11:02 - 07/10/2020
توركیا هەنگاوێكی تر لە ناتۆ دوور دەكەوێتەوە
هەفتەی داهاتوو توركیا سیستمی بەرگری و موشەكی ئێس 400 ی روسی تاقیدەكاتەوە،
پێشبینی دەكرێت ئەم هەنگاوە توڕەیی و نیگەرانی ئەمریكا و هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی
بەدوای خۆیدا بهێنێت.
تاقیكردنەوەكە لەسەر دەریای رەش دەبێت
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویكردەوە توركیا پلانی داناوە هەفتەی
داهاتوو سیستمی موشەكی ئێس 400ی روسی بەشێوەیەكی گشتگیر تاقیبكاتەوە.
ئاژانسەكە دەڵێت تاقیكردنەوەكە لەشاری سینوب ی سەر دەریای رەش ئەنجام
دەدرێت و هەموو پێداویستیەكان بۆ سەربازانی توركیا دابین كراوە.
گرێبەستی توركیا و روسیا دەربارەی ئێس 400 وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیەتی
باكوری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆی نیگەران كردووە و ترسی ئەوەیان هەیە مۆسكۆ لەو رێگەیەوە
زانیاری هەواڵگری دەربارەی تواناكانی هاوپەیمانیەتیەكە، و بەدیاریكراویش تایبەتمەندیەكانی
فرۆكەی ئێف 35 كە لەلایەن كۆمپانیای " لوكهید مارتن" ەوە دروستكراوە دەست
بخات.
ناتۆ داواكاری لە توركیا هەیە
رۆژی دووشەممە ینس ستولتنبێرگ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی
ناتۆ داوای لە توركیا كرد چارەسەری جێگرەوە بۆ سیستمی ئێس 400 روسی بدۆزێتەوە.
ئەمینداری گشتی ناتۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەولود
چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند" ئێمە لە هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی
نیگەرانین لەوەی توركیا سیستمی ئێس 400 ی كڕی كە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی سزادان بۆوە،
ئەو سیستمە بۆ ناتۆ گونجاو نیە، داوا لە توركیا دەكەین چارەسەری جێگرەوە بدۆزێتەوە"
توركیا بەرەو كوێ؟
ساڵی 2017 توركیا رایگەیاند كە سیستمی ئێس 400ی روسی دەكرێت بەهۆیەوە
ڕووبەڕووی توڕەیی و نیگەرانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیەتی باكوری
ئەتڵەسی بۆوە.
روسیا ترسی هەیە
لەبەرامبەردا
مۆسكۆش ترسی ئەوەی هەیە، نهێنی و زانیاریەكانی ئەو سیستمە پێشكەوتووە بۆ نەیارەكانی
ئاشكرا بكرێت ، یان بە لایەنی تر بفرۆشرێتەوە كە روسیا نایەوێت ئەو لایەن و وڵاتانە
دەستیان بگات بەو چەكە.
لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی " ئینترفاكس" ی روسی مانگی تەموزی
رابردوو لە زاری ماریا فوروبیوفا وتەبێژی دەستەی فیدراڵی روسی بۆ هاوكاری سەربازی
و تەكنیكی گواستەوە كە ئەنكەر مافی ئەوەی نیە بەبێ رەزامەندی مۆسكۆ سیستمی ئێس 400
رەوانەی وڵاتێكی تر بكات.
توركیا لە ویلایەتەیەكگرتووەكان دووردەكەوێتەوە
لەبەرامبەردا ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت توركیا بەم هەنگاوە
خۆی دەخاتە مەترسی سزاكانی واشنتۆن، بەوپێیەی سیستمی ئێس 400 مەترسی بۆسەر فرۆكەكانی
ئەمریكا دروست دەكات، هەروەها پێچەوانەی سیستمی بەرگری وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیەتی
باكوری ئەتڵەسیە، و پێشتر ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەسەردەمی ئیدارەی
باراك ئۆبامادا رەتیكردەوە سیستمی پاتریۆت بە ئەنكەرە بفرۆشێت.
بەپێی زانیاری میدیاكان كۆنگرێسی ئەمریكا هەنگاو دەنێت بۆ سزادانی
توركیا بەهۆی كڕینی ئەو سیستمەوە بەڵام دۆناڵد ترەمپ دژی ئەو هەنگاوەیە و پێی وایە
سزادانی توركیا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە زیاتر لە روسیا نزیك بێتەوە.
ترەمپ رێگری دەكات
تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ رێگری دەكات لە بەكارهێنانی یاسای "
كاتسا" كە تایبەتە بە سزادانی ئەو كەسانەی مامەڵە لەگەڵ دوژمنەكانی ئەمریكا دەكەن،
لەبەرامبەردا لیژنەی تایبەتمەند لە كۆنگرێسی ئەمریكا كە كۆماریەكان تێیدا زۆرینەن
بڕیارێكیان پەسەند كرد بۆ بلۆككردنی پارەكانی توركیا لە ئەمریكا و سەپاندنی كۆت و
بەند بەسەر ڤیزە و پێدانی قەرز.
لیرەی توركی بەردەوامە لە پاشەكشە
لیرەی توركی بۆ سێیەم هەفتە لەسەریەك بەردەوام بوو لە پاشەكشە بەهۆی
نیگەرانی لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر توركیا دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ
بڵاویكردەوە كە ئەنكەر سورە لەسەر تاقیكردنەوەی سیستمی ئێس 400، بەجۆرێك 0،5%ی بەهاكەی
لەدەستدا و بەهای هەر دۆلارێك گەیشتە 7،8 لیرە.