03:58 - 05/10/2020
سەیرو سەمەرەی کیوئانانەکان؛ کێن و پلانیان چییە؟
بزوتنەوەیەکی پر لەڕازو رەمز، بانگەشەکەری ئاگایی مەزن، پشتگیریکەری نیشتیمانپەروەرانی دنیا بە گشتی و دۆناڵد ترەمپ بە تایبەتی، ئاشکراکەرانی گروپ و بەرپرسانی دەستدرێژی کەرانی سێکسی بۆ سەر منداڵان و ژنان، بازرگانانی مرۆڤ و مادەهۆشبەرەکان، دەرخەرانی پشتی پەردەی ڕوداوە مێژوییەکان، کۆدنوسانی بە توانا کە زۆربەی کات و شوێنی تویت و بەڵگەکانیان لەڕێگەی کۆدەوە دەخەنە ڕوو.
کیو ئانان چییە؟
کیو ئانان لە ئێستادا، بزوتنەوەیەکی دژەباوە و لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا زۆر پەرەی سەندوە، بە تایبەت لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا.
ئەم بزوتنەوەیە شێلگیرانە پشتگیری دۆناڵت ترەمپ و نیشتیمانپەروەران دەکەن بۆ هاتنە سەر دەسەڵات، چ لە ئەمریکا ، یان هەر جیگایەکی تری دونیا. هەندێکی دیکە ئەم بزوتنەوەیە بە تیۆریایەکی موئامەرەی گشتگیر و بێ بنچینە دادەنێن.
لایەنگرانی ئەم بزوتنەوەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە دۆناڵد ترەمپ بە نهێنی دەجەنگێت لەگەڵ نوخبەکانی شەیتان پەرستان، کە بەرپرسن لە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، حکومەت، بازاڕ و میدیایان قۆرغکردوە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان.
ئەوان لەو باوەرەدان کە ئەم جەنگە لە کۆتایدا ئەگات بە رۆژی لێپرسینەوە و کەسانی ناسراوی وەک هیلاری کلینتۆن، ئۆباما و بایدن دەستگیردەکرێن و لەسێدارە دەدرێن.
چیرۆکی ئەم بزوتنەوەیە لێرەدا کۆتای نایەت، ئەوان کار لەسەر بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی زۆر تایبەت ئەکەن، کە دەڵێن بە نهێنی و لەژێردەستی دەوڵەتی نهێنیدا deep state دا دەستیان کەوتوە، هەروەها کار لەسەر روداوە هەواڵیەکان، راستیە مێژویەکان و زانستی ژمارەناسی دەکەن و بە ئەنجامی سەرسورهێنەر دەگەن.
تەنانەت هەندێکیان لەو باوەڕەدان، کە دۆناڵد ترامپ لەلایەن مەسیحەوە نێردراوە و پشتگیری دەکرێت.
کیوئانان لە کوێوە دەستی پێکرد؟
لە مانگی 10ی ساڵی 20117 دا، کەسێکی نەناسراو، زنجیرەیەک وتاری بڵاوکردەوە لە وێبسایتی 4چێن، ئیمزای سەر وتارەکانی بریتی بوو لە پیتی کاپیتاڵی " Q "، و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە ئاستێک گەشتوە لە دەستکەوتنی زانیاری نهێنی لە ئەمریکادا کە پێویستی بە <مۆڵەتی کیو> هەیە و چەندین بەڵگەنامەی زۆر گرنگیان دەست کەوتوە.
ئەو وتارانە بە ناوی "گوێزەرەوەی کیو" ناسێنران، زۆربەیان زمانێکی ناڕونیان هەبووە و پڕ بون لە هێمای تایبەتی کە ترامپی بە ئەرێنی نیشان ئەدا.
کەس باوەڕ بە ئەم بزوتنەوەیە دەکات؟
سەدان هەزار کەس، لەدوای ساڵی 2017 وە تا ئێستا زیاد بوە بۆ لایەنگرانی ئەم بزوتنەوە دژەباوە و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر، فەیسبوک و ئینیستیگرام ، لە دوای پەرەسەندنی کۆرۆناشەوە لایەنگرانیان زیاتر بوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.
ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەینە پێوەر، سەدان هەزار کەسن و لانیکەم هەندێکیان تیۆریە سەیروسەمەرەکانی کیوئانانیان پێ قبوڵە.
کیوئانان و تویتەر
ئەم بزوتنە دژەباو و سەیر و سەمەرەیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەستی پێکرد و پاشان دروشمەکانیان و وێنەی پیتی کیو لەناو خۆپیشاندەرانی لایەنگری ترامپ دژی توندوتیژیەکانی ئەم دوایەی ئەمریکا و گروپی ئانتیفا، کە ترامپ بە تیرۆریست دانیە قەڵەم، دەرکەوتن. بەڵام قورسایی تەواویان لە تویتەر زۆر زیاتر بوو لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر، تویتەر بە بیانوی توندوتیژی و رەچاونەکردنی یاساکانی ئەم تۆرە کۆمەڵایەتیە، هەزاران ئەکاونتی لایەنگرانی ئەم بزوتنەوەیەی بەست، تەنانەت ئەوانەشی کە هەشتاگەکانی کیوئانانیان دا دەنا ئەکاونتەکانیان بەشێوەی کاتی و هەمیشەی دەبەسترا یان دادەخرا، لەسەر ئەم بابەتەش کۆشکی سپی داواکاریەکی ئاراستەی بەڕێوبەری تویتەر کرد، داوای ڕونکردنەوە لێکرد و هەڕەشەی سزادانی تویتەری ئەکرد.
هەشتەگە هەرەباوەکانی ئەم بزوتنەوەیە بریتین لە
WWG1WGA , OBAMAGATE , HILLARYFORPRISON , SLEEPYBIDENGATE , MAGA ,HILLARYGATE
بەمەش زیاتر وەک لایەنگری ترەمپ ناسران و میدیاکانی تری وەک فۆکس نیوز و دەنگی ئەمریکا بە میدیای فەیک ناودەبەن.
ئایا کیوئانان دەتوانێت کاریگەریەکی هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا؟
لایەنگرانی ئەم بزوتنەوەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەلایەن تۆرە میدیایەکانەوە سانسۆریان لەسەرە و ئەوان بێلایەن و راستگۆ نین.
لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەرئەخەن کە زۆرێک لە ئەمریکییەکان بێئاگان لەم بزوتنەوەیە، بەڵام زۆرینەی لایەنگرانی ئەم بزوتنوەیە، لایەنگری سەرکەوتنی دوبارەی دۆناڵد ترەمپن لە هەڵبژاردنەکاندا.
سەرۆک، بەئاگا یان بێئاگا، پشتگیریکەرانی کیوئانانی ریتویت کردوە، مانگی رابردوش ئێریکی کوڕی دۆناڵد ترامپ یەکێک لە میمی " meme " ئەم بزوتنەوەیەی لە ئینستاگرامی خۆی دانا.
چەندین کەس لە پشتگیریکەرانی ئەم بزوتنەوەیە لە هەڵىژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم پاڵێوراوی کۆنگرەن. هەندێکیان چانسێکی وایان نیە بۆ دەرچون، بەڵام هەندێکیان وەک Marjorie Taylor Greene لە ویلایەتی جۆرجیا شانسێکی زۆری هەیە بۆ گەشتن بە ئەنجومەنی نوێنەران.
بە ئەگەرێکی تارادەیەک زۆر یەکێک لە پشتگیریکەرانی کیوئانان، یان هاوبیریان بە ئەم تیۆری موئامەرەیە، لە کۆنگرەی دواتری ئەمریکادا، لەسەر یەکێک لە کورسیەکان دادەنیشێت.