیشەی خەڵكی وڵاتێکیان نەبێت، ئەو وڵاتە دەتوانێت دادوەرێکی تایبەتمەند بۆ کەیسی دەرگیریەکەی پێشکەش بکات بە دیوانی دادوەری.

فەلسەفەی دانانی دادوەری تایبەتمەند ئەوەیە کە ئەبێتە هۆی هەژموونی زیاتر بۆ یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەو وڵاتەی کە نوێنەریەتی، ئەتوانێت یارمەتیدەری دادوەرەکانی تریش بێت لە دەرکردنی بڕیارەکانیاندا بە شێوەیەک کەبڕیارەکان دروست بن و سەربەخۆیی هیچ لایەک لەکەدارنەبێت. ئەم دادوەرە ئەتوانێت خەڵکی هەر وڵاتێکی تریش بێت. ئەم دادوەرە تایبەتمەندە ماف و ئەرکی وەک هەر دادوەرێکی تری هەمیشەی دادگا. دادوەرەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی لەلایەن دەوڵەتانەوە بەشێوەی گروپی هەرێمی دەستنیشان دەکرێن و دەدرێن بە نەتەوە یەکگرتوەکان. 

سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان لیستی کاندیدانی دادوەری پێشکەشی جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات و لە کۆتایدا دادوەرەکان بە دەنگی جڤاتی گشتی و ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵدەبژێرێن. ئەندامانی هەمیشە ئەنجومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆکردنییان نییە لەم بارەیەوە.

ئایا وڵاتان لەم دادگایەدا دادوەریان هەیە؟ 
دادوەرانی دادگا نوێنەری سیستمی یاسای و بنەما دادوەریەکانی شارستانیەتی مرۆڤن. هەریەک لە دادوەرەکانی دادگا، دەبێت لە وڵاتێکی جیاوازەوە هەڵبژێرێت واتە پانزە دادوەری دادگا لە پانزە نەتەوەی جیاوازن. دادوەرانی هەمیشەی نوێنەری وڵاتەکانیان نین لە دادگادا و دەبێت سەربەخۆیانە کاربکەن. 

پێکهاتەی دادوەرانی دادگا لەسەر بنچینەی بەشی جوگرافیای دیاری دەکرێت: پێنج دادوەریان بۆ بەشی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکای باکورە، سێ دادوەر بۆ بەشی ئەفریقایە، دوو دادوەر بۆ بەشی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە، دوو دادوەر بۆ بەشی ئەمریکای لاتین وکارائیب و سێ دادوەرەکەی تر بۆ بەشی ئاسیایە. 

بەگوێرەی بنەرەتی دادگا، هیچ وڵاتێک مافی هەبونی جێگایەکی هەمیشەی نییە لە نێوان دادوەرانی دادگادا. دادوەران بۆ یەک خولی نۆ ساڵی هەڵدەبژێرێن و مافی هەڵبژاردنەوەیان هەیە بۆ دوهەمین جار. هەر سێ ساڵ جارێک پێنج کورسی دادوەری چۆڵ ئەبێت، کە دەبێت بە دادوەرانی نوێ شوێنیان بگیرێتەوە. هەموو دادوەرێكی هەڵبژێردراو لە دادگا، دەبێت لەسەرەتادا لە هۆڵی دادگا سوێندی یاسای بخوات کە "بەشەرەفانە، ڕاستگۆیانە و بەویژدانەوە" کارەکانی ئەنجام بدات و دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت.

زمانی سەرەکی دادگا چ زمانێکە؟ 
زمانی ئینگلیزی و فەرەنسیی دوو زمانی سەرەکی دادگای دادی نێودەوڵەتین. دادوەرانی دادگای دەبێت لانیکەم یەکێک لەم دوزمانە بەباشی بزانن و سکاڵا هاتوەکان لەلایەن وڵاتانیشەوە دەبێت بە یەکێل لەم دوزمانە درابێت بە دادگا.

بەڵگەنامەکانی دادگا لە نوسراوی شکایەتەکان، بەرگریکردنەکان، بیروڕای ڕاوێژکاران، تێروانینەکانی گشتی دادوەران و بەڵگەنامەکانی تری وەک یاساکانی دادوەری هەمویان بە هەردوو زمان بڵاودەکرێنەوە.

ئیشی دادگا تەنها گوێگرتنە لە شکایەتی وڵاتان؟ 
دادگای دادی نێودەوڵەتی، بە ناونیشانی بازوی دادوەری نەتەوەیەکگرتوەکان، تێڕوانینی ڕاوێژکارانە دەدات بە ئەنجومەنی ئاسایش و جڤاتی گشی نەتەوەیەکگرتوەکان یان هەر ئۆرگان و دەزگایەکی تری ئەم بارەگایە، دەسەڵاتی شیکردنەوەی یاسا و ڕێساکان و بەڵێنامەکانی پەیوەست بە نەتەوە یەکگرتوەکانی هەیە.

جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان چەندین جار داوای لەم دادگا کردوە بە پێدانی بیروڕای ڕاوێژکارانە لەبارەی بابەتە یاسایەکانەوە. حوکمەکانی دادگا جێبەجێناکرێن، بەڵام لە گۆشەنیگای گرنگی دادگا و ئەو پشتیوانیە مەزنە یاساییەی هەیەتی، حوکمە ڕاوێژکاریەکانی دادگا لەلایەن وڵاتان و نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دەسەپێنرێن.

ئەو بابەتانەی دادگا گوێیان لێدەگرێت 
دادگا تەنها دەسەڵاتی گوێگرتنی هەیە لەناکۆکیەکانی نێوان وڵاتان لەگەڵ یەکتری (بە بڕیاری تایبەتی کە لە خوارەوە ڕونکراوەتەوە). ئەم ناکۆکیانە بە گشتیی لەسەر کێشەی سنوری، سنور و ناوچەی زەریایی، پارێزگاری و پارێزبەندی دیبلۆماتی و جێبەجێکردنی بڕیارە دولایەنەکان یان نێودەوڵەتیەکانە.

لەم ساڵانەی دوایدا بابەتەکانی وەک مافی مرۆڤدۆستانە، مافی ژینگەپارێزی، بەکارهێنانی هێز و بەرپرسیاریەتی دەوڵەتان هۆکاری ناکۆکی بووە و دادگا گوێی لە ناکۆکیەکان گرتوە. بڕیاری دادگا بە بیروڕای زۆرینەی دادوەران دەردەچێت و ئەگەر دەنگی دادوەرەکان یەکسان بوون، ئەوا بە دەنگی سەرۆکی دیوان بڕیارەکە یەکلای دەبێتەوە.

ئەو وڵاتانەی مافی سکاڵاکردنیان هەیە لە دادگا کامانەن؟ 
هەر وڵاتێک بە ئەندامێتی لە نەتەوە یەکگرتوەکان سیستمی بنەرەتی دادگای دادی نێودەوڵەتی ئیمزا دەکات و لەخزمەتگوزاریەکانی سودمەند دەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە بێ هیچ بەند و باوێک خۆیداوە بەدەستی شکایەتی دادگاوە.

سکاڵای دەوڵەتان بۆ دادگا بە یەکێک لەم سێ ڕیگایانە قبوڵ دەکرێت؛ وڵاتی سکاڵاکەر و وڵاتی سکاڵا لێکراو هەردوکیان دەسەڵاتی ناچاری دادگایان قبوڵ بێت، جگە لەم حاڵاتە دوو وڵات ڕێبکەون کێشەکەی نێوانیان بگوازنەوە بۆ ئەم دادگایە، یان لەناو پەیماننامەیەکدا بن کە شێوەی چارەسەری ناکۆکی تێیدا، بگوازنەوە بۆ ئەم دادگایە. وڵاتانی تر، کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان نین ئەتوانن بە رازیبوون بە یاساکانی وە وەک سوێندی یاسای، لە دیوانی دادوەران سكاڵا تۆمار بکەن، ئێران، ئەفغانستان و تاجیکساتان هیچ کامێکیان رازی نەبوون لەسەر دەسەڵاتی ناچاری ئەم دادگایە.

حوکمەکانی دادگا شایەنی پێداچونەوەن؟
دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک باڵاترین مەرجەعی دادوەری نێودەوڵەتی لە نێوان دادگاکانی دادوەریدا، ئیعتیبارێکی باڵای یاسای و ئەخلاقی هەیە. بیڕوڕای دادوەران یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی یاسا و فراوانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت. کاریگەریەکانی بەگشتی زیاترە لەسەر دەوڵەتە خاوەن کێشەکان. دەستورەکاتی و حوکمەکانی دادوەری دادگا بڕاوەیە و پێداچونەوە هەڵناگرێت.

ئەگەر وڵاتیك لە جێبەجێکردنی حوکمی دادگا سەرپێچی بکات چی ڕوو دەدات؟
ئامادەبونی دەوڵەتان لە دانیشتنەکانی دادگادا بە زۆر نییە و بە ئەم ئامادەبونە ئازادانەیە پەیوەست دەبن بە حوکمە دەرکراوە و ئیلتیزاماتەکانی حوکمەکەوە، لە کاتێکدا وڵاتێک پابەند نەبێت بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگاوە، وڵاتەکەی تر دەتوانێت بابەتەکە بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.

ئەنجومەنی ئاسایش خاوەن دەسەڵاتە بە گوێرەی کاریگەری حوکمی دادگا، وڵاتی سەرپێچیکەر ناچار بکات بە پابەندبوون بە حوکمی دادگاوە لەڕێگەی سەپاندنی سزای یاسای یان هەتا بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیەوە.

ئەگەر وڵاتی پابەند نەبوو یەکێک بێت لە ئەندامانی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش کە مافی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەبێت، هەڵبژاردەیەکی تر نیە بۆ ناچارکردنی ئەم وڵاتە بە بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتیەوە. بە ئەم ژێرپێخستنەی حوکمیشەوە هێشتا زۆربەی وڵاتانی دنیا ڕێز لە بڕیارەکانی دەگرن.